ئه‌کره‌م محمدئه‌مین : شه‌هید ( ئازاد هه‌ورامی ) ..
پێشکه‌شه به یادی هه‌میشه زیندو پێشمه‌رگه و سه‌رکرده‌و و هونه‌رمه‌ند
سه‌ره‌تای ناسینم له ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه‌وه بوو ساڵی (1982)، ژورێکی بچوکمان هه‌بو شه‌هید (وه‌ستا عومه‌ر) ی نانه‌وای لێ ئه‌خه‌وت، له‌و ژووره‌دا بۆ یه‌که‌م جار کاك ئازادم بینی به گیتارێکه‌وه 4 -5 پێشمه‌رگه ده‌وریان دابوو به خۆشحالیه‌وه بوین به هاوڕێی یه‌کتری گوێمان گرت له موزیك، من خۆم زۆر به به‌خته‌وه‌ر و سه‌ربه‌رز ئه‌زانم که کاك ئازاد هاوڕێ و سه‌رکرده‌م بوه، له ڕوی جه‌سته‌وه باڵای مام ناوه‌ند بو پیاوێکی توکن و گه‌نج و که‌مێك لاواز، به‌ڵام به‌ڵام له ناوهڕوکدا گه‌وره له ڕوی ڕۆشنبیری ڕامیاری هونه‌ری که‌لتوری زمان‌زان هێمن و له‌سه‌ر خۆ ده‌م به پێکه‌نین. (به‌ڕێز (مام جه‌لال) ئه‌ڵێت: بۆ هه‌ر کۆبونه‌وه‌یه‌کی سه‌رکردایه‌تی چاوه‌ڕێی شتی تازه‌م لێئه‌کرد، ئایندهی دوور ئه‌بینی خوێندنه‌وه‌ی بۆی هه‌بوو) . به وه‌فا بوو له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌و هاوڕێکانیدا، خۆشه‌ویستی و ڕێزی زۆری هه‌بووله ناو خه‌ڵکی گونده‌کاندا، ڕێزی له هه‌مووکه‌س ئه‌گرت. سه‌رکرده‌یه‌کی ئازا له ساڵی (1985) له داستانه‌کانی (هه‌لاج و دابان) بۆ سه‌رپه‌رشتی کردنی شه‌ڕه‌کان هاته (شارستێن) باره‌گای دانا و ئێمه ئه وکاته (تیپی 47 پیره‌مگرون) بوین. به‌ره‌و ڕوی ئه‌و سنوری شه‌ڕگه‌یه کرابونه‌وه. سه‌ردانی هێزه‌کانی ئه‌کرد قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌کردین.
ساڵی (1983) جه‌وله‌یه‌کمان کرد بۆ قه‌راخ و گه‌رمیان بۆ کۆنفرانسی 3 ناوچه‌یی کۆمه‌ڵه، خه‌ڵکی ناوچه‌که زۆر به په‌رۆشه‌وه و به بینینی دڵخۆشبون. هیچ شتێك نه‌بوو کاك ئازادی پێ بناسیته‌وه له دووره‌وه وه‌کو سه‌رکرده، یان ئه‌بوایه خۆمان بمان وتایه یان له کاتی کۆبونه‌وه‌دا بیانزانیایه که ئه‌م پیاوه زیره‌ك و ڕۆشنبیر و هێمنه کاك ئازاده. ساڵی (1986) باره‌گای هاته (هه‌رمێله) له دۆڵی جافه‌تی نزیك گاپێڵۆن وه‌کو لێپسراوی په‌یوه‌ندیه نیشتمانیه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان.
منیش سه‌ردانم ئه‌کردن وه پێشمه‌رگه‌کانی ده‌سته‌که‌ی هه‌مویان هاوڕێی نزیك و خۆشه‌ویستم بون. باره‌گای تیپی 47 له گاپیڵۆن بوو ماڵیشمان هه‌ر له‌وێ بوو.
داوایان لێکردم بچمه لایان پێوستیان به پێشمه‌رگه‌ی زیاتره، منیش داواکه‌یانم قبوڵ کرد. کاك شێرکۆ بێکه‌س زۆر ئه‌هاته لامان ئه‌مایه‌وه به هۆنراوه‌کانی شه‌وانی به‌ڕێ ئه‌کرد و دڵمانی خۆش ئه‌کرد، ئه‌وه‌ی لای کاك ئازاد پێشمه‌رگه بوایه ئه‌بێت کتێب بخوێنێته‌وه باری ڕۆشنبیری خۆی به‌رز بکاته‌وه، بۆ نمونه (حه‌مه‌دۆك – دایك) گه‌لێکی تریش خوێندرانه‌وه.
زۆری هۆنراوه‌کانی (مه‌وله‌وی- گۆران – مه‌حوی- بێکه‌س – پیره‌مێرد) ی له‌به‌ربوو چه‌ندین جار بۆی وتوین.
له گه‌رمه‌ی تۆپباران کردندا به سرودی (ڕێی خه‌باتمان) جۆش و وره‌یه‌کی تری ئه‌به‌خشی پێت.
ساڵێ (1986) چوینه ناوچه‌ی خاڵخاڵان چاوی به شه‌هید (مام ئاراس) که‌وت هاوڕیتیان زۆر خۆش بوو، مام ئاراس ئوتومبێلكی نیسانی پترۆڵی پێ به‌خشی، بۆ هینانهوهشی بۆ ناوچه‌ی دۆڵی جافایه‌تی من و کاك وه‌هاب که یه‌کێکه له پێشمه‌رگه‌کانی ده‌سته‌که‌ی هێنامانه‌وه.
کاك ئازاد له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی تر گه‌ڕانه‌وه بۆ (قه‌م چۆغه) که ڕۆژی دیاری کردنی هاوسه‌ره‌که‌ی بو هاوڕێ (شنۆ) له ماڵی شه‌هید (مام عومه‌ر) .
(شنۆخان) خوشکی کاك (سیامه‌ند) ه پێشمه‌رگه‌ی دێرین و کادری پێشکه‌وتوی ڕاگه‌یاندنی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان بوو، که یه‌کێکن له خێزانه شۆڕشگێره‌کانی شاری (سه‌قز) ژنێکی ڕۆشنبیر و هێمن زیره‌ك و به‌ڕێز خۆشه‌ویستی ناو پێشمه‌رگه بوو. پێشتر کادری ده‌زگای ڕاگه‌یاندی کۆمه‌ڵه‌بوو.
سه‌ره‌تای (1987) له‌دوای دروست بونی به‌ره‌ی کوردستانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بریاری دا هێزێك بنێرێت بۆ بادینان بۆ گه‌یاندنی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانی و نزیك بونه‌وه‌مان له خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره. بۆسه‌رپه‌رشتی ئه‌م کاره‌ش کاك ئازاد ته‌رخان کرا. وه‌کو مه‌ڵبه‌ندی بادینان.
هێزێك کۆ کرایه‌وه نزیکه‌ی (110) پێشمه‌رگه بوین له هه‌موو تیپه‌کان هه‌موو کوڕی گه‌نج وسهڵت به توانا و ئازا. وه (1 دکتۆر + 5 یاریده‌ده‌ر) به ده‌رمان و پێوستی هێزه‌که‌وه به ڕێکه‌وتین نزیکه‌ی (26) ڕۆژمان پێچوو.
هێزه‌که‌ی کرد به (3) به‌شه‌وه 1 – کۆمیته‌ی به‌رواری باڵا.
2- کۆمیته‌ی دهۆك. 3 – کۆمیته‌ی شێخان. له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك که له‌مه‌ڵبه‌ند مانه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا.
به ماندو بونێکی زۆر گه‌شتین، زۆرینه‌ی کاته‌کانی ڕێگای به سرود وتن بوو به قسه‌ی خۆش زۆر ئاره‌زوی نوکته‌ی هه‌بوو.
له پاش 2 ڕۆژ گه‌شتنمان بۆ گه‌لی (زێوێ) که باره‌گای لقی 1 پارتی و سه‌رکردایه‌تی حزبی شیوعی عێراق لێ‌بوو.
ڕژێم به چه‌ند فڕۆکه‌یه‌ك که‌وته کیمیا باران کردنی ناوچه‌که‌و زیان پێگه‌یاندنی، بێجگه له پێشمه‌رگه‌کانی خۆمان که بریندار بوین، 3 پێشمه‌رگه‌ی حزبی شیوعی شه‌هید بون سه‌ره‌ڕای هاوکاری زۆرمان کردن به‌ڵام به داخه‌وه به خه‌ستی بریندار ببون، پێمان وتن ئه‌مه کیمیاییه به‌ڵام براده‌رانی حزبی شیوعی یه‌که‌م جار بڕوایان پێنه‌کردین هه‌تا دوا جار. ئێمه پێشتر زانیاریمان هه‌بوو له‌سه‌ر کیمیاوی نامیلکهکهمان خوێندبۆوه‌و چه‌ند جارێکیش له ناوچه‌ی سۆران کیمیا باران کرابوین.
بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له بادینان ماینه‌وه توانیمان خه‌ڵکێکی زۆر له ناوچه‌ی بادینان ئاشنا بکه‌ین به سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانی یه‌کێتی و دروست کردنی په‌یوه‌ندیه‌کی زۆر باش له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که‌یدا و هه روهها چه‌ندین چالاکی سه‌رکه‌وتو ئه‌نجام درا، له گرتنی ناحیه و فه‌وج و رهبیدا، جێگه‌ی دڵخۆشی خه‌ڵکه‌که بوو. زۆر حه‌زیان ئه‌کرد له نزیکه‌وه هاوڕیمان بن و ئێمه‌ش به خۆشحالیه‌وه گوێمان لێئه‌گرتن و هاوکاریمان ئه‌کردن.
چه‌ند جار کاك ئازاد قسه‌ی بۆ ئه‌کردین که زۆر ڕێز له خه‌ڵکی بادینان بگرین، وه هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌ك وه‌کو کادرێك پێوسته هه‌ڵس و که‌وت بکات چونکه ئێمه نوێنه‌ری یه‌کێتین له ناوچه‌که‌دا.
پاش گه‌ڕانه‌وه‌مان هاتینه‌وه بۆ گوێزێ و دۆڵهکۆکیێ بۆ بناری قه‌ندیل.
ئه‌یوست چاوی به کاك نه‌وشیروان بکه‌وێت له بناری قه‌ندیل ڕۆشتین بۆلای. پاش چه‌ند ڕۆژێك هاتینه قاسمه‌ره‌ش ماینه‌وه باره‌گای مامۆستا نازم له‌وێ بوو ئه وکات (کۆتای مانگی 7 – 1988) بوو.
وتی ئه‌کره‌م با بچین بۆ سه‌قز منیش پێم خۆش بوو، به‌رگه‌ی (وه‌ره‌قه‌ی)
ڕێگامان بۆ کرا وێنه‌که‌ی کاك ئازاد له به‌رگه‌که‌ی به (بۆیم باخه‌وه) بوو له بازگه‌ی سه‌قز داوای به‌رگه‌یان له کاك ئازاد کرد، سه‌ربازه‌که وێنه‌که‌ی بینی باسی خۆی کرد که ئه‌ویش جاران (بۆینباخی) به‌ستوه پاش که‌مێکی کورت له قسه‌ی خۆش به‌ڕێی کردین، گه‌شتینه (سه‌قز) .
چوینه ماڵی خۆمان که‌واته ماڵی مامۆستا (علی که‌مال) ی برام ئه‌وکات نۆێنه‌ری یه‌کێتی بوو.
کاك ئازاد برسی بوو به دایکمی ووت (ئامه‌خان) زۆرم برسیه چیمان هه‌یه. خواردنه‌که به دڵی من وکاك ئازاد نه‌بوو، وتم کاك ئازاد با بچین خۆمان بشۆین حه‌مامی شوشه هه‌بوو نزێك بوو لێمانه‌وه، پاشان دێنه‌وه خواردن ئاماده ئه‌بێت زۆری پێ‌باش بوو.
پاش نان خواردن چوینه بازار وتی هاوڕێ ئه‌کره‌م ئه‌مه‌وێت وێنه بگرم ئه‌و وێنه‌یی گرتمان بوو به پۆسته‌ر بۆ شه‌هید بونه‌که‌ی.
شه‌و هاتینه‌وه، ماڵی مامۆستا (علی کمال) تازه خوا کچێكی جوانی پێبهخشیبون ناویان هێشتا نه‌نابوو، کاك ئازاد وتی من ناوی ئه‌نێم و ئێمه‌ش هه‌موو پێمان خۆش بوو، وتی ناوی ئه‌نێم (شێنێ) ئه‌توانرێت به هه‌موو جۆرێك بانگ بکرێت بۆ نمونه (هاوڕێ – داده- شێنێخان – خاتوشێنێ) جوانترین یادگاری به‌جێ هێشت بۆ خێزانه‌که‌مان به‌وناوه خۆشه.
بۆ به‌یانی چو بۆ ماڵی کاك (دلێرسهیدمهجید) زۆر په‌یوه‌ندیان خۆش بوو ڕێزیان زۆر هه‌بوو بۆ یه‌کتری.
پاش چه‌ند ڕۆژ مانه‌وه له سه‌قز. کاك (شێخ کامل) لێپسراوی ئیداره‌ی مه‌کته‌بی سیاسی بوو، داوای کرد بچمه لای منیش زۆر لام زه‌حمه‌ت بوو چۆن به کاك ئازاد بڵێم پێی بڵیم چی، پێم ووت یه‌که‌م جار قبوڵی نه‌کرد پاش زۆر قسه کردن ئینجا رازی بوو، وتی فه‌رقی نیه قیناکه چۆنت پێخۆشه وابکه، که تاقه‌تیشت چوو وه‌ره‌وه. ووتم باشه. باره‌گای ئیداره‌ی مه‌کته‌بی سیاسی له بادیناوه بوو، پێوستی هێزه‌کانمان جێبه‌جێ ئه‌کرد و ئه‌مان نارد بۆ ناوچه‌ی قه‌ندیل.
کاك ئازاد سه‌رپه‌رشتی ناوچه‌یه‌کی ئه‌کرد، ڕژێم ڕۆژانه تۆپبارانی ئه‌کرد و هێرشی بۆ ئه‌برد به فڕۆکه و هێزی سه‌ربازی.
له ئه‌نجامی بۆمباران کردنی فڕۆکه‌کانی ڕژێمی فاشست ڕۆژی
(31 -8 – 1988) کاك ئازاد بریندار ئه‌بێت، زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ئه‌درێت زوو بیگه‌ینه شۆێنی چاره‌سه‌ر کردن به‌ڵام برینه‌که‌ی زۆر سه‌خت ئه‌بێت، ئه وکات شه‌هید (دکتۆر هێـــمن) هه وڵی چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌دات و یه‌كێك بوو له هه‌ره دکتۆره ئازا‌و زیره‌که‌کان که له‌داستانی ڕزگاری ده‌وری گرنگی گیرا بۆ چاره‌سه‌ر کردنی بریندار،
له‌گه‌ڵ کاك ئازاد زۆر ڕێز‌و خۆشه‌ویستیان هه‌بوو بۆ یه‌کتری.
به‌ڵام زۆر زۆر به داخه‌وه کاك ئازاد به‌ده‌م سرودی ڕێی خهباتمانهوه دڵه گه‌وره‌که‌ی له لێدان ئه‌که‌وێت.
برینێکه له‌لای هه‌موو دۆستان و هاوڕێیان، هه‌رگیزاو هه‌رگیز کاك ئازاد مان له بیر ناچێت.
سه‌ری ڕێز‌و خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌م پێشمه‌رگه هونه‌رمه‌نده سه‌رکرده‌یه دائه‌نه‌وێنم.
هیوادارم ڕۆحیم شاد کردبێت به که‌مێك له بیره‌وه‌ریه‌کان.
ڕێزم بۆ هاوسه‌ره‌که‌ی هاوڕێ (شنۆ) و بنه‌ماڵه‌ی کاك ئازاد هه‌یه.
31/08/2012