نەوزاد بەندی: کاتێ کۆمەڵگا ئەبێتە نەخۆشخانە.
ئەگەر بڕوانینە شارەکانی کوردستان، خەریکە هەمووی بازاڕ و شەقامەکانی ، ئەبن بە شاری پزیشکی و باڵەخانەی پزیشکیی و کلینیک و دەرمانخانە و تاقیگای شیکاریی خوێن و تیشک و سۆنار. ئەمە بێجگە لە دەیان هەزار برین پێچ و یاریدەدەری پزیشکیی کە کلینیکی لاکۆڵانیان هەیه و ..هێندەی ئەو ژمارەیەیش، کلینیکی گیایی و میللیی پەیدا بوون. بازرگانیی دەرمانی شێرپەنجە و دەرمانە گرانەکان له لایەن خێزانە حوکمڕانەکانەوە قۆرخکراون چونکە ملیارەها دۆلار قازانجی لێ ڕادەکێشن.
بێگومان ئەم زیادبوونە خەیاڵییەی بیمارستانە هەمە جۆرەکان، بەڵگەی ئەوەیە زۆربەی کۆمەڵگا نەخۆشن، بە جۆرێک چارەسەرکردن بووە بە باشترین بازرگانیی.
ئەپرسین بۆچی زۆرینەی کۆمەڵگا نەخۆش کەوتوون؟
بۆریس باسترناک، کە ڕۆماننوسێکی ڕوسییە و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە لە ئەدەبیاتدا، هەرچەندە لە سەردەمی شەڕی ساردی ڕوسیا و ئەمەریکادا ئەو خەڵاتەی پێ بەخشرا، ناچار بوو خەڵاتەکە ڕەت بکاتەوە.
باسترناک ئەڵێ : کاتێ ناچارکرایت بە پێچەوانەی خواستەکانی خۆتەوە هەڵوێست بکەیت، لاشەت نەخۆش ئەکەوێ، کاتێ دڵتەنگیت و ناچارت ئەکەن پێبکەنیت، ڕقت لە کەسێکە و ناچارت دەکەن دەستی ئاشنایەتیی و تەوقەکردنیان بۆ درێژ بکەیت، ئا لەو کاتەدا لاشەت نەخۆش ئەکەوێت.
ئەگەر ئەم گریمانەیەی باسترناک بە هەند وەربگرین، ئەگەینە ئەو ڕاستییەی هۆکاری نەخۆش کەوتنی بەکۆمەڵی میللەتەکەمان، بۆ ئەو شەڕە دەروونییە بگەڕێنینەوە کە دژی خەڵکەکە بەرپاکراوە، کاتێ ئەو خەڵکە ڕقی لە دەسەڵات و تەنانەت نیشتمانیش ئەبێتەوە، کەچی ناچار کراوە چەپڵەی بۆ بکوتێت و لە یاسا قەرەقۆشییەکانی ئەو دەسەڵاتەدا بیگوزەرێنێ و مل بۆ سەرانە و تاڵانییەکانی بدات، بە تاوانە حاشاهەڵنەگرەکانی قایل بێ، بە زۆری زۆرداریی لەو نیشتمانە وێرانکراوە دزراوەدا بژی، ئەم دۆخە قورسە دەروونییە، کارێ دەکات کۆمەڵگا تێکڕا نەخۆش بکەون، مناڵەکانی پێش گەنجەکانی، گەنجەکانی پێش پیر و پەککەوتەکانی. نیشتمانێک بووە بە زیندان، تەنانەت بیریارێک دەڵێ : تەنها پێڵاوەکانم بەم خاکەوەی بەستوومەتەوە .. ئەگەر سنوورەکان ئاوەڵا بکەن، خەڵکەکە بە کۆڕەو بەجێی ئەهێڵن ، تەنها چەند بنەماڵەیەکی حوکمڕان و مردووی گۆڕستانەکان لە نیشتماندا ئەمێننەوە.بڕوانە، زۆرینەی نوسەر و بیریار و زانا و داناکانمان له تاراوگەدا ئەژین.
باسترناک بە کورتی باس لە کەسانێک ئەکات لە ناخەوە کۆیلە کراون و ناچار کراون بە پێچەوانەی خواست و خەون و هیواکانیانەوە بژین، ئەم ژیانە پێچەوانەیە وا دەکات تێکڕایان لاشەیان تێک بشکێ و نەخۆش بکەون.
کاتێ دەسەڵات، داهاتی وڵات بۆ خۆی ئەبات و ناچاریشت ئەکات چەپڵەی بۆ لێ بدەیت و لە خۆشییەکانیدا ئاهەنگ بگێڕیت و له ناخۆشییەکانیدا قوڕ بپێویت، وات لێ دەکات، خیانەتەکانی به دەسکەوت و بەرخۆدان بۆ ئەژمار بکەیت، کۆمەڵکوژییەکانی بە خەباتی دژه تیرۆر بۆ تۆمار بکەیت و دزینی داهاتی نیشتمانی بە فەرمانڕەوایی و حەقدەستی پێشمەرگایەتییەکەی بۆ لێک بدەیتەوە، لەوێدا ئیتر تۆ ئەبیتە مۆڵگەی نەخۆشییە جەستەییەکان، خەست بوونەوەی خوێن و ڕاوەستانی دڵ و مێشک و نەخۆشیی بڕبڕەکانی پشت و جومگەکان و تێکچوونی هەرس و شێرپەنجەکان و هەناسه توندیی و تێکچوونی کارەبایی دڵ و نەخۆشییەکانی قوڕگ و گوێچکە و چاو و ئەکزیما و نەزۆکیی و تێکچوونی هۆرمۆنەکان و پیربوونی پێشوەخت و… هتد.
کاتێ مامۆستای مزگەوتەکانمان داوای پارەت لێ ئەکا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی مزگەوت، جا داوات لێ ئەکا دۆعا بکەیت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆت لەلایەن خواوە !
دروستکردنی مزگەوت ئەکاتە ئەرکی سەرشانی خەڵک ، بەڵام پەیداکردنی گوزەرانی خەڵک، واز لێ دێنێ و ئەیداتە دەست دۆعا و نزا، لێدانی منداڵ ئەکاتە ئەرک لەسەر باوکان و دایکان، بەڵام لێدانی داگیرکەران و مافیاکان ئەداتە دەست خوا و ئەڵێ دۆعایان لێبکەن!
لەبەر ئەوە ڕوژ بە ڕۆژ مزگەوتەکانمان گەورەتر و پێشکەوتوو تر و گرانبەهاتر ئەبن لە بەرامبەردا ئەوانەی دێنە مزگەوت، ڕەش وڕووتتر و برسی تر و نەخۆشتر ئەبن، وای لێهاتووە نیوەی نوێژکەران لەسەر کورسی نوێژ ئەکەن، بە جۆرێک پەیوەندییەکی پیچەوانە هەیە لەنێوان جوانیی باڵەخانەکانی مزگەوت و هەژاریی و شڕ و ووڕیی و نەخۆشیی خەڵکەکەدا ، هەتا مزگەوتەکان شاهانەتر بن، خەڵکەکەی خواناسییان تێدا ئەکەن، برسی و گەداتر و نەخۆشتر ئەبن، وای لێهاتووە خەڵک پاره دادەنێن بۆ جوانکردنی مزگەوت لە هەمان کات داوا لە ئیمام ئەکەن دۆعایان بۆ بکەن هەتا له نەخۆشییەکانیان چاک ببنەوە !، چونکە نەخۆشییەکانییان دەروونییە و پەڕیوەتەوە بۆ هەموو ئەندامەکانی لەشیان و چارەسەری نییە.
لێرە و لەوێ، هەندێ بیریار و سەرکردەی موسوڵمان درکیان بەو کارەساتە مرۆیی وئاینییە کردووە، بۆیە دەڵێن عومەری کوڕی خەتاب فەرموویەتی : جوانکاریی مزگەوتەکان زیادەڕەوییە و لە ئاینی ئیسلامدا شتێک نییە به ناوی جوانکاریی و ڕازاندنەوە و دەستبڵاویی له دروستکردنی مزگەوتەکاندا .
هەروەها ئیمامێکی موسوڵمانان ، کورتترین ووتاری هەینیی پێشکەش دەکات، تەنها دێڕێکە، ئەڵێت: ( پاروویەک بخەیتە دەمی هەژارێک باشترە لە دروستکردنی هەزار مزگەوت )
واتا هەتا دابینکردنی پێداویستیی و چاککردنی کەم و کوڕیی ماڵەکان وەستابن، حەرامە دەست ببرێت بۆ ڕازاندنەوە و جوانکردن و دووبارە دروستکردنەوەی مزگەوتەکان، کارەساتە ئەگەر لە ماڵەکاندا مرۆڤەکان و مناڵەکانیان شەو تا بەیانی لەسەرماندا ولە برساندا هەڵلەرزن و بتلێنەوە وگینگڵ بخۆن، لە کاتێکدا مزگەوتەکانیش لەو شەوانەدا کش و مات و چۆڵ و هۆڵ، بە ملیۆنەها دۆلاریان تێدا خەرج کرابێ، سورەیا و بەرد و توحفەی گرانبەهایان پێدا شۆڕ بووبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا هۆکاری هاتنی ئایینەکان و بنیاتنانی پەرستگاکان خۆشحاڵکردن و خۆشگوزەرانیی و ئاسوودەیی مرۆڤەکان بووە، نەک کتێبە ئاینی و پەرستگاکان له زێڕ و زیو بگیرێن، لەو لایشەوە مروڤەکان هەژار و ڕوت و ڕەجاڵ و برسی و نەخۆش بن.
پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێ، لە مزگەوتێکا کە بە پوشی خورما دروستکرابوو، هەموو جیهانی بە دادپەروەرییەکەی داپۆشی وملیارەها مرۆڤی لە کۆیلایەتی کۆیلە ڕزگار کرد بۆ بەندایەتیی خوای گەورە.
شاچارڵسی بەریتانیا ئەڵێت : ئێمە لە موسوڵمانەکانی ئیسپانیاوە فێری مافی ژن و ئەرکی ژن و زانستەکان بووین، کاتێ لەلای ئەوان چوارهەزار کتێبخانە هەبوو، لە هەموو ئەوروپادا ئەوەندە کتێبخانە نەبوو، لەوانەوە دەرمان و نەخۆشخانە و زانستەکان گەیشتە ئێمە ..
مایکل هارت، موحەمەد دروودی خوای لەسەر بێ، ئەکاتە کاریگەرترین پیاو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە ناو 100 لە کاریگەرترین پیاوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە کتێبەکەیدا بەناوی 100کەسە نەمرەکە.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لە خۆمان بپرسین ئەم ئاینە بەرزەمان بۆچی ئاوا تێکشاندووە و کەمئەندام و شێواندووە؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم ئایینە بێ بەرهەمە ماندووە نەخۆشە بێ غیرەتە کۆیلە و دەستەمۆ و بێدەسەڵاتە، بگۆڕین بەو ئاینە زانا و دانا و بەرهەمهێن و ڕزگارکەر و مژدە بەخش و دادپەروەرەی کە شا چاڕڵس و مایکل هارد و ڕۆجێ گارودی و ئیحسان تەبەری و جەنڕاڵ کۆستۆ سەری ڕێزی بۆ دادەنەوێنن ؟ کە مرۆڤەکان لە کۆیلایەتیی و بێ هیوایی و .. نەخۆشکەوتنی به کۆمەڵ ڕزگار ئەکات؟
- Latest Posts by نەوزاد بەندی
نەوزاد بەندی: گوێڕایەڵیی کوێرانە.
-نەوزاد بەندی: لیستی موچە یان بڕوانامەی کۆیلایەتی.
-نەوزاد بەندی: شاری چۆڵ.
- All Posts