ڕیفۆرم و هێزه‌کانی له کوردستاندا .. پشکۆنه‌جمه‌دین
ڕیفۆرمیزم، چه‌مکێکه بۆ ناساندنی ئیدۆلۆگییهک له‌مه‌ڕ میکانیزمی پرۆسه‌ی گۆڕین و گه‌شه‌پێدانی سیستێم له کۆمه‌ڵدا، واته چۆنییه‌تیی وه‌گه‌ڕخستنی پرۆسه‌ی گۆڕانکارییه‌کان له هه‌موو ئه‌و کایه و ڕه‌هه‌ندانه‌ی سیستێمێکی سیاسی کاریان تێدا ده‌کات. ڕیفۆرمیزم، وه‌کو چه‌مکێکی فه‌لسه‌فی، له هه‌ناوی فیکر و فه‌لسه‌فه‌ی “سۆسیالیزم”ه‌وه داکه‌وتووه و دژهچهمکی فه‌لسه‌فیی “شۆڕش”ه بۆ گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمهڵاێتیی خێرا و زه‌برئامێز. ئیدۆلۆگیی ڕیفۆرمیزم له فیکری ڕه‌وته سۆسیالیسته‌کاندا، مێژوویه‌کی دێرینی هه‌یه و هاوزه‌مه‌نی په‌یدابوونی فیکری “سۆسیالیزمی شۆرشگێڕ” په‌یدابووه و له‌نێو تیور و له مه‌یدانی پراکتیکیی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، له خۆراوا و باکووری ئه‌وروپادا گه‌شه‌ی کردووه و له کایه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کاندا جێبه‌جێ کراوه و کۆمه‌ڵی خۆشگوزه‌ران و یه‌کسانی، له سیستێمی سه‌رمایه‌داریی گه‌شه‌کردوودا خولقاندووه و زیاتر له سه‌ده‌یه‌ک له ته‌مه‌نی خۆی گوزه‌راندووه. واته ئایدیا و بینینێک بۆ خه‌باتێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، له پێناوی جێهێشتنی سیستێمی سه‌رمایه‌داری، قۆناخ به قۆناخ و له‌سه‌رخۆ و هێمنانه بۆ گه‌یشتن به سیستێمێک که لانی‌زۆری عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و پڕکردنه‌وه‌ی خه‌ره‌ندی نێوان چینه‌کان مسه‌وگه‌ر بکات.
مانا فه‌رهه‌نگییه‌که‌ی “ڕیفۆرم” ده‌کرێت وه‌ها پێناسه بکرێت:(له نۆژه‌ن شکڵپێدانه‌وه، دروستکردنه‌وه، چاکترکردن، گۆڕین، گه‌شه‌پێدان، هه‌نگاونان بۆ خولقاندنی دۆخ و هه‌لومه‌رجێکی نوێ و باشتری داموده‌سگاکانی کۆمه‌ڵ له بواری ده‌ستوور و یاساکاندا).
ئه‌گه‌رچی “ڕیفۆرم” له ده‌ستپێکدا، پێگه و ڕیشه‌ی له بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی سۆسیالیستی‌دا هه‌بوو، به‌ڵام پاشتر و له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا، چ وه‌ک تێرم و چ وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی، مه‌رزی ئیدۆلۆگییهکی تایبه‌تی به‌زاند و له ماڵی ئیدۆلۆگیی هێزه لیبراڵ و کۆنزه‌رڤاتیڤه نوێکانیشدا جێی خۆی کرده‌وه. ئیدی”ڕیفۆرم” بووه ئیدۆلۆگییهکی پراکتیزه‌کراو له‌کن هه‌موو ئه‌و هێزه سیاسییه ڕیفۆرمیستانه‌ی که له پێناوی گه‌یشتن به ئامانجگه‌لێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، شۆڕشی سوور و توندوتیژییان ڕه‌ت ده‌کرده‌وه!
پرۆسه‌ی ڕیفۆرم، هێز و سه‌رمایه‌کانی، فه‌زا و زه‌وینه و پێداویستییه‌کانی، ئه‌نجام و ئاکامه‌کانی له سه‌رده‌مێکه‌وه بۆ سه‌رده‌مێک و له کۆمه‌ڵێکه‌وه بۆ کۆمه‌ڵێک جیاوازن و ئاستی گه‌شه‌کردنی سیاسی، ئابووری و فه‌رهه‌نگی حوکمیان له‌سه‌ر ده‌که‌ن.
ڕیفۆرم و سیستێمی سیاسی له کوردستاندا
ڕیفۆرم چ وه‌ک تێرم و چ وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی چاکسازیی سیاسی و ئیداری، ده ساڵێک ده‌بێت بووه‌ته وێردی سه‌رزمانی سیاسه‌تکار و سیاسه‌تزان و ئه‌و که‌سانه‌یشی که سیاسه‌ت خه‌میانه و قسه له‌مه‌ڕ سیاسه‌ت ده‌که‌ن.
ڕیفۆرم له کوردستاندا له کوێدا بکرێت و ئه‌و هێزانه کامانه‌ن که ده‌شێ بزوێنه‌ری به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌م پرۆسه‌یه بن؟ ڕیفۆرم به چی ده‌کرێ و سه‌رمایه و که‌رسته‌کانی له کوێدان؟
ڕیفۆرم پرۆسه‌یه‌که، له خاڵێکه‌وه، له جومگه‌یه‌که‌وه، هه‌مان کات له لووتکه‌وه و له ژێڵداوه ده‌ست پێ ده‌کات و له چ خاڵ و جومگه‌یه‌کدا کۆتایی نایه‌ت!
ساتێ باس له ڕیفۆرم ده‌که‌ین، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که شتێک بۆ ڕیفۆرم هه‌یه، ساتێ ده‌ڵێین ڕیفۆرمی ڕیشه‌یی و بنه‌ڕه‌تی ڕێگاچاره‌ی بنبڕکردنی کێشه‌کان و ده‌رچوونه له قه‌یرانه‌که، واته ئێمه له خه‌می ڕیفۆرمی گشتلایهنین له سیستێمی سیاسی کوردستان و هه‌موو دهسگاکانیدا.. واته ئێمه کۆی سیسته‌مه‌که و ئۆرگانه‌کانی ده‌بینین و پێمان وایه پیویستیان به چاکسازیی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه!
سیسته‌مێکی سیاسیی نۆرماڵ و ته‌ندروست له هه‌ر کوێیه‌کی دنیادا، له‌سه‌ر ده‌ستوور و یاسا و ڕێسکانی شکڵی گرتووه و کار ده‌کات. واته پێداچوونه‌وه به ده‌ستووردا و هه‌وڵدان بۆ هه‌موارکردنی ڕه‌شنووسی ده‌ستووری پێشنیازکراو بۆ کوردستان، ده‌شێ ده‌رگای چوونه‌ژوره‌وه بێت بۆ ده‌ستپێکی پرۆسه‌ی چاکسازی و داڕشتنه‌وه‌ی سیستێمی ده‌سه‌ڵات له ئۆرگانه‌کان و په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌و ئۆرگانانه له میکانیزمی بڕیاردان و یاسادانان و جێبه‌جێکردندا.
به پێی ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتداریی بیست ساڵه‌ی کوردستان، ئێمه وێڕای لایه‌نه گه‌شه‌کانی، دیارده و لایه‌نی ناته‌ندروست و خه‌وشدار ده‌بینین که کاردی کوشنده و ئیفلیجکهریان بۆ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن دروست کردوه و ڕه‌نگه له ئه‌زموونی سیاسیی وڵاتانی دیکه‌دا وێنه‌یان نه‌بێت. ئه‌م دیارده ناته‌ندروستانه، ده‌شێت له پله‌ی یه‌که‌می پرۆسه‌ی چاکسازیدا شوێن بگرن و ئه‌وانیش:
* په‌یوه‌ندی نێوان حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه، ئه‌وه‌ی من پێی ده‌ڵێم گه‌ڕانه‌وه‌ی حیزب بۆ ماڵی خۆی! (جیاکردنه‌وه‌ی حیزب له حکومه‌ت) . جێبه‌جێکردنی وردینه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه، پێویستی به شیکردنه‌وه نییه و ئاشکرایه که ده‌بێت چی بکرێت.
* حیزب، له ئاکامی بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردندا حکومه‌ت دروست ده‌کات و له کوردساتنیشدا هه‌ر وه‌هایه، به‌ڵام ئه‌زموونی سیاسیی ئێمه شکستیی ئه‌م پره‌نسیپه‌ی نیشان داوه و ده‌شێ له ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی دیکه بۆ دروستکردنی حکومه‌ت بگه‌ڕێین و ئه‌مه‌ش به بینینی به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌زموونه سیاسییه‌که، کارێکی سه‌خت نییه!
* گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، ئاژانسه‌کانی ئاساییش و هه‌واڵگری بۆ ماڵی سیستێمی سیاسی!
بوونی هێزێکی چه‌کداری نیشتمانیی سه‌ربه‌خۆ که وه‌لای بۆ ده‌سگایه‌کی جێبه‌جێکردن هه‌بێت، شانبه‌شانی ده‌سگا هه‌واڵگرییه‌کان، ده‌شێت به‌شێک بن له سازدانی زه‌وینه‌یه‌کی ساخڵه‌م بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ی ترسی ئۆپۆزیسیۆن، گه‌شه‌پێدانی پرۆسه‌ی دیموکراسی و گه‌مه‌کانی هه‌ڵبژاردن له کوردستاندا.
* چاکسازی له سیستێمی قه‌زایی کوردستاندا، ههنگاوێکی هه‌نووکه‌یی و زێدهگرنگی پرۆسه‌ی ڕیفۆرمه له کۆی سیستێمه‌که‌دا.
ئه‌گه‌ر ئێمه بکارین سیستێمێکی سیاسیی ته‌ندروست چێ بکه‌ین، ئیدی چاره‌سه‌کردنی گه‌نده‌ڵی، ناڕوونی له سیاسه‌ت و ئیداره، فهوازاکانی ئازادی و میدیا، ناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵاێتی و هه‌موو ئه‌و کێشه و گرفتانه‌ی که به‌رۆکی کۆمه‌ڵ و ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه، هه‌نگاو به هه‌نگاو، له‌ژیر چه‌ترێکی زه‌مه‌نیدا چاره‌سه‌ر ده‌کرێن.
کێن ئه‌و هێزانه‌ی ڕیفۆرم له سیستێمی سیاسیی کوردستاندا ده‌که‌ن؟
ساتێ قسه له‌سه‌ر ڕیفۆرم له کۆی سیستێمی سیاسی‌دا ده‌که‌ین، ده‌شێ هه‌موو هێزه سیاسییه ئاکتیڤهکانی کۆمه‌ڵی کوردستان له به‌رچاو بگرین و بۆ ئه‌مه‌ش: حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات، ئۆپۆزیسیۆن، ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه ناحکومییه‌کان، هێزی بزێوی شه‌قام و میدیا و ڕاگه‌یاندن ده‌بنه ڕه‌گه‌زه‌کانی ڕیفۆرم و پرۆسه‌که له سه‌ره‌وه و له خواره‌وه ده‌بزوێنن!
_ حیزبهدهسهڵاتدارهکان(یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستان)، سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم، سه‌رۆکایه‌تیی حکومه‌ت، ده‌شێ:
1_ به پێی ئه‌زموونی حوکمڕانیی خۆیان و ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی لێی که‌وتوونه‌ته‌وه، به‌و قه‌ناعه‌ته بگه‌ن که ڕیفۆرمی ڕیشه‌یی له سیستێمی سیاسیی کوردستاندا، پێداویستییه‌کی جیددیی دۆخه‌که‌یه و لێبڕاوانه پرۆژه‌ی هه‌نووکه‌یی و درێژمه‌ودای بۆ دابڕێژن.
2_ له‌ژێر فشار و پێداگریی ئۆپۆزیسیۆن و ده‌نگی ناڕازیی شه‌قامدا، له کۆی پرۆسه‌ی حوکمکردن بڕوانن و به‌شێکی ڕیفۆرمی ڕیشه‌یی له سیستێمدا به ئه‌رکی خۆیان بزانن.
ئۆپۆزیسیۆن:
هێزێکی بزێوی زیندووه له فه‌زای سیاسیی کوردستاندا و به‌و پێیه‌ی که بنچینه‌کانی سیستێمی سیاسیی له کوردستاندا قه‌بوڵ کردووه و له ئه‌نجامی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، له په‌رله‌ماندا شوێنی گرتووه، به‌شێکی گرنگ له خستنه‌گه‌ڕی پرۆسه‌ی ڕیفۆرم له ئه‌ستۆی ئه‌ودایه!
ئۆپۆزیسیۆن، هه‌م له په‌رله‌ماندا و هه‌م له فه‌زای سیاسیی شه‌قامدا، به هه‌ردوو باردا، ڕۆڵی گرنگی هه‌یه و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌یشی به باری ئه‌رێنیدا ئامانجدار بێت، ده‌بێ کار و پلانه‌کانی ڕوون و داساکاو بن. ده‌مه‌وێت بڵێم: ناکرێت ئۆپۆزیسیۆن کار و ئاگێندا سیاسییه‌کانی به پێی ڕۆژگار و دۆخی شه‌قام دابڕێژێت، ده‌بێت له‌نێوان هه‌وڵدان بۆ به‌گه‌ڕخستنی پرۆسه‌ی ڕیفۆرم و به‌رپاکردنی “ڕاپه‌ڕین”دا خۆی ساخ بکاته‌وه!
له دۆخی تایبه‌تی کوردستان و ئه‌و فه‌زا بارگاوییه‌ی له سۆنگه‌ی هۆکاری ناوه‌کی و ده‌ره‌کیدا خولقاوه، چه‌ند گرنگه که ده‌سه‌ڵات سه‌رجه‌می هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌کان وه‌کو به‌شێک له پرۆسه‌ی سیاسی قه‌بوڵ بکات و مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌کدا بکات، بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش هێند گرنگه که زه‌وینه‌یه‌کی ئارام، دوور له ڕه‌تکردنه‌وه و پێچانه‌وه‌ی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات، بۆ ئه‌دای سیاسی و کاری ئۆپۆزیسیۆنبوون مه‌یسه‌ر بکات! خولقاندنی ئه‌و زه‌وینه دیموکراسییه شارستانییه، ئه‌رکی هه‌ردوو به‌ره‌یه و پێبه‌ستی تێروانینیانه بۆ ئیداره‌کردن و به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی سیاسی!
هێزی شه‌قام: ده‌نگی ناڕه‌زایی ئه‌م هێزه، نه له کوردستان، به‌ڵکه له هه‌ر وڵاتێک‌دا که ناعه‌داله‌تیی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌نده‌ڵی و هه‌ڵاوێردن هه‌بێت و سیسته‌م ناته‌ندروست بێت، زه‌نگێکه بۆ ڕاچهناندنی ده‌سه‌ڵات و هاوارێکه بۆ دابینکردنی ئه‌و داخوازییانه‌ی که خه‌ڵک پێویستی پێیانه!
ئه‌م هێزه، ئه‌گه‌ر له فه‌زایه‌کی ئارام‌دا به ڕێ بخرێت، به‌رنامه و داخوازییه‌کانی ڕوون و ئاشکرا بن، ده‌بێته هێزی کاریگه‌ر بۆ سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی ڕیفۆرم له سیستێمدا. به‌ده‌ستهێنانی داوا ڕه‌واکانی ئه‌م هێزه، پێبه‌ستی په‌رچه‌کردار و وه‌رامدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته له لایه‌ک و کارکردی ئۆپۆزیسیۆنه له‌سه‌ر بزواندن و ئاڕاسته‌کردنی وزه‌ی هه‌قویستی ئه‌م هێزه که ده‌توانێت هه‌م ریفۆرمیست بێت و هه‌م “شۆڕشگێڕ” به مانا نهگێتیڤهکهی! له لایه‌کی دیکه‌وه. دیاره ئۆپۆزیسیۆن به‌و پێیه‌ی ده‌نگی خۆی له شه‌قامه‌وه وه‌رگرتووه، هه‌م ئه‌رکییه‌تی و هه‌میش مافی خۆیه‌تی پاڵپشتی شه‌قام و داواکانیان بێت، وه‌لێ هه‌وڵدان بۆ سیاسهتاویکردنی ناڕه‌زاییه‌کانی خه‌ڵک به بینین و ئیدۆلۆگیی خۆی، به‌کارهێنانی هێزی شه‌قام بۆ به‌لاداخستنی ململانێ سیاسییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، ویست و خواسته‌کانی شه‌قام له ڕێچکه بنچینه‌ییه‌که‌ی خۆی لا ده‌دا و بۆ شوێنێکی دیکه‌ی ده‌گوێزێته‌وه! ئه‌م کرداره‌ی ئۆپۆزیسیۆن، بڕوابوونی ئه‌و به گه‌مه‌ی دیموکراسی و پرۆسه‌ی ڕیفۆرم، ده‌نێته به‌ر لێوردبوونه‌وه و لێڕامان.
ڕێکخه‌ران و ڕێبه‌رانی هێزی شه‌قام، ده‌بێت درک به لێپرسراوییهتییهکی گرنگ بکه‌ن، ئه‌ویش پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌نگی شه‌قام و ئاڕاستهکردنییهتی به ئاقارێکدا که بتوانێت لووتکه‌ی بینینی ده‌سه‌ڵات بۆ شه‌قام شۆڕکاته‌وه و ناچاریان به وهرامدانهوه بکات!
میدیا و ڕاگه‌یاندن:
دوو ڕه‌گه‌زی ئێجگار گرنگی گۆڕانکارییه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن که ڕاسته‌وخۆ به‌ر ئه‌قڵ و بینینی تاک ده‌که‌ون و کار له‌سه‌ر ڕۆح و بیرکردنه‌وه‌ی ده‌که‌ن.. قسه‌یه‌ک هه‌یه ده‌ڵی: کۆمه‌ڵگه مۆدرنهکان، کۆمه‌ڵگه‌ی میدیان، خۆیان بیرناکه‌نه‌وه و به ئه‌قڵی میدیا و ڕاگه‌یاندن، ده‌وروبه‌ر و شته‌کان ده‌بینن! ئه‌م بۆچوونه، ڕه‌نگه جۆرێک له زێده‌ڕۆیی تێدا بێت، دیسانیش گرنگیی ڕۆڵی میدیامان له دروستکردنی زه‌ینی “تاک”دا نیشان ده‌دات. میدیایه‌کی ته‌ندروست که ئه‌قڵێکی ساخ و کراوه به‌رهه‌می بهێنێ و ئاڕاسته‌ی بکات، ده‌توانێت هێزێکی کاریگه‌ر بێت له چاره‌سه‌ری قه‌یرانه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا.
کوردستان که ئێستا له قه‌یراندا ده‌ژیێ، میدیا و ڕاگهیاندنهکهیشی له قه‌یران و فه‌وزایه‌کی سه‌یردا ده‌ژیێن! میدیا به هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه له ئاست به‌رپرسیارییه‌تیی دۆخه دژوارهکهدا نییه، که‌متر هۆکارێکی ڕاگه‌یاندن و زانیاریبه‌خش ده‌بینی که ئه‌خلاقی پیشه‌ی میدیایی خۆی بپارێزێت و به شێوه‌یه‌کی پرۆفیشۆناڵ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌که و ڕووماڵکردنی ڕووداوه‌کاندا بکات! ڕووداوه‌کانی ئه‌م سه‌روه‌خته‌ی کوردستان، پێناسه و پۆلێن‌کردنی میدیای گؤڕی و “میدیای ده‌سه‌ڵات و میدیای ئازاد!” وه‌کو دوو تێرم بۆ دوو جۆر له میدیا و ڕاگه‌یاندن، ماناکانی خۆیان له ده‌ست داون! ئێستا من دوو جۆر له میدیا ده‌بینم و زیاتر نا..
1_ میدیایه‌ک ڕاسته‌وخۆ یاخود له سێبه‌ردا، ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و په‌یامه‌کانی خۆی ئاڕاسته ده‌کات.
2_میدیایه‌ک ڕاسته‌وخۆ یاخود له سێبه‌ردا، ئۆپۆزیسیۆن ئاڕاسته‌ی ده‌کات و هه‌ڵگری دید و په‌یام و هه‌ڵویسته‌کانی ئۆپۆزیسیۆنه! ئیدی تێرمی میدیای ئه‌هلی، نیوتراڵ و پرۆفیشوناڵ خه‌ریکه کاڵ ده‌بێته‌وه!
نه‌بوونی میدیایه‌کی ته‌ندروست له کۆمه‌ڵگه‌ی قه‌یراناویی ئێمه‌دا، نه‌ک پرۆسه‌ی ڕیفۆرم دوا ده‌خات و له‌مپه‌ری بۆ دروست ده‌کات، ڕه‌نگه ئیفلیجی بکات و به بنبهستیشی بگه‌یه‌نێت.
کۆبه‌ند:
_ قه‌یرانێک له سیستێمی سیاسیی کوردستاندا هه‌یه و هه‌موومان لێی به‌رپرسیارین!
_ ته‌نها ڕێگا بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه، سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی ریفۆرمی ڕیشه‌ییه له هه‌موو ئۆرگانه‌کانی سیستێمدا.
_ هێزه‌کانی ڕیفۆرم له کوردستاندا (ده‌سه‌ڵات، ئۆپۆزیسیۆن، شه‌قام، ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان و میدیا)ن.
_ میدیای کوردستان به‌م دۆخه‌ی ئێستایه‌وه، نه‌ک ناتوانێت هێزی کاریگه‌ری پرۆسه‌ی ڕێفۆرم بێت، بگره خۆی پێویستیی به چاکسازیی ڕیشه‌یی هه‌یه!
_ گره‌وی سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی چاکسازی له سیسته‌می سیاسی و ئیداریدا، له سازدانی زه‌وینه‌ی دیالۆگ، ئاشتبوونه‌وه‌ی “ده‌سه‌لات، ئۆپۆزیسیۆن و شه‌قام”، خاڵیکردنه‌وه‌ی فه‌زای سیاسی له توندوتیژی و
یهکترقبوڵکردندایه.
9ی مارسی 2011