Frokexane

دەرسیم پێشەوا: فڕۆکه‌وانێکی کورد گومانی کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی لێده‌کرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

به‌درێژایی مێژووی ده‌وڵه‌تی ئێراق ، هێزی ئاسمانی و فه‌رمانده‌یی فڕۆکه‌وانی سوپا که‌ ( هه‌لیکۆپته‌ری شه‌ڕکه‌ر و سمتی ) ده‌گرێته‌وه ‌، ڕۆڵی نێگه‌تیڤانه‌ی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شۆڕشی کورد، کیمیا باران کردنی کوردستان و پیاده‌کردنی شاڵاوه‌کانی ئه‌نفالدا.

لای که‌سمان شاراوه‌ نییه‌ که‌ سه‌دان و هه‌زاران هاووڵاتی و پێشمه‌رگه‌ له‌ ئه‌نجامی بۆردومانی فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کان و سمتییه‌کانی ڕژێمی ئێراق شه‌هید بووینه‌ . سه‌دان گوند و هه‌زاران خانووی هاووڵاتیان به‌ بۆردومانی فڕۆکه‌ به‌ گشت جۆره‌کانیه‌وه‌ خاپور کراون . به‌ سه‌دان گوندو شاری کوردستان به‌هۆی سمتی و فڕۆکه‌کانی ڕژێمه‌وه‌ کیمیا باران کراون بۆ نموونه‌ بالیسان، شێخ وه‌سانان، هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌لی بازێ، چیمه‌نی که‌رکوک، گۆپته‌په‌، عه‌سکه‌ر و گوندی زه‌رده‌ی کرماشان و شاری سه‌رده‌شت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. له‌کاتی ئه‌نفاله‌کان ( 23.2.1988- 6.9.1988) ، فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی هێزی ئاسمانی و کۆپته‌ره‌ شه‌ڕکه‌ره‌کان ( سمتی ) یه‌کانی سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌یی فڕۆکه‌وانی سوپا ( قیادة طیران الجیش ) ، به‌ به‌رده‌وامی هه‌م دانیشتوانی دێهاته‌کان و هه‌م هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان- یان بۆردومان کردووه‌و زیانی زۆریان پێگه‌یاندوون . بۆیه‌ له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌دام، کورد ده‌بوایه‌ هه‌رده‌م له‌ هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراق و سوپا دڕنده‌که‌ی بوونایه له‌گه‌ڵ دادگاییکردنی ته‌واوی سه‌رانی حزبی به‌عس ، حکومه‌ت و سوپای ئێراق‌، نه‌ک به‌ په‌له ‌، به‌چاوی به‌خه‌وه‌وه‌ و به‌ پێخواسی ڕاکه‌ن بۆ به‌غدا و کورتبینانه‌ هه‌م ده‌وڵه‌تی ئێراق و هه‌م سوپا دڕنده‌که‌ی عروبه‌ دووباره‌ بۆ گیانی کورد و کوردستان دروست بکه‌نه‌وه ‌! .

یه‌کێک له‌و فڕۆه‌وانانه‌ی که‌ گومانی به‌شداری کیمیا باران کردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی لێده‌کرێت، لیوا ڕوکنی فڕۆکه‌وان که‌مال عه‌بدولستار عه‌بدولفه‌تاح به‌رزنجی- یه ‌، که‌ له‌کاتی ئه‌نفاله‌کاندا له‌ ساڵانی ( 1987 – 1988 ) دا فه‌رمانده‌ی بنکه‌کانی ئاسمانی باشووری ئێراق (بنکه‌کانی ئیمام عه‌لی له‌ ناسریه‌ و بنکه‌ی شوعه‌یبیه‌ له‌ به‌سرا) بووه‌. لیوا که‌مال عه‌بدولستار به‌رزنجی کورده‌و خه‌ڵکی شاری سلێمانییه‌. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێراق – ئێران، له‌ ڕۆژی (17.9.1980) دا له‌ نزیک شاری خانه‌قین فڕۆکه‌یه‌کی ئێرانی خسته‌ خواره‌وه‌و فڕۆکه‌وانه‌که‌ی (حوسێن عه‌لی ڕه‌زا له‌شکری) دوای خۆ فڕێدانه‌ خواره‌وه‌ی له‌لایه‌ن سوپای به‌عس به‌دیل گیرا. سه‌دام حوسێن، به‌هۆی ئه‌و چالاکییه‌ پله‌ی فڕۆکه‌ران که‌مال عه‌بدولستاری له‌ ڕائید به‌ دوو پله‌‌ بۆ عه‌قید به‌رزکرده‌و خه‌ڵاتیشی کرد.

لیوا ڕوکنی فڕۆکه‌وان که‌مال عه‌بدولستار عه‌بدولفه‌تاح به‌رزنجی ، فه‌رمانده‌ی بنکه‌کانی ئیمام عه‌لی و شوعه‌یبیه‌ له‌ ڕۆژی (28.6.1988)دا له‌گه‌ڵ (30) فڕۆکه‌انی دیکه‌دا له‌لایه‌ن سه‌دام حوسێنی دیکتاتۆری ئێراق خه‌ڵاتکران. خه‌ڵاتکردنی به‌شێکیان به‌هۆی به‌شداریکردنی ئه‌و فڕۆکه‌وانانه‌ بوو له‌ کیمیا باران کردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ش به‌هۆی به‌شدارییان له‌ شه‌ڕی ئێراق – ئێران. ده‌سته‌ی پارێزه‌رانی داواکاری مافی قوربانیانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ڕۆژی (2.2.2009)دا داوای له‌ سه‌رۆک و ئه‌ندامانی دادگای تاوانکاری دووه‌م کردووه‌، به‌هۆی گومانی به‌شداریکردن له‌ تاوانی کیمیا باران کردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیرکردن بۆ لیوا ڕوکن که‌مال عه‌بدولستار عه‌بدولفه‌تاح به‌رزنجی و (27) فڕۆکه‌وانی دیکه‌ ده‌رکه‌ن. ئه‌و داواکارییه‌ی ده‌سته‌ی پارێزه‌ران بۆ ده‌ستگیرکردن و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ لیوای فڕۆکه‌وان که‌مال به‌رزنجی، نه‌ک به‌ته‌نیا گومانی به‌شداریکردنی ناوبراو له‌ کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌ لای ئه‌وان دروست ده‌کات، به‌ڵکو لای ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ تاکی کوردی هه‌مان گومان دروست ده‌کات.

دوای ڕوخانی ڕژێمی سه‌دام، فڕۆکه‌وان که‌مال عه‌بدولستار عه‌بدولفه‌تاح به‌رزنجی به‌ پله‌ی فه‌ریق ڕوکن و به‌ده‌ستنیشان کردنیه‌وه‌ له‌لایه‌ن ( ی. ن. ک) کرا به‌ فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی ئێراق، که‌ هێزی ئاسمانی نوێ له‌ ڕۆژی (1.6.2005)دا به‌ بڕیارێکی حکومه‌تی ئێراق له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و و چه‌ند فڕۆکه‌وانێکی دیکه‌ دامه‌زرایه‌وه ‌. فه‌ریقی فڕۆکه‌وان که‌مال به‌رزنجی، تاوه‌کو کۆتایی مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی (2008) دا له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه‌، دوای ئه‌ویش لیوای فڕۆکه‌وان ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌دئه‌مین ئه‌حمه‌د مامه‌سێنی ئه‌ویش هه‌ر به‌ پشتیوانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا به‌ فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی و تا ئێستاکه‌ش هه‌مان پۆستی هه‌یه‌. فڕۆکه‌وان ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌دئه‌مین که‌ ئێستا پله‌که‌ی فه‌ریق ڕوکنه ، له‌ کاتی ئه‌نفاله‌کاندا به‌ پله‌ی ڕائید له‌گه‌ڵ سربی (4) دا به‌شداری ئه‌نفالی کردووه‌، دواتریش فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق- ه‌وه‌ بۆ ده‌رچووه‌و ژماره‌ (21) ی له‌ ڕیزبه‌ندی ناوی (423) داواکراوه‌که‌ دراوه‌تێ .

فڕۆکه‌وانێکی دیکه‌ی هێزی ئاسمانی ئێراق که‌ به‌شداری شاڵاوه‌کانی ئه‌نفالی کردووه‌، موقه‌ده‌می فڕۆکه‌وان حامد عه‌تیه‌ خوین ئه‌لمالیکی ( شیعه‌) یه‌، که‌ فه‌رمانده‌ی سربی (55) ی هێزی ئاسمانی ڕژێمی سه‌دام بووه‌. موقه‌ده‌م حامد عه‌تیه‌ خوین، به‌شداری ئه‌نفالی سێی کردووه‌ له‌ که‌رتی فه‌یله‌قی دوو، که‌ دواتر له‌لایه‌ن سه‌دام- ه‌وه‌ مه‌دالیایه‌کی ئازایه‌تی ( نوط الشجاعة) ی وه‌کو پاداشت له‌ به‌شداری کردنی ئه‌و شاڵاوه‌ی ئه‌نفالی کورد وه‌رگرتووه‌. حامد عتیه‌ خوین، که‌ ئێستاکه‌ سه‌ر به‌ حزبه‌که‌ی مالیکییه‌ و وه‌کو ئه‌ویش به‌ بنه‌ماڵه‌ مالیکی و به‌ ئایینزا شیعه‌، له‌دوای دامه‌زراندنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی فڕۆکه‌وانی سوپا ( قیادة طیران الجیش) له‌ ڕێکه‌وتی (6.1.2010) دا به‌ پله‌ی فه‌ریق ڕوکنی فڕۆکه‌وان به‌ بڕیارێکی دکتۆر نوری کامل محه‌مه‌د حه‌سه‌ن مالیکی سه‌رۆک وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌کداره‌کان، به‌ فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی فڕۆکه‌وانی سوپا دامه‌زراوه‌و تا ئێستاکه‌ش به‌رده‌وامه ‌.

هه‌ر له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی فڕۆکه‌وانی سوپا‌، نوری مالیکی (50) فڕۆکه‌ی سمتی و کۆپته‌ری شه‌ڕکه‌ری له‌ فه‌رمانده‌یی هێزی ئاسمانی ئێراق له‌ فه‌ریقی فڕۆکه‌وان ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌دئه‌مین که‌ کورده‌ وه‌رگرته‌وه‌و خستنیه‌ به‌رده‌ستی فه‌ریق حامد عه‌تیه‌ خوینی نزیکی خۆی. ده‌توانم بڵێم هۆکاری سه‌ره‌کی به‌په‌له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یی فڕۆکه‌وانی سوپا، لاوازکردنی فه‌رمانده‌یی هێزی ئاسمانی بوو که‌ به‌ده‌ست کورده‌وه‌یه .

فه‌رمانده‌یی فڕۆکه‌وانی سوپا، بۆ جاری یه‌که‌م له‌ سه‌رده‌می ڕژێمی سه‌دام و له‌ سه‌ره‌تای به‌رپابوونی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێراق – ئێران له‌ ساڵی (1981) دا دامه‌زرا، به‌ڵام دواتر له‌ سه‌ره‌تای ساڵی (2010)دا دووباره‌ دامه‌زرایه‌وه‌. ئه‌گه‌ر فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی ئێراق کورد نه‌بوایه‌، پێم وایه‌ نه‌ مالیکی و نه‌ عاره‌ب بیریان له‌وه‌ نه‌ده‌کرده‌وه‌ که‌ فه‌رمانده‌یی فڕۆکه‌وانی سوپا (قیادة طیران الجیش) بۆ جاری دووه‌م دروست بکه‌نه‌وه‌ و له‌ فه‌رمانده‌یی هێزی ئاسمانی جیای بکه‌نه‌وه‌. پێم وایه‌ دوای گه‌یشتنی (36) فڕۆکه‌ی (ئێف. 16) که‌ ئێراق له‌ ئه‌مریکای کڕیوه‌ له‌گه‌ڵ جۆره‌کانی دیکه‌ی فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ر که‌ له‌ ڕوسیا و چیکی کڕیوه‌، یه‌که‌م هه‌نگاوی نوری مالیکی لادانی فه‌ریق ڕوکنی فڕۆکه‌وان ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌دئه‌مینی کورده‌ له‌ فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی و گرتنه‌ده‌ستی ئه‌و پۆسته‌یه‌ له‌لایه‌ن که‌سێکی نزیکی خۆی و گۆڕینه‌وه‌ی به‌ فڕۆکه‌وانێکی عاره‌به، چونکه‌ نه‌ مالیکی و نه‌ عاره‌ب هه‌رگیز نایانه‌وێت به‌شێکی به‌هێزی سوپای ئێراق بکه‌وێته‌ ده‌ست کورد‌. ئه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌که‌ی سه‌رۆک ئه‌رکانی سوپای ئێراق فه‌ریقی یه‌که‌م بابه‌کر به‌درخان زێباری بۆ سه‌رۆک کۆماری ئێراق جه‌لال تاڵه‌بانی ناردووه‌، بۆی ده‌رده‌که‌وێت که‌ مالیکی به‌ قۆناغ په‌ڕو باڵی فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌ره‌ کورده‌کانی ناو سوپای ئێراقی کردووه‌و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌کانی لێ سه‌ندونه‌ته‌وه ‌.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت