سه‌روه‌ر پێنجوێنی : جەهەنەم ئێستا باخێکی درەختە لە قودس .
( جه‌هه‌ننه‌م ) زاراوه‌یه‌كی ئێسكاتۆلۆجیا ( أخرویات ) ی یه‌هودی ـ مه‌سیحی ـ ئیسلامیه ، به تایبه‌تی له قورئاندا كه زاراوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیه . زاراوه‌كه له قورئاندا په‌یوه‌سته به هه‌ندێك زاراوه‌و چه‌مك و كه‌سێتیه‌وه كه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك هۆشیاری و زانیاریی مێژوییدا دۆزینه‌وه‌ی ره‌گ و ڕیشه‌ی چه‌مكه‌كه ئاسان ده‌كه‌ن . ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین : ئه‌م دۆزینه‌وه‌ی ره‌گ و ڕیشه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆشبه‌ختانه ئه‌و زاراوه‌یه له‌ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كانیشدا هاتوه‌و به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه توێژینه‌وه‌ی چڕوپڕی له‌سه‌ركراوه له‌لای ئورۆپاییه‌كان ، ئه‌گه‌رنا ئێمه ده‌بوا ساڵانێكی تریش چاوه‌ڕێمان بكردایه ئه‌گه‌ر ته‌نها له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا بهاتایه .
لێره‌وه ئێمه رهخنهسازییهكی زمانی ـ مێژویی بۆ چه‌مكه‌كه ده‌خه‌ینه‌ڕو .
له قورئاندا وشه‌كه به‌شێوه‌ی ( جه‌هه‌ننه‌م ) هاتوه ، هه‌روه‌كو له عه‌ره‌بیدا وشه‌كه به‌شێوه‌ی ( جهههننام ) یش هه‌یه هه‌رچه‌ند فه‌رهه‌نگه عه‌ره‌بیه‌كان ده‌ڵێن ئه‌مه‌یان به واتای بیری قوڵه ( به‌ڵام ئه‌م واتایه‌ش دور نیه له شێوه‌ی دۆزه‌خه‌وه له ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤدا ) . وشه قورئانیه‌كه راسته‌وخۆ ( به‌پێی وته‌ی گایگه‌ر و كه‌سانی تر ) له وشه‌ی ( گههیننام ) גהנם ی ئاڕامیهوه هاتوه ( له ته‌لموددا ) به‌هه‌مان واتا [ هه‌ندێك له موفه‌سسیره كۆنه‌كانیش ئه‌مه‌یان زانیوه ، وه‌كو ئه‌بو موسلیمی ئهسفههانیی موعتهزیلهیی ، كه وتویه‌تی له ” كههیننام ” ه‌وه هاتوه ، به‌پێی وته‌ی ( الراغب ) له ( مفردات ألفاظ القرآ‌ن ) دا و ( ابن منظور ) له ( لسان العرب ) دا . هه‌رچه‌ند ( ئارثه‌ر جێفری ) A. Jeffery پێی وابوه شێوه‌ی حهبهشیی وشه‌كه كه بریتیه له ( گهههننهم ) ( هه‌ندێك جاریش : گههاننهم ) زیاتر له شێوه عه‌ره‌بیه‌كه‌ی قورئانه‌وه نزیكتره‌و زیاتر ده‌شوبهێت سه‌رچاوه‌ی راسته‌وخۆی بێت ، ئێسته‌ش به‌گشتی ئه‌م رایه په‌سه‌نده ] .
ئه‌و وشه ئاڕامیهش ( گههیننام ) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وشه‌ی ( گێهیننۆم ) גיהינום ی عیبری كه له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌سته‌واژه‌یه‌كه به‌شێـوه‌ی ( گیێ بین هیننـۆم ) גֵיא בֶן-הִנֹּם به‌واتای ( دۆڵی كوڕی هیننۆم ) كه ( هیننۆم ) ئاماژه‌یه بۆ كه‌سێكی نه‌ناسراو كه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت خاوه‌نی ئه‌و دۆڵه بوبێت له‌كۆندا ، هه‌رچه‌ند هه‌ندێك هه‌وڵیان داوه بڵێن : ئاماژه‌یه بۆ په‌رستراوێكی كۆن . ئه‌مه دۆڵێك ( نشێوییهك ) بوه له‌شاری ئورشه‌لیم ( القدس ) ، به‌پێی بیروڕای زۆرینه‌ش ئه‌و دۆڵه‌یه كه ئێسته پێی ده‌وترێت ( وادی الربابة ) و ده‌كه‌وێته باشوری خۆرئاوای شاری قودس ( شاره كۆنه‌كه ) . بێ گومان ئه‌م دۆڵه هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیی هه‌بوه كه كردویانه‌ته هێمای شوێنی سزادانی هه‌تاهه‌تایی له ئه‌ده‌بیاتی یه‌هودی و ـ به‌تایبه‌تی ـ مه‌سیحیدا و دواتریش له‌ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا ، بۆیه ده‌بینین له كتێبی ( ئیرمیا : 19: 6 ، 7) دا ئه‌و دۆڵه ناونراوه ( دۆڵی كوشتار ) גֵּיא הַהֲרֵגָה و په‌یوه‌ست بوه به‌رۆژی دواییه‌وه ، دواتریش له ده‌قه‌كانی په‌یمانی نوێ‌دا وشه‌كه ( به شێوه‌ی گێهیننا Gehenna [ گێیننا] γέεννα ـ ی یۆنانیزهكراو) ( 13 ) جار هاتوه وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ شوێنی سزادانی هه‌تاهه‌تایی : ( بڕوانه : مه‌تتای: 5: 22، 29، 30، 10: 28، 18: 9، 33: 15، 33. ماركوس : 9: 43، 45، 47. لوكا: 12: 5. یه‌عقوب : 3: 6. پێترۆسی دوه‌م : 2: 4) . دواتریش له قورئاندا وشه‌ی ( جه‌هه‌ننه‌م ) (77) جار هاتوه به‌هه‌مان واتا .
ئه‌م دۆڵه له سه‌ره‌تادا لای كهنعانیهكان ( یاخود عهمموریهكان ) ته‌رخان كرابو بۆ په‌رستش و قوربانیی خواوه‌ند ( مۆلیك ) یان ( مۆلۆك ) یاخود ( مۆلۆخ ) كه له شێوی گایهكدا یان پیاوێكی به‌سه‌ر گا وێنه كراوه ، و شێوه‌یه‌كی خواوه‌ند
به‌عل) ـه . بۆ وێنه گریمانهیيهکهی ، بڕوانه :
http://upload.wikimedia.org/wikipedia/en/9/98/Moloch_the_god.gif
له ده‌قه عیبریه‌كاندا ناوی ئه‌و خواوه‌نده به‌شێوه‌ی ( مۆلـیك ) מלֶךְ یاخود ( میلكـۆم ) מִלְכּם هاتوه ، وشه‌كه‌ش له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌واتای پاشا ( ملك ) ـه ( = مێلێخ ـ ی كه‌نعانی ـ عیبری ) ، به‌ڵام به‌پێی وته‌ی پسپۆڕان ئه‌م ناوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نوسه‌ری ده‌قه عیبریهكهو مه‌به‌ستیشی له‌م ناونانه ئه‌وه بوه كه وشه‌كه به‌هه‌ندێك گۆڕانكاریی سهروبۆر ده‌بێته وشه‌یه‌كی عیبریی تر به‌واتای ( شتێكی قێزه‌ون ) ! كه‌واته ئه‌م ناوه هه‌ر خودی خواوه‌ند به‌عل یان جۆره په‌رستشێكی ده‌گرێته‌وه. به‌پێی بیروڕایه‌كی تریش ، خواوه‌ند ( مولیك ) خواوه‌ندێكی تایبه‌تی و دیاریكراو بوه ، چونكه ناوی خواوه‌ندێك به‌شێوه‌ی (ملك) له‌نه‌خشی دو نوشته‌ی دژهماردا بینراوه‌ته‌وه ، جگه له‌وه‌ی ناوی خواوه‌ندێك به‌شێوه‌ی ( مالیك ) یان ( مالكو ) ده‌خوێنرێته‌وه كه له‌دو ده‌قدا له‌گه‌ڵ خواوه‌ند ( نێرگال ) ی بابلیدا به‌رامبه‌ر كراوه كه خواوه‌ندی فه‌رمانڕه‌وای جیهانی ژێرزه‌وی ( دۆزه‌خ ) ـه .. ئه‌گه‌ر وا بێت كه‌واته ئه‌و خواوه‌نده‌ی له‌دۆڵی بینهیننۆم قوربانیی بۆكراوه له‌راستیدا خواوه‌ندی جیهانی مردوان بوه ، ره‌نگه ناوه‌كه‌شی ( مۆلیك ـ مالیك ) به‌واتای پاشا‌و فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و جیهان بوبێت .
وێنەکە خاوەندی مۆلیک ” ـە
به‌هه‌ر حاڵ ، ئه‌و قوربانیانه‌ی كه پێشكه‌شی ئه‌م خواوه‌نده یان ئه‌م جۆره په‌رستشه ده‌كرا قوربانیی مرۆیی بون ، به‌تایبه‌تی منداڵ ، چاڵه ئاگرێكی قوڵ له‌به‌رده‌م په‌یكه‌ره‌كه‌یدا دروست كرابو كه پهرستشكارهكان منداڵیان فڕێ ده‌دایه ناو ئه‌و چاڵه ئاگره‌وه تا به‌ڵكو ئه‌و خواوه‌نده رازی بێت! ( بێ گومان ئه‌م په‌رستشه باكگراوند و مانا و پاساوی ته‌واوی خۆی هه‌یه له بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و پهرستشكارهكانهدا ، كه لێره‌دا بواری باسكردنی نیه ) ، له‌چه‌ند شوێنێكی تریش ، وه‌كو كهرتهاجه ، ئه‌م جۆره په‌رستش و قوربانیكردنه هه‌بوه ، كه له‌وێش فینیقیه‌كان ئه‌و قوربانیه‌یان بۆ ( كرۆنۆس ) كردوه ( به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی دیۆدۆری سیكیلیایی ” ديودور الصقلي” و پلوتارك “فلوطرخس” ) . له لوبنانیش ( وڵاتی پۆینی ” فینیقی” ـه‌كان) شوێنه‌وارناسان گۆڕستانی قوربانیگه‌یه‌كی له‌م جۆره‌یان دۆزیوه‌ته‌وه كه لاشه‌ی ( 20000 ) منداڵی سوتاوی تێدایه! هاوار ! .
ئیتر هه‌ر لێره‌وه ئه‌م دۆڵه په‌یوه‌ست بو به‌دیمه‌نی ئاگر و سوتانی مرۆڤه‌وه . دواتر پاشای شانشینیی یه‌هودا ( یۆشیا ) Josiah ـ ( 648? ـ 609 پ. ز. ) په‌رستگا و قوربانیگهكانی ئه‌م شوێنه‌ی روخاندو به‌شوێنێكی پیس و نه‌فره‌تلێكراو و قه‌ده‌غه‌كراوی دانا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س منداڵی خۆی تێدا نه‌كاته قوربانی ( بڕوانه : پاشایانی دوه‌م : 23: 10) ، ئیتر بوه شوێنێكی ترسناك و نه‌فره‌تلێكراو . هه‌روه‌كو دواتریش هه‌مو پاشماوه‌ی سوتاوی ئاژه‌ڵی قوربانی و خاشاكی شار‌و جه‌سته‌ی تاوانبارانی تێدا فڕێ ده‌دراو ده‌سوتێنران . ئیتر هه‌میشه دیمه‌نێكی ترسناكی هه‌بو و ئاگرو دوكه‌ڵی لێ به‌رز ده‌بوه‌وه‌و بۆنی ناخۆشی لێ ده‌هات و بێزراو بو . به‌م شێوه‌یه‌ش بوه هێمای شوێنی سزادان و سوتاندنی نه‌فره‌تلێكراوان ، هه‌مو دیمه‌ن و ئاكاره‌كانی ئه‌و دۆڵه‌ش لهوێنهسازیی دۆزه‌خدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه : قوڵی و ته‌نگی ، دیمه‌نی ئاگر و دوكه‌ڵ ، دیمه‌نی سوتانی مرۆڤ ، ئاكاری ترسناكی و نه‌فره‌تی و بێزراوی . بۆیه ئه‌و دۆڵه هه‌م به ناوه‌كه‌ی ناوی ( جه‌هه‌ننه‌م ) ی هێناوه‌ته گۆڕێ ، هه‌م به‌شێوه‌و دیمه‌نه‌كه‌ی بیرۆكه‌ی جه‌هه‌ننه‌م و دیمه‌نه‌كانی پێك هێناوه .
وه‌كو وتمان ، له‌قورئانیشدا به‌هه‌مان شێوه ئه‌و زاراوه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌كار هاتوه ، به‌واتای ئه‌وه‌ی له‌كوردیدا پێی ده‌وترێت ( دۆزه‌خ ) ، بـێ گومان له‌هه‌مو كو‌لتورێكدا زاراوه‌ی تایبه‌تی هه‌یه بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌و واتایه . له قورئاندا وشه‌ی تریش به‌واتای دۆزه‌خ به‌كارهاتوه ، وه‌كو ( جه‌حیم ) (25 جار ) و ( سه‌عیر ) ( 16 جار ) و ( سه‌قه‌ر ) (4 جار ) .. به‌ڵام وشه‌ی ( جه‌هه‌ننه‌م ) سه‌ره‌كیه‌و له‌هه‌مویان زیاتر به‌كارهاتوه‌و زاراوه‌ی بنه‌ڕه‌تیه . ئینجا سیسته‌می ئه‌و چه‌مك و كه‌سێتیانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌م زاراوه‌یه‌دا ئاماده ده‌بن لهقورئاندا قۆناغی به‌رایی ئه‌م زاراوه‌یه بیر ده‌خاته‌وه‌و ئاماژه بۆ مێژوی زوی زاراوه‌كه ده‌كات . ئه‌وه‌ش كاتێك ده‌بینین فریشته‌ی خهزێنهدارو سه‌رۆكاری جه‌هه‌ننه‌م لهقورئاندا بریتیه لهمالیك ( مالك ) ( بڕوانه سوره‌تی : الزخرف : 77 ) ، كه هه‌مان خواوه‌ند ( مۆلیك ) ی كهنعانیی سه‌رۆكاری دۆڵی ناوزه‌د بهجێهیننۆمه ، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی ئه‌ده‌بیاتیی یه‌هودیی دواتره‌وه كه‌ئه‌و كه‌سێتیه به ( میری دۆزه‌خ ) ناوبراوه .. دیاره ( مۆلۆك ) یاخود ( مۆلیك ) ی عیبری بوه‌ته ( مالیك ) ی عه‌ره‌بی كه ( فاعیل ) داڕشته‌یه‌كی عه‌ره‌بیه. به‌م شێوه‌یه له‌ده‌قه قورئانیه‌كه‌دا نه‌ك ته‌نها وشه‌كه به‌ڵكو سیسته‌می چه‌مك و كهسێتیهكانیش ئاماده بوه‌ته‌وه .
ئینجا ئێسته دۆڵی بینهیننۆم ( یاخود جێهیننۆم كه بوه‌ته جه‌هه‌ننه‌م ) ، كه ئێسته پێی ده‌وترێت ( دۆڵی ره‌بابه ) ، نشێوییهكه له‌شاری قودس كه‌هیچ دیمه‌نێكی ترسناك و نه‌فره‌تیی نه‌ماوه ، به‌ڵكو باخێكی دره‌خته‌و كورته گیایهكیش دایده‌پۆشێت و شوێنێكی زۆر دڵگیره‌و بۆ گهشتیارو رێبواره‌كان دڵفڕێنه ! هه‌ر كه‌سێكیش بیه‌وێت وێنه‌ی ئه‌و باخی دره‌خته ببینێت ته‌نها لهسێرچی وێنه‌كانی ( گوگڵ ) دا بنوسێت ( ” وادی الربابة ” یان ” Wadi Al-Rababa ” ) یاخود ( “Valley of Hinnom” یان ” Valley of Gehinom ” ) و دوگمه لێ بدات چه‌ندین وێنه‌ی گه‌وره‌و جوانی ئه‌و دۆڵه سه‌وزه‌ی دێته به‌رده‌م .
كه‌واته ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار پێی وتراوه ( جه‌هه‌ننه‌م ) ئێسته باخێكی دره‌خته له‌شاری قودس ! ئه‌و سوتاندنی مرۆڤه‌ش كه‌له ( جه‌هه‌ننه‌م ) دا كراوه ده‌ستكاری مرۆڤه‌كان خۆیان بوه .
لێره‌وه تێ ده‌گه‌ین كه زۆر پێویسته سه‌رله‌نوێ مێژوی چه‌مكه ئایینیه‌كان بنوسینه‌وه‌و بزانین چۆن گه‌شه‌یان كردوه‌و چۆن ئه‌م شێوه‌یه‌یه‌ی ئێستایان وه‌رگرتوه ..
1,655 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست
- Latest Posts by
سەروەر پێنجوێنی : سه‌ركێشیه دڵداریهكانی بانگخوازه ئیسلامیه‌كان ، یوسف قه‌ڕه‌ضاوی وه‌كو نمونه‌یه‌كی زه‌ق .
-سەروەر پێنجوێنی : وێنەیەکی دانسقەی پێخەمبەری ئیسلام ( د . خ ) .
-سەروەر پێنجوێنی : چمكێك له مێژوی داگیركردنی كوردستان و به‌رگریی كورد له نیشتمان له هه‌ڵمه‌تی (فتوحات) ی ئیسلامی‌دا .
- All Posts