ئۆپۆزیسیۆنی سه‌لار و سیستێمی داخراو .. پشکۆ نەجمەدین .
( ئۆنگ سان سو‌و کی ) ، Aung San Suu kji وه‌ک نموونه!
نوێترین کتێبی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی سوێدی (یه‌سپه‌ر بێنگتسۆن)، به ناونیشانی
(خه‌بات بۆ ئازادی)*، له‌مه‌ڕ مێژووی وڵاتی بورما و ژیان و خه‌باتی ژنێک که زیاتر له پانزه ساڵان، ژیانی خۆی به ده‌ستبه‌سه‌ری له ماڵی خۆیدا و له وڵاتی خۆیدا ده‌گوزه‌رێنێت، پانزه ساڵ و تۆ بڵێ زیاتر له زینداندا، ڕێبهراێتیی بزووتنه‌وه‌ی دیموکراسی ده‌کات و ده‌بێته ناسراوترین سیمبۆلی جیهانیی خه‌بات بۆ ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤ، کتێبێکه، له‌م دۆخه سیاسییه به زه‌بر بارگاوییه‌ی کوردستاندا، ده‌شێ مایه‌ی لێڕامان و ده‌رس و په‌ند لێوه‌رگرتن بێت.
ئه‌زموونی خه‌بات و ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌ی ڕێبه‌رانی میلله‌تانی دنیا، ده‌شێ به پێی جیاوازیی فه‌رهه‌نگ، ئایین و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان ناچوونیه‌ک بن، دیسانیش دۆزینه‌وه‌ی تاڵ و خاڵه هاوبه‌شه‌کانیان و باریکهپردهکانی پێکگه‌یشتنیان، ده‌شێ سه‌خت نه‌بن!
ڕێبه‌رێکی بزووتنه‌وه‌ی ڕیفۆرمخواز، له هه‌ر کونجێکی دنیادا، له پێناوی دابینکردنی ئازادی و گۆڕینی سیسته‌می سیاسی‌دا، ده‌بێته ئۆپۆزیسیۆن و چمکی خه‌باتی دیموکراسیانه‌ی لێ هه‌ڵده‌کا، نه‌خشه‌ڕێگایه‌ک بۆ سه‌رخستنی خه‌باتی خۆی ده‌نه‌خشێنی و گره‌وی سه‌رکه‌وتنیشی، پێوه‌ستی بۆچوون و تیگهیشتنێتی له‌مه‌ڕ پرۆسه‌ی گۆڕانکاری و ئامراز و سه‌رمایه‌کانی له لایه‌ک و ئاستی توانستی خوێندنه‌وه‌ی بۆ دیارده‌ی “ئۆپۆزیسۆنبوون” له لایه‌کی دیکه‌وه!
پشوودریژیی “سو‌و کی” له خه‌باتی دیموکراسیدا، ده‌ستگرتنی به پرهنسیپێکهوه که بڕوای نه‌گۆڕی پێی هه‌بوو، ئه‌ویش”نا بۆ توندوتیژی.. هیچ کاتێک!”، نیشانه‌ی دید و بینینی قووڵی ئه‌م ژنه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵ و له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ئه‌و دهرئهنجامانهیه که له ماوه‌ی نیو سه‌ده‌دا، ده‌رهاوێشته‌ی خه‌باتی خوێناویی ڕزگاریی نیشتمانی بوون.
چه‌نده جێگای سه‌رنج و لێخوردبوونه‌وه‌یه، له وڵاتێک‌دا جه‌نگی ڕزگاریی دژ به ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیای داگیرکا‌ر، ساڵی 1948 سه‌ربکه‌وێت، له ساڵی 1962دا، ژه‌نراڵه‌کان کوده‌تا بکه‌ن و سیستێمێکی سه‌ربازیی تۆتالیتا‌ر دابمه‌زرێنن، ڕاپه‌ڕینه‌کان و هه‌موو هه‌وڵێک بۆ کرانه‌وه و هه‌ناسه‌دان له خوێندا سوور بکه‌ن، ئیدی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراندنی حکومه‌تی دهنگبۆدراو، ئازادییه سیاسییه‌کان و پاراستنی که‌رامه‌تی مرۆڤ ببنه خه‌ونی جه‌ماوه‌ر، خوێندکاران و گه‌نجانی ئازادیویست به کۆمه‌ڵ بکوژرێن، که‌مینه ئیتنیکییه‌کانی وڵات له هه‌ر مافێک بێبه‌ش بن، له وڵاتێکی وه‌هادا، له سایه‌ی ڕژێمێکی پۆلیسیدا، “سو‌و کی” له “ئۆکسفۆرد”ی به‌ریتانیاوه، بۆ سه‌ردانی دایکه نه‌خۆشه‌که‌ی بێته‌وه وڵات و له سه‌روبه‌ندی خۆپیشاندانه خوێناوییه‌کانی خوێندکاراندا، بڕیاری مانه‌وه بدات و ببێته لێزانترین ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی دیموکراسی و گه‌وره‌ترین ڕکبهری ژه‌نراڵه‌کان، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئیدۆلۆگیی “گاندیزم”دا، سیستێمی دیکتاتۆری وه له‌رزه بخات و سه‌رنجی هه‌موو وڵاتانی خۆراوا و خۆرهه‌ڵات له‌سه‌ر خۆی و بزووتنه‌وه‌که‌ی به‌ند بکات. پشوودرێژی و لێزانیی “سو‌و کی” له ئیداره‌کردنی قه‌یران و قوربانیدانی ئه‌و به هه‌موو خواست و ئاره‌زووه که‌سه‌کییه‌کانی خۆی له پێناوی سه‌رخستنی بزووتنه‌وه‌ی دیموکراسیدا، هه‌وڵ و کۆششی دنیای ئازادی بۆ خۆی ڕاکیشا و ساڵی 1991 خه‌ڵاتی”نۆبڵ” ی بۆ ئاشتی و مافی مرۆڤ پێ به‌خشرا!
بیۆگرافیای “ئۆنگ سان سو‌و کی”
*ساڵی 1945 له شاری “ڕانگۆن”ی پێته‌ختی ئه‌وسای بورما له داییک بووه.
*”ئۆنگ سان”ی باوکی، وه‌کو ناودارترین ڕێبه‌ر و پاڵه‌وانی نه‌ته‌وه‌ییی جه‌نگی ڕزگاریی نیشتمانی، له ساڵی 1947دا شه‌هید ده‌بێ. هه‌ر ئه‌و ساڵه یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنی گشتی له بورما به ڕێوه ده‌چێت، حیزبی ئازادیی گه‌ل که “ئۆنگ سان” ڕێبهراێتیی ده‌کرد، له کۆی 255 کورسیی په‌رله‌مان، 248کورسی ده‌باته‌وه و بڕیار بوو “ئۆنگ سان” حکومه‌ت پێک بهێنێت و سه‌رۆکایه‌تیی بکات، که‌چی ده‌سته‌یه‌کی چه‌کدار په‌لاماری کۆبونه‌وه‌یه‌کیان ده‌ده‌ن و ده‌یکوژن!
* دایکی “سو‌و کی”، پاش کوژرانی مێرده‌که‌ی، له هه‌ڵسووڕانی سیاسی‌دا پێش ده‌که‌وێت و ساڵی 1960 تا 1964، باڵیوێزی وڵاته‌که‌ی ده‌بێت له هیندستان. “سو‌و کی”، له شاری نیوده‌لهی و پاشان له نیپاڵ زمان، ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت ده‌خوێنێت.
* سو‌و کی، پاش خۆ ئاماده‌کردن بۆ خوێندنی زانکۆ، ده‌چێته وڵاتی به‌ریتانیا و له ئۆکسفۆرد، فه‌لسه‌فه، ئابووری، سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵناسی ده‌خوێنێت.
* له ئۆکسفۆرد، “میشایل ئاریس”ی زانستزان و لێکۆڵه‌ر ده‌ناسێت، شووی پێ ده‌کات و ئه‌نجامیش دوو کوڕیان ده‌بێ، پاشتر ده‌گوێزنه‌وه شاری له‌نده‌ن و له زانکۆ کار ده‌که‌ن..
* ساڵی 1988، له گه‌رمه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی خوێندکاران دژ به ڕژێمی ژه‌نراڵه‌کان که به سه‌دانیان لێ کوژرا، سو‌و کی ده‌گه‌ڕێته‌وه بورما.
نموونه‌ی باڵای ئیدیۆلۆگیی بزووتنه‌وه‌ی خوءندکاران، “ئۆنگ سان”ی باوک بوو. خوێندکاران، سروشی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینیان له ڕۆحی کاریزمایی ئه‌و وه‌ر ده‌گرت. سو‌و کی، پاشی لێڕامان و تێفکرینێکی قووڵ، بڕیاری خۆی وه‌رگرت و چالاکانه به‌شداریی بزووتنه‌وه‌که‌ی کرد، هه‌میشه‌ش جه‌ختی له‌سه‌ر خه‌باتی ئاشتییانه و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌کرده‌وه.
* هه‌مانساڵ، سو‌و کی، کۆمه‌ڵه‌ی نهتهواێتیی دیموکراتخواز دروست ده‌کات و دیارترین سیاسه‌تزان و سیاسه‌تکارانی وڵات هاوکاریی ده‌که‌ن.
* 26ی ئاگۆستی 1988، “سو‌و کی” له ده‌ره‌وه‌ی شاری ڕانگۆن، له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریدا، بۆ نیو میلیۆن خه‌ڵک قسه‌ی کرد، بۆچوونه‌کانی ئه‌و بۆ کرانه‌وه‌ی سیستێمی سیاسی، کۆمه‌ڵی یه‌کسان و دادپه‌روه‌ری، ریفۆرمی ئابووری و سیاسی، دابینکردنی مافی که‌مینه‌کان، سه‌رتاسه‌ری وڵاتی هه‌ژاند و ژه‌نراڵه‌کان وه‌خۆ که‌وتن. ڕۆژنامه‌نووسێکی ئه‌وروپایی که خۆی له‌وێ ئاماده بوو ده‌ڵێ:(ژنێکی ئارام، دوو چاوی بزۆز و پڕ وزه، پانتۆڵێک و هێله‌کێکی قۆڵداری پۆشیبوون، قۆڵه‌کانی تا سه‌ر ئانیشک ههڵکیشابوون، به وێنه‌ی شۆڕشگێڕێکی ڕاسته‌قینه که ئاماده‌ی جه‌نگ بێت، وه‌ستابوو و ده‌په‌یڤی).
* ساڵی 1989، “سو‌و کی” بۆ به‌ڕێوه‌برنی هه‌ڵمه‌تی یه‌که‌م هه‌بژاردنی په‌رله‌مان له ته‌مه‌نی 27ساڵه‌ی حکومی ژهنراڵاندا، سه‌رتاسه‌ری وڵات تهی ده‌کات، له شار و گونداندا، به زمانی ساده و ده‌ربڕینی پڕ مانا، ڕووبه‌ڕوو، بۆ خه‌ڵک قسان ده‌کات. ئه‌و له‌ژێر لووله‌ی چه‌کی سه‌ربازه‌کاندا، هێمن و له‌سه‌رخۆ، به دوو چاوی پڕ له عیشقی ئازادییه‌وه، قسانی ده‌کرد و له‌نێو خۆشه‌ویستیی هه‌ژاراندا، گوڵباران ده‌کرا.
* دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی “سو‌و کی” له فه‌زای سیاسیی هه‌ڵبژاردندا پشووی ژه‌نراڵه‌کانی سوار کرد و په‌نایان بۆ دوا چه‌کی دژه‌ئازادی برد. پۆلیسی شاری ڕانگۆن، به فه‌رمانی رژێم ئابڵووقه‌ی ماڵی “سو‌و کی”یان دا و هه‌موو ڕێگایه‌کی بزووتن و په‌یوه‌ندییه‌کانیان لێ ته‌نی.. هه‌زاران ئه‌ندامی حیزبه‌که‌ی له زیندان ئاخنران و بێ هیچ دادگاییکردنێک ئازار و ئه‌شکه‌نجه دران. ئیدی له‌و ڕۆژه‌وه و هه‌تا 13ی نۆڤه‌مبه‌ری 2010، ماوه‌یه‌کی زۆر کورتی لێ دهرهاوی، “سو‌و کی” زیندان و ده‌ستبه‌سه‌ر و له هه‌ر مافێکی سیاسی بێبه‌ش بوو.
هه‌ر له ده‌ستپێکی دهستهبهسهرکردنییهوه، ڕژێم هه‌وڵی دا له وڵاتی دوور بخاته‌وه و بۆ به‌ریتانیای بنێرێته‌وه، به‌ڵام “سو‌و کی” گوتی: (به خوایشتی خۆم وڵاتی خۆم و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی میلله‌ته‌که‌م جێ ناهێڵم! ئێوه ده‌توانن به ده‌ستانی زنجیرکراومهوه، له فڕۆکه‌یه‌کم بنێن و وڵاتبهدهرم بکه‌ن..به‌ڵام من لێره ناڕۆم!)
* ڕۆژی 27ی ماییسی 1990، هه‌ڵبژاردن سازدرا و ئه‌نجامیش، کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یی دیموکراتخواز”NLD “و هاوپه‌یمانه‌کانی، وێڕای ده‌ستبه‌سه‌رکردنی “سو‌و کی”، هه‌ڵبژاردنیان برده‌وه و له کۆی 485 کورسیی په‌رله‌مان 392 کورسییان پێ بڕا! دوو مانگ به‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا تێپه‌ڕی و ڕژێم ئه‌نجامه‌کانی به فه‌رمی نه‌ناساندن و ڕێگای نه‌دا زۆرینه‌ی براوه بچنه په‌رله‌مان و حکومه‌تی دڵخوازی زۆرینه‌ی خه‌ڵک پێک بهێنن! پاشتر ژه‌نراڵه‌کان ڕایانگه‌یاند(پرۆسه‌که بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی یاسادانان و پێکهێنانی حکومه‌ت نه‌بووه، بگره بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نێک بووه که ده‌ستووری وڵات هه‌موار بکات، یاخود ده‌ستوورێکی نوێ بنووسێته‌وه!!).
سه‌رکرده و ڕێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆن، به‌م هه‌ڵویسته‌ی ڕژێم تووشی شۆک بوون و له‌ژێر فشاری لایه‌نگران و زۆرینه‌ی خه‌ڵکدا، به‌و ڕایه گه‌یشتن که ئه‌وان ده‌توانن بانگه‌شه‌ی ڕاپه‌ڕین بکه‌ن و حکومه‌تی خۆیان پێک بهێنن، که‌چی “سو‌و کی” دژیان وه‌ستا و هاوڕایان نه‌بوو. ئه‌و گوتی:(گۆڕینی سیستێمی سیاسی، کاتی گه‌ره‌که و به زۆر ناکرێت، ئه‌م پرۆسه‌یه هاوکاریی هه‌موو لایه‌نه‌کانی پێویسته، به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه!).
* “سو‌و کی” وه‌کو سیبۆلێک بۆ خه‌باتی ئاشتییانه، جێگای گرنگیی ته‌واوی ڕێکخراوه مرۆڤدۆست و ئاشتی په‌روه‌ره‌کانی دنیا بوو. ئه‌و ساڵی 2005، خه‌ڵاتی “ئۆڵف پاڵمێ”ی له وڵاتی سوێد پی به‌خشرا.
* ساڵی 1999، “ئاریس”ی مێردی له ته‌مه‌نی 53ساڵیدا، به نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی پرۆستات مرد.
“یه‌سپه‌ر بێنگتسۆن”ی نووسه‌ری کتێبی “خه‌بات بۆ ئازادی” ده‌نووسێت:(شتی سه‌ره‌نجڕاکێش له‌مه‌ڕ “سووکی” ئه‌وه‌یه که وێڕای ته‌مه‌نێک له زیندانیکردن و کێشمه‌کێش و ئازاری ده‌روونی، ئێستاش پاش ئازادکردنی، هێشتا پێی وایه، هاوکاریکردن، دیالۆگ و دانووستاندن، باشترین شێوازی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌کانن!).
کتێبی “خه‌بات بۆ ئازادی”، ده‌شێ ئاوێنه‌یه‌ک بێت بۆ بینین و له‌به‌ر یه‌ک ڕانانی دۆخی ناته‌ندروستی سیاسیی کوردستان و وڵاتی بورما، له‌وێدا دید و تێڕوانینی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن، بۆ ته‌ندروستکردنی سیسته‌می سیاسی و هه‌موو ئه‌و کێشه و قه‌یرانانه‌ی له ده‌وری ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات ده‌سوڕێنه‌وه، ببینین، چه‌پڕه‌وی و توندئاژۆیی بپێچینه‌وه و بۆ ساتێک ئه‌قڵێک له “گاندی” قه‌رز بکه‌ین.
15-2-2011
* En kamp för frihet, Aung San Suu Kyi
نووسینی:Jesper Bengtsson
kand bok AB
Falun 2010