Sheqawe

کامەران وریا قانع : مێژووى شه‌قاوه‌كان ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووى شارستانیه‌كان یاخود شاره‌كان به‌ته‌نها بۆ پاشا و وه‌زیرو پیاوانى ئاینى و سه‌ركرده‌ سه‌ربازیيه‌كان و مێژوونووسه‌كان ناگه‌رێته‌وه‌ , به‌ڵكو مێژوى شاره‌كان هی سواڵكه‌ره‌كان و سۆزانیه‌كان و دزو شه‌قاوه‌كانیشه‌ . بۆئه‌وه‌ى له‌مێژوى شارێك يان شارستانيەك شاره‌زابین به‌بۆچوونى نووسه‌رى ئه‌م دێڕانه‌ ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌چینه‌كانى خواره‌وه‌ بكه‌ین , چونكه‌ ئه‌وچینانه‌ وێنه‌یه‌كى راسته‌قینه‌ى مێژوومان پێده‌ڵێن . جوانى مێژوو له‌وه‌دایه‌ حكایه‌تى ئه‌وچینه‌ له‌بیركراوانه‌ى شاره‌كانمان بۆ بگێرێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وچینانه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ژیانى خۆیاندا پشت گوێ خرابوون , هه‌روه‌ها مێژووش بێ ره‌حمانه‌ له‌بیریان ده‌كات . پاشاكان , پیاوانى ئاینى , سه‌ركرده‌ سه‌ربازیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ تواناى داراییان هه‌یه‌ كه‌مرۆڤى خوێنده‌وار له‌ده‌ورى خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌ كه‌مێژوه‌كانیان بۆبنووسنه‌وه‌ زۆریش زیادره‌ویى بكه‌ن له‌دروستكردنى درۆ. به‌جۆرێكى تر ناشرینى پاشاكان , پیاوانى ئاینى , سه‌ركرده‌ سه‌ربازه‌كان به‌جوانیه‌كى بێ سنوور به‌نه‌وه‌كانى دوارۆژ بفرۆشنه‌وه‌ . , هه‌موو مێژوو نووسێك ده‌كه‌وێته‌ داوى دنیاو لاده‌دات له‌ورێگایه‌ كه‌پێویسته‌ لانه‌دات بۆئه‌وه‌ى راستیه‌كان وه‌ك خۆى بنوسێته‌وه‌ , هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ زۆرقورسه‌ هه‌موو راستیه‌كان وه‌كخۆى بنوسرێته‌وه‌ , چونكه‌ دواجار مێژوونوسیش مرۆڤه‌و دوور نیه‌له‌ پشتگیرى و حه‌زى دنیا و هه‌ڵه‌كان .

پێناسه‌ى شه‌قاوه ‌:

رێكه‌وتن له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌كى شه‌قاوه‌ كارێكى ئاسان نیه‌ , به‌ڵام ئه‌توانین بڵێن : شه‌قاوه‌ ئه‌و تاكه‌یه‌ یان گروپه‌یه‌ كه‌ به‌لاده‌ر له‌یاساكان و كه‌لتورو خو و ره‌وشتى كۆمه‌ڵگا ده‌ناسرێته‌وه‌. به‌شێوه‌یه‌كى گشتى شه‌قاوه‌ش دوو جۆرى هه‌یه‌ شه‌قاوه‌ى تاك كه‌سى و شه‌قاوه‌ى به‌گروپ .

شه‌قاوه‌ى تاك كه‌سى زياتر ( شه‌قاوه‌ی شاره‌كانه ) : ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ له‌شاره‌كه‌ى یان گه‌ره‌كه‌كه‌ى به‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌خاوه‌ن كه‌سایه‌تیكى جیاوازتره‌ له‌وانى تر هه‌ر له‌جۆرى جل و به‌رگ تاكو شێوه‌ى قسه‌كردنى و رۆیشتنى له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌رده‌وام هه‌ڵگرتنى یه‌كێك له‌ئامرازاه‌كانى شه‌ڕكردن هه‌ر له‌چه‌قو وقامه‌, تێڵا تاكو ده‌مانچه‌…… ……. هتد .

ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه‌ هه‌موو تاكێك ئه‌و توانایه‌ی نیه‌ ببێت به‌شه‌قاوه‌ , واته‌ بوونه‌ شه‌قاوه‌ مه‌رجى خۆى هه‌یه‌ هه‌رله‌ باڵاى به‌رزو دڵفراوانى و ئازایاتى و به‌خشنده‌یى تاتواناى به‌كارهێناناى ئامرازه‌كانى شه‌ڕ كردن . یه‌كێك له‌سیفه‌ته‌ سه‌نجراكێشه‌كانى شه‌قاوه‌كانى شار له‌مێژوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌زۆر كه‌م په‌لامارى مرۆڤێكى له‌خۆى بێهێزترى داوه ‌, به‌ڵكو زیاتر فریاى مرۆڤه‌ داماوه‌كان كه‌وتووه‌ ئاماده‌بووه‌ له‌پێناو به‌رگریكردن له‌مرۆڤى گه‌ره‌كه‌كەى یان ناوچه‌كه‌ى شه‌ڕى ده‌سته‌ویه‌خه‌ بكات له‌گه‌ڵ شه‌قاوه‌كانى ترى گه‌ره‌كه‌ دووره‌كان . هه‌روه‌ها شه‌قاوه‌كان زۆربه‌ى كات جێگاى سه‌رنجى ئافره‌ته‌كان بوون , چونكه‌ ئه‌وسیفه‌ته‌ پیاوانیانه‌ كه‌ له‌شه‌قاوه‌ هه‌بوو هه‌ر له‌ئاماده‌بوون بۆ فیداكارى و به‌رگریكردن له‌ئافره‌تانى گه‌ره‌ك و ناوچه‌كه‌یى وایكردووه‌ ئافره‌ته‌كان ئه‌گه‌ر بۆجارێكیش بێت خه‌ون به‌وه‌وه‌ ببینن كه‌ له‌باوه‌شى ئه‌و شه‌قاوانه بگیرسێنه‌وه‌ .

ڕه‌نگه‌ باشترین نموونه‌ بۆشه‌قاوه‌ى تاكه‌كه‌سى له‌مێژوودا به‌بۆچوونى نووسه‌رى ئه‌م دێرانه‌ ( رووبن هودی ) ئینگلیزیه‌ , كه‌خێزانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى تاڵان ده‌كرد و ده‌سكه‌وته‌كه‌ى دابه‌شى سه‌رهه‌ژاران ده‌كردو دڵى زۆربه‌ى ئافره‌ته‌كانى سه‌رده‌مى خۆیى ڕاكێشابوو . هه‌روه‌ها شه‌قاوه‌ى شار زۆرجار گروپێكى بچووكى ( 2-3 ) كه‌سى هه‌بوو كه‌یه‌كتریان ئاگادار دەكرده‌وه‌ له‌ده‌نگو باسى كۆمه‌ڵگاو پلاندانان بۆ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌رماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان یان رێگریكردن له‌مرۆڤێك ئه‌گه‌ربزانن كارێكى كردووه‌ گرووپه‌كه‌ى تووڕه‌ كردووه‌ ..

یه‌كێك له‌سیفه‌ته‌كانى شه‌قاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام پۆلیس به‌دواوه‌یه‌تى له‌ژێر چاودێریه ‌, به‌ڵام زۆرجار پۆلیسیش هیچى پێناكرێت چونكه‌ ئه‌وكارانه‌ى شه‌قاوه‌ ئه‌نجامى ده‌دات زۆربه‌ى كات یان به‌شه‌وبووه‌ یان دورر له‌چاوى پۆلیس , به‌ڵام شه‌قاوه‌ هه‌ندێك جاریش پێخۆشه‌ بگیرێت ئه‌گه‌ربزانێت به‌كاره‌كه‌ى ئاستى جه‌ماوه‌ریى به‌رزده‌بێته‌وه ‌., شه‌راب و شه‌قاوه‌ دوو هاورێى دلسۆزى یه‌كترین , كه‌م شه‌قاوه‌ هه‌یه‌ شه‌راب نه‌خواته‌وه‌و سه‌رى گه‌رم نه‌كات و له‌ناو هاوه‌ڵه‌كانى به‌ده‌نگى به‌رز گۆرانى نه‌ڵێت و باسى بێ وه‌فایى ژیان نه‌كات !. هه‌ڵكه‌ندنى نه‌خشه‌ له‌سه‌رجه‌سته‌و شوێن چه‌قۆكانیش دوو نیشانه‌ن كه‌شه‌قاوه‌ شانازى پێوه‌ ده‌كات . هه‌روه‌ها هه‌ندێكجار فشه‌كردن له‌كاتى قسه‌كردندا یه‌كێكى تره‌ له‌سیفه‌ته‌كانى شه‌قاوه‌ كه‌ له‌گێرانه‌وه‌ى چیرۆكێكى خۆى یان هه‌ره‌شه‌كردنى له‌نه‌یارێكى خۆى . باشترین نموونه‌ى بۆ فشه‌كردن و هه‌ره‌شه‌كردن له‌كاتى قسه‌كردندا قسه‌كانى صدام حسینى شه‌قاوه‌ بوو كه‌ده‌یووت ( نیوه‌ى ئیسرائیل ده‌سووتێنم ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا هێرش بكاته‌ سه‌رم )

هه‌روه‌ها زۆرجار ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و هه‌تا حزبه‌سیاسیه‌كان هانا ده‌به‌ن بۆ شه‌قاوه‌كان تاكو دوژمنه‌كه‌یان بۆ له‌ناو ببات به‌رامبه‌ر پاداشتێكى گه‌وره‌ یان بۆ جێ به‌جێكردنى كارێكى نیشتمانپه‌روه‌رى, باشترین نموونه‌ شه‌قاوه‌یه‌كى كورد بوو كه‌ له‌نێوان به‌غداو دیاله‌ ده‌ژیا له‌سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ناوى ( ئیبراهم كورى عبدكه ‌) ئه‌م كابرایه‌ هه‌موو پۆلیسى عوسمانى و دواتر پۆلیسى ئینگلیز به‌دوایه‌وه‌ بوون تابیگرن . سیاسیه‌كانى ئه‌وكاته‌ زۆر سوودیان لێوه‌رگرت له‌دژى عوسمانیه‌كان شه‌ریان بۆبكات , له‌یه‌ك شه‌ڕدا به‌ته‌نها شه‌ش جه‌ندرمه‌ى كوشتبوو كاتێك ماڵه‌كه‌ى گه‌مارۆ ده‌ده‌ن دوای بۆى ده‌رئه‌چێت, هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تى ئه‌وپه‌لاماره‌ ده‌كات كه‌ ده‌كرێته‌سه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌رى نێوان خانه‌قین و شه‌هره‌بان كه‌ ده‌بێته‌ هۆى به‌دیلگرتنى كۆمه‌لێك ئافره‌تى ئینگلیز كه‌ له‌ناویانه‌ خاتو ( بیل ) ى بوو كه‌ دواتر ئه‌م خانمه‌ ده‌بێته‌ سكرتیرى مه‌ندوبى سامى له‌به‌غدا كه‌به‌شدارده‌بێت له‌زۆربه‌ى بڕیاره‌ گرنگه‌كانى ئینگلیز له‌عێراقدا, به‌ڵام به‌فه‌رمانى ( كورى عه‌بدكه‌ ) ئه‌م ئافره‌ت و هاورێكانى ئازاد ده‌كرێن و به‌رێزه‌وه‌ ده‌یانێرنه‌وه‌ بۆبه‌غداد , دواتر هه‌ر ئه‌م ئافره‌ته‌ دواى ئه‌وه‌ عه‌بدكه‌ ده‌گیرێت دواى چه‌ندان شه‌ریش له‌گه‌ڵ ئینگلیز فریاى ده‌كه‌وێت حكومه‌كه‌ى له‌ئیعدام ده‌گورێت بۆ 20 ساڵ زیندانى ,دواتر دواى 12 ساڵ ئازاد ده‌كرێت و حكومه‌تى عێراقى له‌به‌ر ئازایى و شه‌ڕى دژى عوسمانیه‌كان دایده‌مه‌زرێنێـت به‌پاسه‌وانى شوێنه‌واره‌كانى شارى بابل , له‌ساڵى 1954 له‌كاره‌ساتێكى غه‌مبار ده‌كوژرێت . كه‌ئه‌مه‌ش چاره‌نووسى زۆربه‌ى شه‌قاوه‌كانه ‌.

شه‌قاوه‌یى به‌ گروپ ( شه‌قاوه‌ى خێڵه‌كان ) : .

ئه‌گه‌ر شه‌قاوه‌ ده‌رهاویشته‌ى شاربێت ئه‌وه‌ له‌گونده‌كان جۆرێكى تر گروپ هه‌بوون پێیان ده‌وترا چه‌ته‌ ( شه‌قاوه‌یی به‌ كۆمه‌ڵ ) , كاتێك شاره‌كان به‌ته‌واوى گه‌شه‌یان نه‌كردووه‌ ئه‌وفراوان بوونه‌یان به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیبوو هێشتا سیسته‌مى خێلایه‌تى به‌رجه‌سته‌بوو له‌ناوچه‌كان بۆنموونه‌ كوردستانى باشور له‌سه‌ده‌ى نۆزده ‌, خێڵه‌كان هه‌ندێك كاریان ئه‌نجام ده‌دا كه‌ له‌شه‌قاوه‌ بوون به‌گروپ ده‌چوو , زۆرجار له‌نووسراوه‌كانى والیه‌كانى شاره‌كانى كه‌ركووك و موسل كه‌بۆ ئه‌سته‌نبولیان ده‌نارد ئه‌و رێگرى و كوشتن و تاڵانیه‌ى خێڵه‌كان ده‌یان كرده‌ سه‌ركاروانى بازرگانى یان سه‌ربازى به‌كارێكى شه‌قاوه‌یه‌ وه‌سفیان ده‌كرد. به‌ڵام له‌گه‌ڵ فراوانبوونى شاره‌كان و كۆچ كردنى به‌رده‌وامى گوندنشینه‌كان بۆ شاره‌كان جۆرى شه‌قاوه‌یى به‌گروپ لاواز ده‌بێت و شه‌قاوه‌یى تاكه‌كه‌سى به‌هێز ده‌بێت . لێك چوونێكى سه‌یر هه‌یه‌ له‌نێوان شه‌قاوه‌یى تاكه‌ كه‌سو شه‌قاوه‌یى به‌گروپ وه‌كو چۆن لاى شه‌قاوه‌یى تاكه‌كه‌سى شه‌ره‌فی ئافره‌تى گه‌ره‌ك گرنگه‌ ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ هه‌مان بیرۆكه‌ى شه‌قاوه‌ی به‌گروپى خێڵه‌ كه‌ ئافره‌ت به‌شه‌ره‌فى خێڵ ده‌زانێت . چۆن خێڵ به‌رگرى له‌سنوورى خۆى ده‌كات هه‌مان بیرۆكه‌ له‌شه‌قاوه‌ی ناو شاره‌كان دووباره‌ده‌بێته‌ له‌پاراستنى سنورى گه‌ره‌كه‌كه‌ى چه‌ندین .

شه‌قاوه‌ و مێژوو :

وشه‌ى شه‌قاوه‌ له‌سه‌ده‌ى دووه‌مى هیجرى سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ به‌عه‌ره‌بى پێده‌وترێت ( الفتوه‌) , ڕه‌نگه‌ وشه‌كه‌ جیاواز بێت له‌رووى شكله‌وه‌ به‌ڵام هه‌مان واتا ده‌دات . ڕه‌نگه‌ گروپى ( صه‌عالیك) له‌دورگه‌ى عه‌ره‌بى پێش ئیسلام به‌یه‌كه‌م گروپى شه‌قاوه‌یى دابنرێت كه‌بریتى بوونه‌ له‌كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك كه‌زۆر شاعیر گه‌وره‌یان تیاهه‌ڵكه‌وت بوو , هه‌ڵده‌ستان به‌كارى شه‌قاوه‌یى ئه‌ویش بریتى بوو له‌دزین و تاڵانى كردنى خێله‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و دابه‌شكردنى به‌سه‌ر هه‌ژاراندا . هیچ باوه‌ڕیان به‌خێڵ و یاساكانى نه‌بوو , له‌به‌رئه‌و هۆیه‌ له‌سنورى خێڵه‌كان ده‌رده‌كران و ده‌بوون به‌یاخیه‌كان . ڕه‌نگه‌ شارى به‌غداد یه‌كه‌مین شاربێت له‌مێژووى ئیسلامى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست كه‌ ده‌توانین به‌شارى شه‌قاوه‌كانى ناو بنێن . یه‌كه‌م گروپى شه‌قاوه‌ى له‌م شاره‌دا دروست بوو. به‌تایبه‌تى له‌سه‌رده‌مى هه‌ردوو كوره‌كه‌ى هارونه‌ ره‌شید ( ئه‌مین و مه‌ئمون) . كاتێك ئه‌م دوو برایه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن , شه‌قاوه‌كانى به‌غداد پشگیرى ( ئه‌مین ) ده‌كه‌ن و له‌وشه‌ڕدا به‌رگریه‌كى باش ده‌كه‌ن به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا به‌غداد هه‌ربه‌ده‌ستى له‌شكرى مه‌ئمون ده‌گیرێت , دواى وێرانكردن و سوتاندنى شاره‌كه‌ سه‌رى ئه‌مین به‌دیارى ده‌به‌ن بۆمه‌ئمون كه‌خۆى له‌خوراسان داده‌نیشت . هه‌روه‌ها ( قه‌رامیته‌كان) ئه‌مانه‌ش گروپێك بوون كه‌ده‌كرێت به‌شه‌قاوه‌ى گروپى پێناسه‌ى بكه‌ین كه‌شۆرشێكى كۆمه‌ڵایه‌تیان به‌رپاكرد كه‌ له‌مێژوودا به‌یه‌كه‌م شۆرشى سۆشیالیستى داده‌نرێت . ئه‌م گروپه‌ش هه‌ر له‌دورگه‌ى عه‌ره‌بى بوو له‌ساڵانى (286 هیجرى ) وڵاتى به‌حرین بنكه‌یان بوو . له‌و شوێنانه‌ى كه‌ده‌سه‌ڵاتیان ده‌رۆیشت زۆریارمه‌تى هه‌ژارانیان ده‌داو ده‌وڵه‌تێكیان دروستكرد كه‌یارمه‌تى خه‌ڵكه‌ ده‌ست كورته‌كانى ده‌دات له‌دروست كردنى خانوو په‌ره‌پێدانى چاندنى خورما هه‌روه‌ها لێخۆشبوون له‌باج. به‌شێوه‌یه‌كى گشتى دادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ئاستێكى به‌رز بوو. دواتر له‌سه‌رده‌مى عوسمانیه‌كان زۆربه‌ى خێڵه‌ دورده‌سته‌كانى ناوه‌ندى خه‌لافه‌ت هه‌ڵده‌ستان به‌كارى شه‌قاوه‌یى به‌شێوه‌ى گروپ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كاتێك ده‌سه‌ڵات نه‌گات به‌ناوچه‌یه‌كى دیاریكراو شه‌قاوه‌كان به‌شێوه‌ى تاك و گروپ ده‌رده‌كه‌ون رۆژانى زێرینى خۆیان ده‌ژین .

كوردو شه‌قاوه

شاره‌كانى كوردیش بێبه‌ش نه‌بوون له‌شه‌قاوه‌كان , به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ى نووسه‌رى ئه‌م دێرانه‌ دواى گه‌رانێك به‌پێى توانا به‌ناوسه‌رچاوه‌ مێژوویه‌كان شتێكى ئه‌وتۆم به‌رچاو نه‌كه‌وت . یه‌كێك له‌خاڵه‌ لاوازه‌كانى مێژوو نووسانى كورد ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام ئه‌وشتانه‌ بۆنه‌وه‌ى دواى خۆیان ده‌نووسنه‌وه‌ كه‌زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌ بێگانه‌كان باسى ده‌كه‌ن . به‌شێوه‌یه‌كى تر مێژوونووسانى كورد خۆیان له‌و بابه‌تانه‌ ناده‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ دنیابینى ده‌سه‌ڵاتدارنى سیاسى و ئاینى یه‌كناگرنه‌وه ‌, ئه‌م خۆدزینه‌وه‌ له‌نووسینه‌وه‌ى مێژووى ئه‌و چینانه‌ى خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا كه‌ زۆربه‌ى كات ئه‌وانن ئامرازه‌كانى دروستكردنى مێژووى ده‌سه‌ڵاتداره‌كان یه‌كێكه‌ له‌خاڵه‌ هه‌ره‌ لاوازه‌كان .

شارى هه‌ولێر وه‌كو نموونه‌ :

نووسه‌رى ئه‌م دێرانه‌ دواى قسه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ندێك شایه‌تحاڵ كه‌ له‌ ژیاندا ماون توانیم ناوى هه‌ندێك شه‌قاوه‌ى شارى هه‌ولێر بدۆزمه‌وه‌ له‌ساڵانى چله‌كانه‌وه‌ تاكو حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو كه‌ بریتى بوون له‌ محسین ملا (توركمان له‌ ته‌عجیل ) له‌سالى چله‌كان , بلال لەتیف قصاب نازناوى به‌دلى بلال , یونس ملا له‌چله‌كان ( قه‌ڵا) , ئه‌كره‌م وەهاب گه‌ره‌كى عه‌ره‌بان , نازم عصاف هه‌ولێرى بوو له‌كه‌ركوك شه‌قاوه‌بووه‌ , عادل حمد+ هاشم تۆفیق / ته‌یراوه‌ له‌سالى 1961 كوژراون , صلاح عمر نازناوى وه‌ستاصلاح / سینما سیروان , خلیل نازناوى/ بیج خلیل / گه‌ره‌كى عه‌ره‌بان .

سیفه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانیان ئه‌وه‌بوو زۆربه‌یان كراس و شه‌ڕواڵیان له‌به‌ده‌كرد و قایشێكى پانیان ده‌به‌ست , هه‌روه‌ها زۆربه‌یان شه‌راب خۆر بوون , خه‌ڵكى گه‌ره‌ك خۆشیان ده‌ویست و ئه‌وانیش زۆر رێزى پیاوانیى ئاینیان ده‌گرت به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن ده‌چوون بۆمزگه‌وت , به‌رده‌وام كێشه‌یان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت هه‌بووه‌ و زۆربه‌ى كات قاچاغ بوون له‌پۆلیس , هه‌موو كات ئاماده‌بوون شه‌ڕ له‌پێناوى گه‌ره‌كه‌كه‌یان بكه‌ن .

له‌كۆتایدا ڕه‌نگه‌ سه‌رچاوه‌ى كوردى هه‌بێت ده‌رباره‌ى مێژوى شه‌قاوه‌كانى كوردیش به‌ڵام من ده‌رفه‌تى خوێندنه‌وه‌یانم بۆهه‌ڵ نه‌كه‌وتوه‌.

زۆرحه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م نووسینه‌ كورته‌ى من ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆمێژوو نووسه‌ نوێ كانى نه‌ته‌وه‌كه‌م كه‌ شه‌رمن نه‌كه‌ن له‌ نووسینه‌وه‌ى هه‌ر بابه‌تێك كه‌ پێویسته‌ هه‌موو تاكێكى كورد بیزانێت . دواجار شه‌قاوه‌كان به‌قه‌د هه‌ر سیاسیه‌ك , پیاوێكى ئاینى , نووسه‌رێك , سه‌ركرده‌یه‌كى سه‌ربازى , دكتۆرێك ..هتد . مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بیانناسین و ئاورێكیان لێبده‌ینه‌وه‌ .

لێره‌وه‌ داوا له‌هه‌موو تاكێكى كورد ده‌كه‌م هه‌ركه‌سێك زانیارى هه‌یه‌ له‌سه‌ر شه‌قاوه‌كانى شاره‌كه‌ى خۆى ئه‌كه‌ر به‌وێنه‌ش بێت بۆم بنێرن سوپاستان ئه‌كه‌م یان به‌كۆمنتێك شتێكى تازه‌ بنوسن له‌سه‌ر شه‌قاوه‌كان .

149 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت