بورهان شێخ رەئوف: هێرشەکانی سەر غەززە، بۆچی؟

رووداوە سیاسی و سەربازییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بواری زیاتری بۆ ئیسرائیل رەخساند بۆ ئەوەی سەرلەنوێ‌ پەلاماری غەززە بداتەوە ، جیا لەوەی لە 8ی ئۆكتوبەری 2023 پەلاماری غەززەیاندا وەكو كاردانەوەیەك لە بەرامبەر گەردەلوولی ئەقسای حەماسدا بۆ سەر غەززە، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە.
دوای 15 مانگ لە جەنگی سەخت، گۆڕانكاریی جیۆسیاسیی گەورە لە تەرازووی هێزدا روویداوە لە ناوچەكە هەر لە لاوازبوونی ئەو لایەنانەی كە بە باڵەكانی ئێران یان بریكارەكانی دەناسران، وەكو حەماس و حزبوڵا و كەوتنی رژێمی ئەسەد و خستنە لیستی تیرۆری حوسییەكان لە یەمەن و توندكردنی سزاكانی سەر ئێران و پاشەكشەی هێز و هەماهەنگی لە نێوان ئەو لایەنانەی كە بە بەرەی بەرەنگاری ناسرابوون فۆرمێكی جیاواز و نوێی هێنایە گۆڕێ‌ كە لە تەرازووی هێز لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل بێت.
لەلایەكی ترەوە گۆڕانكاری لە سروشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەگەر بە شێوەیەكی كەمیش بێت دروست بوو بەهۆی كوژرانی 48 هەزار فەلەستینیەوە، هەروەها بڕیاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیركردنی نەتەنیاهۆ و وەزیری بەرگرییەكەی بە تۆمەتی تاوانی جەنگ، دەستبەكاربوونی ترەمپ بۆ جاری دووەم، وەكو سەرۆكی ئەمریكا كە پشتیوانیی بەهێزی باڵی راستڕەو و توندەڕەوی ئیسرائیل دەكات و تەنانەت بۆ كۆچ پێكردنی خەڵكی غەززە و كۆنترۆڵكردنەوەی كەناری خۆرئاواش بەتەواوی. گۆڕانكاریی لە پەیكەری سەركردایەتی سوپای ئیسرائیل دوای دوورخستنەوەی وەزیری بەرگری یوئاف گالانت و سوپاسالار و بەڕێوەبەری شاباك و دانانی كەسانی نزیك لە نەتەنیاهۆوە، وەرگرتنەوەی 192 كەس لە بارمتەكان لە كۆی 251 كەس، توندكردنی گەمارۆكان لەسەر غەززە.
هەرچەندە نەتەنیاهۆ رایگەیاندووە دەستپێکردنەوەی هێرش بۆ سەر غەززە بەهۆی ئەوەوەیە كە حەماس بارمتەكان ئازاد ناكات و قایل نابن بە پێشنیازەكانی نێردەی ئەمریكا (ستیف ویكوف) و هەردوو ناوبژیوانی میسری و قەتەری، بەڵام زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕدان كە ئامانجی نهێنی تر لە پشت ئەمەوەن ئەوانیش ئەمانەن:
1- خۆدزینەوە و پەشیمان بوونەوەی حكومەتی ئیسرائیل لە پابەندبوون بە ئاگربەست و پاشەكشە، بەتایبەتی لە قۆڵی فلادلفیاوە.
2- هەوڵدانی نەتەنیاهۆ بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی سیاسی خۆی، ئەویش لەڕێگەی گێڕانەوەی ئیتمار بن غەفیر و حزبە توندڕەوەكەی بۆ ناو كابینەكەی بۆ تێپەڕاندنی بودجە و جێگیركردنی ئیئتلافەكەی.
3- خۆدزینەوەی نەتەنیاهۆ لە لێپێچینەوە لە دۆسێكانی گەندەڵی.