Newt

هەڕاجکردنی نەوتی هەرێم . ئارام قزلەری .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بیرە نەوتەکانی هەرێمی کوردستان کێشەو گرفتی گەورەی دروستکردوە لەناوخۆ و تەنانەت لەگەڵ حکومەتی ناوەندیشدا ، کێشەی سەرەکیش ئەوەیە کەس نازانێت داهاتی ئەو نەوتە بۆ کێ سەرف دەکرێت ‌و دەچێتە گیرفانی کێ‌‌وە ؟ گەر لەوەڵامدا دەڵێن بۆ میللەت سەرف دەکرێت‌و داهاتەکەی بۆ گیرفانی کەس نیە! باشە ئەی لە سەدا ١٧ی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆچی سەرف دەکرێت ؟ ئەی داهاتی گومرگ‌و سنورەکان بۆ کێ یە ئەی پارەی پسولەو سەرپێچی‌و زۆربەی فەرمانگەکانی کەداهاتێکی زۆریان هەیە بۆ کێ یە ؟ ئەمانە هەمووی پرسیارن‌و ڕوبەڕوی حکومەت هەرێم ‌و پارتی ‌و یەکێتی دەبنەوە .

ماوەیەک ” چەند ساڵێک لەمەوبەرو تەنانەت تا ئێستاش چارەسەری گرفتی داهاتی نەوت یەکلا نەبۆتەوە  لەنێوان  ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان و پەرلەمان‌و تەنانەت خەڵکی کوردستانیدا ، کەس نازانێت داهاتی نەوتی هەرێم بۆ چ لایەن‌و کەسایەتیەکە ، لای هەمووان ئاشکرایە ماوەیەک لەمەوبەر کێشە دروست بوو لە نێوان گۆڤاری لڤین و ئاشتی هەورامیدا ، دیارە جەنابی وەزیر بەزمانی بازاڕیانەو دور لە هەموو وشەیەکی ڕوشنبیرانە توهمەتی خستە پاڵ گۆڤاری لڤین‌و هەموو ئەوانەی سەرنجیان هەیە لەسەر گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان .

 منیش لێرەوە وەک کوردێک دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی هەموو ئەوانەی ناڕەزان‌و بەگومانن  لەوەی کەداهاتی ئەو نەوتە تەنها بۆ گیرفانی ئەوانەیە  کە دەستیان خستۆتە بینە قاقای ئابوری ئەم وڵاتەو وەک مۆتەکە دەنگی ئازادیان کپ کردوەو غەدر لە میللەتێک دەکەن‌و سەروەت و سامانەکەشی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن . ‌ دور لەهەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی بونەتە بازراگان بەسەر خوێنی شەهیدەکانمانەوە !! کاتێک باس لەداهاتی نەوت دەکرێت هەستی هاوڵاتیان دەجوڵێنن بەوەی پیلانی دەرەکیمان لەسەرەو دوژمانی کوردستان دەیانەوێت دیکتاتۆریەت بگێڕنەوە بۆ گەلی کورد، ئایا ئەمە دیکتاتۆریەت‌و بێویژدانی نیە نەوت کە داهاتی میللەتێکەو سەرچاوەی ژیانی ئێستا و نەوەی داهاتوە دەبینین بەبەر چاوی هەمومانەوە تاڵان فرۆش دەکرێت  .

 لەبری ئەوەی بۆخێرو خۆشی هاوڵاتیان سەرفبکرێت بۆتە موڵکی چەد بەرپرسێك‌و ڕۆژانە وەک ئەوەی خوێنی دوژمن هەڵ بمژن کەوتونەتە وێزەی بیرە نەوتەکان و بەنرخێکی هەرزان دەیفرۆشن. کەسیش بۆی نیە قسەبکات ئەوانەشی ڕاستیەکان دەدرکێنن‌و باس لە ناحەقیەکان دەکەن بە تێگدەر یان بە ناحەزی کوردستانی ناویان دەبەن و  زۆرجاریش ڕوبەڕوی تیرۆرو کردن دەبنەوە.

گەلی کورد بەتێگڕا بەگەورەو پچوکەوە بەژیرو ساویلکەوە ئەوانەشی کە نەخوێندەوارن‌ و ئاستی ڕۆشنبیریان زۆرکەمە دڵنیان لەوەی کەداهاتی نەوتی کوردستان و داهاتی گومرگەکان‌و زۆربەی داهاتەکانی تریش بۆ گیرفانی ئەو بەرپرسە باڵایانەیە کە دەستیان گرتوە بەسەرتێگڕای سەرچاوە ئابوریەکاندا کە موڵکی  خەڵکی کوردستانەو  بێمنەتیشن  لەهەموو ئەو ناڕەزایی‌و نوسینانەی ئاڕاستەیان دەکرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت