ئیسماعیل ئیسماعیل زاده : وه‌ک نموونه‌ / گۆرانیی رێگای ماڵ .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

به‌ تێپه‌ڕبوونی قۆناغه‌کان شێوازی جۆراوجۆر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن . مرۆڤ به‌ گۆڕانی بارودۆخی ژیان ، هه‌ستیشی ده‌گۆڕدرێت و به‌ تێپه‌ڕبوونی زه‌مان تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیشی ده‌بنه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شێواز و قوتابخانه‌ و تێڕوانینی نوێ له‌ بواری هونه‌ردا، ئه‌ویش ره‌نگبێ سه‌ره‌کیترین هۆکار ئه‌وه‌ بێ که‌ به‌ردوام هه‌واڵده‌دا نوێیه‌کان بدۆزێته‌وه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌زانێ که‌ دۆزینه‌وه‌کانی سه‌به‌ینی ده‌بنه‌ باوه‌کانی ئه‌مڕۆ و ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆش کۆنه‌کانی دوێنێ ..

داڕشتنه‌وه‌و نوێکردنه‌وه‌ی هونه‌ر و یه‌ک له‌وان گۆرانی و مۆسیقا و ئاواز، شوێنێکی تایبه‌تی له‌ نێو کولتووری هه‌موو گه‌لاندا هه‌یه‌ و ئه‌م هه‌نگاونانه‌ ده‌لاقه‌یه‌کی نوێ بۆ هونه‌رمه‌ند و به‌رده‌نگ ده‌کاته‌وه ‌. ده‌ربازبوون له‌و پێکهاتانه‌ی که‌ چه‌ندین ساڵه‌ دووپاته‌بوونه‌ته‌وه‌ و ده‌بنه‌وه‌و هه‌روه‌ها چوونه‌ ناوی هونه‌رمه‌ند بۆ بواره‌ نوێیه‌کانی ئاواز و مۆسیقا به‌ هه‌مان راده‌ که‌ جێی بایه‌خ و رێزن به‌هه‌مان راده‌ش گرفتی جۆراوجۆری دێته‌ سه‌ررێ .

ئه‌وه‌ی که‌ به‌ گشتی و تا به‌ ئێستا له‌ نێو کوردا هه‌بووه ‌، هونه‌رمه‌ند به‌شی هه‌ره‌ زۆری به‌رهه‌م و چالاکییه‌کانی خۆی له‌ چوارچێوه‌یه‌کی نه‌گۆڕ و دووپاته‌دا دیتۆته‌وه‌ بۆیه‌ لێره‌ و له‌وێ هه‌وڵ ده‌درێ که‌ چوارچێوه‌ و پێوه‌ره‌ کۆن و دیارییکراوه‌کان که‌م تا زۆر بگۆڕدرێت یان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه ‌. به‌رده‌نگیش له‌م نێوه‌دا به‌شداری نێو چوارچێوه‌ نه‌گۆڕه‌کانه‌ و خۆی به‌ قه‌تیسماو ده‌بینێت و ئه‌مه‌ش هۆکارێکی سه‌ره‌کییه‌ بۆ گۆڕینی ئاراسته‌کانی هونه‌رمه‌ند و هونه‌ر .

https://www.youtube.com/watch?v=l9bEW4IlsSc

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ هه‌تا ئێستا ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ هه‌ر دیارده‌یه‌کی نوێ له‌ هه‌موو بواره‌کاندا گرفتی نوێشی تووش ده‌بێ. تازه‌کردنه‌وه‌ی مۆسیقا و گۆرانی و شیعر و به‌گشتی هونه‌ر له‌هه‌مان کاتدا که‌ پێویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ ، به‌ڵام جۆری تازه‌کردنه‌وه‌و هه‌روه‌ها جۆری کاریگه‌ریی وه‌رگرتن هه‌ڵگری هێندێک تایبه‌تمه‌ندییه‌ که‌ ته‌نیا هونه‌رمه‌ندی جیدی و زاڵ به‌ سه‌ر هونه‌ردا ده‌توانێ تێیدا سه‌رکه‌وتوو بێ . یه‌کێک له‌ کۆسپه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌ر رێگای گه‌شه‌سه‌ندنی به‌گشتی هونه‌ری کوردی و به‌تایبه‌تی هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقا ، به‌ر له‌هه‌مووشتێک رووتێکردنی له‌راده‌به‌ده‌ره‌ له‌ مۆسیقای پۆپ (Pop) و رۆک (Rock) و شیوازه‌ نوێیه‌کانی دیکه‌یه‌ که‌ به‌بێ وه‌به‌رچاوگرتنی چنینی گونجاوی مۆسیقا و شیعر و ده‌نگ و ناسنامه‌که‌ی ، داهێنان یان به‌رهـه‌مێکی زیندوو و هه‌رمان له‌و بواره‌دا له‌دایک نابێ . له‌م چه‌شنه‌ هونه‌ره‌دا ئه‌ونده‌ی له‌ سه‌ر چه‌ندایه‌تی و سه‌رنجڕاکێشیی کار ده‌کرێت ئه‌ونده‌ سه‌رنج به‌ ئاستی هونه‌ری و چۆنییه‌تیه‌که‌ی نادرێ . زۆرجاران گوێمان له‌و گۆرانی و مۆسیقایانه‌ بووه‌ که‌ به‌ ڕواڵه‌ت به‌ زمانی کوردی ئاراسته‌ ده‌کرێن به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی گه‌وهه‌ر و ناسنامه‌ و پێوه‌ره‌کانی ناسنامه‌ی تێدا بزربووه‌ هه‌ست ناکرێت که‌ خاوه‌نی رۆحی کوردین و ته‌واو ده‌چنه‌ نێو خانه‌ی لاسایی کردنه‌وه‌ی سه‌قه‌تی کولتووره‌ بانده‌سته‌کان . له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ سه‌رنجی له‌ راده‌به‌ده‌ر به‌ مێلۆدی و گرینگی نه‌دان به‌ شیعر ئاستی به‌رهه‌می هونه‌ریی دابه‌زاندووه‌ .

ئه‌گه‌ر به‌ سه‌رنجدان به‌هاتنی شه‌پۆله‌کانی وڵاتانی گه‌شه‌کردوو چ له‌ لایه‌ن به‌رده‌نگ و چ له‌ لایه‌ن داهێنه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌وه‌ هه‌وڵ ده‌درێ تازه‌گه‌ریی بکرێ ، یه‌کیان له‌ به‌ره‌ی داهێنه‌ر و له‌ ئاساییترین حاڵه‌تیدا به‌رهه‌مهێنه‌ر و ئه‌ویتریشیان له‌ به‌ره‌ی چاوه‌ڕوان و گوێگر. له‌م پرسه‌دا و به‌ سه‌رنجدان به‌ پێویستییه‌کانی به‌رده‌نگ، هونه‌رمه‌ندی وشیارو خاوه‌نی جه‌وهه‌ری هونه‌ریی هه‌وڵ ده‌دا له‌چاو پێشووی خۆی هه‌نگاوی زیاتر بنێ و ره‌نگه‌ بیهه‌وێ به‌رده‌نگه‌که‌ی بانگهێشت بکا بۆ ناڕه‌زایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی یان باسی دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بکا یان کارێکی سیمبولیک ئه‌نجام بدا ، یان که‌شوهه‌وایه‌کی ئه‌وینداریی که‌ له‌ چاو ئه‌و به‌شانه‌ی ئاماژه‌ی پێکرا گشتگیرتره‌ به‌ فۆڕمێکی نوێ و شێوازێکی نوێ نیشان بدا ئه‌ویش به‌ سه‌رنجدان به‌ گه‌وهه‌ری ئه‌و کولتووره‌ی سه‌رله‌به‌ری خه‌سله‌ته‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کی پێک ده‌هێنێت …

له‌و نموونه‌ ده‌گمه‌نانه‌ی که‌ له‌ لای من سه‌رکه‌وتووه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ” هێرۆ & فریا به‌ ناوی رێگای ماڵ”ه‌ که‌ ده‌توانێ هه‌وڵدانێکی دلخۆشکه‌ر بێ .

1,826 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت