جەمال حسێن : ماركس وەكو شاعیر , ماركس دژی ماركسیزم !! .
(( ئەقڵ بەردەوام بونی هەبوە، بەس هەمیشە بەشێوەیەكی ئەقڵانی نەبوە )) ; ماركس .
تێبینیەك هەیە بەگرنگی دەزانم بۆ خوێنەرانی ئەم وتارەی باس بكەم، بریار وابو ئەم نوسینە رانانی كتێبێكی فرانسیس وین بێت، كەیەكێك لەكتێبە نایابو سەرنج راكێشەكانی كۆتای سەدەی رابردوە لەسەر ژیاننامەی ماركس، كە لەلایەن (شیوا رویگریان) كراوە بەفارسی، لەپاڵ ئەوەش رانانی كتێبێكی تری هەمان نوسەر و رۆمان نوسو رۆژنامەنوسی بەریتانی بێت كە لەبارەی كتێبی سەرمایەی ماركس نوسراوە، دیسان ئەویش بە میتۆدێكی زانسیو تەواو قوڵ، كە لەلایەن دو وەرگێری عەرەبەوە، یەكیان لە 2007 لەسعودیەو ئەویتریان پار لەلەندەن وەرگێردرا، بەڵام بەداخەوە كاتی تەواو بونی ئەم نوسینە تێگەیشتم كەئەوەی من كردومە بازدان بوە بەسەر پرنسیپە سەرەتاییەكانی رانانی هەركتێبێك، كەمن لای خۆم گومانم نییە كەئەم پەشۆكاویە پەیوەندیەكی راستەوخۆی بەو سام و شكۆیەوە هەیە كە كەسایەتیەكی وەكو ماركس لە مێژوی فیكردا هەیەتی ، بەجۆرێك كەكورتم هێنا لەوەی بتوانم تەنها كورتەی كتێبیكیش كەلەبارەی ماركسەوە نوسراوە بە باشی بخەمە بەردەست خوێنەرانی، بەو هیوایەی لانیكەم توانیبێتم مەیلی هەموان بەلای خوێندنەوەی ئەم دوكتێبەدا ببەم، كەخوێندنەوەیان تەنها زانیاریمان زیاد ناكەن، بەڵكو دەشیان گۆرن، نەك بەرامبەر دنیا، بەڵكو بەرامبەر ئەوكەسەی نەهاتبو دنیا تەفسیربكات، بەڵكو بیگۆرێ!!
لە 14 ی ئازاری 1883 ، لەگۆرستانی (های گیت) لەلەندەن تەرمی پیاوێك نێژرا، كە ئەم پیاوە لە ئاوارەیی و دور لەنیشتیمانی خۆی ژیاو لەلایەن پۆلیسی چەند وڵاتێكەوە داواكراوبو، لەباوكی رەنجابو، بەڵام تەنها وێنەی باوكی لەگیرفانی هەڵگرتبو، هەمو ژیانی قسەكردن بو لەسەر سەرمایەو پارە، كەمرد تەنها خاوەنی 250 پاوەند بو، ئەو تا لەژیاندا بو، سەرقاڵی لێكۆڵینەوە بو لەمێژووی هەمو مرۆڤایەتی، كەمرد تەنها یانزەكەس بەدەوریەوە بون، دۆستی پەرگیری هەژارو نەداران بو، لەناشتنیدا تەنها هاورێیەكی سەرمایەداری وتاری لەسەر گۆرەكەی خوێندەوە، ئەو هاورێیەی لەم چۆلەوانی و تەنیایەدا وتی (ناوبانگو بەرهەمەكانی لەسەردەمەكانی داهاتودا بەدرەوشاوەی دەمێننەوە. ) سەرباری ئەو كەسە نوسەرو دكتۆرو ئابوری ناسێكی گەورەی سەردەمی خۆی بو، بەڵام لەپەراوێزی روژنامەیەكدا نەبێ، لەهیچ شوێنێكدا هەواڵی مردنی بڵاونەكرایەوە، بۆیە ئامادەبوان بەچاوی فشەوە لەم قسەیەی ئینگلسیان روانی. چونكە ئەو كەسەی لەئاوارەیدا مرد ماركس بو. كەچی ساڵانی دوایی بێئەنداز ئەم قسەیەی ئینگلسیان بەڕاست وەرگەراند، بەجۆرێك كەپاش روخانی سۆڤێت و بلۆكی رۆژهەڵاتی، ئایدۆلۆژیای ماركیسیش، درەوشانەوەیی ناوی ماركس و بایەخ بەبەرهەم و تیۆرو بۆچونەكانی لە ترۆپ و لوتكە نەهاتۆتە خوارەوە. هەرچەندە فۆكۆیاما لە (كۆتای مێژودا و دواین مرۆڤ) بانگەشەی ئەوەی كرد كەئەوەی روخا تەنها دەوڵەتێك نەبو، بەڵكو تێگەشتن و فەلسەفەیەكیش بو، كەمەبەستی ماركسیزمە. ئەم قسەیە ئەگەر تەنها یەك راستی تیابێت ئەوەیە كە مۆدێلی سیاسی و خۆرهەڵاتی ئەرسەدۆكسی ماركسیزم كەوت، نەك فەلسەفەو تێروانین و خوێندنەوەی ماركسیانە، كە زۆر جار بە ماركسیزمی خۆرئاوای ناسراوە، لەبەرامبەر ماكسیزمێكی خۆرهەڵاتی، كە لینینو ستالین و ماو و هاوشێوەكانیان نوێنەرایەتیان دەكەن. ئێستا دوای ئەو تەنگژە ئابوریەی بەسەر خۆرئاواو سیستەمی سەرمایەداریدا هاتوە، زیاتر لە رابردو بازاری كتێبەكانی ماركس بۆ جارێكی تر جوڵاوەتەوە، بەجۆرێك لە 2008 داو تەنها لەماوەی یەك مانگدا، كتێبەكانی ماركس لەو ئەڵمانیایەی ماركسی بە زیندوی قبوڵ نەبو، لەو بێ بازاڕیە كوشندەیەی خۆرئاوا تووشی هاتووە، كاڵاكەی ماركس، كتێبی سەرمایە بەقەد پێنج ساڵی رابردو بگرە زیاتر فرۆشرا. بەرلەوەش دەزگای (بی بی سی)، لە پرسیارێكدا كە بۆ زۆربەی رۆشنبیرانی جیهانی ناردبو، سەبارەت بەوەی كێ كاریگەرترن كەسایەتیە بەسەر بیری مرۆڤایەتی لەسەدەی بیستدا، وەڵامەكە هەر ماركس دەرچو. وەكو ئەوەی هەموان كاتێك بیانەوێ بەدوای وەڵام بۆ ئەم گرفتە ئابوریە گەورەیەدا بچن، بەناچاری لە بەرهەمەكانی كەسێكدا بگەرێن، كە تادوێنێ بەشەیتان ناویان دەبرد. بۆیە سێبەری ماركس بەسەر خۆرئاوادا (ناونیشانی كتێبەكەی دێریدا، كەئەویش لەوتەیەی ماركس وەری گرتوە- تارمایەك هەیە بەدوای ئەوروپاوەیە، تارمای كۆمۆنیسم)، سێبەرێكی ئەزەلیە، ئەگەرچی وەڵامی هەمو پرسیارەكانی هەڵنەگرتوە، یان حەقیقەت تەنها لای ئەونیە، بەڵام بێگومان بێ ماركس نەلەراستی نزیك دەبینەوەو نە بەلای وەڵامەكانیشدا دەچین. هەرئەوەندە بەسە لێرەدا بچینەوە سەر ئەو وتە یەكجار گرنگ و وردەی ماركس لەبارەی داهاتوی ئابوری سەرمایەداری ئەو گرفتە گەورەیەی توشی دەبێت لە رێگای كەڵەكە كردنی سەرمایەو زێدەباییەوە، كە دوای خۆپیشاندانەكانی ئەمریكاو ۆڵستریت لەگەڵ زیادبونی فشاری ئابوری بۆسەر كۆمەڵگای سەرمایەدار سەری هەڵدایەوە، ماركس لەسەدەیەك بەر لەئێستا لەكتێبی سەرمایەدا وتویەتی (خاوەن سەرمایەكان چینی كرێكاران هاندەدەن بۆكرینی زیاترو زیاتری كاڵای گرانبەها و خانو، كەئەمە ناچاریان دەكات قەرزی زیاتر و زیاتر وەربگرن، تاوای لێدێت بەرگەی قەرزەكانیان ناگرن. نەدانەوەی قەرزیش دەبێتە هۆی مایەپوچبونی بانكەكان، ئەم دۆخەش دەبێتە هۆی( ئەوەی خەڵك ناچاربێت) گرەنتیبدات، سەرەنجام ئەمەش دەسوەردانی دەوڵەتی لێدەكەوێتەوە و دواجار كۆمۆنیسم). ئەم پێشبینیەی ماركس كە بەتەواوی دەربری لەتەنگژەی ئابوری ئێستای جیهان دەكات، بێ ئەوەی سەربكێشێ بۆ كۆمۆنیسم، جارێكی تر و بەهێزێكی زۆرەوە دەسەڵاتدارو ئابوری ناس و رۆژنامەنوسانی بردەوە سەر تیۆرەكانی ماركس، تاكار گەیشت بەوەی كە ئەم وتەزایەی ماركس لەتویتەرو و هۆكانی تری تەكنەلۆژیای پەیوەندی لەماوەیەكی كەمدا زۆرترن جار لایك بكرێت و بڵاوببێتەوە. ئەمەش سەلماندنی ئەو پێشبینەی فەیلەسوفی فەرەنسی جال ئەتالیە، كاتێك 2005 لە كتێبێكیدا لەبارەی ماركسەوە ئەمەی وتبو كەلەداهاتودا گرنگیدان بەفەلسەفەی ماركسی ڕو لەهەڵكشان دەكا. بەڵام لەروانگەیەكی ئایدۆلۆژی ئەرسەدۆكسیەوەنا، بەڵكو لەروانگەیەكی فەلسەفی و ئابوریەوە، بەتایبەت پاش ئەوەی ماركس لەدەستی كەلەپورو رابردوی ماركسیەكان دەردەهێنرێت. چەندین فەیلەسوفی گەورەو دیاری سەدەی بیست بەبەرهەمی تایبەت و كتێبی سەربەخۆ ویستویانە جارێكی تر خوێندنەوە بۆماركس بكەن و رزگاری بكەن لەدەستی ئەرسەدۆكسیەكان، لەوانە گرامشی، ئەریك فرۆم، ئەلتۆسێر، دێریدا، هابرماس، وچەندینی تر، كە خاڵی هاوبەشی هەریەكێك لەوانە ئەوەیە ماركس شتێكەو ماركسیزم شتێكی تر، خاڵی دوەمی هاوبەشیشیان تاوانباركردنیانە لەلایەن ستالینی و لینینیەكان بەوەی ئەمانە لادەرن لە رێبازی ماركس و بەشێكن لەپەلاماری شێواندنی سەرمایەداری بۆسەر ئایدۆلۆژیای رزگاری كرێكاران!!
ئەم بەرهەمەی فرانسیس وینیش، هیچ نیە جگە لە بەڵگەیەكی تری ئەو راستیەی كە ماركس، لەماركسیزم گەورەترە. جارێكی تر و بەبەرگێكی تر لەهەمان ئەو لەندەنەوە كە ماركس بەرگی یەكەمی سەرمایەی تیادا نوسی و ئازارو نەبونی زۆری تیابینی، ئەم جارە بەدەست و پەنجەی رۆمان نوس و رۆژنامەنوسێكی ناسراوەوە، ئاور لەماركسی مرۆڤ دەدرێتەوە، ماركسێك لەدەرەوەی ئایدۆلۆژیای ماركسی، بەگۆشت و خوێنی سروشتی خۆی و دور لەو ماسكانەی یارو نەیارەكانی لەماوەی دوای مەرگی خۆیدا بەبەریاندا كرد. لای وین، ماركسیەتی ماركس ئایدۆلۆژی نەبوە، بەقەدەر ئەوەی پرۆژەیەكی رەخنەیی دیالەكتیكی بەردەوام بوە. ئەم رەخنەكاری و توێكاریە وردە فرە ئاستە، تەنها بەیەك ڕو و بەیەك ئاراستە ئیش ناكات، سەرباری بەردەوام رەهەندی ئابوری لەو شیكاری و توێكاریەدا بونی هەیەو گرنگترین رەگەزی ئەم پرۆژە رەخنەییەیە، كە لە لە سەرمایەدا دەگاتە لوتكەی زبری و گاڵـتەكردن بە رژێمی سەرمایەداری كەلەسەر بنەمای قۆرغكردنو دزینی زێدەبایی و چەوساندنەوە كاردەكات.
ئەم بەرهەمە پێمان دەڵێ لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، دوای عیسای كوری مەریەم، هیچ بیرۆكەو فەلسەفەیەك بە ئەندازەی ماركس توشی شێواندن و بوختان و لادان نەبۆتەوە. لەسەردەمی جەنگی سارددا، لای دۆستەكانی تا ئاستی خواوەند بەرزكرابۆوە، كوشتارەكان بەناوی ئەوەوەدەكران، تاوانەكان لەپێناوی ئەوداو، بەرهەمەكانی خرانە جێی كتێبە پیرۆزەكانو لەبری قەشەو پیاوانی ئاینی، ماركسیەكانی دەستی ستالین، یان ماوتسی تۆنگ بون بە حەواری و قۆرغی حەقیقەتی پیرۆزیان كردبو. نەیارەكانیشی ئەمیان بەشەیتان و تێكدەری ژیان ناساندبو، هەمو گوناهو ستەمێكیان بەناوی ئەوەوە دەبەستەوە، قەسابخانەكانی ستالین، كوشتارەكانی ماو، دكتاتۆریەت و دڵرەقیەكانی ماركسیەكانیان دەكردە بەڵگە لەسەر خودی ماركس خۆی، دەیان وت ماركس بەپروپاگەندەی ئازادی بێ سنور دەستی پێكرد و بە ستەمكاری بێ سنور كۆتایهات، بەڵێنی بەهەشتی راگەیاند و دۆزەختی ئەفراند، باسی لە ئازادی مرۆڤ دەكردو بەرهەمهێنەری ستەمكاری بو. ئەمانە لەو ئەقڵیەتەوە سەرچاوەیان گرتوە كە درەخت بە میوەكانی دەناسرێتەوە، بێ ئاگا لەوەی كەمیوەی رزیو، میوەیەك كرم لێی دابێ، ئاماژەنیە بۆ درەختەكە خۆی. ئایا بەراست ماركس بانگەشەی بۆ ئەو رژێمە تاك حیزبیانە دەكرد كەبەناوی ئەوەوە لەسەدەی رابردو لە ئێستاشدا فەرمانرەوان؟ یان وەكو وین دەڵێ، تەنها گەمژەكان وابیردەكەنەوە، بەڵام بەداخەوە گەمژەكان زۆرن. وین لەم بەرهەمە نایابەیدا بەسەر ئایدۆلۆژیاو كەلتوری ماركسیدا بازدەدات، خۆی بەدوردەگرێ لەتەفسیرو تەئویلی دوژمنەكانی، دەچێتەوە بۆلای ئەو ماركسەی كە ماركسی نەبو، ماركسێكمان پێشكەش دەكا بێ رتوش. مێژوی سەدەی بیستەم، سەدەی ماركس بو، سەدان ناو لە هەمو بوارەكانی سیاسەت و ئابوری و هونەرو زانستدا لەژێر سێبەری ئەودا گەشەیانكرد، چەندین دەوڵەت و شۆرش بەبیانوی فەلسەفەكانیەوە دەركەوتن، هەزاران بەرهەم لەبارەی ماركسیزمەوە نوسران، هەزاران دكتۆراو ماستەرنامە، لە هەمو بوارەكانی ژیاندا بەپێی تیۆرەكانی ئەو بڵاوكرانەوە، بەڵام ئەوەی ون بو خودی ماركس بو، ئەو ماركسەی كاتێك لە ژیاندابو لەبەرامبەر كۆمۆنیستەكانی فەرەنسا، ئەوانەی بەخۆیان دەوت ماركسی وتی (ئەوە بڕاوەتەوە كەمن ماركسی نیم!!)* (ئەم وتەیەی ماركس بەچەند شێوەیەكی جیا كراوە بەفارسی یان عەرەبی، بەلای منەوە ئەمەیان راست ترینیانە، چونكە ئەم وەرگێرانە هی بابەكی ئەحمەدیە، كە لەبەرهەمەكەیدا – ماركس و سیاسەتی مۆدێرن- لاپەرە 47 . لەكاتێكدا ئەو جگە لە ئاڵمانی زانێكی ناسراو وەرگێرو بیرمەندێكی گەورەی ئێرانیە، لەهەمانكاتدا بۆ ئەو بەرهەمە كۆنترین چاپی بەرهەمەكانی ماركسی كردوە بەسەر چاوە و پتر لەدەساڵی تەمەنی خۆی بۆ ئەم كارە داناوە. ). چ جای ئەوانەی بەناوی ماركسیزمەوە ئازادیەكانیان پێشێلكرد، لەسەر بیروباوەر مرۆڤەكانیان كوشت و كارەساتیان بەسەر هەمو نەیارە حیزبیەكانی خۆیاندا هێنا. تا ئەو لە ژیاندا مابو ماركسیزم بەكار نەدەهات، بۆیە بابەكی ئەحمەدی لەبەرهەمە قوڵو قەبەكەیدا (ماركسو سیاسەتی مۆدێرن) لەگەڵ دو چەمكی ماركسیزم دەستو پەنجە نەرم دەكات، یەكەمیان بەمانای شێوازێك لەبیركردنەوەو میتۆدێك بۆ تێگەیشتن و دواجار گۆرینی دنیا لەواقعێكەوە كە شایەنی مرۆڤەكان نیە، بۆداهاتویەكی باشتر، دوەمیش ماركسیزم وەكو ئایدۆلۆژیاو قالبێكی داخراو، وەكو ژمارەیەك وتەزای چەسپاو نەگۆر، كەئەمەی یەكەمیان پرۆژەیەكی رەخنەی جدی و لێكەوتەی تێڕامانێكی قوڵی فەلسەفیە لەدنیا، دابڕانێكە لەنێوان دو قۆناغی بیری مرۆڤایەتی، كەتەنها بەتەفسیركردنی دنیا ناوەستێ، بەڵكو دەپەرێتەوە بۆ هەوڵی گۆرینی، هەرچی ئەوەی دوەمیانە، چەند هی ماركس خۆیەتی، زۆر لەوە زیاتر هی ئەوانەیە كە ئیدیعایان كردوە، بەتایبەت هەڵسوراوانی سیاسی و دەسەڵاتدارانی رۆژهەڵات. یەكەمین كەس كە بەمانای دوەم ماركسیزمی بەكار هێناوە، ئینگلسە، هاورێو دۆستی بەوەفای ماركس. جورج لۆكاش لە كتێبی (مێژوو وشیاری چینایەتی)، لەسەرەتاكانی سەدەی رابردو یەكەمین كەس بوە كە هەوڵی داوە هێڵێك بكێشێ بەنێوان دیدگاكانی ماركسی فەیلەسوفو ئینگلسی هاورێیدا. ماركس بەئەندازەی هاورێكەی گرفتاری بینینی میكانیكی و زانستە سروشتیەكان نەبو، وە هەرگیز دیالەكتیكی كورت نەدەكردەوە لەچەند یاسایەكی ساردو سردا. بگرە زاراوەكانی وەكو ماتریالیزمی دیالەكتیك و ماتریالیزمی مێژویی كە لە بیری لینینیزمدا رۆڵی سەنتڕاڵیان هەیە، بەرهەمی ئینگلس بونو ماركس بەكاری نەهێناون. ئەم مامەڵەكردنەی ئینگلس دەرفەتی ئەوەی كەمكردەوە كە ماركسیزم بەمانا ئیجابیەكەی فەلسەفەیەك بێت، تێروانین و خوێندنەوەیەكی كۆمەڵایەتی ورد بێت، بەڵكو كردی بە زانست، نەك زانستێك كە بێلایەن نییە (وەكو ئەوەی ماركس بروای وابو) لە ململانێ چینایەتیەكان، بەڵكو زانستێكی بێ ئەنداز زانستی و ئەبستراك، كە حەتمیەتەو لادان لێی لادانە لە حەقیقەتی رەها. ئەم مەیلە زۆرەی ئینگلس بۆ بەزانستی نیشاندانی ماركسیزم، وەبەستنەوەی بە تیۆرە زانستیە بایۆلۆجیەكانی وەكو داروین، بەكۆی نوسینەكانیەوە دیارە، بەتایبەت نوسینەكەی (رۆڵی كار لەگەشەكردنی مەیمون بۆ مرۆڤ). بەڵام كەس لەماركس باشتر ئەو جیاوازیەی لە روانینی خۆی و ئینگلسدا نەدەبینی، بۆنمونە ئەو كاتەی لە 1856 لەنامەیەكیدا بۆ ئینگلس لەبارەی یەكێك لە راڤەكارانی راكانیدا نوسی بوی (خاڵی سەرسورهێن ئەوەیە كە ئەو هەردوكمان بەشێوەی یەك كەس دەخاتە رو، بۆیە دەنوسێ كەماركس و ئینگلس وتویانە……).
بە گەرانەوە بۆ كتێبەكەی وین، دەچینە سەر ئەو راستیەی كە ماركس شارەزایەكی فراوان و قوڵی هەبوە لە ئەدەبیاتو هونەری كلاسیك و سەردەمی خۆی، بەتەنیشت بەرهەمە ئابوری و زانستیو فەلسەفیەكان. سەرنجمان بۆ شارەزایی وردی ماركس رادەكێشێ بۆ واقیعیەتی رەخنەی و گاڵتـە ئامێزی رۆمان نوسی فەرەنسی بەلزاك، یان رۆماننوسی بەریتانی لورانس ستیرن، بەتایبەت شارل دیكنز كە كاریگەری زۆری بەسەر زمانی كتێبی سەرمایەوە دیارە. سەرباری شارەزایی سەرسورهێنی بە گەورە نوسەرانی وەكو شكسپیر و گۆتەو دانتی و سوفوكلیس و فیرجیل. لەوەش سەیرتر ئەوەیە ئەوەمان بۆ دەردەخا كەلەوكاتەی ماركس سەرقاڵی نوسینی نامەی دكتۆراكەیەتی لەبارەی فەلسەفەی یاساوە، لەوكاتەدا ماركس كاتێكی زۆری خۆی تەرخان دەكا بۆ خوێندنەوەی مێژوی هونەر، بەتایبەت بەرهەمەكەی وینكلمان، لەم پێناوەداو لەو ماوەیەدا خۆی فێری زمانی ئینگلیزی و ئیتالی دەكات، چەند بەرهەمێكیش لەوزمانانەوە وەردەگێری بۆ ئەڵمانی وەكو گوتارەكەی ئەرستۆ، ئەمە سەرباری سەرقاڵی زۆری بەكاری رۆژنامەنوسی و بەشداری بەردەوام و زیندوانەی لەوبوارە. ساڵی 1867، ماوەیەكی كەم بەرلەوەی بەرگی یەكەمی سەرمایە (تاكە بەرگ كە ماركس بەرلەوەی بمرێ خۆی بەتەواوی نوسی)، ماركس داوا لە ئینگلس دەكات چیرۆكی (شاكارە نهێنیەكە)ی بەلزاك بخوێنێتەوە، وە پێی وت (ئەم چیرۆكەخۆی لەخۆیدا شاكارێكی بچوكە، لێوان لێوە لەكۆمیدیای دڵخۆشكەر.) دیارنیە ئینگلس ئەم ئامۆژگاریەی ماركسی بەهەند وەرگرتوە یان نا، یان لانی كەم ئەوانەی ئەم كتێبەیان تائاستی كتێبە پیرۆزەكان بەرزكردەوە ئەم داوایەیان پەسەند كردوە یان نا؟! چونكە ئەگەر چیرۆكەكەی بخوێنبایەوە بێگومان بەسەر كۆمیدیای بلزاكدا دەكەوتو بەم لەم بەشەی نامەكەی ماركس دەگەیشت، بەڵام ئایا لەدیوە دڵخۆشكەریەكەی ئەم چیرۆكە دا لەگەڵ ماركس هاورادەبو؟! شاكارە نهێنیەكەی بلزاك باس لە فرینهوفەری نیگاركێش دەكا، كە زیاتر لەدەساڵ بەدیار تابلۆیەكەوە دادەنیشێ، رۆژانە دەسكاری دەكا، بەو هیوایەی بیگەیەنێـتە ئاستی كەمال، ئاستێك كە بێ وێنە بێت لەرابردوداو شۆرشێك بێت لە بواری هونەری نیگار كێشاندا، بەڵام كاتێك وێنەكەی خستەڕو، هاورێكانی توشی شۆك هاتن، چونكە وێنەكە لە راستیدا هیچ نەبو جگە لە لێشاوێك لەرەنگ و كلێشەی نارێك و ئاڵۆز، بەڵام فرینهوفەر سەرسامی هاورێكەی بە ئاماژەیەكی باش وەرگرت بۆ بەهرەی هونەری خۆی، بە ریتمێكی متمانە بەخۆیەوە وتی (بەڵێ، ئێوە چاوەرێی هونەرێكی بێ كوموكوری واتان نەدەكرد). بەڵام كاتێك دەنگە دەنگ كەوتە ناو هاورێ میوانەكانی، فرینهوفەر گوێی لەوە بو كە هاورێیەكی بە یەكێكی تری دەوت ئەوەندە رەنگی بەكار هێناوەو دەسكاریكردوەو پێیداچۆتەوە تا هیچی تیانەماوە، لەمەوە فرینهوفەر روی كردە هاورێكەی و پێی وت (تابلۆكەی من هیچی تیانیە؟!) ئەمە بوە هۆی چەندین جنێو قسەی زبر بە هاورێكانی بڵێ، چونكە بەلای ئەوەوە ئەمان نەیان دەتوانی ئەو هونەرە ببینن كە ئەو دەساڵی رێكە كاری لەسەردەكا، پاش كەمێك بەهێمنی لە تابلۆكەی خۆی روانی و لەبەرخۆیەوە وتی (هیچ، هیچ، منیش دەساڵە كاری لەسەردەكەم!!) دوای ئەوە دەستی كرد بەگریان و تابلۆكەی خۆی سوتاند، سەرەنجام دوای ئەوەی هاورێكانی دەركرد، خۆی كوشت. وەكو بول لافارجی مێردی كچەكەی ماركس دەگێرێتەوە، كە بلزاك كاریگەری زۆری بەسەر ماركسەوە هەبوە، بە ئەندازەیەك كەئەو شاكارەكەی خۆی كتێبی (سەرمایە) چەندین ساڵ كاری تیاكردوە و هەمیشە دودڵبو لە تەواوبونی، زوو زوو پێیدا دەچۆوە و زیادو كەمی لێدەكرد، تا كار گەیشت بەوەی سێ ساڵ بەر لە چاپكردنی، دوای ئەوەی ناردی بۆچاپخانە جارێكی تر وەریبگرتەوەو رێگەی نەدا چاپبكرێت، چونكە وەكو خۆی دەیوت (رێگەنادەم چاپ بكرێت تا جارێكی تریش پیایدا نەچمەوە لەروی ناوەرۆك و شێوازەوە.) پاش دوانزە ساڵ، كەهێشتا بەتەواوی تەنها بەرگی یەكەمی تەواو نەكردبو ماركس دەیوت (كارەكە زۆر بەهێواشی بەرەو پێشەوە دەچێت، چونكە مرۆڤ هێشتا تەواونەبوە لە دوادارشتنی ئەو بابەتانەی ساڵانێك لێكۆڵینەوەی لەبارەوە كردوە، هەتا ئەوەی بۆدەردەكەوێ كە ئەو چەند لایەنێكی تازەی دۆزیوەتەوە كەپێویستی بەبیركردنەوەی زیاترە.) لێرەوە چ وێكچونێك هەیە لە نێوان ماركس و پاڵەوانەكەی بلزاك؟ تابلۆكەی فرینهوفەر و كتێبەكەی سەرمایە؟! بۆچی ماركس سەرنجی ئینگلس دەباتە سەر چیرۆكێك كە هەموی گومان و دڵەراوكێیە لەبارەی بەرهەمێكی چەند ساڵە؟ ماركس كەهێشتا بەرهەمەكەی بۆ مرۆڤایەتی ئاشكرانەكردبو، وەكو ئەوەوایە بە هەموان بڵێ لەو چیرۆكەی بلزاكەوە سەیری بەرهەمەكەی منیش بكەن، بەگومانەوە لەو راستیانە بروانن كە من دەركم پێی كردوە، بۆیە هەر لەپێشەكی سەرمایەدا دەڵێ (من گریمانەی ئەوە دەكەم كە خوێنەری ئەم كتێبە دەیەوێت شتێكی تازە فێربێت، بۆ ئەوەی خۆی بیربكاتەوە.) بیركردنەوەیەك لەپێناوی گۆرینی دنیا، نەك تەفسیركردنی، چونكە مرۆڤ شایەنی باشترە، رێگای دەرچونیش لەو دۆزەخەی هەر مرۆڤ بۆ برای مرۆڤی دروست كردوە، وشیاریە بە چەوساندنەوە، ئیرادەی ململانێ و تەسلیم نەبونە بەو واقیعەی كەنەقەدەرە، نە ئەزەلیە. بەپێچەوانەی تێگەشتنی هیگڵەوە كە دەیوت ئەوەی واقیعە ئەقڵانیە، فۆرمێكە لەدەركەوتنی روح، بەوپێیەی واقیع سەرخانی بیرە و مێژوش درێژبونەوەی دیالەكتیكی روحە. ماركس دەیوت ئەم شەرحەی هیگڵ راستە، بەڵام بەسەراوبنی، لەبری ئەوەی دیالەكتیكی هیگڵ لەسەر قاچ وەستابێ، قاچەكانی بە ئاسمانەوەیە، چونكە راستیەكە ئەوەیە روح یان بیری مرۆڤایەتی لێكەوتەی واقیعە، ئەوە ژێرخانە فۆرمێك بەسەرخان دەبەخشێ. بەم شێوەیە خاڵی سەنتراڵ لەكۆی بیركردنەوەی ماركسدا مرۆڤ خۆیەتی، ئەو بونەوەرەیە لەدەرەوەی هەمو سیاقە مێژوییەكان. هەستكردنی بێ ئەندازی ماركس بە ئازاری مرۆڤەكان لەمێژو و سەردەمی خۆیدا هەراسانی كردبو، وایلێكردبو دەست لە ژیان و ئاسودەی و نیشنیمانی خۆی هەڵبگرێ، بەهیوای دۆزینەوەی رێگایەك مرۆڤایەتی بەرێتەوە سەر ئەو سەردەمانەی لەدەرەوەی هەمو كۆتو بەندو چەوسانەوەیەك و هەموان بەیەكسانی تیایدا دەژیان، كە لەمیتۆلۆژیای ئاینی بەبەهەشت ناسێنراوەو بە هۆی گوناهێكەوە مرۆڤایەتی لێ دەركراوەو خراوەتە سەرزەوی، شوێنی ئازارو ماندوبون، بەڵام لای ماركس وەكو چۆن ئەم دۆزەخەی مرۆڤایەتی تیایدا دەژی بەرهەمی دەستی خۆیەتی، بەهەمان شێوەش دەكرێ داهاتویەك بۆخۆی دروستبكات، كە بەئەمرۆی نەچێت. ئەم بڕوا پتەوەی ماركس بە مرۆڤ، لەكۆڵنانی ئەم خەمە، نەك تەنها لە نوسینە جدی و نامەكانیدا رەنگی داوەتەوە، بەڵكو لەكاتی شۆخیو یاریشدا ئەو نەیتوانیوە لەو خەمە خۆی بدزێتەوە. لە ساڵانی 1860 دا، كاتێك سێ كچەكەی ماركس یاریان دەكرد، یاریەكەش بریتی بو لەوەی لەبەرامبەر هەر پرسیارێك بە دێرێك یان وشەیەك وەڵام بدەیەوە، شەوێك داوایان لەماركسی باوكیان كرد كە ئەویش بەشدار بێ و وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە، دو پرسیاری كۆتای ئەوەبو (ئەو پەندەی كەتۆ بەلاتەوە جوانە چییە؟ دروشمی تۆ چیە؟) لەوەڵامی پرسیاری یەكەمدا ماركس نوسی (هیچ شتێكی مرۆیی بەمن بێگانە نیە). لەوەڵامی دوا پرسیاریشدا نوسی (پێویستە بەچاوی گومانەوە لەهەمو شتێك بروانین.)
ئێمە ئەمڕۆ لەیادی مردنیدا لەبارەی فەیلەسوفێكی یەكجار مەترسیدارەوە دەدوێن كەبەناوی ئەو و لەپاڵ ناوی ئەوەوە بۆ ماوەی سەدەیەك جیهان بەسەر دوو بەرەی فیكری و ئایدیۆلۆژی ناكۆك و دووژمن بەیەك دابەش بوو و مەرگەساتی گەورەشی لێكەوتەوەو لەئەنجامیشدا ماركسی تیادا بووە قوربانیەكی بێوێنە، بەڵام پێدەچێت ئێستا ماركس بەوێنەیەكی جیاواز لەهی دۆست و دوژمنەكانی جارێكی تر سەربكاتەوە بەم چەرخەتازەیەدا، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئێستا جیهان لەرێگەی بارگە ئایدیۆلۆژیەكانی ماركسیزمەوە ئەو پیاوە ناناسێتەوە، بەڵكو قەیرانە قوڵەكانی ئەو سیستمە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتیەی ماركس هەموو ژیانی خۆی بۆ راڤكردن و رەخنەكردنی بەخەرجدا، جارێكی تر تارمایی ماركس دەداتەو بەسەر روخساری ئەم دنیا تازەیەداو وادەكات لەناو ئەو نامۆبوونە سەختەی ئێستا مرۆڤی مۆدێرن لەناو چەقی دنیای پێشكەوتی هەستی پێدەكات جارێكی تر دەست بۆ ئەو پیاوە مەترسیدارە درێژ بكرێتەوە ، هەرماكسیش بو دەیوت سەرمایەداری، هەمو رەگەزەكانی لەناوبردنی خۆی هەڵگرتوە، بەدیاریكراوی لەۆلستریت پایەتەختی ئابووری جیهان جارێكی تر مرۆڤ هەست بەهەمان ئەو نامۆبوونە دەكات كەماركس زیاد لەسەدەیەك بەر لەئێستا باسی لێوەكردوە، مرۆڤەكان ئێستا وەك ماركس وتەنی هەست بەو بۆشاییە دەكەن كەلەنێوان ئەوان و خاوەندارێتی ئامرازەكانی بەرهەمهێناندا هەیەو لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاشدا ئەو نامۆبوونە گەورەترو كاریگەرتر دەبێت، ئەو قەیرانە گەردونیەش لەهەمان ئەو دەرگایە هاتەوە ژور كەماركس بەوردی باسی لێوەكرد كە قەیرانی بەكاربردن وقەرز و مایەپوچبونی بانكەكانە، كە بە ئیفلاسی بانكی لیمان برازەری زەبەلاح دەستی پێكردو دیارنیە بەچی كۆتای دێت.
1,497 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست