سه‌روه‌ر پێنجوێنی : قورئان و پێشبینیی داڕمانی سه‌نته‌ری بازرگانیی جیهانی , كوجا مه‌رحه‌با .
له‌قورئاندا ئاماژه‌یه‌ك هه‌یه بۆئه‌و مزگه‌وته‌ی دواتر ناسرا به ( مسجد الضرار ) ، كه كۆمه‌ڵێك له‌و مه‌دینه‌ییانه‌ی قورئان به‌دوڕوه‌كان ( المنافقون ) ناویان ده‌بات ، له‌ده‌ره‌وه‌ی شاری مه‌دینه دروستیان كردبو ، بۆ دروستكردنی ناكۆكی و تێكدانی یه‌كڕیزی موسوڵمانه‌كان و خۆئاماده‌كردن بۆ له‌ناوبردنی هێزه ئیسلامیه‌كه . له‌وباره‌وه قورئان ده‌ڵێت : ( والذين اتخذوا مسجدا ضرارا وكفرا وتفريقا بين المؤمنين وإرصادا لمن حارب الله ورسوله من قبل وليحلفن إن أردنا إلا الحسنى والله يشهد إنهم لكاذبون . لا تقم فيه أبدا ، لمسجد أسس على التقوى من أول يوم أحق أن تقوم فيه، فيه رجال يحبون أن يتطهروا ، والله يحب المطهرين . أفمن أسس بنيانه على تقوى من الله ورضوان خير أم من أسس بنيانه على شفا جرف هار فانهار به في نار جهنم؟ والله لا يهدي القوم الظالمين ) ( التوبة: ١٠٧ ـ ١٠٩ ) . ئه‌مه ته‌فسیری ئه‌م چه‌ند ئایه‌ته‌یه :
” كۆمه‌ڵێكیان (١٢ كه‌س له دوڕوه‌كان ) مزگه‌وتێكیان دروست كردوه بۆدژایه‌تی ( ی مزگه‌وتی قوباء ) و بۆ بێباوه‌ڕی و تێكدانی ڕیزی موسوڵمانان ( كه به‌شێك له‌و موسوڵمانانه‌ی ده‌وری مزگه‌وتی قوباء ده‌چون بۆ ئه‌و مزگه‌وته ) و بۆچاوه‌ڕوانیی ئه‌وكه‌سه‌ی پێشتر شه‌ڕی دژی خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ڕاگه‌یاندوه ( كه مه‌به‌ست ئه‌بو عامیری ڕاهیب كه چوبو بۆ هێنانی سه‌رباز له‌لایه‌ن قه‌یصه‌ره‌وه بۆشه‌ڕ له‌گه‌ڵ موسوڵمانه‌كان ، كه مزگه‌وته‌كه‌ش به‌فه‌رمانی ئه‌و دروستكرابو بۆئه‌وه‌ی ببێته باره‌گایه‌ك بۆی كاتێك گه‌ڕایه‌وه) ، و سوێندیش ده‌خۆن و ده‌ڵێن : مه‌به‌ستمان ( له كردنه‌وه‌ی ئه‌م مزگه‌وته ) ته‌نها چاكه‌و باشه‌یه ، خواش شایه‌ته كه‌ئه‌وانه درۆ ده‌كه‌ن. ( داوایشیان له‌پێغه‌مبه‌ر كردبو بچێت نوێژ له‌مزگه‌وته‌كه‌یاندا بكات ، به‌ڵام قورئان وه‌ڵامی ئه‌وه بو : ) قه‌ت له‌و مزگه‌وته نوێژ مه‌كه ( و پێغه‌مبه‌ر كۆمه‌ڵێكی نارد ڕوخاندیان ) ، مزگه‌وتێك ( كه مزگه‌وتی قوبائه) هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژ ( ی گه‌یشتنه شاری مه‌دینه ) ـه‌وه بناخه‌ی دانراوه ؛ شایه‌نتره نوێژی تێدابكه‌یت ، كۆمه‌ڵێك پیاوی ( له ئه‌نصاریه‌كان ) تێدایه كه‌حه‌زیان له‌پاك وته‌میزیه (گێڕانه‌وه‌كان ده‌ڵێن : ئه‌وچه‌ند ماڵه‌ی ده‌وری قوباء پێشتر ئه‌وه له‌جوله‌كه‌كانه‌وه فێر بون له‌سه‌ر پێشاو دوای به‌رد ئاویش به‌كار بهێنن !! ) ، خوایش پاكوكارانی خۆش ده‌وێت . ئه‌رێ كه‌سێك له‌سه‌ربناخه‌ی له‌خواترسان و به‌ته‌مای ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌وبناخه‌ی مزگه‌وتێكی دانابێت ( وه‌كو مزگه‌وتی قوباء ) ؛ باشتره یان كه‌سێك بناخه‌ی مزگه‌وتێكی له‌سه‌ر لێواری كه‌نده‌ڵان ( واته لایه‌كی ڕوبارێك ) ێك كه‌خه‌ریكه داده‌ڕمێت ( وه‌كو مزگه‌وتی ضيڕاڕ ) دانابێت كه ئیتر دروستكه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌باته خواره‌وه به‌ئاگری دۆزه‌خدا ؟ خوایش خه‌ڵكانی سته‌مكار ناخاته سه‌ر ڕێی ڕاست “.
ئه‌مه‌بو واتای ئه‌وچه‌ند ئایه‌ته ، كه باسی ڕوداوێكی ڕابردوی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر ده‌كات .
به‌ڵام ئێسته هه‌ندێك موسوڵمانی نه‌شاره‌زا و چه‌واشه‌كار ، بۆشاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانیان و دواكه‌وتوییان و بۆ به‌رده‌وامیدان به‌هۆشیاریی ئه‌فسانه‌یی و نازانستی له‌ناو ڕه‌شه‌خه‌ڵكی داماودا ، دێن ئایه‌تێك له‌م سێ ئایه‌ته به‌شێوه‌یه‌ك لێك ده‌ده‌نه‌وه كه‌ئاماژه بێت بۆداڕمانی دو بورجی ( سه‌نته‌ری بازرگانیی جیهانی ) World Trade Center ، كه له‌هێرشته تێرۆریستیه‌كه‌ی ( ١١ ی سێپته‌مبه‌ر ) دا ته‌ختی زه‌وی كران . كه كۆمه‌ڵێك موسوڵمان هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجام دا كه‌زۆربه‌یان خه‌ڵكی سه‌عودییه بون . ئێسته‌ش گه‌لێك موسوڵمان ، له‌بریی ئه‌وه‌ی ئیدانه‌ی ئه‌وكاره تێرۆریستیه بكه‌ن ؛ دێن له‌قورئاندا ئاماژه ده‌دۆزنه‌وه بۆئه‌و ڕوداوه ، و گوایه قورئان پێش ئه‌وه‌نده سه‌ده پێشبینیی ئه‌وڕوداوه‌ی كردوه ! به‌م شێوه‌یه ده‌ڵێن: ئایه‌تی ( أفمن أسس بنيانه على تقوى من الله ورضوان خير أم من أسس بنيانه على شفا جرف هار فانهار به في نار جهنم؟ والله لا يهدي القوم الظالمين ) ( التوبة: ١٠٩ ) ئاماژه‌ی بۆ ڕوداوه‌كه كردوه:
١. سه‌نته‌ره‌كه له‌شه‌قامێك ـ یاخود ناوچه‌یه‌ك ـ ی شاری نییۆرك بو ، كه پێی ده‌وترێت ( جرف هار ) Jerf Har ! كه ـ گوایه ـ ئه‌م ناوه‌ش له‌ئایه‌ته‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆكراوه كه‌ده‌ڵێت ( على شفا جرف هار ) .
٢ . كاتی هێرشه‌كه‌و داڕمانی دو بورجه‌كه ، ڕۆژی ( ١١/٩/٢٠٠١ ) بو . ئه‌م ئایه‌ته‌ش ده‌كه‌وێته سوره‌تی ( التوبة ) كه ده‌كه‌وێته جوزئی (١١ ) ی قورئان ، كه‌ئه‌م ژماره‌یه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ڕۆژه‌كه !
٣ . هه‌روه‌ها سوره‌تی ( التوبة ) سوره‌تی ( ٩ ) هه‌می قورئانه ، كه‌ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆئه‌و مانگه‌ی كه‌ڕوداوه‌كه تێیدا ڕویداوه كه‌مانگی (٩) یه .
٤ . ژماره‌ی وشه‌كانی سوره‌تی ( التوبة ) له‌سه‌ره‌تایه‌وه هه‌تا ئایه‌تی ( ١٠٩ )؛ ( ٢٠٠١ ) پیته ، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆساڵی ڕوداوه‌كه .
٥ . ژماره‌ی ئایه‌ته‌كه (١٠٩) ی سوره‌تی ( التوبة ) یه ، كه‌ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆژماره‌ی قاته‌كانی بورجه‌كه !
***
هه‌رچه‌ند كات زۆر له‌وه به‌نرختره له‌پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پرۆپاگه‌ندایه‌كی بێنرخی له‌م جۆره‌دا سه‌رفی بكه‌ین ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆپاگه‌ندایه زۆر بڵاوبوه‌ته‌وه و زۆركه‌س لایان بوه‌ته پرسیار و هه‌لێكیشه بۆخستنه‌ڕوی هه‌ندێك زانیاری له‌سه‌ر قورئان و موصحه‌ف ؛ به‌م چه‌ند خاڵه ڕاستیی بابه‌ته‌كه ڕون ده‌كه‌ینه‌وه:
١. ئه‌م چه‌ند ئایه‌ته باسی مزگه‌وتی ضيڕاڕ ( مسجد الضرار ) ده‌كات ، و ده‌یه‌وێت بڵێت : جیاوازی هه‌یه له‌نێوان مزگه‌وتێك كه له‌سه‌ر بنه‌مای له‌خواترسان دامه‌زرێنرابێت و مزگه‌وتێك بۆ مه‌به‌ستی دژایه‌تیی خوا دامه‌زرێنرابێت ، ئینجا ده‌قه‌كه ده‌ڵێت : ئه‌مكاره خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌باته خواره‌وه به‌دۆزه‌خدا ، بۆئه‌م واتایه‌ش ده‌قه‌كه دروستكردنی ئه‌و مزگه‌وته بۆئه‌و مه‌به‌سته ده‌چوێنێت به‌بینایه‌ك له‌سه‌ر لێواری كه‌نده‌ڵانێكی سه‌ر ڕوبارێك دروستكرابێت كه‌به‌ره‌و داڕمان ده‌چێت و گومانی تێدانیه كه‌ئه‌م بینایه زو داده‌ڕمێت .
ئیتر ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به ( سه‌نته‌ری بازرگانیی جیهانی ) ی نیویۆركه‌وه چیه ؟ گۆڕینی واتای ده‌قه‌كه به‌م شێوه‌یه له ( ته‌حریف ) ێك زیاتر نیه . ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باسی داڕمانی بنیاتنراوێك ده‌كات ؛ ده‌بێت به‌سه‌ر ( سه‌نته‌ری بازرگانیی جیهانی ) دا بسه‌پێنرێت ؟!!
خۆئه‌و سه‌نته‌ره ، نه‌مزگه‌وته ! نه‌بۆ دژایه‌تیی مزگه‌وتێك دروستكراوه ! نه‌له‌سه‌ر لێواری كه‌نده‌ڵانێك دروستكراوه! و نه‌قورئانیش مه‌به‌ستی له ( لێواری كه‌نده‌ڵانێك و داڕمان ) شتێكی واقیعیه به‌ڵكو ئه‌مه نمونه‌یه‌كه هێناوێتیه‌وه بۆ چواندن ( تشبيه ) .
٢. ئه‌م ناوه (جرف هار) Jerf Har ، هه‌ڵبه‌ستراو و ده‌ستكرده ، و هیچ شه‌قامێك یان ناوچه‌یه‌ك له‌نیویۆرك به‌م ناوه‌وه نیه .
خۆی بینای دو تاوه‌ره‌كه ده‌كه‌وته سه‌رسێ شه‌قام به‌م ناوانه :
شه‌قامی ئازادی Liberty Street
شه‌قامی ڤیزی Vesey Stree
شه‌قامی كلێسا Church Street
بۆ نمونه؛ بڕوانه :
World Trade Center — Ground Zero
Vesey-Liberty-Church-West Streets
New York, NY 10038
http://www.nyc.com/arts__attractions/world_trade_center__ground_zero.1348/map_location.aspx
هه‌روه‌ها بڕوانه :
http://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/1/1e/WTC_Building_Arrangement_and_Site_Plan.svg
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی کهوشه‌ی ( جرف) لهده‌قه‌که‌دا به ( جوڕوف) ده‌خوێنرێته‌وه نه‌ک به ( جیرف) یان ( جێرف) !!
٣. سوره‌تی ( التوبة ) ده‌كه‌وێته جوزئی (١١) ی قورئان ؛ ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌خودی قورئانه‌وه نیه ، دابه‌شكردنی قورئان بۆ (٣٠) جوزء و (٦٠) حیزب ؛ شتێكه دوای پێغه‌مبه‌ر كراوه‌و ناكۆكییشی تێدایه : لای هه‌ندێك قورئان كراوه به (٣٠) جوزء ، لای هه‌ندێكی تر كراوه ( ٦٠ ) جوزء ، لای ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ی دوه‌م ئه‌م چه‌ند ئایه‌ته‌كه‌ی سوره‌تی ( التوبة ) ده‌كه‌وێته جوزئی ( ٢٠ ) ! چونكه لای ئه‌مانه جوزئی ( ٢٠ ) له‌دوای ئایه‌تی ( التوبة : ٩٢) و سه‌ره‌كه‌ی ( ما ینفقون ) ده‌ست پێ ده‌كات .
بڕوانه :
الداني ، البيان في عد آي القرآ‌ن. تحقيق: غانم قدوري الحمد. مركز المخطوطات والتراث ، الكويت . الطبعة الأولى ، ١٩٩٤. ص‌ص . ٣١٧ ، ٣١٨ .
ئه‌م قه‌ڵه‌مۆچكه ئیسلامیانه‌ی ئێسته ته‌نها چاپه سه‌عودییه‌كه‌ی قورئانیان لایه‌و هیچی تر نازانن له‌قورئان ، ئه‌و چاپه به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن و ئیعجازی لێ ده‌رده‌هێنن ، واده‌زانن ئه‌وچاپه لای خواوه هاتوه ! خه‌ڵكی وایانم بینیوه ئیعجازی له‌شوێنی نوسینی وشه‌یه‌ك له‌وچاپه‌دا ده‌رهێناوه ! له‌كاتێكدا ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به‌دابه‌شكردنی وشه‌كانه‌وه هه‌یه به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كاندا كه له‌لایه‌ن خۆشنوسه‌كه ( عثمان طه ) خۆیه‌وه كراوه .
ئینجا چ په‌یوه‌ندییه‌كی لۆجیكی هه‌یه له‌نێوان ژماره‌ی جوزئی سوره‌ته‌كه‌و ڕۆژی ڕوداوه‌كه ؟ بۆچی و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ژماره‌ی جزئی سوره‌ته‌كه له‌گه‌ڵ ڕۆژی ڕوداوه‌كه به‌راورد بكرێت نه‌ك له‌گه‌ڵ ـ بۆ نمونه ـ مانگی ڕوداوه‌كه ؟!
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت په‌یوه‌ندیه‌كه تاڕاده‌یه‌ك لۆجیكی بێت ؛ ده‌بێت گه‌وره‌تر له‌گه‌ڵ گه‌وره‌تر به‌راورد بكرێت ، و بچوكتر له‌گه‌ڵ بچوكتر.. بۆنمونه : ساڵ له‌مانگ گه‌وره‌تره ، مانگیش له‌ڕۆژ گه‌وره‌تره ، له‌به‌رامبه‌ریشدا : جوزء له‌سوره‌ت گه‌وره‌تره ، سوره‌تیش له‌ئایه‌ت گه‌وره‌تره .. لێره‌دا ئه‌وه تاڕاده‌یه‌ك لۆجیكیه جوزء له‌گه‌ڵ ساڵ ، و سوره‌ت له‌گه‌ڵ مانگ ، و ئایه‌ت له‌گه‌ڵ ڕۆژ ، به‌راورد بكرێت ، به‌و پێیه‌ی كه گه‌وره‌تر له‌گه‌ڵ گه‌وره‌تر به‌راورد ده‌كرێت .. به‌ڵام له‌م ئیعجازه سازركراوه‌دا جوزء له‌گه‌ڵ ڕۆژ به‌راورد كراوه.. ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه وشكه‌كه‌ڵه‌كه‌كه‌ی بۆ ساز ده‌بێت !
٤. كه سوره‌تی ( التوبة ) سوره‌تی ( ٩ ) هه‌می قورئانه ؛ ئه‌مه‌ش دیسان باسی ڕێكخستنێكی قورئانه كه‌دوای پێغه‌مبه‌ر كراوه. ڕێكخستنی سوره‌ته‌كان له‌موصحه‌فدا كارێك بوه كه له‌موصحه‌فه ستاندارده‌كه‌ی ( عوثمان ) دا صه‌حابیه‌كان به‌بیروڕا و ( ئیجتیهاد ) ی خۆیان كردویانه ، یانی ( توقيفي) نیه ، كه ئه‌مه‌ش ڕای زۆرینه ( جمهور ) ی زاناكانی ئیسلامی له‌سه‌ره ، له‌مانه ئیمام ( مالیك ) و باقیللانی ( یه‌كێك له‌ودو بیروڕایه‌ی كه‌لێیه‌وه گه‌یشتوه ) و ئیبن فاریس ، به‌ڵگه‌كه‌یشیان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ڕێكخستنی سوره‌ته‌كان ( توقيفي ) و خوایی بێت ؛ صه‌حابیه‌كان نه‌یانده‌توانی موصحه‌فیان هه‌بێت به‌ڕێكخستنی جیاواز ، بۆنمونه : موصحه‌فی عه‌لی به‌پێی ڕێكخستنی كاتی و مێژویی بو یانی به‌سوره‌تی ( اقرأ ) ده‌ستی پێ ده‌كرد ، موصحه‌فی (عه‌بدوڵڵای كوڕی مه‌سعود) و ( ئوبه‌یی كوڕی كه‌عب ) یش كه‌مێك له‌ڕێكخستنی موصحه‌فه‌كه‌ی لیژنه‌كه‌ی ( عوثمان) ده‌چن به‌ڵام جیاوازییه‌كی زۆریشیان هه‌بوه .
بڕوانه:
السيوطي ، أسرار ترتيب القرآ‌ن . دار الفضيلة للنشر والتوزيع . ص. ٤١ .
السيوطي ، الإتقان في علوم القرآ‌ن . تحقيق : محمد أبو الفضل إبراهيم . الهيئة المصرية العامة للكتاب . ١٩٧٤. جـ . ١ ، ص. ٢١٦ ( وأما ترتيب السور فهل هو توقيفي أيضا أو هو باجتهاد من الصحابة ؟ خلاف ، فجمهور العلما‌ء على الثاني منهم مالك والقاضي أبو بكر في قوليه ) .
و هه‌ندێك به‌ڵگه‌یش هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌م ڕێكخستنه‌ی هه‌یه به‌ڕێنمایی و فه‌رمانی ( عوثمان ) خۆی بوه‌و ئه‌وانی تریش په‌سه‌ندیان كردوه ، و ڕه‌نگه كه‌سێكی موصحه‌فی ( عه‌بدوڵڵای كوڕی مه‌سعود ) ناڕازییش بوبێت ، چونكه هه‌ندێك سه‌ره‌داو هه‌ن كه‌ئاماژه بۆئه‌وه ده‌كه‌ن ناوبراو ئاماده نه‌بوه موصحه‌فه‌كه‌ی خۆی بدات به‌ده‌سته‌وه بۆ سوتاندنی دوای ده‌ركردنی موصحه‌فی ستاندارد .
له‌به‌رئه‌وه ڕێكخستنی سوره‌ته‌كان و ئه‌و ژماره‌یه‌ی هه‌رسوره‌تێك له‌و ڕێكخستنه وه‌ری ده‌گرێت به‌شێك نیه له‌قورئان هه‌تا حسابی ( وه‌حی ) ی بۆبكرێت و ئیعجازی لێ ده‌ربهێنرێت .
٥ . ده‌ڵێت ” ژماره‌ی وشه‌كانی سوره‌تی ( التوبة ) له‌سه‌ره‌تایه‌وه هه‌تا ئایه‌تی ( ١٠٩ ) ؛ ( ٢٠٠١ ) وشه‌یه ”، به‌ڵام ئه‌مه ڕاست نیه ، به‌ڵكو ( ٢٠٨٣ ) وشه‌یه . هه‌مو سوره‌ته‌كه‌ش ، به‌پێی زانیاریی ئیمامی ( دانی ) ، له‌كتێبی ( البيان في عد آي القرآ‌ن) ، ( ٢٤٩٧ ) وشه‌یه .
بڕوانه : الداني ، البيان في عد آي القرآ‌ن. ص. ١٦٠: ( سورة التوبة … وكلمها ألفان وأربع مئة وسبع وتسعون كلمة ) .
منیش خۆم ژماردم ( ٢٤٩٨ ) وشه ده‌رچو ، ئیتر نازانم ئه‌م جیاوازیه‌ی ژماردنه‌كه‌ی ئیمامی دانی و خۆم له‌چیه‌وه دروست ده‌بێت .
گرنگ ئه‌وه‌یه ئایه‌ته‌كانی ( ١ ـ ١٠٩ ) ی سوره‌تی ( التوبة ) ؛ به‌هیچ ژماردن و حیسابێك نابێته ( ٢٠٠١ ) وشه‌و زۆر له‌وه زیاتره ، وه‌كو وتم ( ٢٠٨٣ ) ده‌بێت . و وشه‌ی ( ٢٠٠١ ) ـه‌می سوره‌ته‌كه ؛ وشه‌ی ( الله) یه له‌ئایه‌تی (١٠٦) ی سوره‌ته‌كه كه ده‌ڵێت ( مرجون لأمر الله) .
٦. ئینجا ده‌ڵێت : ژماره‌ی قاته‌كانی بورجه‌كه ( ١٠٩ ) قاته ، ژماره‌ی ئایه‌ته‌كه‌ش ( ١٠٩ ) ی سوره‌تی ( التوبة ) یه !
لێره‌دا دوهه‌ڵه هه‌یه :
ـ ژماره‌ی قاته‌كانی بورجه‌كه ( ١٠٩ ) نه‌بوه ، به‌ڵكو ( ١١٠ ) بوه .
ـ دیسان ژماردنی ئایه‌ته‌كانی دوای پێغه‌مبه‌ر كراوه‌و ناكۆكیی تێدایه : هه‌ریه‌كه له‌كوفه‌ییه‌كان و به‌صڕه‌ییه‌كان و حیجازی ( مه‌ككه‌یی ـ مه‌دینه‌یی ) ـه‌كان و شامیه‌كان ؛ ژماردنی جیاوازی خۆیان هه‌یه بۆئایه‌ته‌كان . واته ئه‌م چه‌ند ژماردنه هه‌ن :
١. ژماردنی خه‌ڵكی مه‌دینه : ئه‌مه‌ش دو جۆره :
ا. ژماردنی مه‌دینه‌یی یه‌كه‌م ( العد المدني الأول) : ئه‌مه قورئانخوێنی مه‌دینه ( نافیع ) له‌دو مامۆستای خۆی: ( ئه‌بو جه‌عفه‌ر ) و ( شه‌یبه‌ی كوڕی نه‌صصاح ) ـه‌وه ، گێڕاوێتیه‌وه . ئه‌م ژماردنه لای قوتابیه كۆنه‌كانی نافیع كاری پێكراوه .
ب. ژماردنی مه‌دینه‌یی دوایی ( العد المدني الأخير ) : ئه‌مه قورئانخوێنێكی مه‌دینه ( ئیسماعیلی كوڕی جه‌عفه‌ر ) له ( ئیبن جه‌مماز ) ه‌وه ، ئه‌میش له ( شه‌یبه) ی ناوبراو و ( ئه‌بو جه‌عفه‌ر) ی ناوبراوه‌وه ، گێڕاوێتیه‌وه. ئێسته ئه‌م ژماردنه له‌خوێندنه‌وه‌ی نافیعدا كاری پێده‌كرێت .
٢. ژماردنی خه‌ڵكی مه‌ككه : ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قورئانخوێنی مه‌ككه ( ئیبن كه‌ثير ) .
٣. ژماردنی خه‌ڵكی كوفه : ئه‌مه یه‌كێك له‌قورئانخوێنه‌كانی كوفه كه (حه‌مزه) یه گێڕاوێتیه‌وه .
٤. ژماردنی خه‌ڵكی به‌صڕه : ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قورئانخوێنێكی به‌صڕه كه ( عاصیمی جه‌حده‌ری ) ـه.
٥. ژماردنی خه‌ڵكی شام : ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قورئانخوێنێكی شام كه ( یه‌حیای كوڕی ئه‌لحاريثى ذیماری ) ـه كه خوێندنه‌وه‌كه‌ی قورئانخوێنی شام ( ئیبن عامیر) ده‌گێڕێته‌وه .
بڕوانه:
السخاوي ، جمال القراء وكمال الإقراء. تحقيق: د. مروان العطية، د. محسن خرابة. دار المأمون للتراث، دمشق ـ بيروت. الطبعة الأولى، ١٩٩٧. ص‌ص. ٢٧٤، ٢٧٥ .
به‌م شێوه‌یه له‌زۆربه‌ی سوره‌ته‌كاندا ناكۆكی هه‌یه له‌ژماردنی ئایه‌ته‌كانیاندا ، چونكه هه‌ندێك له‌خوێنه‌ره‌كان هه‌ندێك وشه به‌سه‌ری ئایه‌ت حساب ناكه‌ن كه‌ئه‌وانی تر حسابیان كردوه ، بۆیه ژماره‌ی دانه‌دانه‌ی ئایه‌ته‌كان ده‌گۆڕێت و ژماره‌ی سه‌رجه‌می ئایه‌ته‌كانی سوره‌ته‌كه‌ش به‌پێی خوێنه‌ره‌كان جیاواز ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌م قه‌ڵه‌مۆچكه ئیسلامیانه‌ی ئێسته ئه‌م شتانه نازانن و چاپێكی سه‌عودیی قورئان به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن و هه‌مو دیارده‌یه‌كی ئه‌وچاپه به‌وه‌حی و قورئان ده‌زانن و ئیعجازی بۆسازده‌كه‌ن !
جا بۆنمونه ؛ لێره‌شدا ئه‌م ئایه‌ته ته‌نها لای كوفه‌ییه‌كان ئایه‌تی (١٠٩ ) یه ، ئه‌گه‌رنا لای مه‌دینه‌ییه‌كان و مه‌ككه‌ییه‌كان و به‌صڕه‌ییه‌كان و شامیه‌كان ئایه‌تی (١١٠) یه..
ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماردنی به‌صڕه‌یی ( بريء من المشركين ) ی به‌سه‌ری ئایه‌ت حساب كردوه كه‌ئه‌وانی تر نه‌یانكردوه ، هه‌روه‌ها ژماردنی شامی ( إلا تنفروا يعذبكم عذابا أليما ) ی به‌سه‌ری ئایه‌ت حساب كردوه كه‌ئه‌وانی تر نه‌یانكردوه ، هه‌ردو ژماردنه مه‌دینه‌ییه‌كه و ژماردنی مه‌ككه‌یی؛ ( وعاد وثمود ) یان به‌سه‌ری ئایه‌ت حساب كردوه كه‌ئه‌وانی تر نه‌یانكردوه . به‌م شێوه‌یه لای هه‌ریه‌كه له‌مانه ژماره‌ی ئایه‌ته‌كان له‌دوای ئه‌وشوێنانه‌وه ئایه‌تێك زیاد ده‌كات ، بۆیه ئایه‌تی ( ١٠٩ ) لای كوفه‌ییه‌كان ؛ لای ئه‌وانی تر ده‌بێته ( ١١٠ ) . هه‌ربۆیه ژماره‌ی ئایه‌ته‌كانی سوره‌ته‌كه لای كوفه‌ییه‌كان ( ١٢٩ ) ئایه‌ته ، به‌ڵام لای ئه‌وانی تر (١٣٠ ) ئایه‌ته .
بڕوانه : الداني ، البيان في عد آي القرآ‌ن . ص‌ص . ١٦٠ ـ ١٦٢ .
ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات كه‌ژماردنی ئایه‌ته‌كان ناكۆكیی تێدایه ، و شتێكیشه دوای ته‌واوبونی قورئان سازكراوه ، و نابێته به‌شێك له‌قورئان به‌واتا ئایینیه پیرۆزه‌كه‌ی ، هه‌تا ئیعجازی بۆساز بكرێت .
جگه له‌وه‌ی ئایه‌ته‌كه ته‌نها لای كوفه‌ییه‌كان ئایه‌تی ( ١٠٩ ) هه‌مه ، ئیتر لای ئه‌وانی تر ئایه‌تی ( ١١٠ ) هه‌مه . ئیتر ئیعجازه وشكه‌كه‌ڵه‌كه‌كه هه‌ڵ‌ده‌وه‌شێته‌وه .
***
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین ئه‌م ئیعجازه وشكه‌كه‌ڵه‌كه ؛ ته‌نها چه‌واشه‌كارییه‌كی منداڵانه و عه‌وامانه‌یه ، و ئه‌وكه‌سه‌ی سازیی كردوه زۆرنه‌زان و نه‌شاره‌زا بوه ، به‌ڵكو فێڵباز و ساخته‌چییش بوه . به‌ڵام ده‌بینین سایت و یانه و په‌یجه ئیسلامیه‌كان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر گواستنه‌وه و ( كۆپی + په‌یست ) و بڵاوكردنه‌وه‌ی .. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌ڕۆشنبیریی ئیسلامی ، به‌تایبه‌تی ئه‌و گوتاره‌ی ئاڕاسته‌ی ڕه‌شه‌خه‌ڵك ده‌كرێت ؛ هیچ بنه‌مایه‌كی زانستیی نیه ، و هۆشیارییه‌كی میللی و عه‌وامانه په‌ره پێ ده‌دات .
له‌داهاتودا ؛ زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م سه‌رگه‌رمی و ( هیوایه‌ت ) ـه‌ی پێی ده‌وترێت ( ئیعجازی ژماره‌یی ) ، ده‌ڕۆین ، و ساخته‌یی میتۆده‌كه‌ی ده‌رده‌خه‌ین ، و هه‌مو ژماره‌كانی قورئان ( ئایه‌ته‌كانی ، وشه‌كانی ، پیته‌كانی) ساخ ده‌كه‌ینه‌وه بۆئه‌وه‌ی هه‌ر فێڵ و چه‌واشه‌كارییه‌ك ئه‌و ئیعجازچیانه له‌ژماره‌كاندا بیكه‌ن ئاشكرا ببێت .
- Latest Posts by
سەروەر پێنجوێنی : سه‌ركێشیه دڵداریهكانی بانگخوازه ئیسلامیه‌كان ، یوسف قه‌ڕه‌ضاوی وه‌كو نمونه‌یه‌كی زه‌ق .
-سەروەر پێنجوێنی : وێنەیەکی دانسقەی پێخەمبەری ئیسلام ( د . خ ) .
-سەروەر پێنجوێنی : چمكێك له مێژوی داگیركردنی كوردستان و به‌رگریی كورد له نیشتمان له هه‌ڵمه‌تی (فتوحات) ی ئیسلامی‌دا .
- All Posts