پشکۆ نهجمهدین : کورتە شیعر .
نیگا
سەمای باران لەسەر سەوزەڕووخساری گیا
ورشەی وشە لەسەر خونچەی لێوانی تۆ
لەنێو قژی سپیی زەریا ، پەنجەی هەتاو
شانەی نیگام لەنێو پرچی زێڕینی تۆ ..
مەستە باران لە سەمادا
وشە لە خەندە هەڵژەنراو
بە ” زیو” دەچێ دەستی هەتاو ،
بە شانەی هەنگەکێویلە ڕەنگی نیگام .
لێکئاڵان
پەنجەرەیەک بۆ چاوی خۆر بترازێنە
تا:
هەنگاوت تۆزی گومان بتەکێنی ،
بەفری لێوت بچێتەوە،
باخچەی حەزت پڕ بێ لە گوڵ !
کەمۆکەیەک زنجیری سوخمەت داکێشە
با پەنجەکانم داگیرسێن !
دەستی تاسەت لە کانیاوی جەستەم وەردە
تا ماسیی رۆح گەرای ئەشق بترووکێنێ
تا جێژوان شەنگتر بنوێنێ.
وەهم
لەم شوێنەی من لە ونبوویەک دەگەڕێم ،
جیهانێک لە شت ون بووە ..
ونبووی من ،
تەنیا سەرابێکە و
هیچی تر !
سوید
302 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست