پێتان سەیر نەبێ، که پاداشتی چاکە‌، خراپە‌یە‌!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ڕۆژێ، پیاوێ لە‌ بیابان تێدە‌پە‌ڕی، کە‌ بینی مارێ لە‌ نێو ئاگر لە‌ حاڵە‌تی سوتان دایە‌، گۆپاڵە‌کە‌ی بۆنێو ئاگرە‌کە‌ برد و ماری ڕزگار کرد.

مار، کە‌ بە‌ سە‌ر گۆپاڵ سە‌ردە‌کە‌وت و، خۆی خستە‌ حاڵە‌تی بە‌رگری و ویستی بە پیاوەکەوە بدات، پیاوە‌کە‌ گووتی: ئە‌وە‌ چ دە‌کە‌ی؟ من لە‌ ئاگرەکە تۆم ڕزگار کرد.
مار گووتی: بۆ نازانی پاداشتی چاکە‌، خراپە‌یە‌؟
پیاوە‌کە‌ گووتی: ئە‌وە‌ چ قسە‌یە‌کە‌ دە‌یکە‌ی؟‌ پاداشتی چاکە‌ بە‌ چاکە‌ دە‌درێتە‌وە‌.
قسە‌و گفتوگۆکە‌یان لە‌ نێوانیان توند بوو، مارە‌کە‌ قسە‌ی پیاوە‌کە‌ی وە‌رنە‌گرت و لە‌ کۆتاییدا ناچار بوون، کە‌ بۆ چارە‌سە‌ری کێشە‌کە‌یان پە‌نا بەرنە سێ سەڕچاوە بۆ ئە‌وە‌ی یارمە‌تییان بدا، کە‌وتنە‌ ڕێ و گە‌یشتنە‌ کانیاوێ،
کانیاو، گووتی: قسە‌ی مارم قبوڵە‌، پاداشتی چاکە‌، خراپە‌یە‌.
پیاوە‌کە‌ گووتی: چۆن؟ کانیاو گووتی: دانیشە‌ و ببینە‌! بینیان، کە‌ ڕێبوارێ شە‌کە‌ت و ماندووە‌، هات و لە‌ ئاوی پاکی خواردە‌وە‌ و دە‌موچاوی شوشتن و دواتر چڵمەکەی خستی نێو کانیاوە‌کە‌ و ڕۆیشت.
کانیاو گووتی: بینیت؟ ئاوی خواردە‌وە‌، ماندوویە‌تییە‌کە‌ی حە‌ساوە‌ و دە‌موچاوی شوشت، ئیتر دە‌م سڕینی لە‌ چ بوو؟
پیاوە‌کە‌ گووتی: با بڕۆینە‌ لای کە‌سێکیتر، ڕۆیشتن، تاکو گە‌یشتنە‌ لای دارێک، مە‌سە‌لە‌کە‌یان بە‌ دارە‌کە‌ گووت و ئە‌ویش قسە‌ی ماری پشتڕاست کردە‌وە‌.پیاوە‌کە‌ دیسان پرسی:چۆن؟
دارە‌کە‌ گووتی: دانیشە‌ و ببینە‌! بینییان، کە‌ شوانێکی ماندوو هات و لە‌ ژێر سێبە‌ری دارە‌کە‌ دانیشت تاکو حە‌سایە‌وە‌ و، دواتر میوە‌ی دارە‌کە‌ی لێکردە‌وە‌و خواردی و لە‌ کۆتاییدا، کە‌ ویستی بڕوات، لقێکی لە‌ دارە‌کە‌ شکاندو لە‌گە‌ڵ خۆی بردی. دارە‌کە‌ گووتی: پیاوە‌کە بینیت؟ماندوویە‌تییە‌کەی‌ لە‌ ژێر سێبە‌ری مندا نە‌ما، میوە‌ی منی خوارد، تاکو تاقە‌ت و وزە‌یە‌ک وە‌رگرێ، بۆ لقی دارە‌کە‌ی شکاندم؟ کە‌واتە‌؛ بینیت، کە‌ پاداشتی چاکە‌،چاکە‌ نییە‌.
دیسان پیاوە‌کە‌ و مارە‌کە‌ درێژە‌یان بە‌ ڕێگە‌ی خۆیاندا، تاکو گە‌یشتنە‌ ڕێوییە‌ک. مە‌سە‌لە‌کە‌یان بۆ باس کرد، ڕێوی، کە‌ فێڵباز بوو گووتی: من بە‌م شێوە‌یە‌ ناتوانم قسە‌ی لە‌ سە‌ر بکە‌م، ئە‌بێ ئاگرێ بکە‌ینە‌وە‌ و مارە‌کە‌ بچێتە‌ نێو ئاگرە‌کە‌ و دواتر تۆ مارە‌کە‌ دە‌ربێنی، تاکو من قسە‌ی لە‌ سە‌ر بکە‌م. هە‌ردوولا مە‌رجە‌کە‌یان پە‌سە‌ند کرد، ئاگرێکیان کردە‌وە‌ و، ماریان خستە‌ نێو ئاگرە‌کە. پیاوە‌کە‌ ویستی، کە گۆپاڵە‌کە‌ی بخاتە‌ نێو ئاگرە‌کە‌. ڕێوییە‌کە‌ گووتی: ئە‌وە‌ چ دە‌کە‌ی؟
بۆت نەبوو بە‌ وانە‌ و دە‌رس، ئە‌زموونت لە‌ ڕابردوو وە‌رنە‌گرت، کە‌ پاداشتی چاکە‌، خراپە‌یە‌. واز لە‌ مارە‌کە‌ بهێنە‌، تاکو لە‌ نێو ئاگرە‌کە‌ و بە‌ هۆی نە‌زانینی خۆی بسوتێ. پیاوە‌کە‌، ئە‌مە‌ی قبوڵ کرد و سوپاسی ڕێوی کرد،کە‌ یارمە‌تیداوە‌ و، دواتر ڕێوییە‌کە‌ خواحافیزی لە‌ پیاوە‌کە‌ کرد و، ڕۆیشت.
پیاوە‌کە‌، کە‌ لە‌ تە‌نیشت ئاگرە‌کە‌ وە‌ستابوو، سە‌یری سوتانی مارە‌کە‌ی دە‌کرد، ڕاوچییە‌ک هاتو ڕووی لە‌ پیاوە‌کە‌ کردو گووتی: کاکە‌، لە‌م دە‌ورووبە‌رە‌ نێچیرێکت نە‌بینیوە‌، کە‌روێشکێ، ڕێویێ، شتێک،…؟
پیاوە‌کە‌ گووتی: چە‌ند ساتێ لە‌مە‌وبە‌ر ڕێوییە‌ک بۆ ئە‌ملا ڕۆیشت.
ڕاوچییە‌کە‌ ڕۆیشت، دوای ماوە‌یە‌ک گە‌ڕایە‌وە، کە‌ ڕێوییە‌کە‌ی پێ بوو، کە‌ ڕێوییە‌کە‌‌ دوایین هە‌ناسە‌ی دە‌دا، بە‌ پیاوە‌کە‌ی گووت:
بینیت، کە‌ پاداشتی چاکە‌، خراپە‌یە‌.
ئە‌گە‌ر تۆم لە‌ دە‌ستی مار ڕزگار نە‌دە‌کرد، ئە‌مڕۆ وام بە‌سە‌ر نە‌دە‌هات .”‌
وەرگیراوە