ئاکۆ برایم : ئەم شارەمان بۆ والێدەکەن ؟ .
بەڕەگەز عەرەب کوڕێکى خەڵکى سلێمانى دەکوژن و ئوتومبیل و پارە و پولى گیرفانى دەبەن دوو گەنجى- -لەیانەى … کۆمەلێک چەکدارى نەناسراو لەسەر سەمامەرێکى عەرەب کردویانە بەشەڕەچەقۆ – پیلان داڕێژەرى تەقینەوەکانى ئەم دواییەى شارى کەرکوک، بەرەگەز عەرەبە و لەسلێمانى نیشتەجێ یە وکارتى زانیاریشى هەیە – پیاوێکى ئێزدى لەشارى سلێمانى ژن و مناڵەکەى دەکوژێت و هەڵدێت ئەمانەو چەندین هەواڵى ناخۆش و بێزارکەر ، بونەتە بابەت وهەواڵ باسى شارى سلێمانى ، ئەو شارەى کەنموونەى جوانى بەخشندەیى یە ، شارێکە تا باسى بکەیت و ، ناوى ناوداران و کەڵەمێردان و ئەدیب و رۆشنبیران بهێنیت، هێشتا هیچت نەوتوە .
سلێمانى لەرۆشنبیرى و هونەردا لەلوتکەدایە ، لەقوربانى و گیانفیداى دا سەرمەشقە ، لەدڵپاکى و بەخشین و هاوکاریدا بێ نموونەیە ، لە جوانى و رازاوەیىو دلگیریدا سەرتۆپە . ئەوەى رۆژێک لەم شارەدا ژیابێت ، بەسەردان ودیدەنى ویان لێقەومان رێى تیکەوتبێت ، یەکەو راست لاى ئازیزو دڵگیرو شیرین بووە ، ئیدى وەکو مال و زێدى خۆى ، جوانى و قەشەنگى شارى بەدڵدا چووە ، بەینى خۆمان بێت پاش ئەوە بەزۆرى زۆرداریش ، نەگەراوەتەوە بۆ شوێن و رێى خۆى و ، تا دواساتى ژیانى لەم شارە گوزەراوە . شارو شوێنم زۆردیوە ، لەزۆرجێگا شەو و رۆژماومەتەوە ، بەڵام هیچ شوێنێک وەکو سلێمانى ، پشووى بە گیان و جەستە و مێشکم نەداوە . زۆر خواردن و خواردنەوە و دەعوەت و میواندارى چەور کراوم ، بەڵام هیچ کامیان بەئەندازەى، چاى خەڵوز لەفە قاورمەکەى ئێوارانى بەر سەرا و سینەما سیروان ، تام و لەزەتى پێنەداوم . زۆرشوێنى جوان پاک و تەمیزم دیتوە ، کەدەڵێن وەکو بەهەشت بوون ، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانیوە ، بەئەندازەى گەڕەکى کارێزەوشک وخانو ودوکانە سادەو ساکارەکانى ، ئارام و چێژ ویادو یادەوەرى خۆشیم پێ ببەخشن .
براى میوان کاکى کاسب ئازیزى لێقەوماو، شار باوەشى بۆت کردۆتەوە ، وەکو کوڕو ئەولادى خۆى لەئامێزى ناویت ، ئەتلاوێنێ ، ئاوێزانى خەم و ئازار و نەهامەیتەکانتە ، لە ترس و دودڵى وگرتن وراونان دەتپارێزێت ، تۆش وەکوئێمەو مانان ،کە حەوت پشتمان لەم شارەدا بڕاوەتەوە ، ئازاد وسەربەستیت و ماف و ژیانت پارێزراوە ، کەس ناڵێت کوڕى کێیت ، چیدەکەى و بۆکوێ دەچیت ؟ ئیدى بۆچى لەپاى پاداشت و سوپاس و ،ناردنى درودو رەحمەت بۆ برایم پاشاکەى دامەزرینەرى شارم ، بەو کارە ناشیرین و پڕتاوانکاریانە وەڵاممان دەدەیتەوە دڵى هاوڵاتیانم تەنگ و خەمبار دەکەیت ؟؟ راستە لاى تۆ شار هیچ گرنگى و مانایەکى نیەو ، پاش ماوەیەکى دیکە بەجێدێلێیت ، رەنگە بۆهەتا هەتایە سەرى پێدا نەکەیتەوە ، دوورنیە لەپاى ئەو هەموو کار و هاوکاریە جنێویشمان بۆنەنێریت ، بەڵام لا من جودایە ، هەرکەناوى سلێمانى دێت ، بێ بیرکردنەوە ، یەکسەر بیروخەیال و هەست و هۆشم ، دەچێت بۆ مەزارى کاک ئەحمەدى شێخ و ، خانەقاى مەحوى و، قەلەندەرخانەى پیرەمێرد و ، کەشتى نوح و ، دەشتى تەیارە خانەو ، گردى مامەیارە , کەئەمانە هەریەک بۆخۆیان رەمز و پیرۆزى و ناسنامەى شارەکەمن ، ئەگەر خوانەکردە بەخراپ باسیان بکەیت و ، بتەوێت لەپلەو پایەیان کەمبکەیتەوە ، ئەوە دڵنیابە خوداى تەبارەکو تەعالا کەڕو گولت دەکات .
کێ هەیە چریکە وگۆرانى( بابچینە سەروەیس و ،شاخى رەنگاورەنگى گۆیژە، بەیانى بوو لەخەو هەڵسام . ئۆخەی گردەکە یارە ) سەرمەست و حەیران و سەرخۆشى نەکات و، خۆى نەکاتە فیدا و قوربانى هەربستە خاکێکى ئەم شارە ؟ کێ هەیەکەناوى ( پیرەمێرد و بێکەس و حەمدى و تۆفیق وەهبى و ئەمین زەکى و کەریمى عەلەکەو مستەفا پاشا و کەریم بەگى زانستى و ..) دەبیستێت شادو ئاسودە نابێت و ، هەست بەوەناکات کە لەدیرَزەمانەوە ، شار مەڵبەندى عیلم زانست و مەعریفە بووە ، ئەوان لاپەڕەکانى مێژووى شاریان جوان و رازاوەتر کردوە ، درودو رەحمەت بۆخۆیان و بنەماڵەو زێدیان نانێرێت ؟ کێ هەیە بەبیستنى ناوى ( شێخ محمودى نەمر و ، شێخ محمدى خاڵ و ، مەلاعەبدولکەریمى مودەریس و ، شێخ حەسەنى گڵەزەردەو ، پیرمەسور و ، دەیان پیاو چاکى تر ) ، هەست بەئاسودەىو حەسانەوە ناکات ، ئەوەى لا نەبوبێتە یەقین ، کە ئەوزاتانە لاى خوداى گەورەخاوەنى پلەو پایە ورێزن ، هەربۆخاترى دەم ولەبزى ئەو زاتە موبارەک وپیاو چاکانە ، سەرجەم دانیشتوانى سلێمانى و خەڵکەکەى لەهەموو گوناه وتاوانێک خۆش نابێت ؟ شارێک کەمەڵبەند و مەنزڵ و جێ هەوارى ، ئەو هەموو کەسە بڵند وبەرز ودیارو چاک و ناودارەبێت ، شارێک لێوان لێو بێت لەمەردى وشەهامەت وپیاوەتى وفریادرەسى .
شارێک کانگاى رۆشنبیرى و ، شۆڕش و کوردایەتى بێت ، خاوەنى هەزاران شەهید و ، سەدان گۆڕغەریب و ، خاوەنى گردەکانى سەیوان و شەهیدان بێت ، وەلڵاهى وەبیلاهى تاوانە ، کوفرە زوڵمە ، ناهەقیە ئەو کارانەى تیا رووبدات . کەسانێک کە هیچ دڵیان بەناو وناوبانگ و جوانى و گەورەیى شارناسوتێت ، بەخەم ئازارو ئێش و ژانى نابەڵەدن ، کەسانێک کەهیچ مافێکیان بەسەر ئەم شارەوە نیە ،کەسانێک کە بەمێژوو خەبات وتۆمارى پڕشانازى ئەم شارە بێ ئاگان ، بۆ سیماو رەنگ و ئاڵاووالاى شارەکەم وەکو ناخ و دڵو مێشکى خۆیان بۆگەن دەکەن؟؟ ئەى ئەوانەى عیشق و ئەوین خۆشەویستى و جوانى شار ، ئاوێتەى رۆحتان بووە ، ئەى ئەوانەى بەبێ سلێمانى و ، ئاو هەواکەى ناتوانن بۆ چرکەیەکیش بژین . دەستم دامێنتان رووم لەئێوە ناوە ، هەوڵ وهیمەت تان بخەنە کار ، با رێگە نەدەین کەسانى نامۆ و بێئاگاو بێ خەبەر ، رەنج وقوربانى و مێژووى پرشنگدارى شارمان لێڵ بکەن .
3,725 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست