شه‌ریف هه‌ژاری: تكایه‌ ـ دۆناڵد ترامپ به‌ كه‌م مه‌گرن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نه‌فامی ئه‌وه‌یه‌: زۆرێك له‌ قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌كانی كورد گاڵته‌ی پێ ئه‌كه‌ن!

زۆر قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستی كورد، به‌تایبه‌ت ڕووناكبیره‌ دید – رۆژاواییه‌كانی كورد و، به‌تایبه‌تر زۆر ڕووناكبیری ده‌ركه‌وتووی ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش، له‌ ده‌یان بابه‌تیان دا ( گاڵته‌ ) به‌ دۆناڵد ترامپی كاندیدی پارتی كۆمارییه‌كان ئه‌كه‌ن و، به‌ نه‌زان له‌ قه‌ڵه‌می ئه‌ده‌ن. بابه‌تی وایان هه‌یه‌ كه‌ نووسه‌ره‌كه‌ زۆر ده‌ركه‌وتووشه‌ له‌ كوردستاندا، كه‌چی دۆناڵد ترامپ به‌ نه‌فامترین كاندیدی مێژووی ئه‌مریكا ئه‌خاته‌ڕوو .

ئیدی من ده‌زانم، مێشكی كورده‌ حه‌یاته‌كه‌، كه‌ پێوه‌ره‌ خودییه‌كانی دژ به‌ كه‌سێك بوو، هه‌تا ماوه‌ له‌ دژی ده‌نووسێت.

نووسه‌رانی ئێرانی زۆر دژی دۆناڵد ترامپ ئه‌نووسن، به‌ڵام كورد بۆ ؟ ئایا هه‌ر له‌ ژێر كاریگه‌ری نووسه‌ره‌ ئێرانییه‌ فارسیسته‌كاندا وا ده‌نووسن ؟

ترامپ به‌ كه‌م مه‌گرن، دۆناڵد ترامپ له‌ هه‌رچی سه‌ركرده‌ی كورده‌ توانای ئارگیۆمێنت ( مشتومڕ) ی زیاتره‌، توانایه‌كی سه‌یری له‌ پلانی ئابوری سه‌رمایه‌داری دا هه‌یه‌، به‌ڵام شێوازی قسه‌كردنی كه‌مێك بازاڕییه‌.

ئه‌وه‌تانێ، گه‌وره‌ترین سیناتۆری كۆمارییه‌كان، كه‌ پێشتر دژی دۆناڵد ترامپ بوو، ئێستا پشتیوانی بۆ دۆناڵد ترامپ ده‌ربڕیووه‌، كه‌ ئه‌ویش سیناتۆر (تێد كرووز)ه‌.

تێد كرووز، باش دۆزی كورد ده‌ناسێت، یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رسه‌خترین سیناتۆره‌ كۆمارییه‌كانی دژ به‌ سیاسه‌ته‌كانی ئێران.

تێد كرووز، له‌ ململانێی پاڵاوتنی سه‌رۆكایه‌تی پارتیی كۆمارییه‌كاندا به‌ دۆناڵد ترامپ دۆڕا، دواتر له‌ كۆنگره‌ی كۆمارییه‌كان و له‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی دا دژ به‌ دۆناڵد ترامپ وه‌ستایه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش گورزێكی كاریگه‌ری له‌ جه‌ماوه‌ری دۆناڵد ترامپ دا. به‌ڵام له‌ دوو ڕۆژی ڕابردوو دا كه‌ پشتیوانی بۆ دۆناڵد ترامپ ده‌ربه‌ڕیووه‌، ئه‌وا كێرڤی جه‌ماوه‌ری دۆناڵد ترامپ له‌ زیادبوون دایه‌ و ئه‌گه‌ری ده‌رچوونیشی هه‌یه‌.

ئێستا ته‌نها خێزانی بۆش و چه‌ند سیناتۆرێكی كه‌م ماون، كه‌ پشتیوانی بۆ دۆناڵد ترامپ ده‌رببڕن.

تێێد كرووز، دوو ڕۆژ پێش ئێستا، له‌ یه‌كێك له به‌دوواداچوونه‌كانی دا، فه‌زاحه‌تێكی گه‌وره‌ی ئۆباما و جۆن كێری ده‌رخست، كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو: ئۆباما و جۆن كێری به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕاوێژ به‌ وه‌زیری به‌رگری ئێستای ئه‌مریكا (ئاشتن كارته‌ر) و جه‌نه‌راڵ جۆزیپ دانفۆرد و ڕاوێژكارانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ن، ئه‌وا بڕی 400 ملیۆن دۆلاریان به‌ كاش داوه‌ته‌وه‌ به‌ ئێران، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كاره‌ بێ سه‌روبه‌ره‌ییه‌كانی ئۆباما، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری و ڕاوێژكاره‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و جه‌نه‌‌راڵه‌ گه‌وره‌كان بكات، ئه‌نجامی داوه‌.

بۆیه‌ تكایه‌ دۆناڵد ترامپ به‌ كه‌م مه‌گرن، به‌تایبه‌ت كاتێك له‌ ئێستادا تێد كرووز بووه‌ته‌ پشتیوانیی و به‌ ئاشكرا ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌نگ به‌ ترامپ ئه‌دا و ده‌نگیشی بۆ كۆئه‌كاته‌وه‌ !

نازانم ڕووناكبیرانی زۆر ده‌ركه‌وتووی كورد، به‌بێ به‌دوواداچوونی وردی ئه‌كادیمییانه‌، چۆن هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ له‌ چه‌ندین ستوونی ڕۆژنامه‌كانی ئاوێنه‌ و هتد، ته‌شه‌ری گاڵته‌ئامێز له‌ باره‌ی دۆناڵد ترامپه‌وه‌ ئه‌نووسن!؟ به‌ دڵنییاییه‌وه‌، ترامپ هه‌ر هیچ نه‌زانێت، به‌ قه‌ده‌ر زۆرێك له‌ پسپۆڕانی ئابوری كورد عه‌قڵی ئابوری هه‌یه‌ و، ته‌نها ڕه‌خنه‌ش لێی له‌ شێوازی ده‌ربڕینییه‌تی، نه‌وه‌ك توانای عه‌قڵی ئابوری و ئینجا سیاسییه‌كه‌ی.

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت