جیهاد موحەمەد : پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان چییمان پێدەڵێت؟ .
بە خوێندنەوەی من ، ئەم پەیامە ، پەیامێکی زۆر مرۆڤدۆستانەبوو ، لەو ڕووەوە کە هەموو شەڕ و پێکدادانێک و خوێنڕشتنێک ڕەتدەکاتەوە . پێدادەگرێت لەسەر پێکەوە ژیان ، یەکلاییکردنەوەی ململانێکان بە وتووێژ و خەبات و هەوڵدانی شارستانیانە ، پێکەوە گونجاندن و تەبایی لەسەر ئەو بنەمایەیی کە هیچ گەل و نەتەوە و گروپێک بۆی نەبێت ، ئەویتر بسڕێتەوە و بێدەنگی بکات . بێ دەنگکردنی چەکەکان و لە جێگەیدا ڕێزگرتن لە ماف و کولتوور و داننان بەیەکتریدا .
ئەم پەیامە ، وریاکردنەوەیە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی میزۆپۆتامیا کە بەدرێژایی مێژوو شەڕ و پێکدادان و پەلاماردان و هێڕشکردنە سەر یەکتری بۆ لەناوبردنی بەرامبەر بەگیانی خۆویستییەکی گڵاو و ناشیرین بۆ خۆ سەپاندن و قۆرخکردنی هەموو سەروەت و سامانی سروشتی خۆشگوزەرانیی و خۆش بژی لەسەر حسابی چەوساندنەوەو سرینەوەی ئەویتر . ئەم کولتوری خۆسەپاندنەش سیستەمی سەرمایەداری کەلەسەر بنەمای بەکاربردن و چەوساندنەوەو گیانێکی نامرۆیی خۆی ڕاگرتووە ، برەوی پێداوەو بەکاریهێناوە بەبێ گوێدانە هیچ جۆرە مۆڕاڵێکی مرۆییانە .
ئەم پەیامە ، لە فەلسەفەیەکی مرۆییەوە سەرچاوەی گرتوە ، ئەو فەلسەفەیە لە دێر زەمانەوە لە ململانێدایە لەگەڵ فەلسەفەی ستەمکاریی و سەرمایداریدا ، ئەوە تەنیا عەبدوڵا ئۆجەلان نییە ، کە قسەی لەسەر ئەم فەلسەفەیە کردبێت بە پەیامێکی سیاسیانە . بەڵام بۆ ئەم پەیامە دەنگی دایەوەو زۆر بەگرنگ وەرگیرا ؟ ئەمە مەسەلەیەکی ترەو لێردا نامەوێت بچمە سەری ، چوونکە ئەوە ئاو زۆر دەکێشێت و بابەتی ئەم خوێندنەوە سەرپێییە نییە .
پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان ، هەرچەندە ئەرێنییە وەک ئاماژەم پێدا ، بەڵام بێ کەموکوڕیی نییە .
ـ یەکێک لە کەموکوڕییەکانی ئەوەیە کە کەسێکی وا سیاسی دیار ، کە خاوەنی خەباتێکی دوورودرێژی نەتەوییەو ، دامەزرێنەری هێزێکی سیاسی گەورەی وەک پارتی کرێکارانی کوردستانە ، بە شێوازێکی زۆر نەرم قسە لەسەر دوژمنانی گەلی کورد دەکات ، وەک ئەوەی کە توندووتیژییەکان و شەڕ و پێکدادان و خوێن ڕشتنەکان ، گەلی کوردی ستەمدیدەو چەوساوە هاوبەشبووبێت لە سازدان و دروستکردنییدا و ، لە بەرژەوەندیی بووبێت کە بەرەوی پێبدات ، وەک ئەوەی کە ڕەگەزپەرستەکانی تورکی و فارسی و نەتەوە عەرەبە شۆڤێنیەکان ئەمەیان نەسەپاندبێت بەسەر گەلی کوردا بەداگیرکردن و جینۆسایدی ئەم گەلە .
ـ دەبوایە ئاماژەی بەوە بدایە کە گەلی کورد لە ژێر فشار و جینۆسایدو پەلامار و هێڕش و داگیرکردندا ناچارکراوە پەنابەرێت بۆ چەک و خەباتی چەکداریی . لەم حاڵەتەشدا خەباتی چەکداری قێزەون و ناشیرین نەبووە ، بەڵکو ئەم گەلە مافی خۆی بووە هیچ نەبێت بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆی ئەو خەباتە بکات . بەڵام ئەمڕۆ ( من لێرەوە ڕایدگەیەنم کە ئەم گەلە ئامادیە بۆ ئاشتیی و پێکەوە ژیان ، داوکارم کە ئەم گەلە هەموو هەوڵێک بدات و جارێکی تر لەسەر داوای من بیسەلمێنێتەوە کە ئامادەیە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان ، هەر وەک چۆن لەسەر داوای من پەکەکە ٨ هەشت زیندانی ڕادەستی تورکیا کردەوە ، هەر وەک چۆن ئەم هێزە چەندین جار یەک لایەنانە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە ) . بە داخەوە بەهیچ جۆرێک ئەم پەیامە ئاماژەی تیا نەبوو بۆ ئەو دەستپێشخەرییانە .
ـ لە لایەکی تر لەم پەیامەدا ، بە هیچ جۆرێک ناوی پەکەکە نەهاتوە ، وەک ئەوەی نووسەری ئەم پەیامە ، دامەزرێنەری ئەو هێزە سیاسییە نەبێت !. وەک ئەوەی زیندانیکردنی لەسەر دامەزراندن و خەباتی ئەو هێزە سیاسییە نەبووبێت !.
ـ لە جیاتی ناوهێنانی پەکەکە لە چەند شوێنێکدا باسی خۆی و ناوی خۆی دەبات ، ئەمەش نیشانەیەیکی خراپە بۆ ئەوەی ، کە عەبدوڵا ئۆجەلان خۆی لە هێزی پەکەکە و گەلی کوردی باکور بە گەورەتر دەزانێت . یان هەر هیچ نەبێت نیشانەیەکە بۆ ئەوەی کە خۆی جیادەکاتەوە لە پەکەکە و چی تر بڕوای بەم هێزە نەمابنێت !.
ـ خاڵیکی تری نەرێنی ، ئەوەیە کە داوادەکات هێزەکان بچنە دەرەوەی سنور ! کام هێز؟ ناوی ناهێنێت !، تەنانەت لێرەشدا ناوی پەکەکە ناهێنێت ! وەک ئەوەی پێی وترابێت کە ناوهێنانی پەکەکە قەدەغەیە . ئەمە جگەلەوەی کە چوونە دەرەوەی پەکەکە لە ناو کوردستانی باکوردا ، بەو مانایەدێت کە ئەم هێزە هەموو لانەو جێگە شارەوەکانی خۆیان کە یارمەتیدەرییان بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە نامرۆیی و کوشتن و بڕینەکانی سوپای تورکی داگیرکەر هەڵبوەشێننەوەو لە خۆیانی تێکبدەن . بۆیە دەبوایە ئەم خاڵەی ناو پەیامەکە تەنیا داواکردنێکی بێ بەرامبەر نەبوایە لە پەکەکە ، بەڵکو دەبوایە داواشی لە تورکیا بکردایە کە لەبەرامبەردا دەستپێشخەرییەک بکەن ، بۆ نموونە ١٠ هەزار خەباتگێری کورد لە زینداندا دەناڵێن ، دەبوایە ئاماژەی پێبدایە و داوای بەربوونییانی بکردایە . دەبوایە ئەوەی لەبەرچاو بوایە کە بە هەزارن لەم زیندانیانە مانیانگرت و گەیشتنە لێواری مردن ، لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان دەستبەرداری مانگرتنەکانیان بوون .
ـ ئەم پەیامە هیچ داوایەکی ئەوتۆی تێدانییە لە بەرامبەر چەکدانانی پەکەکەدا ، یان لە بەرامبەر چوونە دەرەوەی پەکەکەدا لە سنورەکانی کوردستانی باکوردا . (هەرچەندە بە ڕاشکاوی قسەی لەسەر چەک دانان نەکردوە ، بەڵام بێ دەنگی تفەنگەکان ئەوە دەگەیەنێت ) .
ـ بە داخەوە ، ئەوەی کە بە نەرێنی دەزانم لە پێشوازیکردنی ئەم پەیامەدا لە لایەن خەڵکی گشتییەوە ، ئەوەیە کە بە بێ خوێندنەوەو بە سۆزداریی خەڵک کەوتونەتە چەپڵە لێدان و ستایشی ئەم پەیامە بە جۆرێک وەک ئەوەی کە هەموو شتێک تەواو بووبێت و کورد لە باکوردا گەیشتبێت بە تەواوی مافەکانی خۆی و هیچ لە ئاردا نەمابێت . تەنانەت خەڵک ئەوەندە بە ڕووکەشی گوێیان لەم پەیامە گرتوە کە قسەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانیان بیرچۆتەوە کە دەڵێت : ئەمە سەرەتا و دەستپێکە .
بە بڕوای من ئەم خەسڵەتی چەپڵەلێدان و شایلۆغانەی دوای پەیامەکە لە لای خەڵکەوە یەکێکە لەو خەسڵەتانەی کە گەلی کورد زۆر زیانی لێکردوە .
ـ ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان ، کە پێشوازی لەم پەیامەکرد ، لەگەڵ پێشوازییەکەیدا سیاسیانە دەڵێت گرنگ جێبەجێکردنییەتی ، واتا بەم قسەیە تۆپەکە هەڵدەداتەوە ناو گۆڕەپانی پەکەکە کە دەبێت دەستبەجێ لە سنورەکانی کوردستانی باکور ( کە ئەو بە تورکیایی داگیرکەری دادەنێت ) بچنەدەروە .
ـ عەبدوڵا گویل کورد قەرزاربار دەکات بەوەی کە ئاڵای تورکیایان لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا بەرزنەکردوەتەوە ، ئەمەش بە ئاستەنگ دادنەێت بۆ ئاشتی ، هەر زوو بیانوو دەهێنێتەوە بۆ نەبوونی دەستپێشخەری تورکیا .
ـ پێشوازیکردنی ئەمریکا و دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆرستی جێگەی ئابرو بردنییەتی ، نەک ستایشکردن لێی ، پەکەکەو قەندیل هیشتا لە جێگەی خۆیەتی ، چۆن وا زوو ئەمریکا و کۆشکی سپی ئەمەی کرد ؟، حەق وایە هەم پەکەکە و هەم خەڵکیش بەرپەرچی ئەمریکا بەوە بدەنەوە ، کە پەکەکە تیرۆریست نەبووە ، ئێوە لە پێناوی بەرژەوەندی خۆتاندا ئەم تۆمەتەتان داوەتە پاڵ پەکەکە ، بۆیە پێویستە داوای لێبوردن لە گەلی کورد و پەکەکە بکەن .
نەرویج / ٢٢/٣/٢٠١٣
1,451 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست