قژ شانەکردنیش داهێنانە : ئاکۆ برایم .
ئەوەى کە کارەباى دۆزیەوە داهینەربوو،ئەوەى کە ئوتومبیڵ و شەمەندەفەر و فڕۆکەى دروست کرد داهێنەر بوو، ئەوەى کەمۆبایل و ئامرازەکانى پەیوەندیکردنى دروستکرد داهێنەر بوو، ئەوەى کەمانگى دەستکرد و سەتەلایت و ئینتەرنێتى دروستکرد،داهێنەر بوو، ئەمانەو سەدان و هەزاران دروستکراو وداهێنانى دیکە کەرۆژانە دەیانبینین و بەکاریان دێنین، وەکو تەلەفزیۆن وسەلاجە و جل شۆر و سپلیت و ….. بونەتە مایەى خۆشگوزەرانى و حەوانەومان داهێنراو و دروستکارى مرۆڤن و، بۆ ئاسودەیى و حەسانەوەى ئێمەن ، هەموومان لەوبەرى رەنجەمان خواردوە و، بۆهەتا هەتایە دوعاى خێر ودەست خۆشیان بۆدەنێرین، ئەوانە بەو کارو بەرهەمەیان خزمەتێکیان بە مرۆڤایەتى کردوە ، بۆهەتایە بەنەمرى وسەربەرزى و مەزنى ناویان دەبرێت،هەقى خۆشیانە بەردەوام یادیان بکرێتەوە ستایش و خەڵات بکرێن ، قوتابخانە و شەقام و گۆڕەپان وپارک و شوێنانیان بەناوەوە بکرێت .
بەڵام ئەدى پێم ناڵین چ حیکمەتێک و داهێنانێک لە شیعر و گۆرانى و مۆسیقا وشانۆ ونوسیندا هەیە ؟ وا وەزارەتى رۆشنبیریەکەمان لیستێکى گەورەو گرانى رێکخستوە و ناوى سەدان کەسى بەناوى داهێنانەوە تۆمارکردوە ،پاداشت و خەڵاتى چەوریان دەکات؟؟لەگەڵ رێزم بۆ هونەرو ئەدەب و نوسین و موسیقا وبوارەکانى دیکە ،بەڵام هەموو ئەو بوارانە شتى تازە ونوێگەرى تیا نابینمەوە ئەو بەهرانە پێ بەپێ مرۆڤ بوونیان هەبووە، ئەرێ کامتان گوێتان لێ بوو یان بیستتان هونەرمەندێک ئاواز و سیمفۆنیایەکى تازە و ناودارى داهێناوە و، پیشتى مۆزارت و بتهۆڤنى یاوە لەزەوى؟ کامتان رۆمان یان چیرۆکێکتان خوێندەوە لە ژانى گەڵ و پێشمەرگە وتەنەکە باشتربێت ، توانیبێتى ژمارەیەکى بێ شومار خەڵک ناچار بکات تا بیخوێننەوە و، هەوڵى بەدەستهێنانى بدەن؟ کامتان بەدرێژایى ئەم چەندین ساڵە دراما یان شانۆگەریەکتان بینیوە، چێژى پێ بەخشیون و ئاسەوار ویادەوەرى خۆشى لا بەجێهێشتون؟ کامتان چونەتە پیشەنگەیەکەوە بە دیار تابلۆ و سکێچ و نەحتێکەوە رامابن و، سەرنجتانى راکێشاوە ولەدڵى خۆتاندا وتبێتان ئافەرین بۆدەست وفڵچەت، بەڕاستى ئەو کارە هیچى کەمتر نیە لە کارەکانى ڤانکوخ و بیکاسۆ؟ کامتان گۆرانى وئاوازێکى خۆشتان چۆتە گوێچکەوە لاتان خۆش بوە و، جۆش و خرۆشى پێداون لەبەر خۆتانەوە وتوتانەتەوە؟ کامتان تاقەتتان هەبووە ئەم رەمەزانە بەدیار دراما و کارەهونەریەکانەوە دابنیشن ،دەست خۆشى وئافەرین بۆستاف و سیناریست و ئەکتەر و هونەریەکانى بنێرن؟کامتان راپۆرتە هەواڵ یان چیرۆکێکى رۆژنامەنوسیتان خوێندۆتەوە، کە کاریگەر بوبێت، یان دەسەڵاتى هێنابێتە قسەو، بوبێتە فاکتەرێک بۆ گۆڕانکارى وبەخۆدا چوونەوە ؟؟ .
بڕواناکەم هیچ کام لەوانە بوبێتە مایەى دەرکەوتن وناساندن و ناوبانگى هیچ کەس و، ئەکتەرو نوسەر و موزیکیەک. ئەى کەوایە و بۆچى و لەپاى چى خەڵات دەکرێن؟ ئەوە چ لیژنەیەکە لەخۆڕا بەبێ هیچ حساب و ئەملاو لایەک ئەو نازناوە دەدات بەوان؟ ئەوانە کێ رایسپاردون و رێگەى پێداون کە بەزۆرى زۆردارى ئەوانە بکەن بەداهێنەر، لەکاتێکدا کەسى واى تیایە لەبوارەکەى خۆیدا تەواو نابەڵەد ونامۆیە ،ئێستا نا بۆ سەد ساڵى تریش بە ئیعترافى خۆى نابێت بە کۆلکە نوسەر وهەرزە ئەکتەر و وهونەرمەند،ئەى ئەو لیژنە یە چۆن بەچ هەقێک لەئێمەى کرد بەداهێنەر،رەنگبَت ئەوەى کردبێت بەقیاس کەکاکم داهێنەرە داهێنانەکەى ئەوەبوە قژى داهێناوە هیچى تر؟؟ ئایا ئەو لیژنەیەو ئەو وەزارەتەى سەرپەرشتى ئەو کارە دەکات دەزانێت داهێنان چیە؟ پێوەرەکانى داهێنان چین؟ بەکێ دەوترێت داهێنەر؟ تا چەند داهێنانەکانیان لەخزمەتى میللەت و مرۆڤایەتیدا بووە ؟؟ من سەردەرناکەم لەوپارە هەڵرشتن و سامان بەهەدەردانە،ئەرێ نوسینى دوو دانە شیعرى بێ سەرو بەر کرچ کاڵ داهینانەکەى چیە و لەکوێدایە؟ خۆنواندنى هەندێک ئەکتەرى ناشارەزاى دراماو شانۆ و، خۆ هەزەلیکردنى لەبەر خاترى دوو پول چ داهێنانێکە؟ .ئایا کەسى دیکە نیە بتوانێت ئەو کارەبکات؟ پیشاندانى یەک دوو کلیپ و گۆرانى سەقەت وکەسى رەززا گران چ داهێنان و عیلم و مەعریفەیەکم پێ دەبەخشێت ؟ تکایە تکایە تکایە بەڕێزان لیژنەى تایبەت، وەزارەتى مەعنى تا زووە بەو بڕیارەدا بچنەوە ، ئەو هەڵە گەورەیە راست کەنەوە، ئاساییە ئەگەر بەناوى و کۆمەک و پشتگیرى وپشتیوانى، هاوکارى هەرکەسێک بکەن کەخۆتان مەبەستانە ،بۆ ئەوەى لەبوارەکەیدا سەرکەوێت ،بەڵام ئەوە ناچێتە قاڵبى داهێنانەوە ، داهێنان کار وبەرهەمێکە کە پێشتر نەکرابێت و یەکەم جارە دەچێتە خزمەتى مرۆڤ ومرۆڤایەتەوە ، نەک هەڵپەڕکێ وسێ پێى و کراس رەشەو دراماى کرچ و کاڵ، خۆ ئەگەر وابێت ئەوا هەموومان داهێنەرین، چونکە کوردنیە حەزى لەهەڵپەرکێ و گۆرانى وبەزم ورەزم نەبێت ، کەم کەسمان هەیە بەهرەى شیعرى نەبێت ، بەسەدانمان هەیە کەسیش نایناسێت ، بەڵام باشترین هونەرمەند وئەکتەرە و لەبوارى نواندندا ئەوپەڕى سەرکەوتوە، لەلایەکى تریشەوە ئەگەر هەرسوورن ومەبەستتانە هەرچى چۆنێک بێت ولەژێر هەرپەردەوناوێکدا بێت دەستگیرۆى ئەو کەسانە بکەن ، لاى من کارێکى باش و پڕبایەخە ،ئەویش بەمەرجێک پێش هەرشتێک بەداهێنەر ناویان مەبەن ئەو نازناوە بەکارمەهێنن چونکە بۆ ئەو کەسانە قورس و نا دروستە ، هەروابێتەوە کەسى خەڵاتکراو باشترە کەسێکى لێهاتو و دیار وناسراو بێت، ،نەک وەک ناوى بەڕێزانى ئەولیستە کە لەخۆیان زیاتر کەس نایان ناسێت ونازانێت کێن وچین بون ونەبونیان چیە چ سەنگ و قورساییەکیان لەبوارو گۆرەپانەکەدا هەیە؟ لەوبوارانەشدا خەڵکانێک هەن شیاوى ئەوە بن ، کە زۆرێک شاعیر و نوسەرو لێکۆڵەرو رەخنەگرو هونەرمەندى بەتوانامان هەیە لەوە زۆرتر و گەورەتریشیان قابیلە، بێجگە لەوە با هاوکارى و دەستکیرۆییەکە بەپێ ى مەرج و بەرنامە رێسا بێت ، تا رۆحى کێبڕکێ و ململانێ دروست بکات ، بتوانرێت بەو هاوکارییە کارو پرۆژەى جوان و بایەخدار ئەنجام بدات وبەرهەم داربێت .
پێم سەیرە و عەجایبم لێ دێت چۆن یەعنى چى ئێمەى کورد خاوەنى 700 دانە داهێنەرین ، کەچى تائێستا کارەبامان وەکو پێویست نیە ، بەتانکەر ئاو ئەکڕین ، لەگەڵ هاوینى لێ دێت بەلەفیڕە و کۆلیراو چى و چى گاڵەمان پێدەکات، لەگەڵ ئەو هەمو کەڵەداهێنەرانەدا تا ئێستا نەمانتوانیوە کارگەیەکى لابەلا سازبکەین تا بتوانین مەسینەو رەحەتى نەوت و دەبەى پلاستیکی دروست بکەین و چاولەدەستى دەرەوەنەبین،یان کارگەیەکى بنێشتى کوردى ونانەقەیسی بکەینەو خۆمان لە دروستکردنیدا جێ دەستمان هەبێت و سەنعاتى خۆولاتى بێت! ئافەرین بارەکەلڵا بۆکورد ومیللەتەکەى ئەوەتا تۆسەیربکە بەهەموو ئەوروپا وئەمریکا ئەفریقا 200 داهێنەرى تیانیە،کەچى ئێمە لە سێ شاردا بەخاترانەوە بوینەتە خاوەنى 700 داهێنەر، پێم سەیرە چۆن تائێستا ئەو وڵاتانە داوایان لەحکومەتەکەمان نەکردوە هەنێک داهێنەریان بۆ حەواڵە کات یان بەقەرز بیاندەنێ تائەوانیش وەکو ئێمە تەکانێک بچنە پێشەوە ؟
5,281 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست