دکتۆر جەبار قادر : کوردستانی سور .
کوردستانی سور یا قەزای کوردستان ( بە ڕووسی ئویەزد ) یەکەیەکی کارگێری و ئەتنیکی بوو لە ئازربایجانی سۆڤیەتی لە ساڵانی ١٩٢٣ – ١٩٢٩. ئەم هەرێمە ناوچەیەکی فراوانی لە سەر سنوورەکانی ئازربایجان و ئەرمینیا ( ئەرمەنستان) گرتبووە خۆ و نەگۆڕنە – قەرەباخی لە ئەرمینیا جودا دەکردەوە . سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ١٩٢١ بۆ یەکەمین جار ئەو هەرێمە بە کوردستان نێوبرا . لە ١٦ تەمموزی ١٩٢٣ بە بڕیاری سەرۆکایەتی کۆمیتەی جێبەجێکاری ناوەندی کۆماری ئازربایجان ئەم هەرێمە پێکهێنرا . دەبوایە کۆمیتەی ناوبراو بۆ چوار جار لە ١٩٢٢-١٩٢٣ کۆببێتەوە تا بڕیار لە سەر پرسی کوردستانی سور بدات . لە نێو ئەندامانەکانیدا ناکۆکی لە سەر سنوورەکانی هەرێمەکە هەبوو . لە کۆتاییدا هەرێمی کوردستان لەم ناوچانە پێکهێنرا : کەرەکیشڵاک ( قەرەقیشڵاغ ) ، کەلبەجار ، کوباتلی ( قوبادلی ) ، کوتورلی ( قوتورلی )، کوردگاجی ( کوردحاجی ) و مورادخانلی . لە کۆتاییدا هەموو هەرێمەکە کرا بە چوار ناوچە : کەلبەجار ، لاچین ، قوبادلی و زەنگلیان . پایتەختی هەرێمی کوردستان لاچین بوو . لاچین تا ئەو ساڵە بریتی بوو لە ئاواییەک بە ئەبدالیار دەناسرا .
بە هۆی ئەوەی لە هەموو کوردستانی سوردا هیچ باڵەخانەیەکی گونجاو بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری دەوڵەتی نەبوو ، بۆیە ناوەندی هەموو دام و دەزگا فەرمییەکانی هەرێمەکە لە شاری شوشێ بوون . ئەوەی هەر ئەو دەمە مایەی پرسیار بوو لای زۆر کەس ، لکاندنی ناوچەی قوبادلی بوو بە هەرێمی کوردستانەوە ، چونکە ٩٨،٩% دانیشتوانی ئازەری بوون و ١% تریشی ئەرمەن بوون ، واتا هیچ کوردی لێ نەدەژیا . یەکەکانی دیکەی هەرێمەکە ڕێژەی کورد تیاندا نزیکی سەد دەر سەد بوو ، و بەم شیوەیە بوو : کەرەکیشڵاک ٩٩،٧%، کەلبەجار ٩٩،٨%، قوتورلی ٩٩،٩%، کوردحاجی ٩٨،٦% و مورادخانلی ٩٨،٢% دانیشتوانیان کورد بوون . بە بۆچوونی توێژەری ئەرمەنی داڤید بابایان ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە نرا بۆ ئەوەی ڕێژەی کورد لە کوردستانی سور لە ١٠٠% کەم بکرێتەوە بۆ ٧٣% دانیشتوان . قەوارەیەکی سیاسی ئەتنیکی لە سەر خاکی ئازربایجان ، کە دانیشتوانەکەی سەد دەر سەد کورد بن مایەی نیگەرانی بوو بۆ کاربەدەستانی وڵات . ئەوان بیریان دوور دەڕۆیشت و دەیانزانی ئەمە ڕۆژێک دێت دەبێتە بەردی بناغەی کۆمارێک یا دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی . هەر بە پێی ئەو نووسەرە ئەرمەنییە ناونانی ئەم یەکەیە بە کوردستان ترسێکی گەورەی خستبووە دڵی ئازەرییەکانەوە، چونکە تەنها هەرێم بوو لە سەر بنەمای ئەتنیکی ناوی لێنرابوو ، لە کاتێکدا هیچ هەرێمێکی دیکە لە نێوی ئەتنیکی هەڵنەگرتبوو .
کاتێک نووسەران باس لە هۆ و هۆکاری دامەزراندنی کوردستانی سور دەکەن ، دید و بۆچوونی ناکۆک و دژ بەیەک دەخەنە ڕوو . بۆ نووسەرانی ئەرمەن ئەمە هەوڵێکی ئازەرییەکان بوو بۆ بەکارهێنانی کورد لە دژی ئەرمەن و دابڕاندنی هەرێمی نەگۆڕنە – قەرەباخ لە ئەرمەنستان . لە هەمان کاتدا هەوڵێکی مۆسکۆ بوو بۆ لەنێوبردنی دوا پێگەی سەربەخۆیی گەلی ئەرمەن لە ناوچە چیاییەکانی باشوری کەفکاز . بۆ ئازەرییەکانیش کوردستانی سور ئامێرێک بوو بە دەست مۆسکۆوە بۆ فشار خستنە سەر ئازەرییەکان و بۆ ئەوەی ناچاریان بکات گوێڕایەڵ و ملکەچی مۆسکۆ بن لە بوارەکانی نەوت و پەیوەندی لە گەڵ جیهانی تورکیدا . ترسێکی دیکەی ئازەرییەکان لەم هەرێمە لەو ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتبوو کە ٨٥ % سەرچاوەکانی ئاوی ئازربایجان لە کوردستانی سور بوو . بۆ مۆسکۆش دەبوایە کوردستانی سور ڕێگر بێت لە بەریەککەوتنی ئازەری و ئەرمەنەکان و دەروازەیەکیش بێت بۆ گەیاندنی پەیامەکانی شۆڕشی ئوکتۆبەر و پارتی کۆمۆنیستی سۆڤییەتی بە کوردانی ڕۆژهەڵاتی نزیک .
ئەم هەرێمە تەنها شەش ساڵ ژیا و لە ٨ نیسانی ١٩٢٩ بە بهانەی گۆرانکاری و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی سیستەمی کارگێڕی لە یەکێتی سۆڤیەت ، کە لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە لە مۆسکۆ بڕیاری لێدرا بوو ، کوردستانی سور لە بەین برا . مۆسکۆ مافی دابوو بە کۆمارەکان بە پێی پێداویستی و هەل و مەرجەکانی خۆیان گۆڕانکارییەکان ئەنجام بدەن . ئەمەش بۆ ئازەرییەکان هەلێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی کورستانی سور لە سەر نەخشەی ئازربایجان بسڕنەوە . بە پێی ئەو ڕێکخستنەوەیە ئازربایجان لە ١٣ قەزاوە (هەرێم ) کرا بە ٨ ناوچە . لە پێکهاتەی کارگێڕی نوێدا کوردستان ناوی لە ناواندا نەما . تا ٨ ئابی ١٩٣٠ دەڤەرێك بە ناوی کوردستانەوە مابوو ، چونکە لە ٢٥ ئایاری ئەو ساڵەدا هەمان دەسەڵاتی ئازەری بڕیارێکی دەرکردبوو بۆ دامەزراندنی هەرێمی کوردستان . هەرێمە نوێکە بە پێی بڕیارەکە لەوەی پێشووتر فراوانتر بوو و تا سنوورەکانی ئێران پەلی دەکێشا . پێموایە بێدەنگی مۆسکۆ لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سور پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە جێگیربوونی دەسەڵاتی ڕەهای ستالینەوە لە هەموو کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا . لە سەرانسەری ئیمپراتۆری سۆڤیەتیدا کەس نەمابوو لە بەرامبەر ستالین و یاوەرە نزیکەکانی بێریا و باگیرۆف بڵێ لەل . سەرکوتکردنی کورد و دامرکاندنی سەرهەڵدانەکانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا ، هۆیەکی تری ئەم بێدەنگییە بوو . دەسەڵاتدارانی سۆڤیەتی هیوایان بە کورد نەما بەو حاڵەوە بتوانێ خزمەتی پڵانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا بکات ، بۆیە لە نێوبردنی کوردستانی سور هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەدەکردن .
پێدەچێ لە کاتی خۆیدا دەسەڵاتی سۆڤیەتی لە مۆسکۆ ئازەرییەکانی ناچار کردبێت هەرێمی کوردستانی دابمەزرێنن ، بۆیە قەت لە دڵەوە کاریان بۆ گەشەکردنی نەدەکرد . سیاسەتەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئازربایجان بەرامبەر بەو هەرێمە ئەو بۆچوونە بە تەواوی پشت ڕاست دەکەنەوە ، کە ئەوان لە یەکەمین ڕۆژەوە لە هەوڵی لە ناوبردنیدا بوون . کەمکردنەوەی ڕێژەی کوردی هەرێمەکە لە ١٠٠ % بۆ ٧٣ % دانیشتوان یەکێ لە هەنگاوە دەسپێکەکان بوو . هەر بۆ ئەو مەبەستەش ڕیگەیان نەدا بەو دوو هەزار کوردەی لە دوای سەرکوتکردنی سەرهەڵدانی ١٩٢٥ لە تورکیاوە ڕایانکردبوو و پەنایان هێنابووە بەر ئازربایجان لە هەرێمی کوردستانی سور جێگیر ببن ، بەڵکو ناچار کران لە گوندێکی نوێ بە ناوی نەریمان ئاباد نیشتەجێ ببن . لە بەرامبەردا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی ئازەرییەکان لە هەرێمی کوردستان زیادی دەکرد ، لە ماوەی یەک ساڵدا ١٩٢٥- ١٩٢٦ ڕێژەی کوردیان لە ٨٠ % و هێنایە خوارەوە بۆ ٧٣% واتا کورد بە ڕێژەی ٧% لە یەک ساڵدا کەمی کرد . لە هەمووی سەیر تر سەرۆکی کوردستانی سور کابرایەکی ئازەری بوو بە ناوی گاجییەف ( حاجییەف ) . هەوڵی تواندنەوەی کورد و بە تورک کردنیان پرۆسەیەکی بەردەوامی ئازەرییەکان بوو . بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ڕێگە نەما نەیگرنە بەر . بەر لە هەر شتێک شکاندنەوەی کورد و سەیرکردنیان بە چاوێکی نزم و پێناسەکردنیان بە کۆچەر ، نەخوێنەوار و دواکەوتوو . وایان لە زۆر کورد کرد بوو شەرم لە کوردێتی خۆیان بکەن و هەوڵبدەن ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان بشارنەوە .
ڕۆژنامەی ( زاریا ڤاستۆکە ) ی کەفکاز هەر لەو کاتەدا و لە ساڵی ١٩٢٩ باسی لە تواندنەوەی کوردی کردووە لە سەر دەستی ئازەرییەکان لە کوردستانی سور . پێدەچێ ئەمە خەسڵەتێکی گشتی هەموو میللەتە تورک زمانەکان بێت لە هەر شوێنێک بن ، تورکی تورکیا لەم بوارەدا پێشەنگ و ڕێ نیشاندەرە بۆ هەموو ئەوانی دیکە ، ئازەریش چ ئەوانەی کەفکاز و چ ئەوانەی ئێران بەهەمان شێوە لە کورد دەڕوانن و هەڵس و کەوتیان لە گەڵدا دەکەن ، تەنانەت کەمینەیەکی لاوازی وەک تورکمانەکانی عیراقیش بەهەمان چاو سەیری کورد دەکەن . ڕێگەگرتن لە کردنەوەی قوتابخانەی کوردی ئامێرێکی گرنگی سیاسەتی تواندنەوەی کوردان بوو لە ئازربایجان . تا ساڵی ١٩٣١ یەک قوتابخانەی کوردی لەو کۆمارە نەبوو . لە دوای لە نێوبردنی کوردستانی سور چەند قوتابخانەیەکیان کردەوە ، ئەمانەش تەمەنیان درێژ نەبوو و لە گەڵ شاڵاوی ڕاگواستنی کورداندا لە ١٩٣٧ – ١٩٣٨ داخران . کوردی ئەرمەنستان و گورجستان بۆ تەواوکردنی خوێندن ڕوویان دەکردە مۆسکۆ و بە تایبەتی لێنینگراد ( سان پیتەربورگی ئێستا ) ، بەڵام کوردی ئازربایجان ئەو مافەیان نەبوو . ئەو ڕۆژنامەیەش کە لە ساڵی ١٩٣١ لە لاچین بە ناوی ( کوردستانی سور ) دەستکرا بە دەرکردنی و تا ساڵی ١٩٦٢ بەردەوام بوو بە زمانی ئازەری دەردەچو، نەک کوردی ( هەندێ سەرچاوە باس لە ڕۆژنامەکە بە ناوی ” سۆڤیەتسکی کوردستان – کوردستانی سۆڤیەتی ” دەکەن و گوایە بە زمانی کوردی دەرچووە . زانیاری وامان لە بەر دەستدا نیە ئەم بۆچوونە پشتڕاست بکاتەوە ) . پەیمانگەیەکیش بۆ پێگەیاندنی مامۆستای کورد کرایەوە ، بەڵام لە شوشێ بوو و زمانی خوێندن تێیدا ئازەری بوو نەک کوردی . کوردانی ئازربایجان بۆیان نەبوو لێکۆڵینەوە لە سەر کوردی ئەو وڵاتە بکەن ، بەڵکو دەیانتوانی لە سەر کوردانی دەرەوە توێژینەوە ئەنجام بدەن . بە هۆی ئەم سیاسەتانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی کورد لە ئازربایجان لە کەمی دەدا . لە کاتێکدا لە سەردەمانی کوردستانی سوردا ژمارەی کورد لە ئازربایجان ٤٨ هەزار کەس بوو ، کە تەنها ١٧% کوردییان دەزانی ، لە ساڵی ١٩٣٧ ژمارەیان بۆ ١٠،٨٠٠ کەس دابەزی و دوو ساڵ دوای ئەوەش ، واتا لە ساڵی ١٩٣٩ بوو بە ٦ هەزار و لە ساڵی ١٩٥٩ تەنها ١٥٠٠ کورد مابوونەوە . لە ساڵی ١٩٧٩ نەمانی کورد لە ئازربایجان ڕاگەیاندرا . بە پێی پرۆفیسۆر هەسراتیان دەبوایە لەو ساڵەدا ژمارەی کورد لە ئازربایجان بەلای کەمەوە ٢٠٠ هەزار کەس بوایە . ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ژمارەی کوردانی ئەرمەنستان و گورجستان لەو ماوەیەدا بۆ سێ جار و نیو تا چوار جار زیادی کردبوو .
حەز ئەکەم لێرە بەسەرهاتی کوردێکی ئازەری بگێڕمەوە کە ڕەنگبێ باری کوردی ئەو وڵاتە بە باشی بەرجەستە بکات . لە حەفتاکان ئەم پیاوەم لە مۆسکۆ بینی و بەخۆی ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕاینەوە . چیرۆکەکە لە لایەکی دیکەوە ئەوە دەردەخات کە گەلانی یەکێتی سۆڤیەت و لە نێو ئەوانیش کورد چۆن لە دونیا دابڕابوون و لە پڕوپاگەندەی سۆڤیەتی بەولاوە ئاگایان لە هیچ نەبوو . ئەو برادەرە دەیوت من قەت کەسم نەبینیبوو بڵێ من کوردم و هیچ نووسراوێكیشم بەرچاو نەکەوتبوو باس لە کورد بکات . هەر بیرم لێ دەکردەوە چۆن دەبێ هەر من و باوک و دایکم لەم دونیایە بە تەنیا کورد بین و لە خۆم دەپرسی : تۆ بڵێی هیچ کوردی دیکە لەم دونیایە نەبێت ؟. دەیوت گەلێ جار لە باوکیشی پرسیوە ، ئەویش هیچی نەزانیوە ، تا ڕۆژێک لە دوکانێکی کتێب فرۆشتندا کتێبەکەی قەناتێ کوردۆ ( کوردۆییەف ) لە بارەی ڕێزمانی کوردییەوە دەبینێ ( ئەم کتێبەی قەناتێ کوردۆ ، ڕێزمانی کوردی ، لە ساڵی ١٩٥٧ – بە زمانی ڕووسی بڵاو کراوەتەوە ). وتی چەند دانەی هەبوو هەمووم کڕی و بە هەڵەداوان گەڕامەوە بۆ ماڵەوە و هاوارم کرد ، کورە وەرن وادیارە زمانیشمان هەیە و ڕێزمانیشی هەیە . دوای ماوەیەکی کەم دەچێت بۆ لای قەناتێ کوردۆ لە لێنینگراد و پرسیار بارانی دەکات لە بارەی کورد و زمانی کوردییەوە . ئەویش باسی کوردی بۆ دەکا لە کوێ دەژێن ، بە سەر چەند دەوڵەتدا دابەشبوون ، باسی سەرهەڵدانەکانی کورد ، زمان و فۆلکلۆر وئەدەبیاتی کوردی و … تاد ، بۆ دەکات و کۆمەڵێ کتێبی لە بارەی کوردەوە پیشان دەدات . برادەرەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ باکۆ و بە جۆشێکی زۆرەوە دەست دەکات بە فێربوونی زمانی کوردی و خوێندنەوە لە بارەی مێژوو و ئەدەبی کوردییەوە و هەموو ژیانی بۆ ئەو بوارە تەرخان دەکات ، تا لە کۆتاییدا دکتۆرا لە بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردیدا تەواو دەکات . کاتێک من بینیم و ئەم باسەی بۆ دەگێڕاینەوە ، ئەو هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بوو و خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستی بوو لە سەر کورد و کوردستان . نازانم ئاخۆ لە ژیاندا ماوە یا نا ، یادی بەخێر بێت . ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە تا کۆتایی پەنجاکانیش هەر شتێک پەیوەندی بە کورد و کوردستانەوە هەبووبێ لە ئازربایجان بەشارەوایی هێڵراوەتەوە .
لە دوای پیریسترۆیکا و گڵاسنەست جارێکی دیکە کوردی ئازربایجان سەریان بەرز کردەوە و کەوتنە باسی کوردێتی خۆیان . لە ساڵی ١٩٨٩ دا ١٢ هەزار کەس خۆیان بە کورد ناونووس کرد بوو ، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان کوردییان نەدەزانی . داڤید بابایانی ئەرمەنی لەم بارەیەوە دەڵێ ” نابێ هەموو گوناهەکە بخەینە ئەستۆی ئازەرییەکان . ڕاستە ئەوان زۆریان پێخۆش بوو کورد لە بەین بچن ، بەڵام ڕۆڵی کوردیش کەم نەبوو لەوەی بەو ئاسانییە دەستبەرداری زمان و کولتوری خۆیان بوون . دەبوایە بە توندی ڕوو بەڕووی سیاسەتی تواندنەوە ببوونایەتەوە “. نموونەی کوردەکانی نەخچوان دێنێتەوە کە ژمارەیان ٢٦٤٩ کەس بوو ، بەڵام لەو ژمارەیە ٢٦٣١ زمانی کوردیان بە زمانی دایکی خۆی دانابوو . کوردانی ئازربایجان شیعە مەزەب بوون و ئەمەش وای لێدەکردن فێری ئازەری و فارسی بن بۆ ئەوەی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان بەجێ بێنن ، لە کاتێکدا کوردانی نەخچوان سوننە مەزەب بوون و یەکمەزەبی لە گەڵ ئازەرییەکان کۆی نەدەکردنەوە . نەخوێنەواری دەورێکی باڵای بینی لە تواندنەوەی کوردانی ئازربایجاندا . لە نزیکەی ٥٠ هەزار کوردی ئازربایجان تەنها ١٧٥٦ یان خوێندەواریان هەبوو و تەنها ١٠ کەسیان شتێکیان لە بارەی ڕێزمانی کوردییەوە دەزانی .
هەندێ کەس هەوڵی ئەوە دەدەن کەمکردنی ژمارەی کوردانی ئازربایجان بە ڕاگواستنەوەکانی ساڵانی ١٩٣٧ – ١٩٤٤ گرێبدەن ، بەڵام سەرچاوەکان باس لە تەنها ٥ هەزار کورد دەکەن کە لە ئازربایجان بەر ئەو شاڵاوانە کەوتبوون . لە ساڵانی ڕاگواستنی زۆرەملێدا کوردانی ئازربایجان ، ئەرمەنستان و گورجستان بە تۆمەتی ئەوەی جێگەی باوەڕ و متمانەی دەسەڵاتی سۆڤیەتی نین بەر شاڵاێکی بەربڵاوی ڕاگواستن کەوتبوون بۆ کازاخستان و کۆمارەکانی ناوەڕاستی ئاسیا .
سەرچاوە مێژووییەکان لە بارەی کوردستانی سورەوە زانیارییەکی ئەوتۆمان پێ نابەخشن. ڕەنگبێ ئەمەش بە هۆی ئەوەوە بێت کە لە دوای لە ناوبردنی هەرێمەکەوە بە باش و خراپی باسی لێوە نەکراوە . لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەبوو لە ئازربایجان لە بەین برا . لە سییەکاندا ئاماژە کردن بە کورد و کوردستانی سۆڤیەتی بە تەواوی لە ئارادا نەما .
بەگشتی لە بارەی ژمارەی کوردەوە لە یەکێتی سۆڤیەت دیمەنێکی هەندێ جیاواز لەوەی ئازربایجان بەدی دەکرێت . بە پێی سەرژمێری ١٩٥٩ ژمارەی ئەوانەی خۆیان بە کورد پێناسە کردبوو لە یەکێتی سۆڤیەت ٥٩ هەزار کەس بوون ، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ ژمارەکە گەیشتە ١١٦ هەزار کەس . پرۆفیسۆر هەسراتیان ئەمە گرێدەدا بە پەرەسەندنی هەستی نەتەوەییەوە بە هۆی ڕووداوەکانی باشوری کوردستانەوە ( شۆڕشی ئەیلول ١٩٦١ و ڕێکەوتننامەی ١٩٧٠) .
لە بارەی ژمارەی کوردەوە لە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران هەندی شتی سەیر و سەمەرە بەرچاو دەکەون . بۆ نموونە لە ئەرمەنستان لە دەسپێکی دامەزراندنی کۆماری سۆڤیەتی ئەرمینیاوە کوردانی ئێزیدی بە کورد ناونووس نەکروان ، بەڵکو بە ئێزیدی . ئەو کاتە بەلای ئەوانەوە کورد بەشداری لە کوشتاری ئەرمەندا کردبوو لە ساڵی ١٩١٥ و هێشتا ڕووداوەکان لە بیری هەموواندا زیندوو بوون . بە تێپەڕبوونی کات ئەمە بوو بە ” ڕاستی ” بەلای زۆر کەسەوە و هەندێ لە بەرپرسە ئێزیدییەکان لە سەر ئەمە دەژیان . شەڕی نەگۆڕنە – قەرەباخ ئاڵۆزی لە نێو کوردانی ئەرمەنستان دروست کرد و کاربەدەستانی ئەرمینیا بێبەزییانە زیاتر لە ٣٠ هەزار کوردی موسوڵمانیان لە ئەرمەنستان دەرکرد . لە یەکێ لە سەرژمێرییەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بینیم کورد خۆی بە سێ جۆر پێناسە کردووە ، بەشێک بە کورد ، بەشێکی دیکە بە ئێزیدی و کەمینەیەکی زۆر کەمیش بە کرمانج . کاری ڕووسەکان ڕازبێ کورد و کرمانجیان لێکداوە و پێناسەی کوردیان داونەتێ .
ڕاگواستنی ززۆرەملێی کوردانی کەفکاز لە ساڵانی ١٩٣٧- ١٩٤٤ ڕۆڵی زۆری بینی لە پرۆسەی کەمبوونەوەی ژمارەی کورد و توانەوەیان لە نێو گەلانی دیکەی کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا . تا کۆتایی پەنجاکان کوردە ڕاگوێزراوەکان لە هەموو مافە دەستورییەکانیان بێ بەش کرابوون . ئەوان لە ژێر چاودێری توندی دەزگای ئەمنی و هەواڵگیری ترسناکی KGBدا بوون و ڕێگەیان پێنەدەدرا بچنە دەرەوەی گوندەکانیان . بۆ ڕزگار بوون لەو بارودۆخە و بۆ ئەوەی بتوانن گەشت بکەن و بچن بۆ خوێندن زۆریان بە ناچاری کوردێتی خۆیان دەشاردەوەو و خۆیان بە ئازەری و کازاخی و گەلانی دیکە ناونووس دەکرد .
بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕیکانت