كەس خەمی سوریەكانی نییە!! .. جەمال حسێن .
بەشی دووم /
یەكێك لەو وانانەی لە مێژوی هەر هێزێكی تۆتالیتارو دەسەڵاتەكەیەوە فێری دەبین ئەوەیە كە لەدۆست گرنگتر لە ئایدۆلۆژیای ئەو هێزانە، دوژمنە. واتە بەرلەوەی ئەندامان رەگەزی سەرەكی ناسینەوەی ئەم هێزانەبێت، كە هاوخەبات و هاورێبازن لەناو بۆتەی ئەم رەوتانە، دوژمنانی دەرەوە دەبێتە شوناس و رەگەزی دەركەوتو. بگرە ئەندام و لایەنگرانیش بەو هەڵوێستە هاوبەشە دەناسرێنەوە كە هەیانە بەرامبەر بەدوژمنەكان، بەو خەیاڵە هاوبەش و رقە پیرۆزەی پێی جۆشدراون. كە هەمو نزیك بونەوەو كەمترین ساردی نواندن لە وەستانەوە بەرامبەر ئەو نەیارە دەرەكیانە، یەكسانە بەخیانەت نەك هەر لەو هێزە بەڵكو لە نیشتیمان و بە لە هاوڵاتی كەوتن دادەنرێت.
ئایدۆلۆژیاو گوتاری سیاسی هەمو هێزێكی تۆتالیتار لەسەر دروستكردن و بیناكردنی وێنەی دوژمنەوە وەستاوە، ئەو هێزانە چەند سەركەوتوبن لە گەورەكردنی وێنەی دوژمندا، لەناشیرین كردنی و نیشاندانی روە ترسناكەكەی، لەوەی تاوانباری بكەن بەهەمو كێشەو كەموكورییەك، ئەوەندەش نزیكتر دەبنەوە لەوەرگرتنی شەرعیەتو بەهێزتركردنی پێگەی خۆیان لەناو كۆمەڵگادا. ئەڵمانیای نازی و ئەدەبیاتەكەی جولەكەی وەكو دوژمنێكی گەورەو بەردەوام بۆسەر كۆی كۆمەڵگای ئەڵمانی و پاكیزەیی ئەو رەگەزە وێناكرد، تاوایلێ هات خۆشەویستی ئەڵمانیاو دواجار ئینتیما بۆ نازیەكان بە رێگای وەستانەوە و رق لە جولەكەدا گوزەری دەكرد. ستالینیش بەهەمان نەیاری ترۆتسكی گۆڕی بۆ پیلانگێڕی و جەماوەری بەلشەفی بەو وێنەیە جۆشدا كە مەترسیەكی گەورە لەسەر ئەزمونی كۆمۆنیستی لەئارادایە.
هەستكردنی بەردەوام بەو مەترسیە، یان لە راستیدا دروستكردنی ئەو بروایەی كە بەردەوام دوژمنێك هەیە لە پیلانگێڕاندایە بۆ لەناوبردنی گەلو نیشتیمان، رەگەزێكی سەرەكی هەردەسەڵاتێكی خوێنرێژو نامرۆییانەیە لەمێژودا. ئەم گوتارانە لەرێگای وێناكردنی ئەویتری جیاواز بە دوژمن، كەرەنگە جاری وایە نەیارو ناكۆكیش نەبێت ، وەكو كورد و شیعە لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاقیەوە تا روخانی بەعس، دەبێتە شوناسی خودی ئەو دەوڵەتەش كە لەرێگای ئەم هێزەوە بینادەكرێت. بۆنمونە سوریا تادوێنێ لەرێگای ئەو هەڵوێستە توندانەی بەرامبەر ئیسرائیل هەیەتی و پشتیوانی بەردەوامی بۆ ئەو دەوڵەتو هێزانەی لەململانێی سەخت دابون لەگەڵ ئیسرائیل و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لەناوچەكە، بەم هۆیەوە سوریا بە قەڵای بەرەنگاری جیهانی عەرەبی و بزوتنەوە توندرەوەكانی ناسرابوو. بیروباوەری سوپاكەشی لەسەر ئەو راستیە دارێژرابو كەئەمان سەربازی بەرەنگاری بەرەی چەوساوەكانی عەرەبو نەیارەكانی ئیسرائیلن. هەروەكو چۆن بەعسی عێراق بۆ دەیان ساڵ لە سایەی هەمان ئایدۆلۆژیاو دروشمەوە توانیبوی وزەیەكی زۆری جیهانی عەرەبی كۆبكاتەوە بۆ خزمەتكردنی سیاسەتە ستەمكاری و تۆتالیتاریە ناوخۆیەكانی بەرامبەر بەگەلانی عێراق، بەتایبەت كوردو شیعە.
لەو سەردەمانە عێراق بە پارێزەری دەروازەی رۆژهەڵاتی عەرەبی ناسرابوو، بێ ئەوەی دنیای عەرەبی لەو كاتەدا كەمترین بایەخ بەو وێرانكاریانە بدەن كە ئەو رژێمە پیادەی دەكرد بەسەر گەلەكەیدا. كاتێكیش روخا، سوریا لەرێگەی دەزگاكانی هەواڵگریو بە پارەو بە تەقەمەنی هاوكاری ئەو لایەنانەی كرد كە بریاری بەرەنگاری سوپای ئەمریكی و گۆرانكاریەكانی ناوخۆی عێراقیان دەكرد، توندو تیژیەكانی عیراق لەچەند ساڵی رابردو هەرگیز بەو شێوە درندانەو خوێناویە نەدەبوو ئەگەر ئەو رژێمەی ئێستای سوریا پشتیوانێكی ئەوەندە سەرسەختی تیرۆری نەكردبا. لەوكاتەنەدا سوریا بە نوێنەرایەتی زۆر وڵات و لایەنی سیاسی سەركردایەتی ئەم جەنگەی دەكرد، ئەو دەوڵەتو كەناڵانەی راگەیاندنیش كە ئێستا بە سوریا ناكۆكن، بۆیە پێشبركێیانە لەسەر گواستنەوەی وێنەی قوربانیەكانی دەستی ئەم رژێمە، ئەوكات تەریب بەو سیاسەتەی بەشار دایرشتبو دەرۆشتن و بەشەو رۆژ لە ستایشو هاوكاری كردنی نەدەوەستان.
لەكاتی جەنگی باشوری لوبنانیش بینیمان سوریا چۆن بو بە رابەری بزوتنەوەی رزگاری خوازی عەرەب و بەشار وەكو فریادرەسێك وێنا كرا لە جیهانی عەرەبیدا بەوەی درێغی نەكرد لە پشتیوانی حزب و الله. ئەم هەمو بەرزی و نزمیە لە سیاسەتی ئەم وڵاتانەو كەناڵانە كە نوێنەرایەتی عەقڵیەتێكی زاڵ و باویش دەكەن لەناوچەكە، ئایا گومانی هەبونی كێشەیەكی گەورەتر دروستناكات لەوەی دەبینرێت؟ بەواتایەكی تر، وەكو چۆن لەسەردەمی هێرشی خۆرئاوا بەسەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ رژێمی عێراق، هەمان ئەو كەناڵو ئەقڵیەتە بە ئێستاشەوە ئەمەیان دەبەستەوە بەهەوڵی خۆرئاوا بۆ دەست بەسەراگرتنی نەوتی ئەم ناوچەیەو بەهێزكردنی پێگەی خۆیان، بێ ئەوەی سەرباری برێك لەراستی ئەم قسەیەش ئەوە بڵێن كە رژێمی عێراقی تاوانبارە لە كوشتنی بەردەوامی گەلەكەی و چەوساندنەوەی كوردو شیعە بەبەكارهێنانی هەمان ئەوسامانە نەوتەی كەهەیەتی. ئەمرۆ هەمان ئەوئەقڵیەتە رەخنەی ئەوە لە خۆرئاوا دەگرێت كە لە ئاست كوشتوبری گەلی سوریادا بەكردەوە هیچ هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوەی نییە، لەكاتێكدا هەمان ئەوڵاتە سونیانەی كەنداو توركیا زۆرتر لە موعەلیقی وەرزشی دەچن لەكاتی بەرێوەچونی یارییەكدا، بە جیاوازیەكی كەم بەڵام سامناك، ئەویش ئەوەیە لەم یاریەدا گەورەو بچوكو بەشەو رۆژ سوریەكان دەكوژرێن و خەڵتانی خوێنی خۆیان دەكرێن.
لەكاتێكدا تەمەنی ئەم كوشت و برەی ئەو رژێمەو هاوشێوەكانی بۆ دەیان ساڵ دەگەرێتەوە، لەو سەردەمانەش كەلەلایەن زۆر وڵاتی نەیاری ئێستایانەوە پشتیوانی دەكران. هەر ئەو لایەنانەی ناوی قەڵای بەرگریان لەعێراق ناو دواتر هەر ئەو ئەقڵیەتەی رژێمی سوریاو بەشاری بە دركی چاوی خۆرئاواو ئیسرائیل دەناساند، ئەمرۆ ئەم بەرگەیان فرێداوەو دەمامكی خەمخۆری گەلی سوریایان بەستوە. بێ ئەوەی هیچ لەو ئەقڵیەتە گۆرابێت كە تیایدا ئەوەی بونی نییە ئینسانە، بەڵكو تەنها لایەنگرو دوژمن هەیەو هیچی تر. بۆیە سەرباری هیوای زۆرمان بەنەمانی رژێمە خوێناویەكەی سوریاو هیوای رزگاربونی گەلی سوریا لەو ودۆزەخەی چەندین ساڵە بەعس بۆی دروستكردوە، بەڵام پێناچێت بێ گۆڕانكاری لەو ئەقڵیەتەی هەمیشە بەدوای دوژمن دادەگەرێت تا لێیەوە خۆی كۆبكاتەوەو شوناێكی پاكیزە بەخۆیبدات، ئاسۆی رزگاری راستەقینەی مرۆڤ بەدەست براكانی تری مرۆڤیەوە تەواو بێت، لە ژێر پەردەی نەتەوە بێت یان مەزهەب یان ئایدۆلۆژیا.