Abubakir-Caf1

ئەبوبەکر جاف : پیشەسازی بە نەتەوەییكردنی زەمەن .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە بارەی  رووداوەكانی مانگی ئازاری كوردەوە .

دور ناڕۆین ئەگەر بڵێین : مرۆڤ بە سروشتی خۆی ( ڕابردوخوازو ڕابردو گەرایە ) . ڕابردوو , چ دور بێت چ نزیك , بەئاشكراو بەنهێنی و شاراوەیی , دەرگیرو پەیگیرە لەگەڵ كێشەو خواست و پرسەكانی ڕابوردویدا . هەرچی ئێستاو سبەی مرۆڤە , یا ڕاكردنە لەڕابردوو , یا بەئاگا هێنان و بەحوزور پێكردنی ڕبردووە . باسی ئازار و مەینەتییەكانی رابردووی (كەس , نەتەوەیەك ) زیاتر بۆ دوبارە نەبوونەوەو خۆلادانە لەهەلومەرجەكانی دوبارە بوونەوەی ئەو تراژیدیایە . كە باس دێتە سەر سەروەری و ڕاپەڕین و سەركەوتن و پاڵەوانێتی ڕابردو , ئەوا بۆ بیناكردنەوەی ئێستاو ئایندەیەكە كە خۆراكی رۆحی و مەعنەوی لەو كردە جوامێرانەوە وەردەگرێت كە ڕویان داوە . كەواتە ڕابردوو بەهەر لایەكدا , بەهەر ئاراستەیەكدا برۆین , ئەو ئامادەیە .

وردتر قسە بكەین , پرسەو جودییە گەورەكانی ( بون و مرۆڤ ) بەسروشت و ڕەوەندەكەیەوە , هەمیشە لە ( ڕابردودایە ) . ڕابردو لە ( ناچاری و جەبرێك ) دەچێت كە ئێمەی مرۆڤ مەحكومبین بەوەی بە ( كۆڵ و بە شانمانەوە بێت ) . ئێمە تەماشای ئاین بكەین ) هەمیشەوە بەردەوام ( دەرگیرە لەگەل پرسە وجودی – ئەقایدییەكانی ) ناو مێژووی پیرۆزی ڕابردوودا . ( لە كەوتنەخوارەوەی مرۆڤ , لەگوناهی یەكەم , لەبەهەشتی یەكەم , لە ململانێی هێزی چاكەو خراپەی ناو مۆراڵی ئاین … ئاین بە ڕوییەكی فراوانیدا , نوستالژیاییەكی غەمگینە بۆ ( سەرەتا ) لە ڕابردودا .

هەرچی ئیدۆلۆژییە گەورەكانە , حیكایەت و چیرۆكە ئیدۆلۆژییە گەورەكانە ( هەم شەرعییەت لە ڕابردووەوە وەردەگرێت , هەم ( وێنەیەكی نمونەی ڕابردوی لایە ) , بەو ئاراستەیە ( بون و ژیان و مرۆڤ و كۆمەڵگە ) ئاراستە ئەكات . ماركسیزم و كۆمۆنیزم ئاینێكی وەزعی زەمینی بوو , ڕیو ڕەسمی ئاینی و میتافیزیكیانەی لە خۆ گرتبووە , ئاین ئاساو بەمیكانیزەمەكانی ئاینەوە ( هەوڵی بە حوزورهێنان و بە دەنگ هێنان و بە ئێستایی كردنی نمونەیەكی ناو زەمەن و ناو مێژوو بوو ) بۆ ئیستا , بۆ ئایندەیەكی یەكسان و پڕعەدالەت . ئەمەش بۆ ئیدۆلۆژیاو هێزی ناسیۆنالیستانەی ناو كۆمۆنێتیەك هەر ڕاستە . هەوڵی كۆكردنەوەی ( گردبوونەوە و كۆبونەوەیەكی ئینسانی و بە نەتەوەكردنی ) لەئێستاو ئایندەدا , هەمیشە لە ڕابردودا كاری كردووە , جا یا كارو پرۆسەی زیندوڕاگرتن و ستایشكردن و بەسەردا هەڵدانی ( پاڵەوان و كردە پاڵەوانییەكانی نەتەوە بووە , یا پرۆسەیەك بوو , هەمیشە كاری بە ( ئامادەكردن و بەخشینی تەقس و دۆخێكی سروتی ) لە هەمبەر ( تراژیدیاو نسكۆ و شكستەكانی ) ڕابردو , كاریزماكانی ڕابردو .

كەواتە زەمەن بۆ ئینسان , وەك تاك , وەك گردبوونەوەیەكی ( شوناسی و ناسنامەیی كۆیی ) , بە دەر لەوەی پرسێكی فەلسەفی بووە , پرسێكی ( ئەنترۆ – پۆلەتیكیشە ). واتە زەمەن لە پرۆسەیەكی ( سیاسی – ئیدۆلۆژیدا ) دەستكاری ئەكرێت , بەرهەم ئەهێنرێت , بەرهەم ئەهێنرێتەوە . ئەمە تا ئێرە لە بەرانبەر ( حەقیقەت و بە حەقیقەتكراوی ڕابردودا ) وەستاوین .

بەڵام بەقسەهینان و بەدەنگ هێنان و بەئێستایی كردنی ( ڕابردوو ) كاری كێیە ؟ ئەبێت كۆێ و چی ڕابردوو بهێنرێتە ناو ئێستاوە ؟ چی لەڕابردوو تەرك بكرێت یا دور بخرێتەوە ؟ هەر چركە ساتێكی زەمەنی سیاسی چ خواست و ناچارییەك ( لە رۆسەیەكی ( سیاسیانەو وجودیانەدا ) دەبێت بهێنێرێتە حوزور ؟ زەمەن و كردەكانی ناو زەمەن چۆن بكەین بەتەقس و سروت و ( پانتاییەكی موقەدەسی و نەتەوە؟ ) چۆن بیانكەین بەڕوداو ؟ چۆن لەزمان و پەروەردەوە بۆنەو یادەكاندا بەكار بخرێت ؟ ئەمانەوچەندین ناچاری و پێویستی دیكە .

ئەم پرۆسانە یا لەئەستۆی ( مونەورەكانە ) , یا لەئەستۆی سیاسەت و سیاسەتی نەتەوەییە ؟ هەردولا , چ مونەورەكانی كۆمیۆنێتییەكەو چ سیاسەت و دەزگا سیاسی و یاسایی و ئیدارییەكانی نەتەوەیەك ( ئەم ناچارییە مۆراڵی – وجودییە ) دەخەنە كار لەئەستۆی ئەگرن . بەڵام ئەمرۆِی دونیای مۆدێرن , زیاتر قورساییەكەی خستۆتەسەر ( كایە و ئەكتەرەكانی ناو كایەی سیاسەت بەتایبەت لەكۆمیۆنێتییەكی بە سیاسیكراودا , چونكەپیشەسازی نەتەوەو هەر كۆمۆنێتییەكی سیاسی ( خۆ بەرهەمهێنانەوەی سیاسیانە ) كاری دەزگا سیاسیەكانە . یادكرن و یادەوەری و بەیادەوەریكردن و بەرهەمهێنانی هەر ( ڕوداوێكی ڕابردو ) لەئێستادا , كاری دەزگایی ئەوێت , كاری ئەكادیمیایی و تیۆری ئەوێت . نسكۆ و شكستەكانی كورد , سەروەری سەرمایە نەتەوەیی كاریزماییەكانمان , ئەنفال , كیمیا باران , ئاوارەبون , ڕاپەڕینەكانمان .. لە یادكردنەوەوە بكەینە یادخستنەوەیەكی سیستەماتیزەكراوی سروتیانە . جا ئەمە كاری ناوەندە ئەكادیمییەكان وكاری دەزگا سییاسی و نەتەیی و ئیدارییەكانە . بون و حوزوری ئێمە , وێنەیەكی تراژیدی ناو مێژوویەكە ( كە هەمیشە داوای بەزەیی و رەحمپێكرن لێمان و چاوەروانی قەرەبوی ئیلاهیانەین ..!

ئەم بابەتەم لە هەفتەنامەی سڤیل : ژمارە 173, 9-3-2013

1,190 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت