لەبەر خاترى رێبەر کویک ماڵم بردە تووى مەلیک . ئاکۆ برایم .
بەناخێرى گیانم منیش وەکو ئەو خەڵکە خولیاى ئینتەرنێت و فەیسبوک و چات داى لەسەرم و چووم خەتێکم کڕى لەنرخەکەی خۆشى پارەى زیاترم پێداو وتیان ئەمەیان باشە و عەیبى نیە ، ناوى رێبەرە سەریع ، ئاسان ، هەرزان ، هەرنەبێتەوە ، قیروسیام لێکرد و کڕیم و چووم لەماڵەوە ئیشم پێکرد ، بەڵام قورعان بەحەقت لە ئێوارەوە تا بەرەبەبان خۆم و کوڕەکەم بەجووتە خەریکى بووین ئەو خەتە دوابڕاو و نەعلەتیە کۆنێکت نەبوو ، نەبوو .
بەیانى شەبەقى چووم بۆ نوسینگەکەیان و عەرزم کردن کە ئەمشەو تا مەلابانگدان حەرەس بووم بەدیارئەو کاکە رێبەرەوە ئێستاو ئێستا سەرەتاتکێ یەکى نەکرد ، سەبەب چیە ؟ . کابراى نوسینگە وتى ماڵتان لەکوێیە ، عەرزمکرد هاین لەراپەرین ، وتى کاکە گیان لەراپەرین شەبەکە باش نیەو زۆر زەعیفە تۆزێک نزیک بەرەوە وەرە ناوشار ، منیش ناعیلاج لەبەر خاترى بۆرە خەت بارگە و بنەم پێچایەوە و هاتم لەبەکرەجۆ خانویەکم بەکرێ گرت ، سەیرئەکەم لەوێش عەینەن تاس و حەمامە . چوومەوە لایان وتم کاکە گیان ئەو پەنە چى بوو پێتان دام خۆ لەبەکرەجۆ خراپترە ، وتى کاکى خۆم بەکرەجۆ و راپەرین لەخەریتەى جوگرافیادا لەسەر یەک خەتن ، بەقسەم بکە لەوێش باربکە بچۆ بۆشوێنێکى بەرزو موسەیتر ، منیش وا بەعەقڵما هات کە لەسەر شاخى ئەزمڕ یان گۆیژە خێمەیەک هەڵدەم هەم فێنکەو هەمیش بەرزەو سەحب و شەبەکەشى زۆر بەقووەتە ، بەڵام دایکى مناڵەکان گاڵتەى پێکردم وتى : بیسمیلا پیاوەکە ناشێ بەم ئاخیرى عومرەوە شتێکت لێ قەومابێ ، وتم : بەڵى لەسایەى رێبەر کویکەوە خەریکە عەقڵ و هۆشم لەدەست ئەدەم .
ئەلحوکم و لیلا لەو فیکرەیە پەشیمان بوومەوە بەڵام بەنیازم لەتووى مەلیک خانویەک بەکرێ بگرم تۆ ئەڵێى چى ؟؟ وتى پیاوەکە بیکە لەراهى خوا ئێمەو ئەو گەڕەکانەیان کوا وتوە ، خانوو لەوێ بەشەش حەوت گەڵا کەمتر نیە ، ئەوەى ئەیدەیت بەکرێ بۆ نایدەیت بەشتێکى ناو ماڵ کەجێگە بگرێت ، خەریک بووداخى رێبەرە فەنى ئاوا تێى سرەوێنم بەڵام باش بوو خوا رەحمى کردو غیرەتم نەجوڵا ، پێم وت کچێ ژنەکە تۆ نازانیت ئینتەرنێت چەنێک خۆشە ئەگەر یەک سەعات ئینتەرنێت بەکار بێنیت ئەوسا ئیمان بەقسەکەم ئەهێنیت و پێش من ئەڵێیت : دەست و برد بکە با زوو بگوێزینەوە وبچینە تووى مەلیک یان هەوارە بەرزە .
کورت و موختەسەر هەرچى چۆنێک بوو خانویەکمان بەسیعرێکى موناسیب دەستکەوت و چوینە ناوى ، بەوپەڕى سیقەو قەناعەتەوە لاپتۆپم هێناو خەتم لێ بەست سەیرئەکەم هەروەکو خۆیەتى خراپتر بوو باشتر نەبووە ، خەریک بوو لەداخا کۆمپیوتەر و خەت وردوخاش بکەم بەڵام پیاو راست بڕوا لەترسى زەرەرەکەى زاتم نەکردو نەموێرا ، ئەمجارە وتم با ئەخیر تەجروبە بکەم و ئەوەش تاقی بکەمەوە ماوەیەک ماڵم بەرمە شوقەکانى لاى شیرینى ئاواو هۆڵى رۆشنبیرى و ببمە داروسێى نوسینگەى رێبەر کویک بزانم بەشکوم خوابکات لەوێ هەنێک باشتر بێت ، چوومە ئەوێ خەت هەبوو بەڵام چۆن خەتێک عەینەن سەرەى ئاوى ماڵان رۆژێک ئەهات و دووان نەئەهات ، قیروسیا لەوەش ئەوەنە شەرت و شروت ئەملاو لایان بۆ بەشداربوانى دروست کردووە ، کە کەس خێرى لێ نابینیت نیزامێکیان هەیە سەعاتە هەروا ئەکەیت فڵق وەحدەى تەواو ئەبێت ، نیزامێکى تریشیان جۆرێکى ترە هەموو کلیک و داونلۆد و ڤیدیۆ و شتێکت لەسەرحسابە ، هەربیکەیتەوە وەحدەت لێ ئەڕوات ، جا بەوەش رازین بەڵام کوێربم بۆحاڵى رێبەر و موشتەریکەکانى ئەو خەتە ئەوەنە خاوە ئەوەنە خاوە ئەلێى زولف و ئەگریجەى یارە ، جارى وا هەیە لەگەڵ برادەرێکدا چات ئەکەیت شتێکى بۆ دەنووسیت ، پاش نزیکەى سێ چارەکە سەعات ئینجا پێى دەگات و وەڵامت دەداتەوە کەتۆ هەر بیریشت نەماوە لەگەڵ کێدا خەریکى قەسکردن بویت و چیت بۆ نوسیوە ، یان ئەتەوێت سێرچێک بکەیت بۆ زانیارى و شتێک کە پێویستتە ئەوە هەرباسى مەکە چونکە زۆربە زەحمەت حاێڵى ئەکەیت ..
شتێکى خۆشتان بۆ باس بکەم ، ئەو رۆژە جەریدەیەکم لەبەردەستدا بوو فزولیەن ویستم لەئینتەرنێتیش عەینەن جەریدە ببینم بزانم لەوێ چۆن چۆنیە؟ ، ئەدرێسەکەیم لێداو چاوەرێمکرد ، هیچ نەبوو ، بڕوابکەن تەواوى جەریدەکەم بەریکلام وئاگادارى و نبوون و شتەکانى ترەوە خوێندەوە هێشتاکانێ رێبەرە فەنى هەر مەشغول وخەریکى گەڕان بوو نەى ئەدوزییەوە. ئەرى برادەرانى رێبەر کویک بۆچى وا لەم خەڵکە ئەکەن ، ئەم خەڵکە تاوانى چییە ؟ بۆچ بیرێک لەباشترکردنى ئەو خەتەتان ناکەنەوە ، خۆبەخێرو سەدەقەو بەلاش خەت و وەحدە نادەن بەخەڵک تائاواى لەگەڵدا بکەن ؟ دەمى هەرچ کەسێک ئەکەیتەوە کۆڵێک گلەیى و ناڕەزایى دەردەبڕێت ، لەبرى ئەوەى رۆژ بەرۆژ بەرەو باشتر بڕۆن کەچى وەکو میزى حوشتر بەرەو پاش دەبنەوە ، من پێم باشە لایەنى مەعنى لەسەر ئەم شتە بێتە دەنگ و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن و ناچاریان بکەن کە هێڵەکەیان باش بکەن ، ئەگەر نا ئەوا با بۆخۆیان دایبخەن و قوفڵێکى زلى لێ بدەن و پایدۆسى لێ بکەن و ئەم خەڵکە تووشى قەلەقى و نارەحەتى و عەزاب و دیق و سیل مەکەن ، لەم دەقیقەیەشەوە من قەرارم یا کەبەهیچ شێوەیەک خەتەکەتان بەکار نەهێنم ، هەرچەندێکیش بایى پارەکەى بەکارم نەهێناوەو خێرم لێ نەدیوە. عەزیزانى رێبەر کویک بیکەن بەخاترى کاک ئەحمەدى شێخ و پیرى شەوکێڵ چەندێک بیر لە قازانج و زۆرى بەشداربوو سەرفکردنى وەحدەو ئەملاو لا ئەکەنەوە چارەکى ئەوەش بیر لە مەسلەحەتى خەڵکى و گیرفانى بکەنەوە با ئاهو نزولەى ئەو خەڵکە داخ لەدڵە گیرانەبێتت .
2,166 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست