حاشا من براى عەرەبم نیە .. ئاکۆ برایم
لەوەتەى وەکو کورد هەستم بەبونى خۆم ونەتەوەکەم کردوەو لەسەر ئەم خاکى عێراقە ئەژیم بەبێ خواست و بەزۆر کردویانم بەمواگنیى عیراقى و ، بەزەغت زۆرە ملێ کراوم بەبراى عەرەب و ناسنامەو رەگەزنامەى عێراقیان پێداوم ، ئەوەش لەکارە هەر قورس وگران و ئەستەمەکانى ژیانم بووە ، چونکە هیچ سات و کاتێک هەستم نەکردوە کەلەناو وڵاتێکدا بەئاسودەیى و ئارامى و سەربەستى دەژیم و براکەم لەپاڵامایەو هەمیشە پشت وپەنامە( برالەپشت برابێ ) ، هەمیشە بەتەسکەرەوە سیاسەت و قسەى ئەملاو لا برا و کەسم بوە ، بەڵام لەسەر ئەرزى واقیع دوژمنێکى سەرسەخت و تا سەرئێسقان شوفێنى ونەفام و دواکەوتو بوە ، هەمیشە وبەردەوام هەوڵى داوە ملم بشکێنێت و لەخشتەم بەرێت ، یارى بەکەرامەت وناموسم بکات ، داب ونەریت و فەرهەنگ وکەلتور وناسنامەو بەهاى جوانم ناشیرین بکات ..
بەدرێژایى مێژوو ئەوە حاڵمان بووە ، هەرلەسەرەتاى دەرکەوتنى عەرەب و ئیسلامەوە تا رۆژگارى ئەمڕۆ هەمیشە بەدەست ئەو بەناو برا عەرەبانەوە ناڵاندومانە ، لەژێر ناو و پەردەى جۆراوجۆرى قەومى وئیسلامى دا کوژراوین و لەسەرخاکى خۆمان دەرکردن وتەعریب و ئەنفال و کیمیاویى وسوتماک کردنى خاک بوە بەبەشمان ، هەموو دەمو کاتێک بەچاوى بێگانەو نامۆ و بیانى و وەکو میوان لێیان روانیوین و هەرگیزاو هەرگیز بۆ هیچ شتێک وەکو هاووڵاتى و خەڵکى رەسەنى ئەم خاک ونیشتیمانە تەماشا نەکراوین ، لاى ئەوان ئێمە هەر نۆکەر و ئەڵقە لەگوێ وپیاو و خزمەتکارى دوژمنانیانین و بۆئەوەش پێویستە لەدیدگاى ئەوانەوە بەچاوى کەم وسوک وبچوک سەیربکرێین و لەبەرامبەردا سزاو نارەحەتى بچێژین و ماڵمان تاڵان بکرێت ، کچ وژنمان بەکۆیلە وجاریە بکرێن، سەروەت وسامانمان زەوت بکرێ ، کەرامەت وناموسمان بن پێ بخرێت. من وەکو خۆم هەموو نەهامەتى و ماڵ وێرانى و قڕکردن و زۆر و زەحمەتى و نەگەیشتن بەهیچ ئامانج و مەبەستێک وخۆڵانەوەمان لەناو بازنە و چوارچێوەیەکى داخراودا دەگێڕمەوە بۆ شوفێنى وعەرەبەکان بەهەموو مەزهەب و بیرو بۆچونەکانەوە لەگەڵ رێزم بۆ ( جواهیرى وحەسەن و هادى عەلەوى و شاکر خسباک و هاوبیرەکانى یان) بەڵام لەسەدا نەوەدى عەرەب ئەوە بیرو بۆچونیانە ، ئەوان هەمیشە زیندە بەچاڵیان کردوین، بەکافرو گومڕاو مونافیق هاوپەیمانى جولەکە ناساندویانین وتۆمەت و قسەى ناراست و بوختانیان داوەتە پاڵمان ، رێگەیان نەداوە سەرببزوێن ، داواى سەرەتاترین مافى خۆمان بکەین ، ئەوە سەدام و قاسم و عەبدولسەلام و عەبدولرەحمان و تا مالکیش زەقترین نمونەى ئەو شوفێنێتى و هەڵوێستە دزێوانەن .
گەر سەرنج بدەیت بەدرێژایى مێژوو و لەگەڵ دروستبونى دەوڵەتى بەناوعێراق و قۆرخکردنى تەواوى دەسەڵاتەکان بۆ عەرەب و شوفێنیەکان بووە ، تاکە یەک پۆست وپلەو وماف و ئیمتیاز چیە بۆکورد بەرەوا نەزانراوە ، هەموو دەم نەک وەک هاووڵاتى پلە دوو بگرە لە خوار چوار وپێنجیشەوە حسابیان بۆکردوین ، من ئەوەى کەئێستا دەیبینم و لەبەغدا کورد پۆست و پلە و مەکانەى هەیە بەشتێکى رۆتین و کاتى دەزانم ، بەتێپەڕبونى رۆژگارو گۆڕینى بارودۆخى سیاسى و ئیقلیمى و ناوخۆیى ئەویش وردە وردە کاڵ دەبێتەوە ونامێنێت ، من بەدڵنیاییەوە دەیڵێم پاش چەند ساڵى دیکە هەست و بیرى ئەو شوفێنیانە دەگاتە ترۆپک و ئەو دەمە نەک وەزیر و مولحەقى سیاسى و پەرلەمانتار ، بگرە بۆ دەرمانیش بەڕێوەبەرێکى قوتابخانەیەکی سەرەتایش لەکەرکوک و مەندەلى نابینیت ، ئەوە هەمووان رابردوى چەندانى وەکو مالیکى و عەلاوى و مشعان جبورى و کێ و کێمان لەپێش چاوە، کاتێک بەناو ئۆپۆزسیۆن بوون کورد چى بۆنەکردن ؟ لەچ بارێکەوە کەمتەرخەمى نواند؟ هەر کورد نەبوو لەدواى راپەرینى 1991ببوە رێگا خۆشکەر و رێ ئاسانکار بۆ هەزاران عەرەبى شیعە و سونە وشوفێنى کە خۆیان لەزوڵم وزۆرى بەعس ببوێرن وپەنا بێنە بەر کوردستان، هەر لەناو خاکى کوردستاندا نەبوو کردمانن بەشت و بەشەو و روژ پاسەوانیان بوین و هەموو ئیش و کارێکمان بۆرایى دەکردن و ، تەنانەت زۆر جار لەبرى ئەوانیش بەناوى( مجلس الاعلى و وفاق وتەنى و مەلیکى دەستورى ) چالاکیمان دەکرد و دەستمان لەدوژمن دەوەشاند ، بەس بۆ ئەوەى زلهێزەکان دان بە بوونى ئەو هێزە دا بنێن وشتێکیان بۆ بکەن ، ئەدى پاش رزگاربونى عێراق و روخاندنى سەدام و دروستبونى حکومەتێکى نوێ ، هەڵوێست وپاداشتى ئەو شوفێنى و رەگەزپەرست وبەدنمەکانەى کە تا دوا رۆژى رمان ونەمانى سەدام میوانى ئەم خاک وئاوەى کوردستان بوون چى بوو؟ چیان بۆکورد وشۆڕش ومیللەتەکەى کرد؟؟ جگە لەپیلان گێرى و ئاژاوە و دووبارە تەعریب و راونان وماڵ سوتاندن و کوشتن و دەربەدەریمان؟ ئەوەتا هەموو بەئاشکرا دەبینین مالیکى ونوجیفى و شەهرستانى و زەیدى و جبورى و سەدر وزۆرێکى دیکەش تا سەرئێسقان رق وقین وبوغزیان بەرامبەر بەیەک هەیە و شیر وتیر لەیەک دەسون ، یەکتر تاوانبار دەکەن و سزاى مەرگ ولەسێدارەدان بۆ یەکتر دەردەکەن، لەهیچ خاڵ و بۆچونێکدا کۆک و تەبا نین و بەهەزاران دانیشتن و گفتوگۆ رێکەوتنیش ناگەنە ئەنجام ، بەڵام لەسەر مەسەلەى دوژمنایەتى و رق ئەستورى و پەراوێزخستنى کورد ودوورخستنەوەى لەدەسەڵات و بێبەرى کردنى لە خێر وبێر و خۆشى وڵات هەموو دەبنە براى گیانى بەگیانى و مەلاى سەلەفى سوێند بەسەرى ئیمامى شیعى دەخوات ..
هەموومان ئەو پاشەڕۆژەمان لەپێش چاوە و چاک درک بەوە دەکەین کە تاکە شتێک وایکردوە حکومەتى عەرەبى بەغدا لەبەرامبەر کورد و هەرێمەکەى بێدەنگ بێت و هیچ پەرچەکردارێکى نەبێت ، لەوەوە سەرچاوەى گرتوە کە جارێ حکومەت توشى شەلەلى سیاسى و قەیران و نەهامەتى و نغرۆى سەدان کێشەى ناوخۆ ودەرەکى بووە ، هەروەها جارێ هێزێکى تۆکمەوشەڕکەر و چەکى پێشکەوتوى دەست نەکەوتوە ، هەروابێتەو سیاسەتى نێو دەوڵەتیش ئەمڕۆ رێگا نادات بۆ کار وهێرشى هاوشێوەى سەدام و تورکیا ، ئەگەر نا بەنوێژى نیوەڕۆ دەیانکردین بەپۆڕى خوراو.
تۆ بنواڕە بەدەگمەن وترس و لەرز و دزى وخۆشاردنەوە نەبێت کوردێکى داماو و سەرگەردان نابینیت بۆ نەخۆشى وکارى تایبەتیش رێ بکەویتە بەغدا وجنوب ، ئەگەر بشچێت ئەبێت جۆرەها موجازەفەو گەمە لەگەڵ مەرگ بکات ، تا پێى نەزانن و توشى دەردى سەرى نەبێت، کەچى ئێمە هەمشە دەست ودڵمان فراوانە و لەماوەیەکى کەمدا رابردو لەبیر ئەکەین ئەنفال وکیمیاوى و گوند روخاندن و ئەمن و قەسابخانەى موسل وئەبوغرێب بێ ریزى و سوکایەتى دەبێتە خەون سەراب و بکەرانیشى کە سەرلەبەریان عەرەبن لامان دەبنە میهرەبان و بەخشندەو دڵسۆز ، هەر بەزۆر ئەیان کەینەوە بەبراى خۆمان ، زەویان دەدەینێ و پۆست وپلەیان پێدەبەخشین و لەترس وپەلامار دەیانپارێزین و دەرگایان بۆ واڵادەکەین ، ئەوەتا تۆ بنواڕە شەقام و ئوتێل وباخچە و کارگە و هەموو پڕاوپڕە لەعەرەب، خەریکە بەهێمنى ولەسەر خۆیى تەعریب دەکرێن ، ئەوان لێرە ژیان وسەروماڵ وکەرامەت و هەمووشتێکیان پارێزراوە ، لەمن تۆش خۆشتر رادەبوێرن،نەترس، نەگرتن ، نەتۆقاندن ، نەراونان ، نە ماڵ سوتاندن نە دەربەدەرى ، نایەتە رێگایان ، هاوکاریان دەکەین ، ئیشیان پێدەدەین ، جل وبەرگیان دەدەینێ ، تێریان دەکەین ، لە سەرما و ترس و ئەملاو لا دەیانپارێزین ، ئەوانیش لەسەرخاکى خۆمان لەناو کەس و کارى خۆماندا بە بەرچاوى براو خوشک و خزمەکانمەوە ئاوا پاداشتى ئەو هەموو دڵسۆزى و خەم و بەتەنگەوە هاتنەوەمان دەدنەوە ، دزیمان لێدەکەن ، بەپیلان وتاوانى جۆراوجۆر براو ئامۆزاو خزمەکانم سەردەبڕن و بەبەرد دەیانکوژن و گیرفان و باخەڵەکانى تاڵان دەکەن ، ئوتومبێلەکەى دەفڕێنێت ، ئەمە تاکو ئێستا دەیان کارەساتى وتراژیدى وا جەرگبڕمان بینى ..
بەڕێزینە بەرپرسان و خەمخۆرانى وڵات و نیشتیمان و کوردستانەکەم نامانەوێت ، نامانەوێت ، هەرگیزاو هەرگیز ئاو ئاگر نابنە دۆست ، گورگ ومەڕیش قەت قەت دەست لەملى یەکتر ناکەن ، ئەگەر برایەتى ئەوها بێت وهەمیشە بەزیان و ماڵوێرانى و رژانى خوێنى کورد لەسەر حساب وبەرژەوەندى عەرەب کۆتایى بێت ، حاشا هەزاران جار حاشا من برام نیە وباوک وباپیریشم هەر تاقانە بوون ، ئیدى بەسە با خۆمان فریو نەدەین و بەو قسەو خەیاڵاتانە خۆمان لەخشتە نەبەین ، ئەوان بەڵێنێکەو داویانە بۆ بەرژەوەندى وگەیشتن بەپلەو دەسەڵات و بەکارهێنانمان وەکو ئامراز و سەرکەوتنى خۆیان وەکو زڕ براش حسابمان بۆناکەن و لە ریزى دوژمنیش ئەژمارناکرێین. رەنگبێت تۆ دوژمنەکەت زەلیل بێت روحم و سۆزت بۆى بجوڵێت چاکەى لەگەڵدا بکەیت و ئەوەى کردویەتى لێى ببوریت و فەرامۆشى بکەیت ، بەڵام ئەوان هەموو دەموکاتێک خاوەن یەک بیرو باوەڕى شوفێنى پڕ لەرق وقینن کە مەزڵوم وژێردەست وچەوساوەبوون خۆیان دەکەنە مەڕ وپەپوولە وفریشتە ، هەر کە هەلیشیان بۆسازا ئەوپەڕى بێ نمەکى و سپڵەیى و بێ وەفایى دەنوێنن ..
من پێم خۆش نیە و جەرگم ژان دەکات رۆڵەى کوردى بێتاوان وکاسب و هەژار لە پێناوى تەماع و دزى و چاوچنۆکى بەدەستى پیس وچەپەڵى ئەو نەفرەت لێکراوانە بکوژرێت ، تکایە چارەیک با چەیدى عەرەب زاڵنەبێت بەسەرمان ولەسەرئاو و خاک وموڵکى خۆشمان زوڵم ئیهانەمان لێ نەکەن و جەرگى دایکانمان نەسوتێنن ..
سنورێک بۆ ئەو ناهەقى و زوڵم غەداریە دابنێن. لەتازەترین خەبەریشدا پەرلەمانتارێکى شیعە دەڵێت هەرگیز کوردو شیعە دۆست و هاوپەیمان نین ، و لەولاشەوە قائیدێکى عەسکەرى کۆنە بەعسى هەرەشە دەکات و دەڵێت لەمەولا دەبێت کورد بە کارت و کەفیل بۆیان هەیە پێ بخەنە ناو شارى کەرکوکەوە .
ئاغاى مالیکیش بڕیارە داوە کە لەمەولا رێگە نەدرێت بەوئوتومبیلانەى ژمارەى شارەکانى هەرێم یان پێوەیە بێنە ناو سنورى دەسەڵاتى عەرەب ، ئیدى نازانم خێر وبێرى ئەو برایەتیە و ئەو خۆ هەڵ خەڵەتاندنە تاکەى بەردەوام دەبێت؟؟ روداوەکانى ئەم دوایەى دوز خورماتو و هەڵپە و قسە و هەڕەشەى ئەو کۆنە بەعسى و عەرەبانەش باشترین بەڵگەو سەلمێنەرى ئەوەن کە لەدوژمنێکى بوغزن وقین لەدڵ و تادوارادە سپڵە زیاتر هیجى تر نین .
لەگەڵ رێزم بۆ شیعرەجوانەکانى شاعیرانى پایەبەرز گۆران و بێکەسى نەمر ئیدى لەمەودوا شیعرى ( براى عەرەبى چاوڕەشم ) و (دۆستایەتى کورد و عەرەب زۆر کۆنە) لەبیرو زهنى خۆمدا دەسڕمەوە ، چونکە من هەست ناکەم هیچ دەم و کاتێک برایەکى عەگاڵ بەسەر و دیشداشە لەبەر و چاو رەش و دۆستى کۆن و بەوەفام هەبوبێت و داکۆکى لە بچوکترین ماف و هەقى رەوام کردبێت ، ئەوەى پێى دەوترێت برا هەمیشە چەقۆ لەمشت و تفەنگ بەشان بووە و حەزو خەون خۆزگە و خەونەکانى سەربڕیوم گەنج و لاوانى ولاتى خەڵتانى خوێنى کردوە . .
ئەوان عەرەبن وبرایەتیان هاوشێوەى هابیل و قابیلەو بڕایەوە