Abubakir-Caf-7

حەقیقەت و تارماییەكانی . ئەبوبەکر جاف .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێوە حەقیقەت ئەناسن … ئەو كات حەقیقەت ئازاد و رزگارتان ئەكات …

( vous coannaissez la verite , et la verite vous render libre ….!! Jean 8-32 )

( غەیری وەحدەت لە وجودا نیە , كەسرەت وەهمە سادە تەكراری یەكە , مەنشەئی ئەوهامی عەدەد ) . مەحوی .

( بۆ پرشنگی ئینسان و هاوڕێ و …. )

دۆشدامانمان لە بەرانبەر تارماییەكانی حەقیقەتدا …

بۆ ناچاربین , لە بەرانبەر دوو رۆئیادا بۆ حەقیقەت دۆشدابمێنین ..: روئیایەك كە حەقیقەتێكی گەورە ورەها شك ئەبات .. بە ناوی حەقیقەتی رەهاوە ئەدوێت و حوكم و بەهاكان دابەشئەكات … رۆئیایەكی تر , كە روئیای نیسبیەت و رێژەگەراكانن .. باس لە رێژەیی و فرە خوێندنەوەی حەقیقەت و فرەیی حەقیقەتەكان ئەكەن.

تراژی – كۆمیدیاكەی هەردوو تەرف, هەریەكەو لە هەلومەرجێكی تایبەت بە خۆی دونیایەك كارەسات و بەدبەختی بۆ ئینسان و بوون هێناوە… زیادەرۆیی ناكەین كۆی ململانێكانی بەشەریەت كورتبكەینەوە بۆ ( بەرگریكاران لە حەقیقەت و دژەكانی حەقیقەت … یارو نەیارانی حەقیقەت …!! ) هیچ كۆنسێپت و تەعریفكراوێك لە بووندا, هێندەی حەقیقەت بارگاوی نەكراوە بە ئیدۆلۆژیاو رەوایەتی و شەرعییەت لێوە وەرگرتن … كاولكارییەكان , جەنگەكان , كوشتارو بڕین و كارەساتەكان, هۆلۆكۆست و هەلەبجەو ملیۆنان كوژراوی جەنگە ئیدۆلۆژییەكانی جەنگی گەرم و سارد, شەڕی براكان و شەڕی ناوخۆ و خۆكوژییەكان… ئیغتیصابكردنی سروشت و بوون ..

كامەیان بە ناوی بەرگریكردن لە حەقیقەتەوە بەرپانەبووە..؟؟!! حەقیقەت ئاسمانییە یا زەمینی ..؟ ئاسۆییە یا ستوونی , ترانسدینتاڵییە یا ئیمانۆنت ..؟!! ئەی ئەگەر ( حەقیقەتی گەورە ئاسمانی بێت .. ) ئەی نوێنەرەكانی كێن , نمایندەو ووتەبێژوو قسەكەرەكانی حەقیقەت كێن . فینۆمینۆلۆژەكانن..؟!! یا گنۆس و ئیزۆتریكییەكان..؟؟!! شەریعەتییەكانن یا تەریقەتییەكان ,… ئەگەر حەقیقەت ئایدیا گەورەكەبێت..

ئەی ڕاڤەكاران و شیكاركارانی حەقیقەتە گەورە كە( ئایدیاكان كێن..؟!! ) شێخی گەورە ئیبن عەرەبی و شەیخی ئیشراق سوهرەوەردی وئیمامی غەزالی بێت.

یا ئیمامی شافیعی و ئیمامی ئیبن تەیمییەو سەید قوتب …. بەهایی و قادیانی و رەوتە تەسەوفی و گنۆسییەكانن ..؟؟!! یا فۆندەمێنتاڵە ئیدۆلۆژییەكان و ڕەوتە سەلەفییەكان … ئیكلیرۆس و مەحكەمەكانی تەفتیشن .. یا ئەفلۆتین و قەشە ئۆگستین و قەشە تۆماس ئەكوینی….؟؟؟؟!! ئەی ئەگەر حەقیقەت زەمینی بێت , هەموومان ئەتوانین لە ( بازاڕدا, لە ناو ( لەنگەو دەستی دووەمی فرۆشتنی حەقیقەتەكاندا… ئەوەندە بكڕین كە ( هێزی رەمزی و مەعنەوی و ماتریالیمان توانای بە سەردا ئەشكێت..؟؟ حەقیقەت دراوی هێزە وەك نیچە ئەڵێت..؟!! یا هێز دراوی حەقیقەتە…

حەقیقەت گەمەیەكی زمانەوانییە وەك ( لیوتار ) پێمان ئەڵێت و مەحكومە بەیاساو رێساكانی ئەو ( كایەی) كە گەمە زمانەوانییەكانی تێدا مانێڤست ئەبێت…؟؟

حەقیقەت لای جەلادە یا قوربانی..؟؟!!

لای سەیدە یا لای كۆیلە بە تێگەیشتنە هیگڵییەكەی … یا وەك فۆكۆ ئەڵێت حەقیقەت ( دراوی هێز و دەسەڵاتە ) . .. من وای دەبینم و باشتری ئەبینم , لە بری ئەوەی ( حەقیقەتناسمان هەبێت , پێویستە ( نا حەقیقەتناسمان ) هەبێت ..!! بۆ .. چونكە سەرجەم ئەو دابەشكردن و دوالیزمانەی كە بە ناوی جەبر و شەرعییەتی هەڵگرتنەوەی حەقیقەتەوە پێمان ئەبەخشن … لێوانلێون بە ئیدۆلۆژیا… بەمەستكردنی ئینسان و ئیغواكردنمان … بە فێڵ و سیحرلێكردنمان… ناچارین و وا باشترە بڕوا بەوانە بكەین كە بەدووی حەقیقەتدا دەگەرێن و وێڵن تا ئەوانەی حەقیقەتیان دۆزیوەتەوە و ئیدیعای خاوەنداری حەقیقەت ئەكەن …!! ناچارین و ملكەچی ( ئیدیای ئیدیكانی ئەفلاتوون بین بۆ حەقیقەت كە لە سەرو لەو دیو ئینسانیبوونمانەویە… یا لە گەڵ سۆفیستەكاندا وا گریمانە بكەین ( خودی ئینسان پێوەری حەقیقەت و هەموو شتێكە .. ) ( یا لە گەڵ قەشە ئۆگستیندا بڵێن ….: ئای خودایە , چەند زۆرن ئەوانەی لە خۆیان دەرچوون بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت , لە دەرەوەی خۆیان و هەرگیز نەگەرانەو ناو خودی خۆیان…!!! ) یا ڕێنییە گوینۆن ئاسا بڵێین..: ئینسان بۆ دۆزینەوەی خۆیی و حەقیقەت فەزای تەیكرد…

ئەمە لە كاتێكدا خۆی جیشهێت و لەبیریكرد. حەقیقەت وەك مەولانا جەلالەدینی رۆمی ئەڵێت ..: ئاوینەیەك بوو بە دەست خوداوە یا ئاوێنەیەكی ئیلاهیانە بوو لە دەستی كەوتە خوارەوەو شكا, ئیدی ئێمە هەیەكێكمان هەڵگری پارچەیەكین لە پارچەكانی ئەو ئاویچنە خوداییە..؟؟!! ) … هەركامێكیان بێت من ( گوومانم ) لە قودرەو هێزی ئینسانییە بۆ خاوەنداریكردن و دۆزینەوەی حەقیقەت …

حەقیقەت لە مزگەوت , یا لە كەنیسەو سوامیع و پەرستگاكاندایە… یا لە ئەكادیمیا و زانكۆ و ناوەندەكانی توێژینەوەی ئەكادیمیدا…. ئەمە لە كاتێكدا هەردوكیان یەك وەزیفەی ( میتافیزیكی ) ئەگێرن و كاریان بەرهەمهێنان یا بەرهەمهێنانەوەی ( حەقیقەتە ) … حەقیقەت دراوێكی( فیزیایی , بیۆلۆژی, ماتماتیكی… یا مێژووی – ئیدۆلۆژی – سیاسیانەیە…؟؟!! بەڵام ناچارم لە گەڵ نیچەدا وێك بێمەوەو بلێم : مێژووی ئینسانیمان بە ئیدۆلۆژیاو نا ئیدۆلۆژیاوە ( تەنها حەقیقەتی تێدا نییە .. ئەوەی هەیە ( تەفسیری ئینسانیمانە بۆ حەقیقەت ) لە كۆنتێكستێكی( زمانەوانی- مێژووی- ئیدۆلۆژی ….) دراوێكی ئینسانییە بە هەموو ئەو پێكهاتە ( عەقڵی – غەرائیزی-شەهوانی- كەڵكەڵەی تەمەلوك و خاوەنداری … ئینسانیمانەوە …!! دەبێت هەمیشە ئە كەسانەمان خۆش بوێت كە پرسیار ئەكەن.., زیاتر خۆشمان بووێت لەوانە وەڵامیان لایە … گوێ لەوانە بگرین كە بە دووی حەقیقەتەوەن تا ئەوانەی دۆزیویانەتەوە …

1,364 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت