رەحمان پیرۆتی :  یەمەن – هەوراز و نشێوەکانی مێژوو .

Avatar photo

مێژووی نوێی یەمەن لەپاش سەربەخۆیی ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٦٧ دەست پێدەکا. سەربەخۆیی ئەو وڵاتە پاش شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئیستعماری بریتانیا و دوابەدوای ئەو ، شەڕی ناوخۆیی نێوان لایەنە سیاسی­یە رکەبەرەکان وەدی­هات. رکەبەری لایەنە سیاسی­یەکانی یەمەن لە گەرماوگەرمی شەڕی ساردی نێوان بلوکی رۆژهەڵات و رۆژئاوا ، دابەشبوونی ئەو وڵاتەی بۆ دوو وڵاتی سەربەخۆ لێکەوتەوە ؛ کۆماری عەرەبی یەمەن (یەمەنی باکوور) کە لەلایەن عەرەبستانی سعودی و رۆژئاوا پشتگیری دەکرا، و کۆماری دێموکراتیکی یەمەن (یەمەنی باشوور) کە سەر بە بەرەی سۆسیالیستی و یەکێتی شووڕەوی بوو . لە ماوەی شەڕی سارد و لە چوارچێوەی پرەنسیپە سەخت و نەگۆڕەکانی سیستمی دووجەمسەری­دا، ئەو دوو وڵاتە چەندین جار رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و تەنانەت تا سنووری تێکهەڵچوونی نیزامیش چوونەپێش. پاش کۆتایی­هاتنی شەڕی سارد، لە ساڵی ١٩٩٠ ناکۆکی­یەکانی نێوان یەمەنی باشوور و باکوور رێگاچارەیان بۆ دۆزرایەوە و ئەو دوو وڵاتە لەچوارچێوەی “کۆماری یەمەن” یەکیان گرتەوە .

یەمەن پێکهاتەیەکی سادە و لەهەمان کاتدا تێکهاڵاوی هەیە؛ سادە بەو هۆیە کە فەرهەنگی زۆرینەی خەڵک لەسەر بنەمای نۆڕمی عەشیرەیی ، باوەڕی مەزهەبی و رەهەندەکانی کۆمەڵگایەکی لایەلایە فۆڕمی گرتووە؛ و تێکهاڵاو بەو هۆیە کە ئەو وڵاتە کێشە و قەیرانی ریشەداری مێژووی هەیە کە بەردەوام  مەترسی­یەکی گەورە لەسەر یەکگرتوویی و یەکگرتوومانەوەی ئەو وڵاتە بووە. ئەو کێشە و قەیرانانە دوو سەرچاوەی سەرەکی­یان هەیە: یەکەم؛ بوونی دوو بافتی جیاوازی سیاسی-فەرهەنگی لە باکوور و باشوور ، نۆڕمی عەشیرەیی و دەسەڵاتخوازی هێزە ئیسلامی­یەکان. و دووەم؛ دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ئەو وڵاتە.

یەکێک لە گرینگ­ترین ئەکتەرانی گۆڕەپانی سیاسی یەمەن، بزووتنەوەی حوسی­یە کە نوێنەرایەتی پێکهاتەی شیعەمەزهەبی “زەیدی” دەکا و لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کێشەی جیددی­ هەیە . ریشەی سەرەکی ناکۆکی­یەکانی نێوان شیعەکانی ” زەیدی ” و حکومەتی ناوەندی بۆ دەیەی ٦٠ی زایینی و گۆڕانی سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە لە ” ئیمامەت ” ەوە بۆ “کۆماری” دەگەڕێتەوە. زەیدی­یەکان بە درێژایی ١٢٠٠ ساڵ ، لەژێر ئاڵای ئیمامەتی ئیسلامی شیعە بە سەر ناوچەکانی باکووری یەمەن حکومڕانی­یان کردووە ، حکومەتداری بە مافی ئیمامانی ” بەنی هاشم ” دەزانن و دەسەڵاتدارێتی هەر لایەنێکی دیکە جگە لەو بنەماڵەیە رەد دەکەنەوە؛ بەو پێیە بەردەوام هەوڵی وەدەست­گرتنەوەی دەسەڵاتیان داوە . ئەو هۆکارە مێژووییە لەپاڵ سیاسەتە هەڵەکانی حکومەتی ناوەندی ، نابەرابەری لە دابەشکردنی دەسەڵات و بەتایبەتی هەڵاواردنی نێگاتیڤی رێژیمی ” عەلی عەبدوڵلا ساڵح “، سەرۆکی ئەوکاتی یەمەن ، ناکۆکی­یەکانی نێوان زەیدی­یەکان و حکومەتی سەنعای گرژتر کردووە .

لە کاردانەوە بە دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسەتی جیاکارانەی حکومەتی ناوەندی ، لە ساڵی ١٩٩٢، گروپێکی سیاسی بەناوی ” ئەنسارواللە ” لە ” پارێزگای سەعدە ” کە پێگەی سروشتی زەیدی­یەکان لە ئەژمار دێ ، بۆ بارهێنانی لاوانی زەیدی بوونی خۆی راگەیاند . ئەو گروپە بەرەبەرە چالاکی­یەکانی خۆی پەرەپێدا و بەتایبەتی پاش ساڵی ٢٠٠٠ لەژێر سەرکردایەتی ” حوسێن ئەلحوسی ” تەواو وەکوو هێزێکی سیاسی خاوەن پێگەی جەماوەری دەرکەوت . ئەلحوسی ، کەسایەتییەکی مەزهەبی بناژۆخوازی تووندڕەو بوو ، دروشمەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی کردە بنەمای ئیدیۆلۆژیکی کاری سیاسی ئەو رێکخراوەیە ؛ و شێلگیرانە دژایەتی ئەمریکا ، ئیسرائیل و وڵاتانی سوننەمەزهەبی هاوپەیمانی رۆژئاوای دەکرد . داواکاری سەرەکی ئەوان خودموختاری زیاتر بۆ پارێزگای سەعدە بوو تا بتوانن پارێزگاری لە نەریتی سیاسی و مەزهەبی ” زەیدییە ” لە بەرامبەر کارتێکەری ئیسلام­گەرایانی سوننی بکەن .

رێژیمی عەبدوللە ساڵح ، دەرکەوتنی لەناکاوی ئەو هێزەی وەکوو مەترسی­یەکی گەورە بۆ سەر داهاتووی دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن دەدی . شەڕی عێراق و هاوکاری یەمەن و ئەمریکا ، نوتفەی سەرەتایی پێکدادانی ئەو دوو لایەنەی دروست کرد . لە ساڵی ٢٠٠٤ ، لە ئاکامی رێپێوانی جەماوەری بە دژی سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەندی ، لە شاری سەنعا پێکدادانی نیزامی لەنێوان لایەنگرانی ئەنساروللە و هێزەکانی ئەرتەش روویدا . ئەو رووداوە ، سەرەتای زنجیرە پێکدادانی نیزامی نێوان ئەو دوو لایەنە بوو کە هەر لە قۆناغەکانی یەکەم ، کوژرانی حوسێن ئەلحوسی لێکەوتەوە . کوژرانی ئەلحوسی ، عەشیرەتی زەیدی و ئەنساروللای بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیان پێداگرتر کرد ؛ بەشێوەیەک کە تا واژۆکرانی رێککەوتننامەی ئاگربڕ لە ساڵی  ٢٠١١ ، پێنج جار سەرهەڵدان و پێکدادانی نیزامی لەنێوان ئەو دوو لایەنە روویدا .

بە گەیشتنی شەپۆلەکانی بەهاری عەرەبی بۆ یەمەن ، حوسی­یەکان پشتگیری حەرەکەتی دێموکراسی ­خوازانەی گەلی یەمەن­یان کرد ، بەدژی حکومەتی ناوەندی هاتنە سەر شەقام و هاوکات دەرفەتی بۆشایی دەسەڵاتی سەرچاوەگرتوو لە رووخانی حکومەتی عەلی عەبدووڵلا ساڵحیان ، بۆ پەرەپێدانی هێژمۆنی خۆیان لە پارێزگای سەعدە و ناوچەکانی دەوروبەری ئەو پارێزگایە قۆزتەوە . پەراوێزخران و بەشدار­نەکردنی حوسی­یەکان ، لە هاوکێشەکانی ساختی دەسەڵاتی سیاسی پاش حکومەتی ساڵح ، کاردانەوەی تووندی ئەو لایەنەی لێکەوتەوە . پلانە ئابووری­یەکانی حکومەتی ” عەبدرەبا مەنسوور هادی “، سەرۆک کۆماری نوێی یەمەن ، کە بە پرۆژە و ناوبژیوانی عەرەبستانی سعودی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت ، دەنگی ناڕەزایەتی بزووتنەوەی حوسی بەرز کردوە ؛ ناڕەزایەتییەک کە بە پشتیوانی و هاوکاری سەرەکی کۆماری ئیسلامی شێوەی نیزامی بەخۆوە گرت .

لە ٢١ی سێپتامبری ٢٠١٤ ، حوسییەکان دەستیان بەسەر سەنعا داگرت و دوو رۆژ دواتر سەرۆک کۆمار و تێکڕای ئەندامانی کابینەی حکومەت دەستیان لەکار کێشایەوە . هەڵدێرانی دەوڵەت و کابینەی حکومەتی یەمەن نەتەنیا ئەو وڵاتەی بۆ هەڵدێرگەی شەڕی ناوخۆیی راکێشاوە ، بەڵکوو ئەوە بەمانای دەسەڵات­نوێنی لایەنێکی سیاسی هاوپەیانی کۆماری ئیسلامی لە ئەژمار دێ ، کە کۆتایی بە تەمەنی دەوڵەتێک هێناوە کە بە پرۆژەی عەرەبستان و ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی فارس دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبوو .

لە روانگەی عەرەبستان  هەڵدێرانی یەمەن بۆ بەرەی ئێران دەتوانێ سەرەتایەک بۆ هەڵدێرانی وڵاتانی دیکەش بێ . ئەو شەڕە ، درێژەی شەڕی نیابەتی دوو جەمسەری شیعەو سوننی­یە کە لە سەنگەرە جیاجیاکانی ناوچە ، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی قورس دان . خاڵی جیاکەرەوەی پرسی یەمەن ئەوەیە ، کە ئەو وڵاتە لە نیمچەدوڕگەی عەرەبی هەڵکەوتووە ؛ کە بە درێژایی مێژوو عەرەبستانی سعودی تێیدا دەسەڵاتی ‌هێژمۆن بووە ؛ بەو پێیە پێدەچی بەزاندنی هێڵە سوورەکانی عەرەبستان، بە تووندی وڵام بدرێتەوە. لەبەرامبەردا ، بە بەدەسەڵات گەیشتنی حوسی­یەکان لە یەمەن ، ئەو کۆماری ئیسلامی لە نیمچەدوڕگەی عەرەبی و هاوسنوور لەگەڵ عەرەبستان هاوپەیمانی دەبێ ، و ئەو دەرفەتە بۆ تاران دەڕەخسێ تا ناوچەکانی رۆژهەڵاتی عەرەبستان ئاڵۆز بکا . جگە لەوە ، یەمەن دەتوانێ کارتێکی یاری بۆ ئێران بێ ، تا عەرەبستان ناچار بە سازان لە پرسەکانی سوریە ، عێراق و بەحرەین بکا . بەو پێیە گۆڕانکاری لە ساختی دەسەڵاتی یەمەن ، گۆڕانکاری ناوچەیی بەدواوە دەبێ .

ئێستا یەمەن لە پڕ هەوراز و نشێوترین رۆژەکانی مێژووی خۆی دایە ؛ شتێک بەناوی دەسەڵاتی یاسا نەماوە و شۆڕشگێڕانی حوسی بەشێکی هەراوی ئەو وڵاتەیان کۆنترۆڵ کردووە ؛ بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە کۆنترۆڵی نیزامی، بە مانای دەسەڵاتی سیاسی نییە . دەسەڵات­سەپێنی تاک­لایەنەی حوسییەکان بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ، ئەو وڵاتە بەرەو شەڕی ناوخۆیی ، دەستێوەردانی زیاتری لایەنە دەرەکی­یەکان و پارچە پارچەبوونی ئەو وڵاتە دەبا. رازی سەرکەوتن لە یەمەن ، لە کۆتاییدا دامەزراندنی ساختارێکی سیاسی بنکەفراوان، حکومەتێکی وڵامدەر و گەشەی ئابووری­یە .