جیهاد موحمەد : کولتووری دیموکراتی لە کوردستاندا ئەوەیە کە وتەبێژی پارتی تەعبیری لێدەکات! .
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرێز جەعفەر ئیمینکی لە درێژەی ئەو شەڕە قسەو باس و خواسەی کە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی ( هاوپەیمانە ستراتیژییەکەیاندا ) پێشوەخت بۆ بانگهێشتی هەڵبژاردنەکان ، گرتوویانەتە بەر، بە تایبەتی لە دوای ئەوەی کە لای یەکێتی نیشتیامانیەوە وتی وتی ئەوە هەیە کە بە لیستێکی سەربەخۆ دادەبەزن ، ئەم شەڕە قسەیە کەوتوەتە نێوانیانەوە .
لە دوا قسەیدا و لە دیمانەیەکی گۆڤاری سڤیل دا دەڵێت :“ ئێمە هەرگیز بەغرورەوە نایڵێین ، بەڵام كەس ناتوانێت بە پەراوێزكردنی پارتی لەهەرێمی كوردستاندا حوكمڕانی بكات ، كەس ناتوانێت ئەمە بكات !”.
جارێ پێش هەموو شت ، کەس لە کوردستاندا حوکم ناکات ، ئەوە حیزبە وەک دامەزراوەیەکی سیاسی حوکم دەکات ، بەڵام چوونکە هەموو شتەکان لە کوردستاندا بوون بە کەسیی ، بۆیە کاک جەعفەر ئەمەشی لێتكچووە و لە جیاتی بڵێت هیچ حیزبێک ، دەڵێت هیچ کەسێک .
ئەمە ئەو کولتوورە نا سیاسییە نا دیموکراتییەیە کە دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتی ئیدیعای بۆ دەکەن کە کولتوورێکی سیاسییانەی دیموکراتییانەیە !، ئەم زمانی لێدوان و قسەکردنانە نەک هەر زۆر دوورە لە زمانی تۆلێرانس و زمانی سیاسیانەیی مەدەنیانە و دیموکراتیانەوە ، زمانێکی ڕەق و تەقی وایە کە پرسی دیموکراتیی و تۆلێرانس لە کوردستاندا بەجۆرێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە بە تایبەتی لای پارتی ، کە هەرکەسێک لە خەمی ئەو کۆمەڵگایەدا بێت ، نیگەران دەبێت پێی ، دەبێت هاوار بکەین ئێمە چییمانکرد و چییمان چنییەوە ؟!. ئەگەر ئەم وتەبێژەی پارتی بڕوای بە ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدان و هەڵبژاردنەکان هەبوایە ، دەبوو بڕواشی بەوە هەبوایە کە دەنگدەران و ئەنجامی سندوقەکانی دەنگدانێکی پاک و دوور لە ساختە ، دەتوانێت گەورەترین هێزی سیاسی پەراوزێزبخات .
نموونە زۆرە لە دنیادا کە حیزبە گەوەرەکانی دەسەڵاتدار زۆر جار توشی شکست بوون و ڕێژەی دەنگدەرانییان نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە بتوانن جارێکیتر حوکم بگرنە دەست ، بەڵام چوونکە دیموکراتی بوون ، چوونکە کولتووری سیاسیی و دیموکراتیی و قبوڵکردنی جیاوازییەکان و قبوڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن بووە بە خەسڵەتێکی سیاسییانەی مۆدێرن ، هیچ جۆرە کێشەیەک دروست نەبووە لایان و، پیرۆزباییانکردوە لە ڕکەبەرە سەرکەوتوەکانیان .
کەچی وتەبێژی پارتی ، پێشوەخت بیریی لەوە کردوەتەوە کە لەوانەیە سەرکەوتن بە دەستنەهێنن ، بۆیە لە ئیستاوە بە زمانێکی دوور لە کولتوورێکی سیاسی و دیموکراتیی هەرەشەدەکات . ڕەنگە لێرەدا کاک جەعفەر بڵێت ئێمە مەبەستمان لە سندوقەکانی دەنگدان نەبووە ، ئەی ئەگەر مەبەستت لە وەڵامی قسەی کەسێک ، یان حیزبێک بێت ، بۆ لەوەڵامدا ناڵێیت : ئەوە ئەنجامی سندوقەکانی هەڵبژاردنەکانە کە ئەو بڕیارە دەدەن ، نەک هیچ کەس و هیچ حیزبێک . بەڵام دیارە ئێوە بڕواتان بە کار و پرۆسەیەکیش نییە کە خۆتان سازیدەکەن و خۆتان دەچنە ناوییەوە و کێبركێ دەکەن تییایدا .
ئەم زمانی هەڕشە و گوڕەشەیە ترسناکە بۆ سەر ئەو نیمچە دیموکراتیی و ئازادییەی کە هەیە لە کوردستاندا ، ئەم زمانی قسەکردنە، هیوای هەموو ئەوانە کاڵدەکاتەوە ، کە پێییانوایە ئەم قۆناغە بە ئاسانیی و بە کێبڕکێی سیایی و هەڵبژاردنەکان تێدەپەڕێنرێت بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتر و فەراهەمکردنی ژیانێکی بەختەوەرتر بۆ کۆمەڵگای کوردی . ئەم جۆرە لە قسەکردن و لێدوانانە ، لێدوانەکانی سکرتێری پارتیمان بیردەخاتەوە کە لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ دا لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کە وتی : ئێمە خاوەنی ٣٠ هەزار فیدایین و ئەوەی تەعەدامان لێبکات دەستی دەبڕین . لە کاتێکدا کە ئەم حیزبە خۆی لەسەر حوکمە ، وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش بە دەستخۆیوەتی ، خاوەنی زۆرترین کورسین لە پەرلەماندا . هەموو خەوشێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادیی پێش هەرچ لایەنێکی سیاسی یەخەی ئەمان و یەکێتی دەگرێتەوە . ئایا زمانی حیزبێک کە خۆی بە حیزبێکی سیاسیی دیموکراتی دەزانێت و ئیدعای ئەوە دەکات کە لە کوردستاندا دیموکراتیی و ئازادیی بە تەواوەتی فەراهەمکراوە ! بۆ دەبێت وەڵامی بۆ قسەی ئەم حیزب و ئەو حیزب یان بۆ حیزبە هاوپەیمانەکەی خۆی بە شیوازێکی هەرشەئامێزی ئاشکرابێت ؟ ئەم وتەبێژە بیەوێت یان نا ئەو زمانی ڵیدوان و قسەکردنە ، دەچێتە خانەی قسەکردن و وەڵامی هۆز و خێڵەکانەوە لە ناکۆکییکانیاندا . دوای ئەم جۆرە لە قسەکردن ، دەبێت چ قسەیەکیان هەبێت بۆ حیزبێک یان بۆ کەسانێک کە ناڕازیین و ئۆپۆزسیۆنن ؟ یان بەڕاست ئەم حیزبە ، هەر ئەوە مینتالێت و بیرکردنەوەیەتی کە هیچ کات نیازی ئەوەی نییە بدۆڕێت و وەک ئەندامێکی سەرکردایەتییکەیان وتبووی : (٦٥% دەنگ دەهێنن لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ دا ) . خۆ ئەگەر نەیانهێنا و نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنن ئەوە وادیارە قبوڵی ناکەن !، کەواتە ئەم حیزبە لە ئیستاوە ئەوە رادەگەیەنێت کە ئەنجامێک بە دڵی ئەمان نەبێت و سەرکەوتنی ئەمانی تیانەبێت تێکیدەدەن .
سەرچاوە / هاوڵاتی .
٣١/٣/٢٠١٣
1,255 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست