کامەران وریا قانع : ئاو و كێشه‌كانى دوا رۆژ .
(( ویسكى بۆ خواردنه‌وه و ئاو بۆ شهر له‌سه‌ركردن )) مارك توین
سه‌ره‌تا حه‌ز ئه‌كه‌م هه‌ندێك باسى دۆخی ئاو بكه‌م له‌سه‌ر ئاستى جیهان دواتر بێمه سه‌ر دۆخى ئاو له كوردستان .
كێشه‌ى سه‌ره‌كى ئاو ئه‌وه‌یه له جیهاندا بهنایهكسانى دابه‌شكراوه , واتا له‌جێگایه‌ك ئه‌وه‌نده زۆر‌و كه‌هه‌رگیز پێویستیان به‌و راده زۆره نیه , ولاتێكى وةكو ئاسیلهنده هه‌ر تاكێك نزیكه‌ى (000 600) متر سێ جاى به‌رده‌كه‌وێت , له هه‌ندێك شوێنكیش ئه‌وه‌نده كه‌مه كه به‌شى خواردنه‌وه ناكات وه‌كو كویت كه هه‌ر تاكێك نزیكه‌ى 75 متر سێ جاى به‌رده‌كه‌وێت .
زاناكانى بوارى ئاو ئه‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه ئاوه‌ى له‌زه‌وى هه‌یه به‌یه‌كسانى دابه‌ش بكرێت به‌شى ده ئه‌وه‌نده‌ى سه‌رژمێرى ئێستاى مرۆڤه‌كان ئه‌كات له‌سه‌ر زه‌وى . به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌ى ئێستا ئاو به‌كار بێت هه‌ندێك بۆچوون هه‌یه ئه‌لێت له دوارۆژدا ئاو به‌شى ئه‌وه نیه كه ئاگرى شهرهكانى نێوان مرۆڤه‌كانى پێبكوژێنیتهوه!. ئاو ئه‌مرۆ بوه‌ته بابه‌تێكى سیاسى و ئه‌خلاقى هیچ كێشه‌یه‌كى تر‌ى مرۆڤایه‌تى به‌قه‌د ئاو كاریگه‌رى نیه له‌سه‌ر مرۆڤه‌كان و زیندوه‌ران له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته هه‌موو مرۆڤایه‌تى له هه‌موو ئاسته‌كان هه‌ر له ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه تا هه‌ر تاكێك به بهرپرسیارتیهكهى گه‌وره‌وه مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكات.
ئاو به شێوه‌یه‌كى گشتى به دوو جۆر هه‌یه ئاوی سوێر كه بڕه‌كه‌ى %94 ئاوى سه‌ررووى زه‌مین پێك ئه‌هێنێت كه ده‌ست نادات بۆ خواردنه‌وه و به‌كارهێنانى مرۆڤ , وه‌كو ئۆقیانۆسه‌كان و ده‌ریاكان . شێوه‌ى دووه‌میان ئاوى شیرین كه رێژه‌كه‌ى نزیكه‌ى %4 كه مرۆڤ ئه‌توانیت به‌كارى بهێنێـت بۆ پێداویستیه‌كانى .
ئاوى شیرینیش به سێ شێوه هه‌یه: ( 1- ئاوى سه‌ر زه‌وى وه‌كو به‌سته‌ڵه‌كه‌كانى به‌فر و روبار و كانیه‌كان رێژه‌كه‌ى بریتیه %27 ئاوى شیرین . 2- ئاوى ژێر زه‌مین كه رێژه‌كه‌ى برتیه له %72 ئاوى شیرین . 3- ئاوى به‌رگى زه‌وى ( غلاف جه‌و) كه رێژه‌كه‌ى %1 ئاوى شیرینه). ئه‌م رێژه كه‌مه‌ى ئاوى شیرین كه %4 خهسهلهتێكى باشى هه‌یه كه تواناى تازه بوونه‌وه‌ى هه‌یه , به‌ڵام رۆژ به رۆژ به‌راورد به زۆربوونى ژماره‌ى مرۆڤه‌كان , هه‌روه‌ها پێویستى زیاترى مرۆڤه‌كان به‌ئاو له‌رووى كۆمه‌لایه‌تى و ئابوریه‌وه , هه‌روه‌ها پێشكه‌وتنی پیشه‌سازى و پیس بوونى ژینگه به‌گشتى ئه‌م هۆكارانه وا ده‌كات كه‌رێژه‌ى ئاوى شیرین كه‌م بێته‌وه . كهمترخهمى مرۆڤ له به‌كار هێنانى ئه‌و بڕه ئاوه‌ى كه له به‌رده‌ستى دایه به‌شێوه‌یه‌كى زانستى به تایبه‌تى له ناوچه دواكه‌وتوه‌كان یه‌كێكى تره له هۆیه‌كان كه ئاوى شیرینى پێویست كه‌م بیت , وه‌كو لێدانى ژماره‌یه‌كى زۆرى بیرى ئیرتوازى كه بۆ كشتوكاڵ به‌كار دێت .
هه‌ندێك پێشهاتى ترسناك هه‌یه تایبه‌ت به ئاو ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌ئاگا بوو لێیان تووشى خه‌مۆكى و ترس ئه‌بێـت به تایبه‌تى بۆ نه‌وه‌كانى ئاینده . یه‌كێك له پێشهاته‌كان ئه‌وه‌یه له ساڵى 2040 ئه‌گه‌رێكى زۆره رووبار‌ى دیجله له عێراق وشك بكات به هۆى گل دانه‌وه‌ى ئاوه‌كه له لایه‌ن توركیاوه . هه‌روه‌ها ناوچه‌ى رۆژهه‌لاتى ناوه‌راست ئه‌و ناوچه‌یه له‌سه‌ر زه‌مین كه رۆژبه‌رۆژ رووبه‌رووى به بیابان بوون ئه‌بێته‌وه به‌هۆى به‌رز بوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رماو كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاو . وه عێراق یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ى كه له‌داهاتوویه‌كى نزیكدا تووشى كێشه‌ى گه‌وره ئه‌بێت ئه‌مه‌ش به‌هۆى زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌كانى ئاوى ئه‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ى سنورى خۆیی هه‌ر لهدیجلهو فوراته‌وه كه له توركیاوه هه‌ڵده‌قولێن تاكو ئه‌و كۆمه‌ڵه رووبارهى كه له ئێرانه‌وه هه‌ڵده‌قولێن ( ئه‌لوه‌ند. كارون, .. هتد). كه رۆژبه‌رۆژ ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته به‌نداوى زیاتر دروست ئه‌كه‌ن له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانى ئه‌مه‌ش وا ده‌كات عێراق به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ره‌شه‌دا بێت وه‌كو وشككردنى رووبار‌ى ئه‌لوه‌ند له لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌زیاتر له 40 هه‌زار هیكتار زه‌وى كشتو‌كاڵى تووشى وشك بوون بوو . هه‌روه‌ها عێراق له پێش سالانى 1991 نیزیكهى 70 بۆ 80 ملییار مه‌تر سێجا ئاوى لهدیجلهو فرات وه‌رئه‌گرت , به‌ڵام ئه‌مرۆ نیوه‌ى ئهوبڕهى بۆدێت . بوونى ئه‌م سه‌رچاوه ئاوییانه له ده‌ره‌وه‌ى سنورى عێراق دۆخه‌كه‌ى گه‌یاندۆته ئاستێك كه ئاو وه‌كو كارتێكى فشارى سیاسى به‌كار بهێنرێت لهپهیوهندیهكانى نێوان ئه‌م دوو وڵاته .
سوریاش هه‌مان كێشه‌ى له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه باشترین نموونه بۆ لێداونى وه‌زیرى ئهشغاڵى توركیا كاتێك وتى ” ئه‌گه‌ر سورییه‌كان توڕه‌مان كه‌ن به‌نداوه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌كه‌ینه‌وه و سوریا ژێر ئاو ئه‌كه‌وێت ” هه‌ر چه‌نده ئه‌م قسه‌یه زیاتر مجازییه , به‌ڵام هێمایه‌كه بۆ هێزى ئاو له داهاتوودا . كێشه‌ى عێراق به‌گشتى ئه‌وه‌یه تواناى كه‌مى كۆكردنه‌وه‌ى ئاوى هه‌یه بۆ نموونه ساڵانه نزیكه‌ى 100 ملیار مه‌تر سێجا باران ئه‌بارێت , به‌ڵام ته‌نها 5 ملیار مه‌تر سێجا گلئهدرێتهوه , ئه‌گه‌ر ئه‌و راستیه‌ش بزانین كه زاناكان بوارى كه‌شناسى رایانگه‌یاندوه كه بارانبارین له %30 كه‌مترى كردوه له سه‌ده‌ى رابردوو .
كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر كێشه‌كانى ئاو له‌چه‌ند ولاتێك له جیهان :
به گوێره‌ى لێكۆلینه‌وه‌یه‌ك له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له ساڵى 2025, دوو له‌سه‌رسێ دانیشتوانى جیهان تووشى كێشه‌ى كه‌م ئاوى ئه‌بن .
هه‌روه‌ها یه‌كێك لهبهرپرسهكانى ئه‌و رێكخراوه ئه‌لێت ( ئه‌گه‌ر شهرهكانى سه‌ده‌ى بیست له‌سه‌ر نه‌وت بوو ئه‌وا شهرهكانى سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك له‌سه‌ر ئاوه)
له راستیدا دوولهسهرسێ ئاوى شیرینى جیهان ته‌نها له 20 ولات كۆبوه‌ته‌وه , ( ئهورپایى رۆژئاوا 14 ولات , به‌رازیل ,كه‌نه‌دا ,ئه‌مریكا , هیند ,ئه‌ندونسیا و روسیا ) , به‌ڵام كیشوه‌رى ئاسیا كه %60 دانیشتوانى سه‌رزه‌وی پێك ئه‌هێنن ته‌نها له %36 سوود له ئاو وه‌رئه‌گرن . له چین 60 ملیۆن مرۆڤ كێشه‌ى گه‌وره‌یی ئاویان هه‌یه ئه‌مه‌ش وایكردوه دێهاتییه‌كان په‌لامارى یه‌كترى بده‌ن , هه‌روه‌ها له 668 شار له چین 400 شاریان كێشه‌ى ئاویان هه‌یه كه ناچارى كردوون ئاوى پیس بخۆنه‌وه . له ولاتێكى وه‌كو جیبوتى كاتێك تانكه‌رى ئاو بۆ دانیشتوان دابین ئه‌كرا , ئه‌و تانكه‌رانه به هێزى زۆرى سه‌ربازى ئهپارێزران له دژى فراندنیان . به گشتى كێشه نێوده‌وڵتیه‌كان كه‌له‌سه‌ر ئاو هه‌یه بریتیه له ( سوریا – تركیا , عیراق – تركیا , ئیسرائیل و فه‌له‌ستین و ئوردون , سودان و میسر , هیند و به‌نغلادیش , هه‌نگاریا و سلوفیكیا , ئۆزپاكستان و كازاخستان و قیرغزستان , ئیران و عێراق , هیند و مالیزیا ) له ناو ئه‌مریكاش كێشه‌یه‌كى توند هه‌یه له‌نێوان هه‌ردوو ولایه‌تى فیرجینیا و میرلاند له‌سه‌ر ئاوى روبارى بوتوماك . هه‌روه‌ها له ناو عێراق و كوردستانیش كێشه‌ى ئاو زۆره چه‌ندان رووداوى كوشتنى لێكه‌وتوه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئاو . ئه‌وه‌ى جێگاى دلخۆشیه ئه‌وه‌یه كه ئه‌مرۆ بیرۆكه‌یه‌ك له‌سه‌رانسه‌رى جیهان بڵاوبوته‌وه له ناو ده‌زگاكاندا ئه‌وه‌یه كه ( ئاوى شيرين كه‌م نیه بۆ مرۆڤایه‌تى به‌ڵام هه‌ڵسوراندنى كاروبارى ئاو ( اداره الما‌ء) هه‌ڵه‌یه له لایه‌ن مرۆڤه .
كوردستان و ئاو .
ئه‌وه‌ى جێگاى دڵخۆشیه كه كوردستان سه‌رچاوه‌ى ئاوى گونجاوى هه‌یه به‌گوێره‌ى ژماره‌ى دانیشتوانى , ساڵانه هه‌رێمى كوردستان نزیكه‌ى 47 ملیار ئاوى ده‌ست ئه‌كه‌وێت له‌باران و رووباره ههمیشهیهكانى و توانه‌وه‌ى به‌فر كه ئه‌م رێژه‌یه‌ش به‌شى دانیشتوانى هه‌رێم ئه‌كات ئه‌گه‌ر به باشى سوودى لێوه‌ربگرێت , به‌ڵام ته‌نها سوود له 17 ملیارى وه‌رئه‌گرێت و ئه‌ویترى به خۆرایى له كیس ئه‌چێـت , هه‌رچه‌نده له كوردستان سێ به‌نداو هه‌یه ( دوكان كه تواناى گل دانه‌وه‌ى 6.8 ملیار متر سێ جایه , ده‌ربه‌ندیخان كه تواناى گل دانه‌وه‌ى 3.7 ملیار متر سێ جایه , دهۆك 52 ملیۆن متر سێ جا ) . به گوێره‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى كشتو‌كاڵى هه‌رێم سالانه له %80 ئاوى باران ناتوانرێت سوودى لێوه‌ربگیرێت . لێكۆلینه‌وه‌كان ئاماژه بهوهئهكهن كه له‌داهاتوودا رێژه‌ى ئاوى هه‌رێم كه‌م ئه‌كات ، چونكه له %49 سه‌رچاوه‌كانى ئاوى هه‌میشه‌یى له ئیران و توركیایه ئه‌م دوو وڵاته‌ش به‌رده‌وامن له‌دروستكردنى پرۆژه‌ى تازه له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه ,باشترین نموونه‌ش وشككردنى رووبار‌ى ئه‌ڵوه‌ند بوو له لایه‌ن ئێرانه‌وه له هاوینى 2011 . هه‌روه‌ها له راپۆرتى وه‌زاره‌تى پلانى هاتووه كه نزیكه‌ى 650 سه‌د هه‌زار هاولاتى كوردى تووشى گرفتی بێ ئاوى بوونه‌ته‌وه كه‌واته ژماره‌كان هه‌موویان ترسناكن ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌كوردستانه‌وه هه‌یه , به‌تایبه‌تى له‌شارێكى وه‌كو سلێمانى كهههفتانه نزیكه‌ى هه‌ر مالێك 21 كاتژمێر ئاوى هه‌یه كه‌م رێژه‌یه به‌راورد بهوڵاتێكى وەكو ئۆردن زۆركه‌مه كهههفتانه 48 كاتژمێر ئاوى هه‌یه .
رۆژانى بێ ئاوى له‌پێشمانه‌وه‌یه ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ركه‌مى ئاو به‌ڵكو له‌به‌رنه‌بوونى سیاسه‌تێكى گونجاوى ئاو به‌كاربردن , یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین بوار كه ئاوى شیرینى زۆر به‌كارئه‌هێنێت بوارى كشتوكاڵه كه‌نزیكه‌ى %45 تا %65 ئاوى شیرین ئه‌بات كه به‌شێوه‌ى ههرهمهكى به‌كاردێت , ئێستا له زۆر ولاتان كشتوكاڵ به‌شێوه‌ى ستوونى زیاتر گرنگى پێ ئه‌درێت تا شێوه‌ى ئاسۆیی بۆ ئه‌وه‌ى به‌كاربردنى ئاو كه‌متربێت , یان رێگاى پرژاند (رش) یان تنۆككردن ( تقطیر) به‌كاردێت كه نزیكه‌ى %75 برى ئاو ئهگهریێنێتهوه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ى نقومكردن ( گۆل لێدان بێت) . له وڵاتى سعودیه جۆرێكى تر‌ى ئاودان هه‌یه له‌بوارى كشتوكاڵ كه‌ئه‌ویش بریتیه له‌ئاودان له‌ژێر زه‌مین ئه‌مه‌یش به‌هۆى بۆرى له‌ژێر زه‌وى نزیك ره‌گه‌كان دائه‌نرێت , ئه‌م رێگایه‌ش نزیكه‌ى له %50 ئاو ئه‌گه‌رێنێته‌وه . له‌كۆتایدا ئه‌و پلانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم كه له‌ساڵى 2009 دایرشت به‌ناوى پلانى ستراتیجی كه‌بریتى بوو له‌دروستكردنى 8 به‌نداوى گه‌وره‌و 19 به‌نداوى بچوك , ئه‌بێت كارى جیدى تێدابكرێت , هه‌رچه‌نده ئاماژه‌كان باش نین تا ئێستا .
ره‌نگه نه‌گبه‌تى كورد بێت تاكو نه‌وت ئه‌دۆزێته‌وه یان به‌رهه‌مى ده‌هێنێت به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى نه‌وت ئه‌و به‌هایه‌یی خۆیی له‌ده‌ست دا , له‌هه‌مان كات بوارى ئاویش پشتگوێ بخات ,كه‌ناچار بین رۆژێك بێت لیترێك نه‌وت بهلیترێك ئاو بگۆرینه‌وه .
يه‌ك مه‌تر سێ جا ئاو = نزیكه‌ى 1000 لیتر
سه‌رچاوه‌كان :
– معارك المیاه محمد العربی بوقره – دار فارابی للنشر 2003
– ماڵپه‌رى نیقاش www.niqash.org