دکتۆر کەمال میراودەلی : کوردستان و دوازده نه‌فره‌تی کۆلۆنیالیزم .
سه‌رنج : ئه‌م باسه یه‌که‌مجار به زمانی ئینگلیزی له مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری کورد له له‌نده‌ن له 14/ مارتی / 1989 دا پێشکه‌ش کراوه‌و دوای له‌گۆڤاری (Kurdish Culture Bulletin) دا هه‌ر به ئینگلیزی له ئۆکتۆبه‌ری 1989 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه . هەروا له کۆنفرانسی لۆزان سه‌باره‌ت به کوردستان له ڕۆژی 29 ی نیسانی 1990دا پێشکه‌ش کراوه . دیاره به پله‌ی یه‌که‌م بۆ خه‌ڵکێکی بێگانه نووسراوه . یەكەمجار بە كوردی لە گۆڤاری رابوون ، دا بڵاوكراوەتەوە .
================
گه‌لی کورد کۆمه‌ڵه‌یه‌کی نەژادیی پێکه‌وه گونجاوه و ڕه‌چه‌ڵه‌کیان ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر گۆتی و مێدی و کاردۆخییه‌کان … له کاتی به‌رێ – وه له خاکی خۆیان ( کوردستان ) له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ندا ژیاون. کوردستان مانای وڵاتی کورده. ئه‌م کوردستانه بێشکه‌ی یه‌که‌مین شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی بووه. یه‌که‌مین شۆڕشی کشتوکاڵی ( گواستنه‌وه له قۆناغی راوه‌وه بۆ قۆناغی جێنیشتهبوونی گوندیی) له‌م ناوچه‌یه‌دا ڕوویداوه. هه‌روه‌ها شاری ( هه‌ولێر) ی کورد به کۆنترین شاری دنیا ده‌ژمێردرێ که هه‌میشه به ئاوه‌دانی ماوه‌ته‌وه .
کورد به‌وه ناسراوه زۆر هۆگری خاك و نیشتمانه‌که‌یه‌تی ، پێوه‌ندی خێزانیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و کو‌لتووریی به‌هێز له نێوانیان دا هه‌یه . ئه‌وان حه‌زناکه‌ن گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر که‌میش بێت زێد‌و هه‌واری خۆیان به‌جێ بهێڵن ، ئه‌گه‌ر چی ته‌مایه‌کی زۆریشیان بخرێته به‌رده‌م . به‌ڵام به‌داخه‌وه ، واقیعی سیاسه‌تی جیهانی له‌م ده‌یه‌یه‌ی دوایی دا بارێکی تازه‌ی هێنایه پێشه‌وه‌و وای کرد په‌ره‌وازه ( دایەسپۆرا) یه‌کی کوردی بێ وێنه ڕووبدا ، که مێژووی کورد پێشتر به خۆیه‌وه نه‌دیوه . ئێستا نزیکه‌ی 250 هه‌زار کوردی خوارووی کوردستان له ئاواره‌ییدا له ئێران و تورکیا و پاکستان و ئه‌وروپا و وڵاتانی ئه‌سکه‌نده‌ناڤی و ئه‌مریکا و که‌نه‌دادا ده‌ژین. نزیکه‌ی نیو ملیۆن کوردی سه‌رووی کوردستانیش به دوای کار‌و ژیاندا بۆ ئه‌وروپا کۆچیان کردوه و به‌شی هه‌ره زۆریان له ئه‌ڵمانیادا جێ نیشته‌بوون .
تا جه‌نگی یه‌که‌می جیهان کوردستان له نێوان ئێران و ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانلیدا دابه‌ش بوو . ئه‌وسا کورد میرنشینی نیمچه سه‌ربه‌خۆ و ئابوورییه‌کی به‌شی خۆدابینکه‌ر و کۆمه‌ڵگای ماڵات به‌خێوکه‌ر و زرعاتکار و میراتێکی کەلتووری ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بوون … بزوتنه‌وه‌ی کورد بۆ دامه‌زراندنی کوردستانێکی یه‌کگرتووی ئازاد له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا له‌ته‌ك بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لانی تر ده‌ستی پێ‌کرد.
دوای شه‌ری یه‌که‌می جیهان به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا ناوچه‌کانی سه‌ر به ده‌وڵه‌تی عووسمانلییان له نێوان خۆیاندا دابه‌شکرد و ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست کرد بۆ خزمه‌تکردنی به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیژی درێژ خایه‌نی خۆیان . گه‌لی کورد له ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی که پهیماندارهکان له په‌یمانی سیڤه‌ری 1920 و به‌ریتانیا له ساڵی 1922 دا به‌ڵێنیان پێ دابوو بێ به‌شکران . به‌م جۆره ناوچه کوردنشینه‌کان که‌وتنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی بێگانه‌وه و نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌چه‌ند سنوورێکی زۆره‌ملێ که نه نه‌ژادین ، نه مێژوویی و كەلتووری و سروشتین ، پارچه پارچه کران . له ساڵی 1919 تا ساڵی 1946 به‌ریتانیا راسته‌وخۆ به‌شداری ده‌کرد له دامرکاندنه‌وه‌ی راپه‌ڕینه‌کانی گه‌لی کورد دژی حوکمی زۆربه‌ی عه‌ره‌ب و به زۆربهستنهوهی به عێراقه‌وه . حکومه‌تی کوردی شێخ مه‌حموود له‌نێو بردرا ، خوارووی کوردستان به زۆر به عێراقه‌وه لکێندرا. ده‌وڵه‌تی شۆڤێنیزمی تورك به یارمه‌تی رۆژاوا سه‌رووی کوردستانی داگیر کرد، به‌شێکی کوردستان خرایه سه‌ر سوریا و به‌شێکیش به داگیرکراوی له‌نێو ئێران‌دا مایه‌وه . به‌م زۆره نه‌ته‌وه‌ی کورد بوو به نه‌ته‌وه‌ی پارچه پارچه کراوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و که‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڤێنیزمی سێ نه‌ته‌وه‌ی زۆربه‌وه .
له‌گه‌ڵ ئه‌م داگیرکردن و دابه‌شکردنه‌دا ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که کورد له ده‌رفه‌تی په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتن که خاکه به نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌ی بۆی فه‌راهه‌م کردبوو ، بێ به‌ری کرا ، گه‌لی کورد له خاکه شاخاوییه‌که‌ی خۆیدا به نیمچه خودموختاری مایه‌وه‌و توانی به‌ره‌نگاری هه‌موو سیاسه‌تێکی ژێر ده‌سته‌کردن و توانه‌وه و کۆلۆنیالی کرد ببێته‌وه ، هه‌ویه‌تی مێژوویی و کەلتووری له مێژینه و جیاوازی کورد ، سه‌ختی شاخهکانییان و ترادیسیۆنی به‌رگری چه‌کداری زۆر کۆن و رقبوونه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی بێگانه و جه‌نگاوه‌ریی و هه‌ستێکی به‌هێزی ئازادیی په‌رستی : هێزێکی خۆیی مه‌زنیان به‌کورد به‌خشی و بۆیان لواند وه‌ك گروپێکی نه‌ته‌وه‌یی کەلتووری پێکه‌وه‌گونجاو بمێننه‌وه و به‌رهه‌ڵستی شاڵاوی کۆلۆنیالیانهی هێزه دوور‌و نزیکه‌کان بكەن . به‌ڵام هێزی کەلتووریی و مێژوویی و به‌هره‌و ره‌وشی جه‌نگاوه‌رێتی ناتوانێ ببێته هاوشانی چه‌کی وێرانکه‌ری ئه‌م سه‌رده‌مه و هێزی پێکهوههاوکاری چوار ده‌وڵه‌ته‌که که ئه‌وانیش له ڕێی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسییه‌وه هاوپه‌یمانییه‌تیان له‌گه‌ڵ زلهێزه‌کان و زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا هه‌یه . ئه‌مه وای کردووه نه‌ته‌وه‌ی کورد له نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و جه‌ربه‌زه و ره‌نجده‌ری به‌هێزه‌وه ، که به شوناسنامه‌ی کولتووری کۆن و مێواندارێتی ناسراون ، ببن به نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست و دابه‌شکراو و بێ هێز و بێ دۆست و پشتیوان . هه‌ر به‌م چه‌شنه مێژووی کوردیش وای بۆ بڕدرا ببێ به مێژووی زنجیره‌ی نه‌پساوی تراژیدیای وێرانکردن و قه‌لاچۆکردن .
که‌وایه : خاڵی سه‌ره‌تا بۆ تێگه‌یشتنی مه‌سه‌له‌ی کورد له چوارچێوه مێژووییه‌که و دوورییه جیوپۆلیتیکییهکهی دا: دابه‌شکردنی ناڕه‌وای کوردستانه دوای شه‌ری یه‌که‌می جیهان. ئه‌م دابه‌شکردنه بوو که ( مه‌سه‌له‌ی کورد ) ی له خۆرهه‌ڵاتی نێوهنداو تراژیدیای کوردی دروست کرد . تراژیدیایه‌ك که به‌شێوه‌یه‌کی جوغزی رێك هه‌میشه دووباره ده‌بێته‌وه ، هه‌میشه له خه‌راپه‌وه بۆ خه‌راپتر ده‌روا و به‌بێ چاره‌سه‌ری ماوه‌ته‌وه.
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا فه‌سلێکی دیکه‌ی ئه‌م تراژیدیایه‌مان بینی: جینۆساید له کوردستاندا و ئاواره‌کردن و ده‌ربه‌ده‌رکردنی کورد . بۆیه گرنگه لێره‌دا مه‌ودای ئه‌وه نه‌ده‌ین مه‌سه‌له‌ی په‌نابه‌رانی کورد له مه‌سه‌له‌ی کورد جیا بکرێته‌وه .
له‌م باسه‌دا مه‌به‌ستم نییه بچمه ناو درشت و وردی لێکدانه‌وه مێژووییه‌کانه‌وه . ته‌نیا مه‌به‌ستمه قورسایی بخه‌مه سه‌ر ئه‌و نه‌فره‌ت و زیانه مێژووییه جیوپۆلیتیکییه گه‌ورانه که دابه‌شکردنی ئیمپریالیانهی کوردستان ، تووشی گه‌لی کوردی کردن . ئه‌گه‌ر ته‌بیعه‌تی سه‌خت و تووشی چیاکانی کوردستان نه‌بایه ، گه‌لی کورد نه‌یده‌توانی به‌ره‌نگاری ئاکامه جوگرافیی و کەلتووریی و سه‌ربازیی و سیاسییه‌کانی ئه‌و لێکدابڕینه بێ .
له خواره‌وه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و زیان و نه‌فره‌ته مێژووییانه له دوازده خاڵدا کۆبکه‌مه‌وه .
یه‌که‌م : به هۆی دابه‌شکردن و کۆلۆنیالیکردنی کوردستانه‌وه نه‌ته‌وه‌ی کورد له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆی خۆی بێ به‌شکرا و مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی لێ زه‌وتکرا .
دووه‌م : یه‌کێتیی جوگرافی کوردستان به شێوه‌یه‌کی ناسروشتیی و نالۆژیکیی تێکدرا ، سنووری ده‌ستکرد سه‌پێندرا ، نه‌شونماکردنی یه‌ك بازاڕی نه‌ته‌وه‌یی کورد رێی لێ‌گیرا و سه‌رکوت کرا . پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌کردنی ئابووریی و کەلتووریی وه‌ستێندرا و هۆیه‌کانی هاندانی قه‌ده‌غه کران .
سێیه‌م : نه‌ته‌وه‌ی هاونه‌ژاد و زمان و هاوکەلتوور و هاونیشتمانی کورد ، به‌زۆر دابه‌شکرا و کرایه گرۆی که‌مێتی له چوار وڵات‌دا. که زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ناحه‌ز به کورد حوکمی ده‌کا . له‌به‌ر ئه‌وه ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی ناکوردیشدا ، ده‌رفه‌تی کورد بۆ به‌شداری له پرۆسه‌ی فراوانی سیاسی دا ته‌سك کرایه‌وه . ئه‌م ته‌سکبوونه‌وه‌یه به هۆی سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌وه زیاتر و زیاتر کرا .
چواره‌م : دروست بوون و پته‌وکردنی حکومه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی سه‌رده‌ست له لایه‌ن و به پاڵپشتی ئیمپریالیستی رۆژاواییه‌وه ئه‌نجام دران . به‌م جۆره سه‌ره‌تایه‌کی مێژوویی و هه‌لومه‌رجی جیۆستراتیژی بۆ پاراستن و به‌هێزکردنی هاوپه‌یمانی نێوان ده‌وڵه‌ته شۆڤێنیسته‌کان و ده‌وڵه‌تانی خۆراوا فه‌رراهه‌م بوون . زۆر په‌یمان وه‌ك: ( لۆزان 1925 ، سه‌عدئاباد1937 و بەغدا 1956) و رێککه‌وتنی دووقۆڵی بازرگانیی و سیاسیی و ئابووریی و سه‌ربازیی ئیمزا کراون که راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ دژی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی رزگاریخوازی کورد بوون .
پێنجه‌م : له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی بۆرژوایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی مشه‌خۆر به هاوپهیمانێیتی و پشتبه‌ستن بهسهرمایهدارێتی خۆراوا، نه‌ته‌وه‌ی زۆربه‌ی سه‌رده‌ست زیاتر و زیاتر سیاسه‌تی کۆلۆنیالیستانه و ره‌گه‌ز ناحه‌زانه‌ی دژی گه‌لی کورد به‌کار برد . سامانی کوردستانی ، به تایبه‌تی داهاتی سه‌رچاوه نه‌وتییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بهکارخران . سوپای مۆدێرن و چه‌کدار و راهێنراو دروستکران . کوشنده‌ترین چه‌کی نوێ بۆ سه‌رکوتکردنی خه‌باتی رزگاریخوازی کورد و کۆیله‌کردنی گه‌لی کورد به‌کارهێندراون و ده‌هێندرێن. سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستانه بۆ توانه‌وه‌ی گه‌لی کورد و گۆڕینی باری نه‌ژادی کوردستان له ڕێگای چۆڵکردن و گواستنه‌وه‌ی به‌زۆر و قه‌لاچۆکردن ، بێ سڵکردنه‌وه خراونه کار .
شه‌شه‌م : وێناندن و ناساندنی گه‌لی کورد به جه‌ماوه‌رانی گه‌لانی سه‌رده‌ست وه‌ك دوژمنێکی ناوخۆیی خه‌ته‌رناك که ده‌بێ لهناوببردرێ یان وه‌ك چه‌ند تیره‌و خێلێکی دواکه‌وتوو که ده‌بێ بتوێندرێته‌وه ، بۆته مه‌به‌ستێکی ئایدیۆلۆژی سه‌ره‌کی که حوکمرانه دیکتاتۆرییه‌کان بۆ به‌کارخستنی سیاسه‌تی جیاوازینانهوه و حوکمکردن به‌کاری ده‌هێنن .
شۆڤێنیسته حوكمبهدهستهکان تا راده‌یه‌کی زۆر توانیویانه ئه‌قلییه‌تی خۆ به‌زلزانین لای نه‌ته‌وه‌ی زۆربه و نه‌هێشتنی هیچ جۆره سۆز و هاودهنگییهك له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد ئه‌نجام بده‌ن . ئه‌وان رێگه‌ی ئه‌وه‌یان نه‌داوه‌و ناده‌ن که منداڵانی عه‌ره‌ب، تورك یان فارس ئه‌وه بزانن که نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژی ، که کورد خاوه‌نی زمان و مێژووی خۆیه‌تی … هتد ته‌نانه‌ت هیچ باسێکی ده‌وری کورد له مێژووی ئیسلام و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ناخوێندرێ . به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه ، زمان و کولتووری کورد له ژێر هێرشی به‌رده‌وامی داپلۆسین و تواندنه‌وه دایه . هه‌وڵ و ته‌قه‌لای کورد خۆشی بۆ ژیاندنه‌وه و گه‌شه‌پێکردنی کەلتوور و هه‌ویه‌تی نه‌ته‌وه‌ی خۆی به‌ره‌نگاری ده‌کرێ و سزا ده‌درێ . ته‌نانه‌ت مارکسیست و گروپه ( چهپرهوەکانیش) نه‌یانتوانیوه دان به مافی نه‌ته‌وه‌ی کورددا بۆ رزگاربوون له چه‌وساندنه‌وه‌ی کۆلۆنیالی بنێن . خودپه‌سه‌ندیی و خۆ به‌زلزانین و ئامۆژگاریکردنی مامۆستایانه و نه‌زانین و گه‌وجێتیی و خۆگێلکردن ده‌رباره‌ی ڕه‌وایی و هه‌قانیه‌تی مه‌سه‌له‌ی رزگاریخوازی کورد. هه‌ڵوێستی نموونه‌یی ئه‌و جۆره چهپخوازانهیه .
هه‌موو ئه‌م هۆکارانه بوونه‌ته هۆی به‌هێزکردنی ده‌ور و ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڤێنی و باوبوون و خۆسه‌پاندنی بیروبۆچوون و بایه‌خه‌کانی له‌ناو ته‌واوی کۆمه‌ڵگادا . له‌به‌ر ئه‌وه خه‌باتی دیمۆکراتی له‌سه‌ر بنچینه‌ی هاو په‌یمانیی چینایه‌تی ، بێ به‌رچاوگرتنی جیاوازییه‌تی باری کورد و مافی نه‌ته‌وه‌یی بریاردانی چاره‌نووس ، به شێوه‌یه‌کی تراژیدیانه فه‌شه‌لی هێناوه و ئه‌و ( چه‌پانه ) زۆرجار خۆیان بوونه‌ته ئامرازی بورژوازیه‌تی شۆڤێنی بۆ داپلۆسینی گه‌لی کورد و ته‌نانه‌ت خۆشیان بوونه‌ته قوربانی ئه‌و سیاسه‌ته ناشی و چه‌وت و کوێرانه‌ی خۆیان ( نموونه‌ی نزیکی ئه‌مه سیاسه‌تی حیزبی شیوعی عێراق و توده‌ی ئێرانه) .
حه‌وته‌م : مادام چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لی کورد و بنەبڕکردنی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی سیاسه‌تی سه‌ره‌کی و هاوبه‌شی هه‌موو رژێمه ره‌گه‌زپه‌رست و دیکتاتۆریه‌کانی ده‌وڵه‌ته‌کانی زۆربه‌یه ، مادام هه‌موویان له به‌رژه‌وه‌ندی داگیرکردن و دابه‌شکردنی کوردستاندا به‌شدارن ، شتێکی لۆژیکی و سروشتییه که له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ستراتیژیه‌تێکی هاوکاری و پیلان نانه‌وه دژی کورد به‌یه‌که‌وه رێك بخه‌ن و پیاده بکه‌ن . بۆیه هه‌ر کاتێ بزوتنه‌وه‌ی کورد نەشونمای کردبێ یان مه‌ترسی بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و رژێمانه نابێته‌وه ، هاوکاری ئاشکرا یان به‌دزیی له نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌رانه‌دا بۆ به‌رگریی خه‌باتی کورد پیاده کراوه .
هه‌شته‌م : دابه‌شکردنی کوردستان گه‌لی کوردی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌کی پارچه پارچه‌کراو و حوکمکراو و ده‌وردراو به رژێمی داگیرکه‌ر خسته گۆڕێ . له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ، کوردستان بێ ده‌روازه بۆ ده‌ریا مایه‌وه . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له رووی جیوپۆلیتیکییه‌وه ، بوو به کارێکی زۆر دژوار بۆ بزوتنه‌وه‌ی کورد که خه‌باتی خۆی درێژه پێ بدا به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌بێ یه‌کێ له‌و رژێمه کۆلۆنیالیانه ( محاید) بکا. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ په‌یوه‌ندییه‌کی به دنیای ده‌ره‌وه هه‌بێ و هه‌ر نه‌بێ له کاتی ته‌نگانه‌دا یارمه‌تی ئینسانی پێ بگا. ئه‌م حاڵه‌ش وایکرد له سه‌رکردایه‌تیه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کورد که ( ستراتیژیه‌تێك ) به‌کار بهێنین بریتی بێ له که‌ڵك وه‌رگرتن له ناکۆکییه‌کانی نێوان رژێمه داگیرکه‌ره‌کان و پشت به لایه‌کیان دژی لایه‌کی تر ببه‌ستن . ئه‌م حاڵه‌ته له‌ساڵی ڕابردوودا له واقیعی پشتبه‌ستنی بزوتنه‌وه‌ی کورد له خوارووی کوردستاندا به ئێران و پشتبه‌ستنی نزیکتری هێزه‌کانی کوردستانی رۆژهه‌ڵات به رژێمی به‌عسی عێراقی خۆی ده‌رخست . به‌ڵام ئه‌م ستراتیژیه‌ته له حاڵه‌تی یه‌که‌مدا ته‌نیا کاره‌سات و تراژیدیای زیاتری به‌سه‌ر گه‌له‌که‌ماندا هێنا و له هه‌ردوو حاڵه‌تدا هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یه و جێگه‌ی شه‌رمه‌زاری و ریسواییه و له پاکانه‌ی ئه‌خلاقیی و ئه‌قڵیی بێ به‌شه .
نۆیه‌م : هه‌ر له‌و کاتدا که رژێمه داگیرکه‌ره‌کان به‌رووبووم و داهاتی کوردستان بۆ به‌هێزکردنی سوپای داگیرکردن و دامه‌زراوه و پرۆژه کۆلۆنیالییهکانیان به‌کار ده‌هێنن ، هه‌ر جۆره ده‌رفه‌تێکی پێشکه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووریی و کۆمه‌ڵیی و کەلتوورییان له‌گه‌لی کورد بڕیوه و له حاڵه‌تی داچووندا ( داچوون وه‌ك دژی هه‌ڵچوون، واته په‌ره‌سه‌ندن ) هێشتوویانه‌ته‌وه … ئه‌نجامی مێژوویی به‌سه‌ریه‌کدا که‌وتووی ئه‌م باره ئه‌وه‌یه کوردستان به‌شی زۆری له بارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نیمچه سه‌ره‌تایی – نیمچه ده‌ره‌به‌گیی دا بمێنێته‌وه که زیاتر له کۆمۆنیزمی سه‌ره‌تاییه‌وه نزیکه له‌وه‌ی له فویدالیزمهوه. ده‌شێ ئه‌م باره به ( فیودالیزمی میللی) ناوبه‌رین … داچوون ( ناپهرهسهندن) ، نه‌شونماکردنی چینی نێوه‌ندی کوردی وه‌ستاندووه . له‌و شوێنانه‌دا که چه‌ند ره‌گه‌زێکی ئه‌م چینه هه‌ن ، له زۆر حاڵه‌تدا مشه‌خۆرن و هه‌میشه ئاماده‌ی سازش و موساوه‌مه و ته‌نانه‌ت خۆ تواندنهوهشن . هه‌ر بۆیه گه‌رچی چه‌ند ره‌گه‌زێکی ئه‌م چینه سه‌ری به‌رز کردبێته‌وه و ده‌وری سهرکردایهشی له بزوتنه‌وه‌دا بینیبێ ، نه‌یتوانیوه دروشمی راسته‌قینه و مێژووی خه‌باتی رزگاریخوازی کوردستان واته ( ئازادی نه‌ته‌وه‌یی) به‌رز بکاته‌وه و له پاڵ دروشمی ( ئۆتۆنۆمیدا) سه‌دان سه‌رو جه‌مسه‌ری سه‌وداو سازشی بۆخۆی هێشتۆته‌وه .
ئه‌م حاڵه‌ته ئه‌نجامی خراپی بۆ بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد هه‌بووه . سه‌رکردایه‌تی نیمچه خێڵه‌کی – نیمچه شاریی نه‌یتوانیوه ده‌وری پێشره‌و بۆ جه‌ماوه‌ری جووتیار و گوندی و خوێنده‌واری شار بینێ ، به‌ڵکو هه‌میشه دوای جه‌ماوه‌ر که‌وتووه … که جه‌ماوه‌ریش تووشی ته‌نگاو و تراژیدیایه‌کی مێژوویی بووه ، له بهدواکهوتنیش وازی هێناوه و ئاشبەتاڵی كردووەو خۆی کشاندۆته‌وه بۆ هه‌لێکی تر تا جه‌ماوه‌ر خۆی ئه‌و هه‌له‌ی ( سه‌رکردایه‌تی – به‌دواکه‌وتنی) پێشکه‌ش ده‌کاته‌وه!! .
بۆیه جوغزی دواکه‌وتنی کۆلۆنیالی ( ئابووریی – کۆمه‌ڵایه‌تیی – کو‌لتووریی) هه‌ر له‌و کاتدا بۆته جوغزی دواکه‌وتنی بیریی- فیکریی- جه‌ماوه‌ری کورد و بزوتنه‌وه و سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی کوردیش … جوغزێکی بۆش که ده‌رچوون لێی کارێکی یه‌کجار ئه‌سته‌مه و ته‌نها به‌وه ده‌بێ له دژ هه‌ر دوو حاڵه‌ته‌که ( داگیر کردن و ئه‌نجامه‌کانی و دواکه‌وتنی کۆمه‌ڵیی و رۆشنبیری خۆمان) له یه‌ك کاتدا بجه‌نگین .
بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌گه‌ڵ تاقیکردنه‌وه‌ی مێژووی زه‌به‌ند و دهوڵهمهندیشیدا نه‌یتوانیوه به‌شێوه و رێگای خه‌باتی خۆیدا بچێته‌وه ، نه‌یتوانیوه خۆی مۆدیرن بکا و ده‌سته‌یه‌کی رووناکبیری هه‌ڵبژارده به‌رهه‌م بێنێ که وێنه‌یه‌کی زیره‌ك و قهناعهتپێکهرانهی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه پێشکه‌ش به جیهانی ده‌ره‌وه بکه‌ن . له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ، به‌کارهێنانی شه‌ری کیمیایی له‌لایه‌ن عێراقه‌وه . له‌ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا ، بزوتنه‌وه‌ی کوردی له پێگه گوندییه‌که‌ی بێ به‌ش کرد و خستییه سه‌ر چه‌ند – رێیانێکی مێژوویی نادیار …
ته‌نیا ئالوگۆری جیهانی ده‌توانێ ئه‌م وه‌زعه بگۆڕێ و ده‌رفه‌تێکی دی پێشکه‌ش بزوتنه‌وه‌ی کورد بکاته‌وه .
ده‌یه‌م : له به‌رامبه‌ر هێرشی سه‌خت تر بووی داگیرکه‌رانی کوردستان ، تۆپۆگرافی کوردستان ( واته ته‌بیعه‌تی شاخ و داخی ناوچه‌که ) یه‌کێك بووه له هه‌ره هۆکاره به‌هێزه‌کانی به‌رده‌وامکردن و سه‌رخستنی موقاوه‌مه‌ی کورد به‌رامبه‌ر ژێرده‌ست کردنی کۆلۆنیالی و تواندنه‌وه‌ی کەلتووریی .
به‌ڵام به‌کارهێنانی چه‌کی نوێی رهشبکوژ ( به‌تایبه‌تی به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی له‌لایه‌ن عێراقه‌وه) وای کردووه خه‌ڵکی کورد ته‌نانه‌ت له پاراستنی دۆست و پشتیوانه دێرینهکهشیان واته شاخه‌کانیان بێ به‌ش بن .
یازده : ئه‌نجامێکی دیکه‌ی تاڵ و بێ هومێدکهرانهی حاڵه‌تی دابه‌شکردن و کۆلۆنیال کردنی کوردستان نه‌بوونی هیچ جۆره پاڵپشت و هاوده‌نگییه که له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد له‌لایه‌ن دنیاوه : واته حکومه‌ته‌کانی دنیا ، کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ، رێکخراوه ئینسانییه جیهانییه‌کان و رای گشتی جیهانی و میدیای جیهانیی . له کاتێکدا دابه‌شکردنی کوردستان بووه هۆی دروستبوونی چه‌ند ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن شوێن و پایه له‌نێو ده‌وڵه‌تانی دنیادا، نه‌ته‌وه‌ی کوردی له هه‌موو جۆره ده‌سه‌ڵاتێکی هه‌رێمایه‌تی ناوخۆیی بێ به‌ری کرد و له ئه‌نجامدا کوردستان و مه‌سه‌له‌ی کورد (ئۆکسجین) ی راگه‌یاندنی جیهانیی – یان لێ بڕدرا . عێراق بۆ نموونه ده‌وڵه‌تێکه له نێوان (22) ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بیدا. ته‌نیا هێزی دیپلۆماسی عه‌ره‌بی به‌و بلیۆنه‌ها دۆلاره مفته‌ی نه‌وت و ئه‌و زهغته دیپلۆماسییه‌ی هه‌یه‌تی ده‌توانێ به ئاسانی گه‌لی کورد عه‌زل بکا و ( هه‌روه‌کو چۆن توانی، بۆ نموونه ، دوای به‌کارهێنانی گازی کیمیایی له‌لایه‌ن عێراق له ساڵی 1988 دا ئه‌م کاره ئه‌نجام بدا) هه‌ر جۆره راگه‌یاندن و ده‌نگ و قاوێك ده‌رباره‌ی (مافی مرۆڤ) له کوردستاندا بکاته وه‌ره‌قه‌یه‌کی تری یاری له بازاڕی سه‌ودای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی جیهانیدا . له‌به‌ر ئه‌م هۆیه بوو که رۆژاوا نه‌یویست پاڵ به داواکاری پشکنینی تاوانه‌کانی جینۆسایدی عێراق دژی گه‌لی کورده‌وه بنێ . ته‌نانه‌ت کۆنفرانسی پاریسیش که له ئه‌سڵدا بۆ باسکردنی تاوانی به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی له‌لایه‌ن عێراقه‌وه داوای به‌ستنی کرا ، ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی ئیدانه‌ی تاوانه‌که‌ی عێراق دژی مرۆڤایه‌تی له هه‌ڵه‌بجه بکا . هه‌ر له‌و کاتیش‌دا ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێ دنیای ئیسلامه‌تی و جیهانی سێ قڕوقپیان لێ کردوو چاوی خۆیان کوێر کرد. یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و ده‌وڵه‌ته ( سۆسیالیسته‌کان ) ، که له مێژه کورد به دۆستی خۆی داناون ، هه‌ر باس و خواسی تاوانه‌کانیشیان بڵاونه‌کردنه‌وه . ئه‌وه‌ی راستی بێ ، رۆژنامه‌ی پراڤدا پشتگیری تاوانی کیمیایی عێراقی کرد به بڵاوکردنه‌وه‌ی لێدوانێك له‌لایه‌ن پهیامنیهرهکهی له واشنتگتۆن که تێیدا تاوانبارکردنی عێراقی به به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی به درۆ و پرۆپاگه‌نده‌ی ئیمپریالیستی له قه‌ڵه‌م داوه!! .
به‌م چه‌شنه ده‌بینین که جیۆپۆلیتیکی کوردستانی دابه‌شکراو له‌و وڵاتانه‌ی کوردی‌یان پێوه به‌ستراوه و کورد بۆته که‌مێتی تێیاندا.كوردی لە هەموو ماف و دەرفەتیك تەنانەت وەك هاونیشتمانیش بێبەش كردووە . هیچ چارەسەرییەكی ناوخۆییش وەك دیمۆكراسی کە وجودی نییە، گەر هیش بێ كورد.. ناگرێتەوە .
له پێش هه‌موو شتێکدا پێویسته مانای دیمۆکراسی بزانین. دیموکراسی: دروشم نییه… نه رێککه‌وتنێکی ره‌سمییه له نێوان چه‌ند حیزبێکدا. نهئیمزاکردنی به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی و هاوپه‌یمانی و دروستکردنی حکومه‌تی ئیئتیلافی و به‌ره‌ی نیشتمانییه!! دیموکراسی له‌سه‌ره‌وه ڕا ناسه‌پێندرێ .
دیموکراسی شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی بیرکردنه‌وه و ره‌وشت و هه‌ڵسوکه‌وته که به درێژایی سه‌دان ساڵ پێگه‌یشتووه و ئه‌و شێوه تایبه‌تییه له بوون و کار و چالاکی هه‌زاران رێکخراوی سیاسی و کولتووری و کۆمه‌ڵی و پیشه‌یی جیاواز و ئازاد‌دا چه‌سپێندراوه و به‌رجه‌سته کراوه … بۆیه دیموکراسی به‌بێ ئازادی رێکخستن و دروستکردنی رێکخراو بۆ هه‌ر ئامانجێك بێ و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ و به‌بێ ئازادی بیر و نووسین و ده‌ربڕین و بڵاوکردنه‌وه مه‌حاڵه بتوانێ به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌تایش هه‌بێ و کاریگه‌ر بێ .
دیموکراسی له سه‌ره‌تا و له پێش هه‌موو شتێکدا پێویستی به تۆلیرزانس ( تسامح ) و قبووڵکردنی بیر و ڕای جیاواز و ئاخافتنی ئازاد و دان نان به بوونی ڕێکخراو و ده‌زگای هه‌مه جۆر هه‌یه.
پلۆرالیزم و جۆراوجۆری و جیاوازی بنچینه‌ی دیموکراسین .
ئایا ئه‌مه له کوردستاندا مومکینه ؟!
به داخه‌وه ، ئه‌و ڕژێم و کلتوور و ده‌زگا و دامه‌زراوانه‌ی کوردستانیان کۆڵۆنی کردووه ، خۆیان له هه‌ره ڕژێم و دامه‌زراوه دواکه‌وتوو و داپڵۆسهرهکانی دنیان .
تورکیا و عێراق و ئێران هێشتا مه‌ڵبه‌ندی مێژوویی سته‌مگه‌ریی ڕۆژهه‌ڵاتین (الأستبداد لاشرقي) . سه‌ده‌کانی سته‌مگه‌ری و بێدادی و فه‌ساد و داچوونی کولتووری له‌ژێر سایه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌ویدا به ده‌رکه‌وتنی قۆناغێکی مێژوویی نوێ و کۆمه‌ڵگای نوێ داییان هات. هاتن و ده‌ست تێوه‌ردانی ئیمپریالیزمی خۆراوایی له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ڕیگه‌ی له بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازه‌کان عه‌ره‌ب و کورد و ئازه‌ربایجانی و ئه‌رمه‌نی… هتد گرت یان شێواندنی. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ئێمه له خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ندا بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی درێژه‌خایه‌ن ببینن که توانستی ئه‌وه‌یان هه‌بێ ئاڵوگۆڕێکی کۆمه‌ڵی و کەلتووریی و ئایدیۆلۆژیی له ستراکتور و بنکه‌کانی کۆمه‌ڵدا به‌رپا بکه‌ن. خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ند دروست کردنی سنووری ده‌سکرد و ده‌وڵه‌تی ده‌سکردی سه‌ر به ئیمپریالیزمی به خۆیه‌وه بینی.
به‌م جۆره، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپا، ئه‌فریقا، ئه‌مریکای لاتین، چین و هیندستان، هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌کی چاککردن (أصلاح) و تازه‌کردنه‌وه و به سنعهتکردن. هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌کی ڕزگاریخوازی ڕاسته‌قینه، هیچ شۆڕشێکی کەلتوویی و هیچ ئاڵوگۆڕێکی دیموکراتی ئاشتیخوازانه له خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ندا ڕوویان نه‌داوه و کەلتووریی و دینیی و خێڵه‌کیی و نه‌ته‌وه‌یی- شۆڤێنی کۆنه‌په‌رست و ڕه‌گه‌زپه‌رست ماوه‌ته‌وه.
گه‌رچی تورکیا هه‌ندێ تاقیکردنه‌وه‌ی به سنووری له دیمۆکراسی په‌رله‌مانیی و به ئه‌وروپایی بوون دا هه‌یه، بەڵام ده‌زگای عه‌سکه‌ری تورکی هه‌میشه له نزیکه‌وه چاودێری ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌ی کردووه و هه‌ر کاتێ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه دروست بووبێ که کولتووری به‌ربه‌ریه‌ت درز به‌رێ و داوه‌شێ، شاڵاوی بردۆته سه‌ر ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌وه و خستوویه‌تیه ژێر پۆستاڵی هێز و تاوانه‌وه.
گه‌لی کورد که شادبوونی به مافه ئینسانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کۆڵه‌که‌ی دیموکراسی له تورکیا دا پێکدێنێ، ڕێی ئه‌وه‌ی لێگیراوه به‌شداری له‌هیچ پرۆسکهیهکی دیموکراسیدا بکا.
له عێراقدا، دوای زیاتر له شه‌ست ساڵ بوون به ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و زیاتر له سیی ساڵ بوون به جمهوری، هێشتا ده‌ستورێکی هه‌میشه‌یی نییه. هیچ جۆره ده‌زگا و ڕێکخراو و دامه‌زراوه‌یه‌کی دیموکراسی نین. کولتووری به‌ده‌وی عه‌شیره‌تگه‌ری و بیریی ((حاکم-خوا)) له عه‌قلیه‌تی خه‌ڵکدا جێگر بوون.
هه‌ره ساده‌ترین شوێوه‌ی مافی مرۆڤ هه‌میشه ژێر پێدراوه. عێراق ده‌وڵه‌تێکه خێڵ و خوێن حوکمی ده‌کا. تارمایی مه‌رگ، زیندانیکردن و ئه‌شکه‌نجه‌دان له هه‌موو ماڵێکدا و له دڵی هه‌موو مرۆڤێکدا ئاماده‌یه.
له ئێران‌دا، شێوه‌یه‌کی چه‌رخه‌کانی نێوه‌ندی کەلتووری تایه‌فه‌گه‌ری ئیسلام ژێندراوهتهوه و کراوه به یاسای ژیان و کۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت. هه‌موو خه‌ڵك به‌پێی یاسای ئه‌م کولتووره کراون به دوو به‌شه‌وه: یا ده‌بێ شههیدبێ یان (سه‌ربه) شه‌یتان بێ. خۆت له هه‌ر به‌ره‌یه‌کدا ببینییه‌وه، چار نییه ده‌بیته قوربانی کولتوورێکی سته‌مگه‌رانه و زۆردارییه‌کی بێ ئامان.
جا له چوارچێوه‌ی ئه‌م جۆره کو‌لتوور و نیزامانهدا، چۆن نه‌ته‌وه‌یه‌کی پارچه پارچه کراو و بێ دۆست و په‌نای وه‌ك کورد که خاوه‌نی کەلتوورێکی شێوه ژیانێکی زۆر جیاوازه، ده‌شێ به ته‌مای ئه‌وه بێ له دیموکراسی و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌شدار بێ و چاره‌سه‌رییه‌کی دادپه‌روه‌رانه بۆ کێشه‌یه‌کی بدۆزێته‌وه؟!
گه‌لی کورد هیچ ئیختیارێکی له به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ته‌وه ئه‌وه نه‌بێ که په‌نا به‌رێته به‌ر خه‌باتی چه‌کداری بۆ دیفاع کردن له بوون و که‌رامه‌تی خۆی، گه‌رچی ئه‌م ئیختیاره ناچارییه تووشی زۆر تراژیدیا و مه‌ترسی زیاتری کردووه. ئه‌وه‌ی تراژیدیایه‌که‌ی قوڵتر و مه‌سه‌له‌که‌ی خراپتر ئالۆزتر کردووه، ئه‌و پشتگیرییه فراوانه‌یه که زلهێزان و ده‌وڵه‌ته سنعهتیهکانی خۆراوا پێشکه‌ش ئه‌و ڕژێمه دیکتاتۆریانه‌ی ده‌که‌ن… له‌مه‌شدا هیچ ئیعتیبارێکی ئینسانی لێك ناده‌نه‌وه و ته‌نیا خه‌م و خولیایه‌کیان چه‌ك فرۆشتن و قازانج کردنه.
ئێمه ده‌شێ جه‌وهه‌ری ئه‌و ئاخافتنانه‌ی سه‌ره‌وه له‌یه‌ك تێزدا کۆبکه‌ینه‌وه:
کورد ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان نییه له‌به‌ر ئه‌مه مافی مرۆڤیان نییه.
ئه‌م موعاده‌له‌یه دڵڕه‌قانه‌یه، نا ئینسانیی و نائه‌خلاقییه…. به‌ڵام، به‌داخه‌وه دروسته. واقیع و ڕاستییه‌که و له زۆر ئاست و زۆر کاتدا له کار دایه.
موعاده‌له‌ی فه‌لسه‌فیی ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان ئه‌وه نییه که:
من بیر ده‌که‌مه‌وه، که‌وایه من هه‌م.
به‌ڵکو ئه‌وه‌یه:
من ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه، که‌وایه من هه‌م.
من پاره‌م هه‌یه، که‌وایه من هه‌م.
من ده‌توانم بکوژم و ببڕم، که‌وایه من هه‌م.
بۆیه ئێستا سەددام هه‌یه، ماوه، بەڵام قوربانییه‌کانی سه‌ددام نین و له ناوچوون.
بۆیه هیچ ده‌وڵه‌تێك ئاماده نییه به‌رژه‌وه‌ندییه خۆپه‌رستییه‌کانی خۆی واز لێ بهێنێ و پشتگیری کورد بکا.
بۆیه ته‌نانه‌ت وه‌ك ئاواره و په‌نابه‌ره‌ش کورد هیچ مافێکی مرۆڤانه‌یان نییه.
ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که بۆ یارمه‌تیدانی ئاواره‌کانی دنیا دروست بوون و کار ده‌که‌ن، له ئاست هاوار و داوای په‌نابه‌رانی کورد گوێی خۆیان هاخنیوه.
بۆچی؟
چونکه ئه‌و ڕێکخراوانه‌ش (وه‌ك خاچی سوور و کۆمیشنه‌ری به‌رزی په‌نابه‌ران UNHCR) له لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه کۆنترۆڵ کراون که هێز و پاره‌یان هه‌یه. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ته‌وه و گروپانه مامه‌ڵه ده‌که‌ن که خاوه‌ن ده‌وڵه‌تن. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێکخراوانه بشیانه‌وێ یارمه‌تی کورد بده‌ن، ئه‌وا ده‌بێ له ڕێگای دوژمنه‌کانییه‌وه، واته ئه‌و حکومه‌تانه‌ی کورد ده‌چه‌وسێننه‌وه وه‌ك ئێران و تورکای و عێراق و سوریا، ئه‌م کاره بکه‌ن.
ئایا گورگ ده‌یه‌وێ نێچیره‌کانی ڕزگار بکات؟!
به‌م جۆره نزیکه‌ی ملیۆن و نیوێك کورد له ئۆردوگاکانی زۆره‌ملێدا له ناو کوردستان و عێراق، زیاتر له 000/200 کوردی ئاواره له ئێران و 000/500 له تورکیا و هه‌زار له پاکستان… هتد به‌بێ هیوا، یارمه‌تی پاشهرۆژ، پشگوێ خراون.
وه‌زعه‌که تابڵێی تاریك و ناهومێدانهیه.
ئه‌سته‌مه له‌م سه‌رده‌مه‌دا تۆ کورد بی و بڕوات به مرۆڤایه‌تی بمێنێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ی کورد پێویسته ڕێگا نه‌ده‌ین ڕهشبینیئارهزووی ژیان و کڵپه‌ی حه‌زی ئازادیمان دامرکێنینه‌وه.
بای گۆڕان، ئه‌مڕۆ سه‌رانسه‌ری دنیادا هه‌ڵی کردووه… به هێواشی، هیمنی به‌ڵام به به‌رده‌وامی و بێ وه‌ستان.
گه‌رچی لایه‌ن و دوورییه‌کانی گۆڕانکارهکانی دنیا هێشتا ئاشکرا نین، گومانی نییه ئه‌نجامی ئیجابی ئه‌و گۆڕانکارییه زیاترن و جێگیرتر ده‌بن. گه‌لانی جیهانی سێش هه‌تا هه‌تایه له‌ژێر باری قه‌رز و سته‌مدا نابن، ئاخافتن، دیموکراتی کردن، وتووێژ و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه بۆ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌ی و ناوچه‌ییه‌کان پێویسته ببێته عورف و ڕێبازی قبووڵ کراو ئه‌گه‌ر مرۆڤایه‌تی بیه‌وێ وه‌ك گرۆیه‌کی شارستانی بمێنێته‌وه.
بای گۆڕان لە دنیادا هه‌ڵده‌کا و… بای مه‌رگیش له کوردستاندا دره‌نگ یان زوو ده‌بێ بوه‌ستێ. نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ری زۆر ئیمپریالیزم و داگیرکه‌ری گرتووه: تاوانه‌کانی عێراق نه شایانی له بیرچوونه‌وه‌ن، نه‌قه‌ت لێخۆش‌بوونیان ده‌کرێ. خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ند ناشێ ئاشتی و ئاسایش و دیموکراتی بوون به‌خۆیه‌وه ببینێ گه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد به‌شێوه‌یه‌کی ڕاست و دادپه‌روه‌رانه له‌سه‌ر بناغه‌ی بڕیاردانی مافی چاره‌نووس چاره‌سه‌ر نه‌کرێ.
تورکیا ناتوانێ له پرۆسه‌ی هێواشی دیموکراتیی کردندا به‌رده‌وام بێ و هیوای ئه‌وه‌ی هه‌بێ ببێته ئه‌ندامی کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپی ئه‌گه‌ر تۆماری به‌دی خۆی له مافی مرۆڤدا باش نه‌کا و ڕێگا بۆ به‌شداری نه‌ته‌وه‌ی کورد له پرۆسه‌ی دیموکراتیدا، به دان نان به مافی جیاوازی نه‌ته‌وایه‌تی کورد، خۆش نه‌کات.
دیکتاتۆره‌که‌ی عێراقیش ناتوانێ هه‌تا هه‌تایه له‌سه‌ر ته‌ختی خوێن و که‌لله‌سه‌ر دابنیشێ. ده‌بێ زۆری تر نه‌خایه‌نێ و بڕوا. ئێرانیش ناتوانێ له‌و شێتخانه‌یه‌دا به‌رده‌وام بێ. چار نییه ده‌بێ کۆمه‌ڵگا بێ سه‌روبه‌ره‌که‌ی عه‌قڵانی بکا و ئاسایش و دیمۆکراسی ڕه‌چاو بکات .
بۆ ئه‌وه‌ی کورد بتوانێ له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێکی ئاوا که دێته پێش که‌ڵك وه‌ربگرێ پێویسته خۆشی زۆر وریا و زیت و چاوهکراوهبێ، پێویسته باش خۆی ڕێکستبێ و هه‌میشه ئاماده‌بێ. ده‌بێ هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ به‌ره‌وپێش بردنی مه‌سه‌له‌که‌ی له‌ده‌ست نه‌دات .
سه‌رنج : ئه‌م باسه یه‌که‌م جار به زمانی ئینگلیزی له مه‌ڵبه‌ندی رۆشنبیری کورد له له‌نده‌ن له 14/مارتی/1989 دا پێشکه‌ش کراوه و دوای له گۆڤاری (Kurdish Culture Bulletin) دا هه‌ر به ئینگلیزی له ئۆکتۆبه‌ری 1989 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه .
کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت