Abubakir-Caf-3

ئەبوبەکر جاف : لەو دیو بێمنەتی هێزە سیاسیەكانمانەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قسەو باس لە سەر هەڵبژاردنی داهاتوو , لەودیو ئەرزشەكانی بردنەوەو دۆڕاندنەوە , پێویست بە هەند وەرگرتنی دەیان حساباتی تر ئەكات . ئەم حساباتانە زۆربەیان پرسی پرانسیپیی : مان و نەمان, دەسەڵات و نا دەسەڵاتی , ئیرادەو نا ئیرادەی نەتەوەیەك ئەكات . پرسەكان پرانسیپی و بنچینەیی و كۆڵەكەیین , بە دەر, یا لەو دیو بە هەند وەرگرتنی ( دیموكراسی و یاساو ڕێساكانییەوە ) ئەبێت بینرێت .

ئەم پرانسیپانە كەمترین بواریان تێدایە (بۆ ئیجتیهاد تێدا كردن و بیرورای جیاوازو ڕاو ڕاگۆڕینەوە) . بونێك , كە تا ئەم لەحزەش بونێكی ( كەینونەیی و سیاسی و مەدەنی نییە ) ناكرێت ئەم پرسانە لەو دیو ئیجماعەوە بخرێتە ناو ( ئیجتیهادكردنەوە ) . ڕەنگە لە زۆر جێگەشدا , یا بە شێوازێك حەزەرو ترسێكی (جەماوەری ) هەبێت . هەرگیز مەرج نەبووە ڕێژەیەكی زۆری دانیشتوان و كۆمەڵكە چیان ویست . ئەوە حەقیقەتەكە بێت . بە تایبەت لە دونیایەكی مۆدێرنی وەهادا , كە ( جەماوەرو كۆمەڵگەو كۆمیۆنێتی جەماوەری ) كرا بێت بە تاكە سەرچاوەی حەق و نا حەق . باش و خراپ . ئەوە هەلومەرج و كۆنتێكستە ( سیاسی – سۆسیۆلۆژییەكەیە ) كە نوخبە و هێزە سیاسیەكان وا لێدەكات چەندێك بە ئاراستەی ویست و ئیرادەی جەماوەردا بڕۆن . وێك هاتنەوەی تەواو لە گەڵ خواست و ویستی جەماوەرێكدا , زیاتر لە ئۆپۆرتۆنیست و ئینتیهازیەت و هێزو گروپی بەرژەوەندی تەسكەوە ئەبینرێت . ئەمە ئەگەر جەماوەر بەو ئاراستەیەدا ویستی ئاراستەكردنی هێزە سیاسیەكانی هەبێت . خۆ ئێمە ناڵێین ( كۆمیۆنێتی كوردستان ) وشیاریان كەمە . بەڵام حەقیقەت (سۆیسۆ – سیاسیەكە ) چیمان پێدەڵێت :

پێمان دەڵێت دەیان پرسی بونیادی و ستراكتۆری هەن, هێزێی نیەت خراپ ە خەیاڵ خراپ هەن , دۆزەخ بۆ كورد ئەگەر نییەوە لە تەنیشتمانەوە هەڵگیرسێنراوە , هەستیاری قۆناغەكە , فشۆڵی قۆناغەكە, دۆشدامانی رۆحی و نیگەرانی و دودڵی زۆر لە ئەندامانی كۆمیۆنیەتی كوردی .. بەرانبەر ئایندەو چارەنوسێكی نا دیار , هەڕەشەی ترسناك و هێزی بەربەری و جەهل بەرانبەر ( پرسە وجودییە گەورەكانی ئینسانی كوردی لە ئازادی و عەدالەت و دونیایەكی كراوە و فەزای گشتی و پێكهاتەیەكی مەدەنی و بونیاد ئینسانگەر , بێشوناسی سیاسیانەو ژیاریانەی ئەم كۆمەڵگەیە … بە تەنها هێزێك و تەنها گروپێك ناكرێت , هەموان بۆ یەكتر زەرورەتن , پێداویستی تەنگاو تەنگن ..

لێرە لە كوردستان , حزب وەك دەزگایەكی ئاراستەكردن و بەڕیوە بردنی ( سیاسیانە و ئیداریانەی ) ئەم كۆمیۆنێتیە , ڕۆلِی ئینكار ناكرێت . بەڵام رۆڵێكی تریش كە تەنها بە ڕای ئێمە بە یەكێتی و پارتی ئەكرێت , ڕۆڵی خولقاندنی ( فەزای گشتیی و پێكهێنەرەكانێتی . قەدەر نەبووە تەواوی ئەو هێزانەی دەسەڵاتیان بە دەستەوە بووە , كار لە سەر مانەوەی گوتاری باو بكەن , كاریان گەوجاندنی كۆمەڵگە بێت , تا لە جەهلدا زۆرترین دەنگ مسۆگەر بكەن . وەك ئەوەی كراویشە . یەكێتی و پارتی ئەركی ( نا سیاسیشیان ) لە سەرە , یا ئەركی مۆڕاڵی , ژیاری . ئەركە سەرەكییەكە , پرانسیپێكی گەردونیانەی ئینسان , فەزیلەتێكی گەورەی ناو سیاسەت كاتێك كە فەلسەفەو مۆراڵە ( پرانسیپی ئازادی و بەختەوەری ) . ئارامی و دڵنیاكردنەوە .. لێرە مادام حزب , بە تایبەت یەكێتی و پارتی , هێزیان هەیە , دەزگای تایبەتیان هەیە , هیچیان نەبێت چەكداریان هەیە .. دەبێت ئیجماعێك , ناچارییەك بگرنە ئەستۆ , قسەمان لە حەتمیەتەكانە .

دەبێت جیاكارییەك هەبێت . لەچی , ناچار بون بۆ دەستگرتن (بە سەركردەیەكی پێویست ) بۆ قۆناغەكە . بە تایبەت لە غیابی مام جەلالدا , لە پێویستی سیاسیانەو كاریزمایانەی نەتەوە بۆ (سەركردەیەك ) كە جیا بكرێتەوەو دور بخرێتەوە لە گەمەی حزبایەتی , ببێتە دەرئەنجام و نەتیجەی ( ئیرادەی گشتی و سیاسیانە ) بۆ كۆمیۆنێتیەكە . ئەمەوێت بڵێم .. (سەرۆَك بارزانی ) و پێداویستیمان پێی لەو دیو ئیعتیباراتی حزبی و ئیدۆلۆژییەوە بێت . دەكرێت یەكێتی چەندین پرسیارو تەحەفوزات و گلەیی و گازندەی لە پارتی هەبێت .. ( بەڵام ) كەسێتی بارزانی جیا بكرێتەوە . ئیجماعێكی سیاسیانەو مۆراڵیانە لە سەر ئەم بەڕێزە هەبێت . وا بزانین تا ئەم چركە ساتە ( مێژووییە ) لە بەڕیزیان زیاتر شك نابرێت و بەم دەم و دەسەش دروست ناكرێت . ئەم ئیرادەی ( ئیحتیفازكردنە ) بە سەرۆكی هەرێمەوە , نەك تەنها بۆ یەكێتی و پارتی , بۆ هێزەكانی تریش هەروایە و زۆر زیاتر لە كەساییتییەكی تر , چانسی ئەوەی هەیە ( مانیڤستكردنی ئیرادەی گشتی سیاسیانەو مۆراڵیانە) بێت . یەكێتی دەتوانێت و حەقی خۆیەتی لە شێوازی شەراكەتی سیاسیانەو ئیداریانەی خۆی بە گلەیی بێت , پارتیش بە هەمان شێوە . شێوازی ڕێككەوتن و پێك هاتن مایەی قسەو باس و لە سەر وەستانە , بە تایبەت دراوە نوێیە سیاسی – جەماوەرییەكان) داوای پێداچونەوە ئەكەن , بە ( ڕێكەوتنە ستراتیژی و نا ستراتیژییەكاندا ) .

یەكێتی دەنگی زیادی كردوە , ئەو دەنگانەی چون بۆ گۆڕان زۆربەی دەنگی یەكێتی بون . بەڵام برادەرانی یەكێتی دەبێت لەوە دڵنیا بن , ختوكەدانیان, بە تایبەت لە لایەن (گۆڕانەوە ) گۆڕینی فۆرمی شەڕكردنەكەیە , ئیدامەدانی شەڕكردنەكەی خۆیانە و دەیانەوێت بە یەكێتی بیكەن , ئەمە لە كاتێكیشدا , قسەی دوركەوتنەوەی هێزە ئیسلامیەكان هەیە لەم ( بەرەی ئۆپۆزسیۆنە ) .

نەك تەنها پاشەكشە هەبوو لە خەیاڵ و پرۆژەی ئۆپۆزسیۆن , شكست هەبوو , كۆمەڵێك ئامانجی ناڕەواش دەركەوتن . ئەمە سەرباری كڵۆڵی و دەستەپاچەیی پرۆژەی ئۆپۆزسیۆنێكی ( ئۆپۆرتینیست و پۆپۆلیست ) كە تەنها خەمی ( دەنگێك ) بوو بە هەر نرخێك . تەنانەت بە هاوپەیمانێتی بەستن چەن هێزێكی ( ئیدۆلۆژیا و جەمسەر جیاوازی وەك گۆڕانێكی چەپ مەزهەب و هێزی فۆندەمێنتالیزمی ئاینی ) .

یەكێتی زۆر دەنگی بۆ گەڕایەوە , بەڵام لە غیابی مام جەلالدا فرە كوێخایی و فرە ئاراستەی ناو سەركردایەتیان , بە هەڵەیاندا نەبات .

ئۆپۆزسیۆن تەنیا وەك ( فەرمانڕەواییكردن ) لە دەسەڵات تێگەیشتبوو , ئازادیان تەنهاو تەنها وەك ئازادییە سیاسیەكان ئەبینی , ئەی ئازادییە مەدەنی و عەقائیدی و بیرو ڕا … ئەمانە لە پرۆسەیەكی ( رقو كینە) ئامێزدا , دوا خرا ..

ناچارییەك داوای ( ئیجامع و ئیرادەێكمان ) لێدەكات , لەودیو هەڵبژاردن و گەمەی بردنەوە دۆڕاندنەوە . ئەمە سەرباری هێزە دۆزەخییە دەركییەكان . ئەگەرەكانی شەڕی ناوخۆ و خۆكوژی , بە خوێنماندا جمەی دێت و كاری لە سەر نەكراوە بۆ چۆنێتی پەشیمان بون لێی و پاشەكشەو پاشگەزبونەوە هەست بە گوناهكردن .

ئەم بابەتەم لە سڤیل . ژمارە, 176, 6/4/2013 بلاوکراوەتەوە .

411 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت