هه‌ڵکشان به‌ره‌و ڕۆشنایی .. پشکۆنه‌جمه‌دین ..
خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ دیوانه‌شیعری (بڵاچهیهک درز ده‌خاته تاریکه‌شه‌وی ته‌مه‌نم)ی فهرهادشاکهلی
ده‌روازه :
ئه‌فراندن و نووسینی شیعر چه‌ند سه‌ختن، قسه‌کردن له‌مه‌ڕ شیعر و هه‌وڵدان بۆ هه‌ڵاواردنی شیعر له ناشیعر، به مه‌به‌ستی خولقاندنی ده‌قێکی ڕه‌خنه‌یی و دۆزینه‌وه و ڕۆشنکردنه‌وه‌ی پرده‌کانی نێوان نووسه‌ر/ ده‌ق / خوێنه‌ر، سه‌ختترن!
خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی شیعری، ئه‌گه‌ر له فه‌زایه‌کی ته‌ندروستدا ئه‌نجام بدرێت و خوێنه‌ر ئامادییهکی ڕۆحی، زه‌ینی و ۆشنبیریی بۆ تێگه‌یشتن له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه هه‌بێت، ده‌شێت فه‌زایه‌ک بۆ خوێنه‌ر بخولقێنێت که له‌وێدا به‌رهه‌می تێڕامان و تێهزرینه‌کانی له “ده‌ق” بچنێته‌وه و به‌و خاڵه ئامانجدارانه‌ی بگه‌یه‌نێت که کرده‌ی خوێندنه‌وه” ده‌یانخوازێت .
خوێندنه‌وه، له کن خوێنه‌ری زیره‌ک، کرده‌یه‌کی له‌خۆڕا و هه‌ڕه‌مه‌کی نییه و پێوه‌ستی چه‌ند ڕێسایه‌کی نه‌بینراون که ده‌شی له زه‌ینی خۆێنهردا و پێش ده‌ستپێکی هه‌ڵبژاردنی ده‌ق، ئاماده‌ییان هه‌بێت. سه‌لیقه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ده‌قێکی باڵا بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه، دیارده‌یه‌کی خۆڕسک نییه که لای خوێنه‌رێکی گریمان بوونی هه‌بێت و لای ئه‌وی دی نه‌بێت! ئه‌م سه‌لیقه‌یه هه‌ڵقوڵاوی پاشخانێکی فیکری و مه‌عریفییه و پێبهستبوونی خوێنه‌ریش به تیور و میتۆده‌کانی خوێندنه‌وه‌وه، واته هه‌ڵبژاردنی تیورێک که ئازادییه‌کی بێسنووری له بواری بیرکردنه‌وه‌دا، بۆ گه‌یشتن به لایه‌نه نهێن و شاراوه‌کانی ده‌ق بۆ مه‌یسه‌ر بکات، ڕۆڵێکی گرنگ له ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ته‌ندروستدا ده‌گێڕێ .
ده‌قی شیعریی باڵا، خوێندنه‌وه‌ی سه‌رپێی و تیژپه‌ڕ هه‌ڵناگرێت و ئه‌گه‌ر وه‌هامان کرد، ئیدی ناتوانین له سروشتی باڵاییی ده‌قی داهێنراو بگه‌ین و پێکهاته‌کانی شیکار بکه‌ین، که له به‌رده‌م کارێکی وههایشدا ناتوانا و دهستوهستاو بووین، ئیدی له بینین و هه‌ستپێکردنی مانا و وێنه سیحراوییه‌کانی شیعر، زهینخاڵی و مایه‌پوچ ده‌بین .
ده‌قی شیعریی باڵا کامه ده‌قه و چۆن ده‌توانین ئه‌م خه‌سڵه‌ته به ده‌قێک ببه‌خشین و به‌وی دیکه نا؟ به دیوێکی تردا، ئه‌و ڕه‌گه‌ز و کاراکته‌رانه‌ی که ده‌توانن پێناسه‌ی شیعربوون به ده‌قێکی نووسراو بده‌ن، چین و چلۆنیان ده‌ناسینه‌وه؟
ڕه‌نگه شیعرناسان و توێژه‌رانی هونه‌ری شیعر، له‌سه‌ر ئه‌وه کۆک بن که زمان بناخه و بنچینه‌ی ڕۆنانی ته‌لاری ده‌قی شیعرییه و ئه‌و که‌ره‌سته و ئاتاژهیه که داروپه‌ردووه‌کانی دیکه‌ی سازکردنی شیعری له‌سه‌ر داده‌نرێن، به‌ڵام زمانناسین و زمانزانینی شاعیر به ته‌نها ناتوانن ده‌قێکی باڵامان بۆ بخولقێنن و ئه‌و وێنانه‌مان نیشان بده‌ن که ئێمه دهیانخوازین و چاوه‌ڕێیان ده‌که‌ین .
ده‌شێ کارایی له زانستی زمان و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌نباری زمان لای نووسه‌ر، بۆ نووسینی وتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و ئه‌ده‌بی مه‌رج بن، باڵام زمانی شیعر (ڕێساکانی ڕێزمان و ڕێنووسی لێ وه‌ده‌ر نێی) ناچێته نێو بازنه‌ی زانستی زمانه‌وه، به‌ڵکه سه‌روکاری له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی شاعیردا هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه و به‌کاربردنی ئه‌و وشه و “دال”انه‌ی زمان که میتافۆره‌کان ده‌خولقێنن، ئه‌و وشه به ڕیتم و موزیک بارگاوییانهی که له‌سه‌ر سه‌کۆی زه‌ینی خوێنه‌ر سه‌ما ده‌که‌ن و بۆ قووڵاییه‌کانی کرده‌ی چێژوه‌رگرتن په‌لکێشی ده‌که‌ن .
لێره‌وه، له هونه‌ری به‌کاربردنی زمان و نهێنهکانییهوه که ده‌بنه مه‌کۆی ته‌وزیفکردنی “بیر” له فۆڕم و ئیستاتیکیی شیعردا، له ده‌رکه‌ی دیوانی شاکه‌لی وه ژوور ده‌که‌وین ..
ناساندن :
دیوانی (بڵاچهیهک درز ده‌خاته…) ی فه‌رهاد، کۆکردنه‌وه و له‌چاپدانه‌وه‌ی چوار کۆمه‌ڵه‌شیعری پێشتر چاپکراون که تاڵێک له تیشکی بیر و دنیابینی، زمان و میتافۆڕه‌کانی، عه‌شقی مه‌عشوق و سووتانه‌کانی پێکه‌وه‌یان ده‌به‌ستن و خوێنه‌ر له خوێندنه‌وه‌یاندا هه‌ست به قووڵیی ئه‌زموون و جوانیی سه‌لیقه‌ی شاعیر بۆ پێکه‌وه‌گرێدانی پاژه‌کانی پرۆسه‌ی خولقاندنی شیعر ده‌کات… دیوانی شیعر که زۆر جاران وا ده‌بێ کۆکردنه‌وه و پێکه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی چه‌ند کۆمه‌ڵه‌شیعر بێت و له زه‌مه‌ن و زه‌وینی جیادا نووسرابن، به‌ڵام ئه‌م کۆکردنه‌وه‌یه ناکرێت بێ نه‌خشه و هه‌ڕه‌مه‌کی بێت. مه‌به‌ستمه بڵێم، ساحێبی “دیوان” و خاوه‌نی ته‌لارێکی بڵندی قه‌شه‌نگ، پلانێکی نه‌خشه‌سازیی لێکچوویان هه‌یه.. ههرتکلا هه‌موو ئه‌زموونی جوانکاریی خۆیان بۆ ڕۆنان و پێکڕاگرێدانی به‌شه‌کانی موڵکی خۆیان به گه‌ڕ ده‌خه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن باشترین باڵانس و هارمۆنیای شته‌کان، که‌ره‌سه‌کان، ڕه‌نگه‌کان و بیره‌کان بخولقێنن. فه‌رهاد، له هه‌ڵبژاردن و کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و چوار کۆمه‌ڵه شیعره‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی “خاوه‌نی چوار موڵک” بێت و دیوانی هه‌بێت، وه‌های کردووه !
دیوانی فه‌رهاد، دکتۆر محه‌مه‌د که‌مال پێشه‌کیی بۆ نووسیوه، پێشه‌کییه‌که خوێندنه‌وه‌یه‌کی پڕ مه‌عریفه‌یه له ڕوانگه‌ی فیکری سۆفیزم و دال و مهدلوولهکانیهوه.. د. محهمهدکهمال، میژووی سه‌رهه‌ڵدانی سۆفیزم، بیر، ڕێباز، چه‌مک و تێگه‌یشتنه جیاوازه‌کانی سۆفییه دیار و ناوداره‌کانی له سه‌رده‌م و قۆناخه جیاکاندا شی کردوونه‌ته‌وه و باسێکیشی له مێژووی ته‌سه‌وف له کوردستاندا کردووه. پێشه‌کییه‌که به‌و وردی و وردبینییه‌وه، ده‌روازه‌یه‌که بۆ تێگه‌یشتن له دنیای بیری سۆفیزم و بێ ئه‌م زانیارییانه‌ش، تێگه‌یشتن له ته‌سه‌وف و شیعرێک یاخود دیوانهشیعرێک که تیشکی ئه‌م ڕێباز و بیره‌ی لێ ده‌ڕژێ، کارێکی مه‌حاڵه .
دیوانی “بڵاچهیهک…” 157 شیعری کورت و درێژی له خۆ گرتوون که مێژووی نووسینیان له نێوان ساڵانی 1978 و 2005 دایه .
. کۆمه‌ڵه شیعری ژێ، 35 شیعر و له به‌راییی دیواندا جێگای گرتووه
کۆمه‌ڵه‌شیعری “نیگاری تۆ له دیواری زیندانه‌که‌م هه‌ڵده‌کۆڵم”، 33 شیعر، لاپه‌ڕه‌کانی 175 بۆ 222 .
کۆمه‌ڵه‌شیعری “هه‌موو ڕازی من ئاشکرایه و هه‌موو ئاشکرای تۆ ڕاز”، 49 شیعر، لاپه‌ڕه‌کانی 225 بۆ 316 .
ئه‌م چرایه دڵم ڕووناک ده‌کاته‌وه و ته‌مه‌نم ده‌سووتێنێ، دوا کۆمه‌ڵه‌شیعری دیوانه‌که‌یه، 40 شیعره و له لاپه‌ڕه‌کانی 317 بۆ 390 دا جێ که‌وتوون .
له سه‌رجه‌می شیعره‌کانی شاکه‌لیدا، که‌متر وا ده‌بینین که شیعرێک ڕه‌گه‌زه‌کانی شیعربوونی له ده‌ره‌وه‌ی خۆی قه‌رز بکات، ئه‌مه‌ش به مانای ئه‌وه‌یه شیعر و حاڵه‌ته‌کانی خولقاندنی شیعر لای فه‌رهاد، زاده‌ی نیگه‌رانییه ڕۆحییه‌کان و تێڕامانێکی قووڵی ئاوهزئامێزه بۆ هه‌موو دیارده و شته‌کان، ڕیشه‌کانی ده‌قی خولقێنراو له قووڵاییه‌کانی بیر و پاشخانێکی مه‌عریفیی گشتلایهندا ڕۆ ده‌چن و پێویستییه‌کانی بوونی خۆیان دابین ده‌که‌ن .
با بێ ده‌نگی پڕ ئاوازت، با ده‌نگت بێ،
با هه‌ناسه‌ت له دووره‌وه مێشکی ماندووم سه‌رخۆش بکات ،
با به ئاسته‌م بکرێته‌وه گوڵهه‌ناری دهمولێوت .
با بێ ده‌نگت ..!
به‌سه‌ر هه‌ستی مات و خه‌مباری ئهمشهوما
نه‌رمه‌بارانی دڵداری ببارێنه! بۆنی باران، ژێ، ل 56
دووری و لێک‌دابڕان له ئه‌وی دی، تاسه‌ی بیستنی ده‌نگێک، ده‌نگێک جیا له ده‌نگه‌کانی تر، هه‌ناسه‌یه‌ک له دووره‌وه که پێشتر، له ساته‌وه‌خته سه‌خته‌کاندا، مێشکێکی ماندووی مه‌ست کردووه و ئێستا ئیدی به‌رامه‌ی ناگات، گوڵهه‌ناری دهمولێوێک که به چاوی خه‌یاڵ وێنای ده‌کات و تمهننا ده‌کات به ئاسته‌م بکرێته‌وه.. تامه‌زرۆی ده‌نگێک، ئه‌گه‌ر بێت، ده‌شێ نه‌رمه‌بارانی دڵداری به‌سه‌ر هه‌ستی مات و خه‌مباری شه‌وێکی شاعیردا ببارێنێ! ئه‌م وێنه بزۆکانهی “ده‌نگ” که پڕاوپڕن له جوانی و هارمۆنیایه‌ک له ڕه‌نگ، وه‌زیفه‌یه‌کیان پێ ده‌به‌خشرێت که وه‌زیفه‌ی به سه‌فرکردنی مه‌وداکانی دابڕان و هه‌وڵدانه بۆ پێکگه‌یاندنی زه‌مه‌ن و شوێن له خه‌یاڵی شاعیردا، سڕینه‌وه‌ی مه‌وداکان تا به‌یه‌کگه‌یشتنی دڵدار و دولبه‌ر، له چوارچێوه‌ی وێنه‌کاندا که زمان ده‌یاننه‌خشێنێت !
له درێژایی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که‌دا، که مێژووی 28ی 5ی 1978ی له بندا دانراوه و له هامبۆرگ نووسراوه، تێده‌گه‌ین که شیعرێکه له سه‌ره‌تاکانی ئه‌زموونی شیعریی فه‌رهاد له تاراوگه‌دا و ئیدی ترس، ته‌نهایی، نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوکێکانی ژیان ده‌بنه ڕایه‌ڵه‌کانی بینای شیعر ..
( شه‌وی دڵدارێکه ته‌نێ)
هه‌رچی مه‌رگی سه‌رزه‌وییه
وه‌کو پۆلیس ڕاوی ده‌نێن و نایگه‌نێ ..
هاودهردێ، هاوخهمێ له نیشتمانه‌وه بێته ئێره و (قۆزاخه‌ی خه‌ونه‌کانی بکاته‌وه)… فه‌رهاد، جوانیی هه‌موو دارستانه‌کانی ئه‌وروپا سوکنایی ناداتێ و چاو‌ڕێی
کچه دملی،
کچه ڕووبار،
کچه زازاییی گوڵهه‌نار… ده‌کات و له شه‌وێکی نامۆییدا، تاسه‌باری بۆنێکی تایبه‌ته.
بۆنی دارستانت پێیه ، بۆنی شار و گوندی کوردستانت پێیه ..
عیشق چ حه‌قیقی بێت و چ مه‌جازی، له دابڕان‌دا ڕۆحی شاعیر هه‌ڵده‌قرچێنێ و ده‌یکاته سۆفیی خه‌رابات و باده‌ی شیعری پێ ده‌خولقێنێ.. فه‌رهاد، له سه‌ره‌تاکانی ئه‌زموونه‌کانی تاراوگه‌دا، جارێ له بازنه‌ی بیری سۆفیزم نه‌که‌وتووه و ئه‌و له شیعری “بۆنی باران” و چه‌ند شیعری دیکه‌ی “ژێ”دا، وێڕای شیعربوونی ده‌قه‌کان و باڵایی زمانه‌که‌ی، سۆفیی کۆڕی زیکری جوانییه له‌ده‌ستچووه‌کانی نیشتمان و یاده‌وه‌رییه‌کانییه‌تی .
له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشانی ئه‌زموونی شاعیردا، تێمای شیعر، زمانی شیعر، ته‌کنیک و هونه‌ری ته‌لارسازیی شیعر، چڕیی وێنه و میتافۆڕه‌کان به جێگایه‌کی دیکه ده‌گه‌ن و شیعر لای فه‌رهاد بوونه‌وه‌رێکه له ناوجه‌رگه‌ی تاریکییه‌وه، ئه‌وداڵی ڕووناکاییه و به‌ره‌و ڕۆشنایی هه‌ڵده‌کشێ ..
کێوی دڵم
به تیشکی ئاشناییت ڕۆشن که‌وه !
دڵ و گیان
ده‌که‌مه به‌رده‌بازی ڕێگه‌که‌ت .
وای، که بێتۆیی چ ساڵانێکی شه‌وه‌زه‌نگه ،
وه‌ی که شاری گیان
بێ یادی تۆ ،
چ گۆڕێ ، چ گۆڕستانێکی بێده‌نگه. شیعری کێوی دڵ، نیگاری تۆ..، بڵاچهیهک ..، ل 196 .
مه‌ودای نێوان “کێوی دڵ” و “بۆنی باران” ده ساڵان ئه‌زموونی شیعرییه و له‌م زه‌مه‌نه‌دا، هه‌موو شته‌کانی شیعر گۆڕدراون، تێما، بیر، زمان، وێنه و خوازه‌کان.. لێره‌دا، فه‌رهاد سۆفیی فیکر و دیابینییهکی دیکه‌یه، لێره‌دا، خه‌م و نیگه‌رانییه‌کان، دابڕان و تاسه‌ی پێکهگهیشتن و توانه‌وه، جوانییه‌کانی نشتمان ده‌به‌زێنن و مه‌ودایه‌کی گه‌ردوونی له خۆ ده‌گرن ..
شاعیر، له سۆنگه‌ی ئه‌و ئاشناێتییه ڕۆحییه‌ی له گه‌ڵ(مه‌عشوق، خالیق، خوادا) هه‌یه‌تی، چاوه‌ڕێیه کێوی دڵی به تیشکی ئه‌و ڕۆشن بێته‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش، هه‌م دڵ و هه‌م گیان ده‌کاته به‌رده‌باز… دڵ که له فیکری سۆفییه‌کاندا، کانیی ڕۆشناییه، ساتێ وه‌کو “کێو” بڵنده و چه‌ند پله‌یه‌کی “په‌یژه‌ی تیشک” سه‌ر که‌وتووه و به هیوای یه‌کگرتن و توانه‌وه‌یه له “ڕۆشناییه ئهبهدیهکه”دا .
له خوێندنه‌وه‌ی دیوانی “بڵاچهیهک..”دا، منی خوێنه‌ر، ههنگئاسا، شه‌یدای مژینی شیله‌ی زمان، له گوڵی شیعرێکه‌وه بۆ گوڵهشیعرێک، له خه‌رمانه‌ی مانگی وێنه‌یه‌که‌وه بۆ ڕۆژنه‌ی شیعرێکی سه‌رڕێژ له ڕووناکایی که له تاریکایی ته‌مه‌ندا “چۆڵه‌چرا”یه‌ک پێ ده‌کات، ده‌فڕم و له جامۆڵکه‌ی کۆپله‌یه‌کدا، چۆڕیک زمان ده‌خۆمه‌وه و دڵی تاسه‌باری شیعرم ئۆخژن ده‌کات.. له خوێندنه‌وه‌دا، دڵم له “کوپه‌ی کۆنهشهرابێک”ی تیشکبار هه‌ڵده‌کێشم و حه‌رفه‌کان له زه‌ینمدا داده‌گیرسێن، داگیرسانیش مانایه‌ک به تاریکایی “شاری دڵمان” ده‌دات و پێمان ده‌ڵێ:
له گه‌ردووندا، گه‌ردوونێک که په‌رژینی تاریکایی لێمانی ده‌شێرێته‌وه، کانی تیشک و کانیی هومێدێک بۆ بێهومێدان هه‌یه و هه‌ر هێنده‌ت گه‌ره‌که، تۆ به عیشقی په‌یکه‌ری تیشکینهوه، له شاتیشکی ڕووناکایی بڕوانیت، خۆت فێری ئه‌م پرۆسه سه‌خته‌ی توانه‌وه له عیشقدا بکه‌یت.. عیشقی هه‌موو جوانییه باڵاکان .
نۆڤه‌مبه‌ری 2010
ستۆکهۆڵم _ سلێمان