وەزیری دادی هەرێم لەنێوان دو بەرداشدا!؟ .. ئارام قزلهریی .
پارە بۆقادسیەی سەدام ! یان کوردایەتی بێ دابڕان !؟
شیروان حهیدهری وهزیری دادی حكومهتی ههرێمی كوردستان وهڵامی ئهو رهخنانهی دایهوه ، كه ئاڕاستهی دهكرێت سهبارهت بهپێدانی پاره بهرژێمی بهعس و رایگهیاند: ئهویش وهك ههر هاوڵاتییهكی كوردستان كاتی خۆی سێ ههزار دیناری داوهته بهعس ، بهڵام ئهو پارهیه بۆ قادسیهی سهدام بوه نهك بۆ ئهنفالی بارزانییهكان .
ئەم چەند دێڕەی سەرەوە وتەی هاوڵاتیەکی کاسبکار نیە ! لێدوانی موچەخۆرێکی ئاسایی بەشێکی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم نیە ! ئەمە وتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمە ! نوێنەری پارتێکی گەورەیەو ئێستا وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانە !
وەزیری داد لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رادوێی نەوادا ، باس لەوە دەکات کە وەک هەمو هاوڵاتیەکی کوردستان ئەمیش بڕی ( ٣٠٠٠ ) سێ هەزار دیناری بەخشیوەتە قادسیەی سەدام و ئەوبڕە پارەیە بۆ ئەفالکردنی بارزانیەکان نەبوە ، کەلەو سەردەمەدا (١) دیناری عێراقی (٤) چوار دۆلاری ئەمەریکی دەکرد . بابزانین ئەوسەردەمە ئەوەندە بە بەزەیی بوە بۆسەدام تکریتی ئەی ئێستا چەند دەبەخشێتە سندوقی کۆمەک بۆ بنەماڵەی شەهیدان و مناڵی بەجێماوی ئەنفالکراوەکان .
بەڕێز وەزیری داد ئەفەرموێت لەوسەردەمەدا هەمو خێزانێکی کورد پارەی داوە بەقادسیەی سەدام ! نەک تەنها ئەم ئەم کارەی کردبێت ، سەرەتا ئەمەوێت ئەوە بەجەنابی وەزیر بڵێم تکایە هەمو هاوڵاتیەکی کوردستان مەکە بەهاوڕیی خۆت ! شۆڕشگێڕو خەڵکی دڵسۆز مەخەرە ریزی ئەوانەی هاوکاری رژێمیان کردوەو دڵیان پێی سوتاوە ، ئێوە دەتانەوێت وەک پاساوێک بۆ ئەو کارەی کردوتانە ئێستا تەڕو وشک پێکەوە بسوتێنن ، بەپێی وتەکانی بەڕێزتان بێت زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەو سەردەمەدا پاڵپشتیان لەرژێمە دڕندەکەی بەعس کردوەو پارەیان بەخشیوەتە قادسیەی دۆڕاو .
نەخێر جەنابی وەزیر کاتێک تۆ هاوکاری رژێمی بەعست کردوەو پارەت پێ بەخشیون ! دەیان رۆڵەی بەجەرگی شاری هەولێر و شارەکانی تری کوردستان خوێنی خۆیان بەخشیوەتە میلەتەکەیان و بەسەرو ماڵەوە بونەتە قوربای بۆ ئەم حکومەتی هەرێمەی ، کە ئێستا جەنابتان بەرپرسی وەزارەتێکی زۆر هەستیارن لەناویدا ، نازانم چۆن ویژدانت رێگەی پێدایت بڵێیت هەمو خێزانێکی کورد پارەی داوەتە قادسیەی سەدام ، کە لەو سەردەمەدا هەزاران رۆڵەی ئەم گەلە خوێنیان قوڵپی ئەدا بۆ خەبات و تێکۆشان دژ بەو رژێمە دیکتاتۆرەو سەدان شۆڕشگێڕی کورد لەژێر ئەشکەنجەی دڕندەکانی بەعسدا گیانی پیرۆزیان کردە قوربانی گەلەکەیان و بێسەروشوێن کران .
سەدان خێزانی شۆڕشگێریش زۆرینەی ئەندامانی بنەماڵەکەیان لەدەست داوە! ئەوەتا دەبینین کەسانی وەک ئێوەمانان بونەتە میراتگریان و لەسەر حسابی ئەوان پلەوپایەیەتان پێ بەخشراوە ! زۆر چاونەترسانەش باسی ئەو هاوکاریانە دەکەن کە داوتانەتە ئەو رژێمەی کە ( ١٨٠٠٠٠) سەدو هەشتا هەزار هاوڵاتی کوردستانی ئەنفال کرد و (٥٠٠٠) پێنج هەزار رۆحی پاکی کیمیابارن کرد لەهەڵەبجەو چەندین رۆڵەی تری گوندەکانی سێوسێنان و چەندین شوێنی تر ، کە بێبەری نەبون لەکیمیان بارنکردن ، جەنابیشت لەهەمولایەک باشتر دەزانیت کە ئەو دیکتاتۆرانە (٨٠٠٠) هەشت هەزار بارزانی نەمریشیان چۆن ئەنفال کرد ، دەبو هەر لەبەر خاتری ئەو خێزانە کۆست کەوتوانەی کەئێوە نوێنەریانن ئەو باسەتان نەوروژاندایە ! هەمو لایەکمان دڵنییان پێش هەمو تاکێکی کورد برینی کەسوکاری برا بارزانیەکانت کولاندۆتەوە .
سەیرە بەلامەوە زۆر راشکاوانە باس لەوەدەکەیت پارەت داوەتە قادسیەو ئێستاش وەزیری دادی هەرێمێکیت ، دەبو پێش هەمو کەسێکی تر بەیاسایەک لەو یاسایانەی وەزارەتەکەی خۆت کە بەرپسی یەکەمن تیایدا ، لێپێچینەوەتان لەگەڵ خۆتاندا بکردبایەو پێش هەمو شتێک دەستت لەکارەکەتان بکشاندایەتەوە .
جەنابی وەزیر کورد پەندێکی زۆرجوانی هەیە بۆئەو کەسانەی لەهەمو سەردەمێکدا ئەیخۆن و لەگەڵ هەمو بارودۆخێکیشدا کاریان مەیسەرە ، ئەویش ئەوەیە کە دەڵێت ( باران ببارێت بێت جوتت دەگەڕێت ، بارانیش نەباری ئاشتان دەگەڕێ ) ، واتە باڕونتر بلێم دەستان خۆش بێت لەهەمو سەردەمێکدا ژیرانە توانیوتانە خۆتان بەرنە پێشەوە . دەبێت هەناسەیەکی قوڵ هەڵبمژین و بڵیین زۆر بەداخەوە لەرۆژە سەختەکاندا کێ کردی و ئێستاش کێ دەیخوات ؟!
سەیر لەوەدایە جەنابی وەزیر خەجاڵەتیشمان دەکات باس لەخەبات و تێکۆشانی ساڵانی ٦٣ دەکات ، کە بەردەوام بوەو نەپچڕاوە تا ئەم ساتە وەختە ، پێی دەچێت وەک خزمەتی فەرمانگەکان ئەو خەباتەش بخنەوە سەر خەباتی کوردایەتی و بەمیللەتی بفرۆشنەوە .
بەڕێز وەزیری داد من خاوەنی ٢ برای شەهید و دایک و خوشکێکی شەهیدم بەسەرو ماڵیشەوە بوینەتە قوربانی بۆ ئەم گەلە ، تائێستا وەک تۆ نەموێراوە ئاوا راشکاوانە باسی شەهیدەکانیشم بکەم ، کە جێگەی فەخرو شانازیە باسکردنی ئەو نەمرانە ، بۆئەوەی خەڵکی کوردستان رەخنەم لێنەگرن و لۆمەم نەکەن و نەڵێن خەبات و تێکۆشانیان بەخەڵکی دەفرۆشنەوە ، کەچی جەنابت برینی ئێمەی بنەماڵەی شەهیدان و هەمو گەلی کورد دەکولێنیتەوە و باسی دو شتی جیاواز دەکەیت ، یەکێک ئەوەیە پارەت بەخشیوەتە قادسیەی سەدام و ئەویتریشیان لەساڵی ١٩٦٣وە خەبات دەکەیت لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا، تائێستا دانەبڕاویت . ئێستا دەمانەوێت خۆتان یەکلا بکەنەوە ؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارەش لای بەڕێزتانە .
لەکۆتایشدا داوا دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دەکەم ، سنورێک دابنێن بۆئەو بەرپرسانەی باس لەمێژوی رەشیان دەکەن و هیچ حسابێک ناکەن بۆ هەستی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە دێرینەکان و سەرجەم بنەماڵەی سەبەرزی شەهیدان ، ئەم جۆرە لێ دوانانە بێمنەت کردنی خوێنی شەهدان و بەکەم سەیکردن و سوکایەتی پێکردنی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و هەمو ئەو قوربانیانەیە ، کە بەخشیویەتی بۆ ئازادی وسەرفرازی خەڵکی کوردستان .
فەرمون لەگەڵ ئەم دولینکەی خوارەوە کەدەقی وتەکانی وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز کاک شیروان حەیدەریە .
http://www.nrttv.com/dreje.aspx?jimare=21332
http://xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=44600&Jor=1
880 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست