Shehid-Azad

ئارام قزلەریی : لە ساڵ ڕۆژی گوندی هەڵەدندا ، یادی شەهید ئازاد بەرزو پیرۆز بێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمرۆ لە کەناڵی گەلی کوردستانەوە کەرنەڤاڵیک نمایشکرا بۆ دۆڵی جافایەتی . گوندی هەڵەدن یەکێک بوو لەو گوندە شکۆمەندانەی هەمیشە لانکی حەوانەوەی پێشمەرگەکانی یەکێتی نێشتیمانی کوردستان بووە ، پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە پیرۆزو شکۆمەندەیان لێ دەکەم .

دەکرێت لەیادی گوندی هەڵەدندا ، چاوێک بە مێژووی پیاوە ناوزەندەکانی ئەم گوندەدا بخشێنین و یادی ئەوانیش بەرزو پیرۆز ڕابگرین . بۆ ئەمجارەیان کەڵەشەهیدی شۆڕشی نوێ کەکا ( ئازاد هەلەدنی ) ـە .

کاک ئازادی ” ش وەک دەیان قارەمانی ئەم گەلە ، مێژووەکەی ، کەبەشێکە لە مێژووی گەلەکەمان ، بەداخەوە کەوتۆتە ژێر تەمومژی ون بوون لەبیرکردنەوە .

ئازاد هەڵەدنی ناسراو بە ئازادی دێوانە پێشەمەرگەیەکی قارەمانی کەرتی دوی تیپی (٤٧) پیرە مەرگون بوو، کە بەرپرسی کەرت بەڕێز کاک شێخ عومەری کەڵەکن بوو ، جێگرەکەشی شەهیدی نەمر کاک حەمە عەلی بەرخانەقا بوو . ئازاد کەسێکی ماندونەناس و نمونەی پێشمەرگەی شاخ و شار بوو ، جگەلەوەی وەک هەرپێشمەرگەیەکی کەرتی دووی تیپی ٤٧ ئەرکەکانی جێبەجی دەکرد لەهەمان کاتدا ، هەمیشە جێبەجێکاری فەرمانەکانی سەروخۆی بوو بۆ گورز وەشاندن لە کەسە دڕندەکانی ناو شاری سلێمانی ، کەببوونە مایەی ئازاردانی خەڵکی ئەو شارەو لەچەندین هەڵمەتدا بۆلەناوبردنی بەکرێگیراوان و مرۆڤ کوژەکانی بەعس بەشداربووە .

ئەوانەی هاوڕێ و هاوخەباتی شەهید ئازادو شەهید دلێر بوون باشیان لەبیرە ، چۆن بەڕۆژی نیوەڕۆ هەڵیان کوتایە سەر ئەو سەربازانەی پاسەوانی خانوی ئەفسەرەکانی گەرەکی ئیسکان بوون . لەو شەڕە سەختەدا ، شەهید دلێر بیرندار دەبێت و شەهید ئازادو هاوڕێکانی جێی ناهێڵن و بەبرینداریش دەگەیەننەوە سنوری پێشمەرگەکانی ٤٧ ی پیرە مەگرون .

چالاکیەکی تری شەهید ئازاد هەڵەدنی کە لە سەرچنار ئەنجامی دا ،توانی چالاکیەکی گەورە ئەنجام بدات و لەو ڕوبەرو بونەوەیەدا چەند فیشەکێک بەر دەم و چاوی دەکەوێت ، بەڵام ئەم قارەمانە بێ ئەوەی خۆی بدات بە دەستەوە تاوانبارەکە بەسزای گەل دەگەیەنێت و توتومبێلی تاوانبارەکەش دەگەیەنێتە سنوری پشمەرگەکانی تیپی ٤٧ ی پیرە مەگرون . گەر بە هەلەدا نەچوبم جۆری لاندگرۆزەکەش رەنگی شین بوو.

ئەوەی جێگای داخە بۆ تەنها ساتێکیش یادی ئەم پێشمەرگە قارەمانە نەکراوەتەوە و ، ئەو شاعیرو نوسەرانەی تەنها بونەتە بولبول و بەس بۆ سەرکردەو خوا پیاوەکان دەخوێنن ، ئەی بۆ لە ئاستی کەسانی وەک ئازاد هەڵەدنی و دلێری شیخ ڕەزاو هاوڕێ جەباری بەرپرسی کەرتی یەکی ٤٧ ی پیرەمەگرون و چەندین شەهیدی قارەمانی تردا ، دەست و دەمیان بەستراوە ؟ . تەنها لەبەر ئەوەی پاداشت وەرناگرن ؟ .

یادی کوڕە ئازاو بیوێرەکانی گوندی هەڵەدن پیرۆز و یادو یادەوەریان بەردەوام .

ستۆکهۆڵم

1,283 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت