كەس خەمی سوریەكانی نییە !! جەمال حسێن ..

Avatar photo

بەهار هات بەڵی بەهار

بەڵام بۆ ئەو زستانانەی كە رۆیشتن

ناوێك نییە

ناوێك نییە

شاملو

نزیكەی هەشت مانگ بەرلەئێستا ، لەسەرو بەندی توند بونی هەرەشەی زۆر وڵات بۆسەر دەسەڵاتەكەی بەشار و هەرەشەلێكردنی بەهۆی كوشتاری هاوڵاتیانەوە ، لەژێر هەمان ناونیشان و لە وتارێكدا ئەوەم وتبو كەسوریەكان بێ دۆستی راستەقینەن ، كەس خەمی ئەوانی نییە، ئەوەی هەیە ناكۆكی بەرژەوەندی چەند وڵات و لایەنێكە لەگەڵ رژێمەكەی بەشار، كەئەمە وادەخوازێ لایەنگری شۆرش و راپەرینی گەلی سوریا بكەن‌و بەهۆی جیاوازی بونیادی ئەم رژێمەو پشتیوانیەكی هەرێمی و نێودەوڵەتی ، هەمو هیوا هەڵچنینێك لەسەر ئەم پشتیوانیە، سەرئەنجام بێ ئەوەی سوریەكان بگەیەنێ بەهیچ كۆتای دێت ، بەتایبەت كە ئەو راستیەمان لەبیرنەكرد كە جگەلەوەی لەماوەی چەند ساڵی رابردودا و لەژێر پەردەی بەرەنگاری مەترسی ئیسرائیل لەناوچەكە ، سوریا سوپایەكی بەهێزو تۆكمەی پێك هێناوەو وڵاتانی ناوچەكەش هاوكاری راستەوخۆی ئەم دەسەڵاتەبون.

بەپێی زۆر راپۆرتی سەربازی سوریا خاوەنی بەهێزترین هێزی بەرگری ئاسمانیە لەناوچەكە ، كەدورنیە پارەی كرینی برێكی زۆر ئەم چەكانە ، لەهەمان ئەو وڵاتانەوە هاتبن كە ئێستا بەرژەوەندیەكانیان كردونی بەدژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریا ، بەتایبەت قەتەرو سعودیا ، هەمو ئەوەش لە ژێر ناوی بەهێزكردنی سەنگەری بەرەنگاری ئیسرائیل لە سوریاو لوبنان و فەڵەستین.

دواین جەنگی حیزب والله لە گەڵ ئیسرائیل و حەماس لەفەڵەستین ، بەو خاڵە نەدەگەشت كەپێی گەشت ئەگەر پشتیوانی راستەوخۆی سوریەكان و ئێران نەبوایە.

بۆیە ئێستا هەمان دەسەڵات بە پشتیوانی هەندێك لەو لایەنانە توانای بەرەنگاری ماوەو بەئاسانیش دەسبەرداری نابن.

بەهاری عەرەبی ، بۆسوریەكان تائێستا لە پایزێكی ساردو سرو پر لەگەڵا رێزان دەچێ ، رۆژانە ئەوان ئەتك دەكرێن ، لەكاتی نوسینی ئەم بابەتە ، وەخوێدنەوەشیدا ، سوریەك دەكوژرێ ، سەدانی تر ئازاری برینەكانیان هەراسانی كردون و یەكجار لەوەش زیاتر لەئاواریدا ، برسی و ماندو چاوەرێن ، دڵنیام لەهەمانكاتدا ترس مناڵانی داگیركردوە ، لەگەڵ هەر گرمەو تەقەیەكدا دەلەرزن و بیری ئەورۆژانە دەكەن كە هێمن و ئارام لەباوەشی خێزانەكەیاندا ئاسودە دەژیان ، هەزاران دایك و ژنیش ، دەگرین و غەمبار و كەساس كەوتون.

لێرەوە نوسین چ بەهایەكی هەیە ؟ یان ئیدانەكردن و خۆ تورە كردنی چەندین وڵات ؟ كۆبونەوەی وڵاتان لەژێر چەندین ناودا بۆ تاوتێكردنی قەیرانەكەی سوریا، لەخودی جەنگەكە عەبەسی ترو بێ ماناترە .

سوریەكان ئێستا بون بەژمارە ، رۆژانە چەندیان دەكوژرێ‌و چەندیش ئاوارە ، چەندیان وندەكرێن و چەندیشیان بریندار .

ئەمان بەهیوای رزگار بون لەستەم و رۆژێكی تر لە درعاوە دەستیان پێكرد ، روداوەكانی تونس و لیبیا و میسر ، هیوایەكی پێبەخشی بون كە دەمێك بو ونیان كردبو ، بەڵام وا دوساڵ زیاتر دەچێ و سوری كوشتن بەردەوامە .

بەكەڵك وەرگرتن لە شیعرەكەی شاملو ، بەهاری سوریەكان كەدیارنیە كەی دێت ، زۆری ماوە یان كەمتر لەوەی رۆشتوە، بەدەست زستانێكی سەخت و كوشندە چەقی بەستوە . ئەوە ئەگەر بەراستی لەداهاتوی دوریشدا بەهارێك هەبێت و چاوەرێ بێت ، نەك تەنها لەبەر ئەوەی بەهار دەربرینێكە زیادەرۆی تیایە بۆ ئەو پێشهات و دەرئەنجامانەی لەو وڵاتانەی روخانی رژێمە ستەمكارەكانیانمان بینی تا ئێستا ، بەڵكو لەبەر ئەوەش كە ئاماژە زۆرە بۆئەوەی كە دوای روخانی ئەسەدیش ، سوریەكان توشی بەڵای پەرتبون و شەرێكی ناوخۆ ببن كەكەمتر نەبێـت لەوەی ئێستا تێی كەوتون.

كورد، عەرەب، شیعە و سوننە و مەسیحی‌و چەند پێكهاتەیەكی تر لە ئێستاوە لە ململانێی بەردەوام دان بۆ خۆ پرچەككردن و ئامادەكاری بۆ دوای گۆرانێك كە هێشتا لەدایك نەبوە. لەناوخۆی هەریەك لەو پێكهاتانەشدا ، بەكوردیشەوە زیاد لە ئەگەرێك هەیە بۆ بەریەككەوتن ، گەرچی لەناو سونە عەرەبەكاندا زۆرترین ئیحتیمال هەیەو لەناو كوردیشدا كەمترین.

هیچ كات گۆرینی رژێمێك ناتوانێ دوای خۆی نەخشەی كۆمەڵایەتی و مەزهەبی وڵاتیش بگۆردرێ ، كەس ئەم راستیە نەزانێ، عێراقیەكان دەیزانن. كەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە سوریەكانن بەرامبەر یەكتری ، لە ژێر ناونیشانی ئەتنیكی و ئاینی و مەزهەبی نەك جیاواز، بەڵكو ناكۆك‌و دژ بەیەكتری، هەر یەكێك لەم رەگەزانەی كۆمەڵگای سوریش درێژبونەوەی هەرێمی بەهێزی هەیە .

ئێران و شیعەكانی لوبنان بەردەوام دەبن لە كۆمەكی عەلەویەكانی سوریا، ئەگەر روسیاش هەمان كار نەكات، وڵاتانی كەنداو بەتایبەت سعودیاو قەتەر درێغی ناكەن لە هاندانی سونەكان ، ئەگەر توركیاشیان لەپشت نەبێ، كوردەكانیش خۆیان بۆ بۆ پاراستنی ناوچە كوردستانیەكان ئامادەكردوە ، مەسیحیەكانی لوبنانیش باشترین پشتیوانی مەسیحیە براكانیان دەبن .

بەكورتی پێناچێ سوریەكان ، تەنها باجی رژێمێك بدەن كە چەندین ساڵە ستەمیان لێدەكاو دەیان چەوسێنێـتەوەو دەیان كوژێ، تەنها توشی یان بەڵای بەریەككەوتنی بەرژەوەندی و ملانێ هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكان ، بەڵكو لەداهاتوشدا دورنیە باجی شوناس و پێكهاتەی خۆشیان بدەن.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە ، ئایا سوریەكان كەكەس خەمی ئەوانی نییە ، خۆیان خەمی خۆیان دەبێت .

1,286 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست