دکتۆر کەمال میراودەلی : مێشکی مشک و ئەو شەوەی بووم بە شکسپیر .
(١)
ئەو دیوانەی لە دەستم چوو – و لە بیرم ناچێتەوە!!
ئەوەی لە تایبەتمەندیی ژیانی ئینسانیدا لای من موعجیزەی موعجیزەکانە : خەونە . من ، دوای زۆر ئەزموون و رامان ، گەر جیاوازییەک لەنێوان خەون و ژیانی رۆژانەی بەرهەستدا ببینم ، ئەوەیە کە خەون دەوڵەمەنترە ، چڕترە ، فراوانترە ، سوپەرناتورالیی و گەردوونیی ترە و رەگەکانی لە سەرەتا هەرە سەرەتاییەکانی بوونی مرۆڤەوە ، لە هەر کوێیەکەوە هاتبێت ، تا ئەمڕۆ درێژ بۆتەوە . ئەوەندە گرنگی بەخەون دەدەم هەوڵ دەدەم لە خەونبینینیشدا ئاگام لێ بێت کە خەون دەبینم . کە ئەمە دیارە مەحاڵە بەلام رێکەوتووە کە خەونم بینیوەو بە خۆم وتوە: ئەوە راست نییە خەون دەبینی!
شتی وا لە خەوندا دەبینم ، دوایی بە قووڵیی بیریی لێدەکەمەوە ، بەراوردی دەکەم ، بە هێچ جۆر بەشیک لەدنیای ئەزموونی هەست و زانستی خۆم نین ، نە لەپرۆسەی ژیانمادا ئەزموونم کردوون ، نە لەکتێببدا خوێندوومنەوە ، نە بەخەیاڵ بەرزەینم کردووون : شوێن ، کەسان ، گیانلەبەران ، رووداوان ، وێنەو سەیروسەمەرەی بێ ئامان ، هتد … .
ئەدی لەکوێوە دێن ؟ بۆ لەگەڵ بەخەربوونەوەمان ون دەبن ؟
بۆ تا خەو هەبێت خەونیش هەیەو نابڕێت ؟ چاوگەی بیکۆتاییان لە کوێیە ؟
بۆجۆری خواردن و خەوتن ، وەک دەڵین ، خەون دروستدەکات ؟
ئەو پرسیارانەن کە وەلامیان نییە .
گەر وەک ژمارەی مرۆڤ بۆی بچین : هەر شەوەی بلیۆنەها خەون دەبینرێت ؟
بۆ مرۆڤ نەتوانێت وەک لایەنیکی ژیانی سەرزەمین و هۆشیاری لێکنەدراوەی هەوڵی کۆکردنەوەو لێکۆڵینەوەو بنج دۆزینەوەو کۆنترۆلیان بدات ؟.
خەونی رووداویش لێگەرێ ، کە ئەوەندە پلۆت ونەخشەسازییان ریکوپێکە ، وەک ئەوە لەماەی یەک دوو دەقیقەدا فلیمێكی باش دەرهێنراوی رووداوێکت ببینی کە زۆرجار خۆت یەکێکی لە پالەوانە ناچارییەکان گەر پاڵەوانی سەرەکیش نەبیت ئەوە لە سەر شاشەی مێشکی تۆدا روو دەدەن .
خەونێک قەت لە بیرم ناچێتەوە کە ڕووداو نەبوو ؛
لە خەونمدا دیوانێکی شیعری ٦٠٠ لاپەرەیی لە بەرگێکی ڕەقدا بە دەستمەوە بوو .
دانەرەکەی کێ بوو ؟ خۆم .
بە چ زمانیك : ئینگلیزیی .
ئاستی ئینگلیزیەکەش زۆر لە ئینگلیزی شەکسپیر و شاعیرانی ئینگلیز باڵاترو بەهێز تر .
لاپەرە دوای لاپەرە هەڵم دەدایەوە ، دڵخۆش بووم کەدیوانێکی شیعریی ئەوەندە بالام بەو بەرگە رەش و رەق و چاپە نایابەوە بلاو بۆتەوە .
ئێستاش وینەی بەرگەکەم لە بەرچاوە ؛ لاپەرەکانی ناوەوەشی کە هەر هۆنراوەی لەیەک لاپەرەدا نووسرا بوو . واتە گەر هۆنراوەکە کورتێش بوایە وەک چوار دێڕ هێشتا یەک لاپەرەی تەواوی بۆ تەرخانکرابوو . گەر درێژ بووایە دەچوو بۆ لاپەڕەی تر .
کتێبەکەم بەدەستەوە بوو ، تازە بلاو ببۆوە ، یەکمجار بوو بەدەستیەوە بگرم ، لەخۆشییا ئەولاو ئەولام پێ دەکرد ، دوایی دەستم دڕێکژ کرد لەسەر مێزەكەی بەردەممی دانێم .
کە نیوە – خەبەرم بۆوە ، دەستی ڕاستم لەملاو لەولا دەکوتا هەروام زانی کتێبەکەم بەدەستەوەیە ؛ لەپڕ هەستم کرد خەون بوو : ئای کە حەسرەتێکی گەورە بوو : هەر دوو سانیە پێشتر وەڵلا کتێبەکەم بەدەستەوە بوو ، راستیی بوو ، ٦٠٠ لاپەرە ، بەرگێکی رەشی رەقی وەک کتێبە کلاسیکییەکان هەبوو ، دەمخوێندەوە ، بۆ کوێ چوو ؟.
چەند دیڕێکم لە بیر مابوون ویستم بیاننووسمەوە ، تاقەتم نەبوو هەستم ، چەند جار دووبارەم کردنەوە تا لە بیرم نەچنەوە ، بە دەم دووبارەکردنەوەیان خەوم لێکەوتەوە ، بەیانی ئەوانیشم لە یاد چوو بوون .
یەکەم دیوانی شیعرم بە ناوی [ هەنگاوەکانی رێبواریکی ماندوو ] بوو ؛ هۆنراوەی دڵداری و سروستپەروریی رۆمانسی ناسک بوون . لە تەمەنی ١٥-١٨ دا نووسی بوومن . باوەرم بەخۆم نەبوو بلاویان بکەمەوە ، . لە کتێبخانەکەمدا لەگوندی مەرگە لەگەڵ کتێیبەکانی ترمدا وەک شوێنی دوور کە دەستی وێرانکاری دوژمنی ناگاتێ ، دامنابوون . دوای ئاشبەتاڵ سوپای داگیرکەر گەیشەتە گوندەکەی ئێمەش لەوێش هەموو کتێبخانەکەی خۆم و باوکم و کتێیبەکانیان لە ناو بردن .
تا ئێستاش چەند پەرۆشی ئەو دیوانە نۆبەرە جوانەمەرگەمە !
بەلام باوەڕ بکەن هێندەو زیاتریش پەرۆشی دیوانە ئینگلیزییە شەکسپیرییەکەمە .
جیاوازیان چییە ؟ دیوانەکەی هەرزەکاریی وەک خەون ون بوو . دیوانەکەی تریش وەک خەون لە بیرم ماوەو لە بەرچاومە .
چ جیاوازی هەیەیە دیوانێکی شیعریی قەبە لە کتێبخانەی بەریتانیی بخوازی بیخوێنیەوەو بیبەیەوە بگەرێتەوە سەر رەفەی خۆی . کە رەنگە قەت جارێک تر نەیبینیویەوەو لە بیریشت بچێتەوە کە خواستووتەو خوێنددوتەتەوە .
دیاونە شیعرییە ئینگلیزییە خەونییەکەشم هەر وایە . بەس ، نازانم دەبێت لەسەر چ رەفەیەکی کتێبخانەکانی مێشکمدا شوێنی خۆی گرتبێت و مابێت ، یان لەدنیای فۆرمە ئایدیالەکاندا کە ئەفلاتون باسیان دەکات ، وێنە ئەسڵییەکەی هەڵگیرا بێت !
(٢)
سازکاری خەو و خەزنەی کتێب .
زۆر جار خەونی سوپەرناتورالی ئەفلاتونی لەم چەشنەم بینیون . هەر نەبێ ئەوە ئاشکرایە کە ئەوە منم ئەو خەونانە دەبینم ، زەمینەو شانۆی خەونەکان مێشکمە ، لە مێشکما هەلدەقولن و روودەدەن ، کاتی روودانەکانیان کاتی خەوتنە. کە هەستای دەڕۆن ، نە ئاسەواریکیان لە مێشکدا دەمێنێ ، مەگەر لە بیرت بمێنن و بیانگێریەوە ، نە لەسیناریۆکاندا رەنگ دەدەنەوە .
زۆر جار بیرم لەوە دەکردەوە : بڵیی رۆژێک بێت سازکارێک [ جیهازیک ] ی ئەلەکترۆنی ، کۆمپیوتەری ، ئینتەرنێتی ، دروست بێت شەو خەونەکان تۆمار بکات ، یان لەرەی مـێشک تەرجەمەکات و رووداوەکان ڤیدیۆ بکات ، یان هەر نەبێت خەزن [سەیڤ] یان بکات و دوایی مەتەلەکانیان بکرێنەوە ئەوسا هەر ئەوە نا کە بەرهەمی خەونەکانمان دەست دەکەوێتەوە ، بەلکو تێگەیشتنی خەونەکانمان یارمەتیمان دەدات لەخۆشمان و شوێنی خۆشمان لە گەردووندا تێبگەیت ، نەک تەنیا ئەوخەونانەی دەشێت دروست یان نادروست لێکدانەوەیەکی جینسییان بۆ بکرێت ، وەک فرۆید دایمەزراندووە ، نا ، هەموو خەونێک ئەوانەش کە نازانی لە کوێوە دێن و سەرچاوەیان چیەو ئەرکەکانیان بە مەزەندەش دیار نییە .
ئیستا گرفتی خەوم هەیە : چەندجار چوومە لای دکتۆر . ئاخری پێیان وتم : دەبێ زانکۆلی [ لێکٶلینەوەی زانستی ] بنکاری خەوت بۆ بکەین . گوتیان: سازکار [ جیهاز ] ێکی ئەوەندە پێشکەوتووی تازە هەیە کەدوو شەو دەبێت بەکاری بهێنیت : چاودێری خەو ، کاتەکان ، هەستان وهەڵنەستان ، خەونبینین ، هەناسە دان ، بەکورتی هەرچی پێوەندی بەخەوتن و کات و پرۆسەی خەوتن و بەخەبەرهاتنەوە هەیە دەکات . تەنانەت زەبزەبەکانی مێشک تۆمار دەکات و دوایی دکتۆر هەموو ئەم داتایە لێکدەداتەوەو چارەسەرییەکت بۆ دادەنێت .
منیش یەکسەر دیوانە شەکسپیرییەکەم بیرهاتەوە ! گوتم دکتۆر : من هەر خەریکی نووسینم و خەون بە نوویسینەوە دەبینم . هیوادارم کە زەبزەبەکانی مێشکمتان تەرجەمە کرد ، دیوانێکی گەورەی شیعری لێ بەرهەم بێت ، بەهەر زمانێک بێت قەی ناکات . .
(٣)
مێشکی مشک و مرۆڤ
ئایا ئەمە دەبێت بەراستی ؟ دیوانەکەم دەستدەکەوێتەوە ، یان سازکارە خەوزانەکەی دکتۆر بۆم دادەنێت ، رۆمانێک لە مێشکم دەردەهێنێت ؟
راستیی هیچ شتێ مەحال نییە ، راستییەکانی ئەمڕۆ [ لەم ئینتەرنیتەوە کە ئەم وتارە بە هۆیەوە لە سانیەیەکدا بە هەموو دنیا دەگات ] ، تا زۆر شتی تر کە هێشتا نایزانین ، مەحاڵی دوینێ بوون .
خوێندنەوەی میشک و بیرەکانیش دوور نییە ببێتە راستییەکی رۆتین هەرچەند ترسناکیش بێت .
ئەوەم بۆیە نووسی چونکە ئەمرۆ ئەو هەواڵە بلاو بۆتەوە کە لەخوارەوە لە گاردیان – ی بەریتانییەوە تەرجەمەی دەکەم :
[[ بەستنەوەی بیرکردنەوە : زاناکان مێشکی مشک بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت بە یەکەوە دەبەستن . زاناکان ئافەرین لە لە دایکبوونی یەکەمین کۆمپیۆتەری ئۆرگانی دەکەن .
زاناکان مێشکی دوو زیندەوەریان بە یەکەوە بەستووەو دوایی وایان لێکردوون زانیاری هەستیی بگۆڕنەوە ، کە زاناکان بە هەنگاوێک بەرەو دروستکرنی یەکەم کۆمپیوتەری ئۆرگانی دادەنێن . ئەو تیمە زانایانەی ئەمریکی مێشکی دومشکیان بە سازکارێک کە پێی دەوترێ : گەیەنەری مێشک – بە – مێشک یەکەوە بەستووە بە ئەنتەرنێت پێوەندییان لە نێواندا دروست کردوون . مشکەکان هەزاران میل لەیەکەوە دوورن . یەکێکیان لە زانکۆی [ دیوک ] ە لە دۆرهام [ لە بەریتانیا ] ، ئەوی تر لە ناتال ە لە بەرازیل .
ئەم زانکۆییە [باسی زانستی] لە لایەن میگوال نیکۆلالیس ەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە پسپۆری لە دروستکردنی ئەو سازکارانە هەیە کەوا دەکا کەسانی ئیفلیج و سڕ بتوانن کۆمپیوتەرو دەستوقۆلی رۆبۆتی بەهۆی بیرکردنەوەی خۆیانەوە کۆنترۆل بکەن و بەکاربێننن . نیکۆلالیس ، دەلێ : ئەو ئەزموونانە نیشانیان دا ئێمە پێوەندی زۆر بالای راستەوخۆمان لەنێوان دوو مێشکدا دروست کردووە ، راستییەکەی ئێمە ئەوە دروست دەکەین کە ناوم ناوە : کۆمپیوتەری ئۆرگانی [ ئەندامیی ].”
زاناکان ، دەریانخست مشکەکان دەتوانن زاسنتی هەستیی یەکتر هاوبەش بکەن و کاری لەسەر بکەن بە بەستنەوەی کارەبایی مێشکیان بەیەکترەوە لەڕێگای تۆڕی ئیلیکترۆنەوە کە دەگەیەنرێت بە توێکلی مێشک ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسیارە لە پرۆسەکردنی جوولە . مشکەکان مەشقیان پێکراوە کە دەسکێک بپەستن ئەگەر ئەگەر تیشكێکیان بینی بەسەریا دەروا ، کە ئەمەیان کرد لە پاداشتدا ئاویان دەدرێتێ ، مشکەکان لە شوێنگەی جیا دادەنێن. کە دەسەککەی پەستی، [ بۆ خوارەوە پالی نا ] ئەوا راستەوخۆ شێوەسازێکی ئەلەکترۆنی مێشکی دەنێردرێ بۆ مشکەکەی تر . لەو ئەزموونەی کراوە مشکەکەی تریش بە سەرکەوتوویی لە %٧٠ وەلامی مشکەکەی تر دەداتەوە بەپەستنی دەسکەکەی خۆی . ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە تێگەیشتن لەنێوان هەردوو لادا هەبووە ، گەر ئەو مشکەی پەیامەکەی بۆ دەنێردرێ وەلامی نەدایەوە ئاوی نادرێتێ ، لەمەوە رەفتاری خۆی دەگۆڕێ و دوایی کارەکە بۆ مشکەکەی تر ئاسانتر دەکات . ئەوسا پێوەندییەکە لە رێگای ئینتەرنێتەوە لەگەڵ مشکی زۆر دوور دروستکران و سەلمێندار کە مشکەکان دەتوانن پێوەندی لەگەل یەکتردا ببەستن . نیکۆلایلس دەلێت : ئەوان لە داهاتوودا دەتوانن مێشکی چەندین زیندەوەر بەیەکەوە ببەستن بۆ حەلکردنی ئەو گرفتانەی کە بەتەنیا ناتوانن حەلیان بکەن.”
لە لیدوانێکدا دەربارەی ئەم داهێنانە پسپۆری ئەخلاقییاتی نیۆرۆتەکنۆلۆجییەکان ئەندرێ ساندبێرگ دەڵێت: تاقە هۆکارێک کەوا دەکات مرۆڤ بتوانێت ئەم گۆی زەمینە بەرێوەبەرێت ئەوەیە کە ئێمە زۆر باش سسیتمی گەیاندن و رێکخستنی زانیاری بەرێوە دەبەین . گەر وانەبوایە ، هەرچەندە کە لە زیندەوەرانی تر ، زیرەکترین ، نەماندەتوانی کۆنترۆلی زەمین بکەین .
مرۆڤ تا ئێستا زانیاری ئەوەی نییە چۆن بیرەکان کۆدکراون و چۆن دەتوانرێت لە مێشکێکەوە بۆ مێشکێکی تر دەنێردرێن .
زۆربەی ئەوەی لە مێشکی من دایە ، تەنیا وەک ساندبێرگ دەلێت : رەشنووسی ئەوەیە کە دەشێ ئێمە بەراستی ئەنجامی بدەین . زۆرجار نامانەوێ ئەو رەشنووسانە ئاشكرا کەین . زۆریشیان بەر لەوەی کاریان لەسەر بکەین تێدەپەڕن ” راپۆرتی ئایەن سامپل ، گاردیان ، تەرجەمەی راپۆرتەکە تەواو “
هەموو هەنگاوە زانستییە سەختەکان لەمشکەوە بۆ مرۆڤ دەستپێدەکەن .
با چاوەڕێ بین: داخۆ دەتوانین خەونەکانمان بخوێنینەوەو [ شێر] و [ خەزن] و [ ئێدیت] و [دیلیت] یان بکەین .
http://www.bbc.co.uk/news/science-environment-21604005
2,238 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست