جەنگێكی تازە بەچەكی كۆن!! .. جەمال حسێن .
سەرنجی وردی ناوێت بۆ تێگەیشتن لەوەی كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئێستا زیاد لەهەر كاتێكی تر لەدۆخێكی مەزهەبی زبردا دەژی.
هەر دەوڵەتەو هەوڵدەدات سواری شەپۆلی مەزهەبی شیعە یان سونە ببێت بۆ ئەوەی لەرێگای ئەم شوناسە ئاینیەوە خۆی كۆبكاتەوەو وزەیەكی زیاتر ببەخشێ بەگەیشتن بەو ئامانجە دنیایو سیاسیانەی كە بەكەرەستەكانی تر نەیتوانیوە تا ئێستا بەدی بێنێت.
باشترین نمونەش توركیایە ، ئەو وڵاتەی پاش تاقیكردنەوەی مۆدێلی عەلمانیەتی دور لەدیموكراسیو ناسیۆنالیزمی توندرەو نەیتوانی كێشەی كوردی لەناوخۆدا كۆتای پێبێنێو ببێتە سەنتەری ناوچەكەو كوێخای هەموان و ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا ، ئیدی ئێستا بەتوندی بایداوەتەوە بەرەو میراتی عوسمانلی و دەیەوێت لە رێی ئەم كەلتورەوە سیاسەتی سفركردنەوەی كێشەكان سەربخات ، وەكو داود ئۆغلۆ بانگەشەی بۆكردوە.
سعودیای وەهابیش لەژێر هەمان ختوكەوە هانی وڵاتانی كەنداو دەدات بۆ یەكگرتن و كۆبونەوە ، ئەمە چەند دوریان دەخاتەوە لەمەترسی شیعەكانی كەنداو بەگشتی و بەحرەین بەتایبەتی كە زۆرینەی ئەم وڵاتە پێك دێنن ، لەوەش زیاتر چانسی سەرداری ناوچەكەیان بۆ زامنتر دەكات.
ئێرانیش ، دوای گەیشتنی تای شەپۆلی گۆڕانكاریەكان بە دیمەشق ، لەعێراق پێی قایمتر كردوەو پشتیوانی شیعەكانی بەحرەین و لوبنان و یەمەن و سعودیاو كوێتی زۆرتر كردوە.
ئەم دۆخە گەیشتە بەو ئاستەی كە لەدوا سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ ئێران ئەوەی راگەیاند كە ناوچەكە بەرەو كەناری ململانێیەكی سەختی مەزهەبی دەچێت ، ئەگەر بێت و بەری پێ نەگیرێت و دەستی ئاژاوەگێری رۆژئاوا دورنەخرێـتەوە ، هەروەكو میرزا ئۆغلۆی وەزیری دەرەوەی توركیا تیۆریزێنی بۆ دەكات .
لەبەرامبەریشدا دەمێكە سەركردەكانی ئێران وشیاری دەدەن لەبارەی جەنگێكی لەم جۆرە ، ئەوانیش بەهەمان شێوە ئۆباڵی ئەگەری ئەم جەنگە دەخەنە ئەستۆی خۆرئاوا! وەكو ئەوەی ئەوە هیچ یەك لەم وڵاتانە نەبن بەردەوام لەدەیان كەناڵی راگەیاندن و سیاسیەوە فودەكەنەوە بە میزەڵدانی مەزهەبیەت! تا كار گەیشت بەوەی لە خۆرئاواوە كیسنجەر ئەوەی راگەیاند كە پێدەچێت سەد ساڵی ئایندە سەد ساڵی شەری شیعەو سوننە بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست .
ئەم گریمانەیە چەند تاریك و رەش بینانەیە ، بەڵام واقیعی ئەم ناوچەیە زیاد لەئاماژەیەكی گەورەی هەڵگرتوە بۆ ئەوەی كە سەرباری قورسیەكەی ، بەڵام دورنییە.
دواین ئاماژەش بەریەكەوتنی توندو خوێناوی عەلەوی و سەلەفیەكانی لوبنانە، كە بەشێكی زۆری ئەم پێكدادانانە پەیوەندی راستەوخۆی بەناكۆكی سیاسیەوە هەیە لەسەر داهاتوی سوریا ، یان گەشتنی تینی دیمەشقە بە لوبنان . چونكە روخان یان نەمانی رژێمی ئەسەد یەكسانە بەهەڵگەڕانەوەی چەند هاوكێشەیەكی ناوخۆیی هەندێك وڵات و دوبار دارشتنەوەی لەسەر بنەمای كێ خاوەنی هێزی زیاترو پشتیوانی زیاترە.
گەرچی تائێستا دیارنیە ئەم گۆرانكاریانە لەدوا ویستگە لەكوێ لەنگەر دەگرن ، ئەم هەمو خۆ گیفكردنەوە مەزهەبیەی هەمو وڵاتانی ناوچەكە كەی دەتەقنەوە ، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەكەنارێكی ئارام و بێ گرفت لەنگەرناگرن.
بۆ ئەوەی خۆمان لەبرێك پرسیاری جدی تر سەبارەت بەداهاتوی ئەوەی ناونراوە بە بەهاری عەرەبی لەسەر ئاستی سیاسی دوربخەینەوە ، وە بۆ ئەوەی تا ئەوەی بكرێت لەپرسی سەرەكی ئەم نوسینە دورنەكەوینەوە ، ناچارین بگەرێینەوە بۆسەر باسی داهاتوی ناوچەكە لەسایەی ئەستوربونی دەمارەكانی مەزهەبیەت و تۆخبونەوەی شوناسی شیعە سونەوەولەوێشەوە هەوڵی تێگەشتنی داهاتو بدەین.
پێش هەموشتێك نابێت ئەو راستیە فەرامۆش بكەین كە هەمو قسەیەكی ئێمە لەسەر ئەم دوو بەرەیە ، قسەیەكی سیاسیە ، نەك دینی. واتە ئێمە لێرەدا رێك بەو شێوەیە سەیری ئەم دو شوناسە ئیسلامیە دەكەین وەك دوو شوناسی دنیایی ، بەدەر لە جەوهەرە ئاینیەكانیان. چونكە هیچ كات ناكۆكی توركیاو ئێران لە ئێستادا پەیوەندی بەڕاستی و ناڕاستی یەكێك لەو دو مەزهەبانەوە نییە ، بەڵكو راستەوخۆ و بەشێوەیەكی بێ ئەنداز ئاشكرا تەنها پەیوەندی بەبەرژەوەندی و ململانێی ئابوری و سیاسیەوە هەیەو هیچی تر.
نە توركیا لەخەمی كوژرانی عوسمانەو ، نە ئێرانیش شەری حەسەن و حوسەینیەتی ، هەردوكیان بۆ هەریسەكەیانە. بگرە (الشهرستانی) لە كۆتاییەكانی سەدەی سێی كۆچی دوای ئەوەی بەرهەمە بەناوبانگەكەی دەنوسێ لەبارەی كۆی گروپە ئاینیەكانی ناو كەلتوری ئیسلامی (الملل والنحل)، كەدێتە سەرشیعە بەوەدەیان ناسێنێ كە ئەو كەسانەن كە پێیان وایە دوای پێغەمبەر عەلی شایەنترین كەسە بۆ جێگرتنەوەی . كە ئەم ناساندنەش تا ئەندازەیەكی زۆر هەڵگری رەهەندی سیاسیە ، كە پێچەوانەكەی ئەوانەی پێیان وایە دوای پێغەمبەر ئەبوبەكر شیاوترین كەسە بۆ جێگرتنەوەی سونەن. كەواتە هەر لەسەرەتاوە گرفتی ئەم دومەزهەبە گرفتێكی لایەنداری و لایەنگری بوە ، پەیوەندی بەو ناكۆكیە سیاسیانەوە هەبوە كە لەگەڵ كۆچی دوای پێغەمبەروە دەركەوتن و لەخولگەی ئەوەدا دەسورانەوە كێ شایەنی ئەوەیە ببێتە یەكەم خەلیفەی موسڵمانان.
بەرۆشتنی كات و قوڵبونەوەی ئەم ناكۆكیانە ، هەرگروپە بوە خاوەن كەلتورو تێگەشتنێكی جیاوازو ناكۆك بەوەی تر. بۆیە هەرچەندە لەسەرەتادا جیاوازی شیعەو سونە رویەكی سیاسی روتی هەبوە ، لایەنگری سیاسی بوەو بەس ، بەڵام ئێستا لەهەمو ئاستە ئاینیەكاندا هێند ناكۆكن كە كۆكردنەوەیان قورسترە لە كۆكردنەوەی ئیسلام لەگەڵ مەسیحیەت.
ئێستاش بەهەمان شێوە هەر یەكێك لەم وڵاتانەی ناوچەكە بەدوای شەرعیەتی مەزهەبیەتێكدا دەگەڕێن كە ئامانجە ئابوری و سیاسیەكانیان بۆ دەستەمۆتربكات.
بیركردنەوەی وڵاتانی كەنداو لە دروستكردنی یەكێتیەك لە نێوان خۆیاندا ، پاش ئەوەی ئینتیمای نەتەوەیی لەسەردەمی ترۆپكی گەشەكردنی ئەو هەستە نەی توانی ئەوكارەبكات ، ئاماژەیەكی بەهێزە بۆ توانای ئەو شەپۆلەتازەیە لەدروستكردنی بەرەی گەورەو پتەودا. بەپێچەوانەوەو بەهەمان ئەندازەش دەرخەری دیوە ترسناك و مەترسیەكەیەتی لە ئەم وزەیە لە ئاراستەكردنو دروستكردنی بەرەی گەورەی جەنگ و كۆنەپەرستی. چونكە بێ گۆمان ریزبەستنی كۆی وڵاتانی ناوچەكە لەپشت شوناسی مەزهەبیەوە ، جگە لەوەی هەرەشەیەكی ئاشكرایە بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان لە هەر پارچەیەكدا بێت ، بەهەما ئەندازەش فشارخستنە سەر داخوازیە دیموكراسیەكانیەتی. لەم سیاقەدا هەمو كەمایەتیە ئیتنیكی و ئاینی و مەزهبیەكانی تریش روبەروی هەمان ئەودۆزەخەدەبنەوە كە ئەو وڵاتانە ئەمجارە لەژێرناوی شەرعیەتی ئاینیدا دروستی دەكەن.
تا دوێنی كوردەكانی توركیا بە لە ژێرناوی توركی شاخیدا قەتلوعام دەكران ، ئێستاش بە تۆمەتی زەردەشتی بون ، هەروەكو پارساڵ ئەردۆغان ئەو تۆمەتەی خستە پاڵ بەشێك لەسەركردە كوردە چالاكەكانی ناوخۆی توركیا.
لەناوخۆی عێراقیشدا بە تۆخ بونەوەی ململانێ سیاسیەكان لە فۆرمی مەزهەبیدا ، كورد قورستر لەجاران كەوتۆتە نێوان بەرداشی شیعەو سونەوە ، توركیاو ئێران زیاتر لەجاران فشاردەكەن بۆ لاوازتركردنی ئەویترو راكێشانی زۆرترین لایەن بۆ بەرەكانی خۆیان. ئەم فەزا مەزهەبیە بە شێوەیەكی گشتی هەر تەنها درێژبونەوەی ململانێ تەقلیدی و كۆنینیەكان نییە ، بەڵكو بەخشینی رقێكی زیاترو موقەدەسیشە بەو جەنگەی مرۆڤەكان و ئەو سیاسەتە لێی بەرپرسە كە دەسەڵاتەكانی ئەم ناوچەیە هەڵیان بژاردوە.
بۆیە گەڕانەوەی ئاین لە فۆرمی مەزهەبیدا، گەڕانەوەی شوناشێكی تورەو زبرە بۆ ئەو كۆمەڵگایانەی كە پریەتی لەكێشەی ئابوری و سیاسیو كەلتوری ، نەك گەڕانەوەیەكی روحی و شارستانی و عیرفانی ئاین بێت كە بەشداربێت لە كەمكردنەوەی ئەو ئازارەی هەموان پێوەی دەناڵێنن.
یاری كردنی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە هەستی ئاینی لە پێناو بەرژەوەندیە دنیاییەكانیان ، بەدۆزەخكردنی ئەوەندەشە كەلەو دنیایە ماوە بۆ ئاشتی و بەیەكەوە ژیان و كەلتوری بەیەكەوە هەڵكردن ، وەلەبری ئەوەی ئەم وزەیە لە داهاتودا چەكی دەستی ئاشتی خوازەكان بێت ، دەبێتە چەكێك كەهەمولایەك بەئاسانی دەتوانی دژی ئەویتر بەكاری بێنێت و دۆزەخی بۆ ساز بكات.
ئەوەی ئەمرۆ وەهابیەكانی سعودیاو عوسمانیەكانی توركیای كۆكردۆتەوە دوژمنە هاوبەشەكەیانە ، كە شیعەكانی ئێران و عێراق و بەحرەین و سوریاو زۆر شوێنی ترە ، ئەگینا هەر هەمان ئەو وەهابیانە بون یەكەمین كەلتوری هەڵگەرانەوەی ئاینیان لە سەڵتەنەتی عوسمانی داهێنا لە قەڵەمرەوی خەلافەتی ئیسلامیدا ، بەپێچەوانەشەوە پشتیوانی سەرسەختی حیزبوالله لە حەماسی فەڵەستینی لە نەیارە ئیسرائیلیە كەیانەوە هاتوە.
ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە هەیە ، هەر خزانێكی بۆ یەك لەو بەرانە ، لەسەر حیسابی كوردبونی خۆیەتی وەكو بزوتنەوەو وشیاریەكی سیاسی ، مێژوی بەرەنگاری ئێمە دابەشبوە سەر هەردوك بەرە ، لە هەردوكلاوە ئێمە قوربانی و ستەملێكراوین ، هیچیان نە توانای دروستكردنی ئاشتیەكیان هەیە كە گەلی كورد لە تیایدا بتوانێ وەكو نەتەوەیەك هەناسە بدات ، نە ئەو مافەش بە ئێمە دەبینن وەكو برا لەگەڵیاندا بژین.
راستر وایە بڵێین لەم فەزایەی بەرێوەیە ، زیاد لەهەر كاتێكی تر مرۆڤ بون لەم ناوچەیە لەبەردەم لەناوچونە ، ئەم ئاراستەیە ناتوانێ لەگەڵ هیچ جیاوازیەك لە خوار خۆی بروات ، ئەگەر لەودا نەتوێتەوە.