سامان فەرەج : دوو دڵۆپ فرمێسک یان دووانە شاکارێک .
چەند پەیڤێک بۆ شاکارەکەی کەژاڵ نوری و نالیا ئیبراهیم
دووسەد ساڵێک بەر لە ئێستا کە تورکە مەغٶلە عوسمانیەکان وباوەگەورەی ئەمڕۆی تورکچیە فاشیستەکان بەیداخی پیرمەسورو شێخ هەباس یان دڕی و شارەکەی بابانیان ڕەش پۆش کرد ، ئەوساتانە ،حەزرەتی نالی پەڕیدە بوو ، بای سەحەر ی کردە نامە بەر و ڕازی دڵی خۆی لەهەناوی قەسیدە یەکدا ڕٶکرد ،هەتا کورد خاوەنی سلێمانی بێ ئەو قەسیدەیەی نالیش هاو تەمەن لەگەڵ مێژووی سلێمانیا ئەمێنێتەوە ، هاو ڕاز وهاوکات سالم لەسلێمانیەوە ئەبێتە هاوڕازی نالی و چامە پیرۆزەکەی سالم ئەبێتە تەواوکەری شیوەنی نالی بۆ سلێمانی ..
لەسەدەی تەکنەلۆجیادا کورد هەر هەمان کوشتەی دەستی قەسابە مناڵ کوژ و ژنکوژەکانی تورکە ، ( ئاخر تورک هێندە شومن لەشەخسیش ئەدەن زەرەر) ، ئەوشەخسە پیرۆزە ئەو چالاکوانە ژنانەی کوردن کە لەشارێکی جەنجاڵی پاریسا گولـەبارانیان ئەکەن، ئەوە ئەو کێشە و جەنجاڵیەیە کە ژنەکوردێک ئەبزوێنێ تاداهێنانێکی بەرز بهێنێتە ناوئەدەب وفەرهەنگی کوردیەوە ، ئەو ووتەیەی دکتۆرعەلی ئەلوردی پڕ بەپڕی ئەم ڕاستیەیە کە ئەڵێ : مێشکی ئادەمزاد داهێنان ناکات ئەگەر سەقاڵی کێشەو گرفتێک نەبێت ولەخواستی چارەکردنیا نەبێ، …
کەواتە گرفت وتوڕەبوون وکێشەیەک کۆمەڵەوێنەیەکی تازە ی شیعری لەلای کەژاڵ نوری ئەخوڵقێنێ ، وێنەی تیرۆکردنی سێ ژنە کورد وێنەی تیرۆرکردنی خوشکانی میراباڵە لە دۆمێنیکان و هەڵدانەوەی لاپەڕە تاریکەکانی سەردەمی ژن سوتاندنە لە ئەوروپا و هەڵدانەوەی ئێسک وپروسکی ژنانی زیندەبەچاڵکراوی نیمچە دورگەی عارەب و سەدەی ئەنفالی سەردەمی بەعس نشینە ..
ئەوە چ هەستێکی بەرزە چ وێنەیەکی پیرۆزە ژنەکوردێک ئەکا بە چەتوونێکی مافخوراو و دەرگا بەدەرگا شەقام بەشەقامی پاریس هەراسان ئەکا و گڵۆپی شەقامەکانیان لێ خامۆش ئەکا و پێیان ئەڵێ ئێوە سیڤەر وسایکس بیکۆتان کردە مۆتەکەی سەردڵی مێژومان و ئێستاش باوەش ئەکەنەوە بۆ تورکی ژن ومناڵ کوژ .. سێ ژن ، سی فریشتە ، سێ نەورەسی لانە شێواو، شەوکوژ کەن ..
توڕەیی کەژاڵ نوری ،بووە هاوتۆمارێک بۆپێناساندنی کارەساتەکەی پاریس . ئەوەی کەژاڵ نوری بە شیعرێک کردی وەک ئەرکێکی نەتەوەیی ، وەک ئینسانێکی بە ئابڕوو دژ بە کوشتنی چەند هاوڕەگەزێکی ،ڕەنگە هەزاران خۆ بە فیمنست زانی کۆیلەی باوەڕێکی چەوتی کۆمۆنیستی نەتوانن ئاوا کاریگەرانەو ڕاستگۆیانە هاوڕاز و هاوخەمی خۆیان دەربڕن بۆ لەناوچونی چەند ئینسانێک ، ئەمە ئەو هێڵە ئەخلاقیەیە کە مرۆڤی هەڵوێست جوان وئازاد جیا ئەکاتەوە لە مرۆڤی کۆیلەی پاژنەهەڵکێش . ئەمە هەمان هەستی هاوخەمی یەکەی نالی یە بۆ سلێمانی وکوردستان ، بۆباوان وبۆ ئازارەکانی گەلێکی بێ لانە، هەر ئەم هەستە پیرۆزەی کەژاڵە سالمێکی ساحێبقڕان ئەهێنێتە وەڵام ، لە دورەوە
نالیا ئیبراهیم هەمان کارەسات ئەخاتە ئامێزی شیعرێکەوە و توڕەتر لەو هەموو ڕووکەش و بەرگێک دائەماڵێت و زەردەخەنەکەی مۆنالیزا دادەگرێتە خوارەوە وێنەی خەمێکی بەسۆی کچەکوردێکی کوژراوی وەک لەیلا ئەکا بە شاکار و خوای جوانی و لەجێێ مۆزارت وخرۆشی ڕۆحی بێگانە ، میزاجی کوردەواری ئەکاتە سەرپشک و ئەوان توڕ ئەدا و بە نەغمەی لاوک و خاوکەر ێک ، زۆربا ئاسا سەمایەکی سیرتاکی ئەکا .. ئەم دوو شاکارە ، ئەگەرلەپاریس ئەژیامی کەژاڵ و هاوڕێ نامەکەی نالیا برایم جگە لەوەی تەواوکەری یەکن و دوو ئاوازی خەمبارن بۆ هەمان دیاردەو کارەسات لەهەمان کاتدا داهێنان و قوڵکردنەوەی هەمان ستایڵە شیعریەکەی نالی وسالمە لەساتی کارەساتەکانا . . ئەم شاکارانە ئەچنە خانەی نەمری یەوە وهەڵسەنگاندنی زیا تریان پێویستە ………
بۆ خوێندنەوەی شعرەکەی کەژاڵ نوری ، سەردانی ئەم لینکە بکە ئەگەر لە پاریس دەژیام
بۆ خوێندنەوەی شعرەکەی نالیا براهیم ، سەردانی ئەم لینکە بکە ؛ پێنوسەکان
1,656 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست