ئەرێ خوێندنەوە ئاوا دەبێ ؟! .. شەفیق حاجی خدر ..
ماوەیەکە هەندێک مشورخۆری کتێب و روناکبیری لەچالاکیدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنەوە لەکوردستان . دیارە هەوڵێکی وا بۆ پیواژۆیەکی بەهادار نەوەک گرنگە بەڵکو گەر دامودەزگا هەمەلایەنە پەیوەندیدارەکانش هاوکار بن ، ئەوا چارەنوسسازیش دەبێ بەسەر نەوەی دادێمان .
جارێ لەبەڕاییەوە چەند سەرهێڵێکی بەراورد لەنێوان خوێندنەوە لەدنیای پێشکەوتو و لای خۆمان بکەین ، بۆ ئەوەی جیاوازی ئاسمان و رێسمانەکەمان بۆ دەربکەوێ .
جارێ لەبەراییەوە لای خۆمان خوێندنەوە گشتگیر نیەو هەمو چین و توێژەەکانی کۆمەڵ ناگرێتەوە، لای ئێمە خوێندنەوە راستەوخۆ پەیوەندیدار نیە بەتوانای خوێندنەوە (خوێندەوار) ؛ بەڵکو راستەوخۆ بەپرسی روناکبیر، نوسەر، رۆژنامەوان، سیاسەتمەدار و هتد گرێدراوە . بەداخەوە تاڕاددەیەک بۆتە دیاردە کەخوێندنەوە بۆ رۆشبنیر ( بەو واتا باوەی لای ئێمە هەیە ) پاوانە ، ئیدی هەرئەوەشە هەندێ جاریش دەبێتە مایەی پێنازینی خۆی .
خوێندنەوە لای ئێمە قوڵایەتی خۆی لەدەستداوە ( یان نیەتی ) چونکە گوایە ناپڕژێنە سەر خوێندوەی کتێب و ژێدەرەکان ، بەڵکو زۆر جار وایە خوێندنەوەیەکی راگوزەریانەی رۆژنامەکان ، هەندێک جاریش تەنها هەواڵە وروژێنەرەکان یان ناونیشانی هەواڵ و وتارەکانی رۆژنامە و گۆڤارەکان ، وایان لێدەکا بوێرن بڵێن کەوا دەخوێننەوە . ئاخر گەر یەکێ بەقوڵی نەچێتە نێو لاپەڕەکانی کتێب و سەرچاوە و وتار و لیکۆڵینەوەکانی نێوگۆڤارەکان و ئەلفبا و بنەما سەرەکییەکانی زانیاری بەدەست نەهێنی، چۆن لە هەواڵ لێکدانەوەیان حاڵی دەبێ ؟ ئەرێ چۆن لەواتای نێوان دێڕەکانی ئەو کورتە وتارانەی دەیانخوێنێتەوە تێدەگا ؟
لەوەتەی هێڵی ئەنتەرنێت و مۆبایل پەیوەندییەکان و گواستنەوەی زانیاری ئاسانکردووە، لای ئێمە بەشێوەیەکی راستەوانە سودیان لێنەبینوە، جارێ هێشتا تاکە کتێبێکی کوردی نەچۆتە نێو ئایپاد iPad و کیندل بووک Kindle Book کەچی باسدەکرێ گوایە کتێبی کاخەز پێگەی خۆی لەدەستداوە ! ئیدی ئەو ئامێرانەیان بەجێگرەوی کتێب و خوێندنەوەی قوڵیان داناوە ، بەجارێک تەمبەڵ تەوەزەلی کردوون بەسعات لەبەردەمی دابنیشن هیچ نیە، لێ گەلۆ لەبەردەم کتێبیشدا هەدادانایان نامێنێ !
تاڕاددەیەکی زۆر هەمو جۆرە کتێبەکانی زانست و زانییارەیەکان بۆ پرسی خوێندنەوە بەیەک چاو سەیر دەکرێن و کەمتر خۆ لەقەرەی ڕشتەسازیدا دەدەن . بەشێوەیەک خوێندنەوەیەکی شیعر و رۆمان و چیڕۆکەکانیشیان ئەوەندە قوڕسکردوە ئاخنیویانەتە نێو چوارچێوە و مەدای رۆشنبیری و پسپۆڕێتیەوە هەر بۆیەشە کاتێک فرۆشی کتێبەکانی لە کتێبخانەکان بپرسی، رەنگبێ جیاوازیەکی زۆر لەنێوان ژانرەکانی نوسین و چاپکراوەکان بەدی نەکرێ ، چونکە کڕیار هەر هەمان کڕیارە .
سەیر لەوەدایە لە قوتابخانە و فێرگە و زانستگاکانیشماندا گەڕانێکی ورد و جدیی بەدوای سەرچاوە لەبەر کتێبی ” مەنهەجی ” و لەبەر موحازەرەی بابای مامۆستا و مەلزەمەکان پەکی کەوتووە و جێینابێتەوە . هەر ئەوەشە نمرەهێنان و بڕوانامە وەرگرتن کەوتۆتەسەر ڕادەی توتی ئاسایی گوتنەوەی سەرهێڵەکان و ئەوەی راسپێردراوە بەدەقاودەقی، نەوەک گیان و بنەما سەرەکیەکانی رشتەی زانستەکە و لێکۆڵینەوەی زیاتر و رادەربڕینی خودیانە لەسەری .
هەربۆیە خوێندنەوە نەبۆتە کلتور و لەبازنە کلاسیکیەکانەکەی خۆی دەرنەچووە و قەتیسماوەتەوە . نەلەنێو پاس، نەشوێنی چاوەڕوانی هەندێ دامودەزگای میریی، نەلە نۆرینگەگەکانی پزیشکی( هەندێکیان رەنگە مرۆ لێینەخۆشبکەوێ نەوەک چاکببێتەوە ) نە نوسینگەکانی پاریزەران و هتد … ئەو زەمینەسازیە نابینی کەلەماوەی ئەو چەند خولەک چاوەڕوانیەی پێببردرێتە سەر .
مایەی تێبینیە کە رەنگبێ زۆربەشمان لەبیرمان مابێ کاتی خۆی ، رۆژگارە تاریکەکان و بەرگری کە چۆن حزب ورێکخراوە چەپەکان یان ئەوانەی مەیلی چەپیان هەبوو ؛ بایەخێکی زۆریان بە خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیکردن دەدا ( هەرچەندە تاکڕەهەندیانەش بوو )، تەنانەت ئەو پرسەیان کردبووە مەرجی ئەندامێتیان، کەچی ئەمڕۆ بەپێودانگی جاران ناپێون بە گەمەی دەسەڵات سەرقاڵن ، ئەو پرسەیان وەک هەندێ پرسگەلی دیکە لەبیرخۆیان بیردۆتەوە .
لەباری بەراوردکردنی ئەو دۆخە سەقەتەی (خوێندنەوە وەک دیاردە) لای خۆمان بەدنیای پێشکەوتو ئەوا تەواو ئاوەژوکردنەوەکەی بەڕاست وەردەگەڕی.
جا کە بارودۆخی خوێندنەوە لای خۆمان بەو شپرزەییە بێ، چ جای ئەوەی هێشتا زۆری ماوە ببێتەدیاردە، ئەوا هەوڵی ئەو جوامێرانە بەڕاستی سەردەقشکێنە و هەنگاوێکی پێشقەڕەوڵە بۆ هەزارانی دیکە بەمەرجێک هەمولایەکی کۆمەڵگا بەهەمو دامودەزگاکانی سیاسی، قانونی، رۆشنبیری کۆمەڵایەتیەوە بێنە بنبار .