کاوسێن بابەکر: بەڵێنەکانی یەکێتی و پارتی کاتی هەڵبژاردن، تا کۆبونەوەی ئەمڕۆ بڕیانکرد؟

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، چوار مانگی تێپەڕاندو هەراوزەنای بانگەشە کە وەعدو بەڵێنێکی زۆردرا، هەڕەشە و گوڕەشەیەکی زۆرکرا دڵڕەنجێنرا مایک شکێنرا، دوای زەحمەتێکی زۆر و چەندین خولی دانیشتن، لەکۆتاییدا لە دانیشتنی دوێنێدا سەرۆکی یەکێتی و جێگری سەرۆکی پارتی تۆقەی ڕێککەوتنیان کردوو ئیمڕۆش 19. 3 هەردوو وەفدەکە لەسەر کاغەزی پێکهێنانی کابینەی دەیەم واژوکەیان کرد.
هەردوو لا دەنگێکی زۆریان هێنا،کە زۆر کەمبوون ئەو چاودێرو شارەزایانەی پێشبینی ئەو ژمارە زۆرەیان دەکرد کە بەهەردووک حزبەکە نزیکەی سێ لەسەر چواری ئەوانەیان هێناوە کە دەنگیانداوە!
با واز لەوە بێنین کەدەڵێن دیزاینکراوەو دەنگەکان ساختەن و… هتد.گریمان دەنگی ڕاسەقینەی خۆیانەو دەنگدەر لەخۆشی ئەو بەڵێنە چەورانەیان، بێبەڵێنی و بێموچەیی و بێخزمەتگوزاریان لەبیر چۆتەوە و ئەمجارەش دەنگی پێداون، بەڵێنەکانیش لای پارتی؛ حکومەتێکی بەهێز، حکومەتێکی شەفاف، سەروەری یاسا، زیادکردنی داهات، ئاوەدانکردنەوە، چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی هەرێم_بەغدا،بودجەوموچە.
بەڵێنەکانی یەکێتیش؛ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی، ڕەتکردنەوەی هەژماری من، تەوتینکردنی موچە، لامەرکەزی ئیداری و دارایی،شەفافیەت،سندوقی داهات، چارەسەری کێشە هەڵواسراوەکان لەگەڵ بەغدا، ئاوڕدانەوەی زیاتر لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هاوبەشی لەدەستەڵاتدا نەک بەشداری (بەواتای دابەشکردنی پۆستە باڵاکان بەعەدالەت وەک سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی سەرچاوەسروشتیەکان، ناوخۆ.)
ئایا بەڵێنەکان لەکۆتا کۆبوونەوەکەدا کوژانەوە یان لەکاری حکومەتی نوێدا ووردە ووردە سەردەردێننەوەو جێبەجێدەکرێن؟
ئەوەی سەیرە لەدانیشتن وکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا گوێمان لەهیج یەکێک لەو بەڵێنانە نەبوو، جگە لە پۆستەکان! کێشەی مووچە کە دەیان مانگرتن و خۆپێشاندانی فەرمانبەران و مامۆستایانیشی بەدوادا هات هەر کەسیان نەهاتنە جواب و بۆڕەتکردنەوەی هەژماری من و داواکاریەکانیش بۆ تەوتین خۆیانکرد بەکەڕەی شەربەت و ڕەنگە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان هەڵگرتبن کە چەند مانگێکی ماوە!
هەرچەند کاک بافل لەچاوپێکەوتنێکدا، ووتی ئەوقسانەی بانگەشەکە بۆ گاڵتەبوو ئێستا ئەوە بەسەر چوو و کۆتاییهات، بەڵام پێشینان دەڵێن نیوەی گاڵتە ڕاستیە، واتا ناکرێ هیچی ڕاست نەبووبێ تەنهاو تەنها بۆ ووروژاندن وهەڵخڕاندنی دەنگدەران بووبێ، بەڵام دەکڕی بڵێین چەندی بۆ جێبەجێدەکرێ؟
ئەگەر بەشێکی کەمیش لەو بانگەشەیەی بۆ جێبەجێ بکرێ بۆ خۆشی ویەکێتیش کارێکی مەزن دەبوو،کەسیش گلەیی ئەوەی نەدەکرد بڵێ هەموو بەڵێنەکانی نەهێنایەدی، چونکە ڕەنگە زۆر لە بەڵێنەکان کاتی زۆرتریان پێویستبێ. یان لانی کەم لەگفتوگۆکاندا لەگەڵ پارتی کە لەئەسڵدا دانوستان بووپێشنیاری کردبان و ئەوەیان جێگیرکردبا کە دەرفەتی جێبەجێکردنی زیاترە، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکانیشدا هیچیان لە دەنگدەران و هەوادارانیان نەشاردبایەوە، بۆئەوەی هیچ نەبێ کادیر و پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ڕویان بێ پەنجە بەجەڕەسی دەرگای دەنگدەرانەوە بنێن و کارەبای شەرم نەیانگرێ.