سه‌روه‌ر پێنجوێنی : ئه‌نفال ـ به‌رهه‌می ناسیۆنالیزمی ( عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی ) ی به‌عس .
پڕۆسه‌ی ئه‌نفال پڕۆسه‌یه‌كی جینۆساید و پاكتاوی ڕه‌گه‌زی و وێرانكاری و چۆڵكردن بو له‌لایه‌ن هێزێكی ڕه‌گه‌زپه‌رست و شۆڤینیه‌وه كه ئاماده بو بۆ ئه‌نجامدانی هه‌مو تاوانێكی دژ به مرۆڤ له پێناوی پاراستن و به‌هێزكردنی (نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب) و (عێراق) به‌و واتا و قاڵبه تایبه‌تیه‌ی به‌عس بۆ ئه‌و دو ناسنامه و ئینتیمایه‌ی دانابو.
باكگراوندی پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال ئه‌وه بو حكومه‌تی به‌عس ده‌یویست بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كوردی و حیزبه كوردیه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان ڕیشه‌كێش بكات بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی جه‌نگی عێراق ـ ئێران‌دا نه‌توانن سود به ئێران بگه‌یه‌نن و كارێك بكه‌ن سوپای عێراقی ناوچه له ده‌ست بدات و توشی تێك‌شكان ببێت: سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی هه‌بو ڕاوه‌دونانی پێشمه‌رگه بو كه به ئاژاوه‌چیه‌كان (المخربین) ناو ده‌بران، پاشان گه‌شه‌ی كرد و خێزان و كه‌سوكاری (موخهرریبین) ی گرته‌وه كه به‌ند ده‌كران و هه‌مو ڕاژه و خیدماتێكیان لێ ده‌گیرایه‌وه و ده‌ست به‌سه‌ر ماڵوسامانیاندا ده‌گیرا. پاشان له‌وه‌ش فراوانتر بو و ئه‌و گوند و دێیانه‌ی گرته‌وه كهلهژێر ده‌سه‌ڵاتی (موخهرریبین) دا بون یان خه‌ڵكه‌كه‌یان هاوكاری ئه‌وان بون، بۆیه ئه‌و گوندانه‌ش ئابڵوقه دران و هه‌مو ڕاژه و ئازوخهیهكیان لێ گیرایه‌وه و پاشان به تۆپ و به هێزی ئاسمانی لێیان درا.. پاشان هه‌ڵمه‌ته‌كه له‌مه‌ش فراوانتر بو و هه‌مو ئه‌و دێیانه‌ی گرته‌وه كه هێزی سه‌ر به ڕژێمیان تێدا نه‌بو ئه‌گه‌ر (موخهرریبین) یشیان تێدا نه‌بوایه. جگه‌له‌وانه‌ش پێناسه‌ی (موخهرریبین) یش فراوانتر بو و هه‌مو ئه‌وانه‌ی ده‌گرته‌وه كه هه‌ڵوێستێكی دژ به ڕژێم و حیزبی به‌عسیان هه‌بوایه ئه‌گه‌ر چه‌كیشیان هه‌ڵ نه‌گرتایه.. ئینجا كه بینییان ئه‌و ئابڵوقه و تۆپباران و ڕاوه‌دونانه به‌س نیه بۆ ڕیشهكێكشكردنی (موخهرریبین)، له هه‌مان ساڵی (١٩٨٧) دا بڕیار درا (عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید) ببێته لێپرسراوی كوردستان و كاره‌كه‌یشی له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر بریتی بو له ڕیشهكێكشكردنی چالاكیه‌كانی (موخهرریبین). ڕێگه‌چاره‌ی ئه‌لمه‌جید بۆ ڕیشهكێكشكردن و ئابڵوقه‌دانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و جیاكردنه‌وه‌یان له گونده‌كانی كوردستان ئه‌وه بو ڕوبه‌رێكی زۆر له خاكی كوردستان به‌ته‌واوی چۆڵ بكات و قه‌ده‌غه‌ی بكات و هه‌مو ئه‌و گوندانه‌ی ده‌كه‌ونه ئه‌و ڕوبه‌ره‌وه وێران و خاپور بكرێن و دانیشتوانیان بگوێزرێنه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگا زۆره‌ملێكان تا به‌ته‌واوی له‌ژێر چاودێریی ڕژێمدا بن و نه‌توانن هیچ په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كیان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا هه‌بێت. ئینجا پێش ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی (ئه‌نفال) ی ڕاسته‌قینه ده‌ست پێ بكات، ئه‌و گوندانه‌ی ڕژێم ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا نه‌بو ـ وه‌كو وتمان ـ ئابڵوقه ده‌دران و به تۆپباران وێران ده‌كران، ئه‌مه سه‌باره‌ت به‌و گوندانه‌ی كه نزیك بون له مه‌ڵبه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمه‌وه و كۆنتڕۆڵكردنیان ئاسان بو، به‌ڵام ئه‌و گوندانه‌ی كه هێزی پێشمه‌رگه‌یان تێدا بو و پێشمه‌رگه له‌به‌رامبه‌ری ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌رگرییان كرد؛ پرۆسه‌ی (ئه‌نفال) ی ڕاسته‌قینه به وێرانكردن و ئاواره‌كردن و ڕاگواستنه‌وه‌ی ئه‌م گوندانه ده‌ستی پێ كرد. ڕژێم سور بو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مو شوێنه‌وارێكی ژیان و ئاوه‌دانی له‌و ڕوبه‌ره قهدهغهكراوهدا بسڕێته‌وه، و كاری كرد بۆ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره ژیان و ئاوه‌دانییه‌كی بۆ نه‌گه‌ڕێته‌وه، بۆیه هه‌ر كه‌س له‌و ناوچانه‌دا بوایه (هه‌ر به بون) له سێداره ده‌درا. ئه‌و ڕوبه‌ره وه‌كو شاده‌ماری بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كوردی بو، بۆیه ڕژێم به‌و شێوه‌یه ئاوه‌دانیی ئه‌و ڕوبه‌ره‌ی سڕیه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌رهه‌ڵستیی پێشمه‌رگه كۆتایی پێ بهێنێت و بتوانێت دایانبڕێت له گوندنشینه‌كان و بتوانێت ئه‌و گوندنشینانه بگوازێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگای زۆره‌ملێ له‌ژێر چاودێریی ئاسایشی ڕژێمدا.
پرۆسه‌ی ئه‌نفال سه‌رجه‌م (٧) مانگی خایاند (٢ ـ ٩ / ١٩٨٨) (وردتر: له ٢٢ / ٢ / ١٩٨٨ ه‌وه هه‌تا ٦ / ٩ / ١٩٨٨)، ئه‌مه‌ش له (٦) قۆناغدا: (١) هێرش بۆ سه‌ر سه‌رگه‌ڵو و به‌رگه‌ڵو، ٣ هه‌فته‌ی خایاند، (٢) هێرش بۆسه‌ر قه‌ره‌داغ، (٣) هێرش بۆسه‌ر گه‌رمیان، (٤) هێرش بۆسه‌ر ناوچه‌ی سه‌ر زێی بچوك، (٥) هێرش بۆسه‌ر دێهاتی ناوچه شاخاویه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر، (٦) هێرش بۆسه‌ر بادینان .
ڕژێم بۆ چۆڵكردن و خاپوركردنی دێهات و ئاوه‌دانیی ئه‌و ڕوبه‌ره فراوانه‌ی كوردستان هه‌مو جۆره چه‌كێكی قورس و سوك و چه‌كی كیمیاییشی به‌كار هێنا، جگه‌له‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له گوندنشینه‌كان (به‌تایبه‌تی له گه‌رمیان) گوازرانه‌وه بۆ باشور كه له‌وێ بێسه‌روشوێن كراون كه دیاره قه‌تڵوعام كراون و ئێسته له گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا شوێنه‌واریان ده‌دۆزرێته‌وه. ئامانجێكی ڕژێم له‌و پاكتاوه ڕه‌گه‌زیه‌ی كورد له گه‌رمیان ئه‌وه بو كورد له ناوچه‌كه‌دا نه‌هێڵێت تا بتوانێت خێڵه عه‌ره‌به‌كانی تێدا نیشته‌جێ بكات بۆ گۆڕینی باری دیمۆگرافیایی پارێزگای كه‌ركوك. له هه‌مو هه‌ڵمه‌ته‌كاندا گونده‌كان ئابڵوقه ده‌دران و تاڵان ده‌كران و كشتوكاڵیان ده‌سوتێنرا و ماڵ و قوتابخانه و مزگه‌وته‌كان خاپور ده‌كران. پێشتریش وتمان كه ماڵوسامانی ئه‌و خێزانه كوردیانه‌ی كه ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌یان پێشمه‌رگه بوایه ده‌وڵه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرت، به‌ڵام جگه‌له‌وه‌ش به‌پێی نوسراوی ژماره (٤٠٠٨) ی (نوسینگه‌ی ڕێكخستنی باكور) له (٢٠/٦/١٩٨٧) دا هێزه‌كانی به‌رگریی نیشتمانی (جاشه‌كان) ده‌ستیان كراوه بو بۆ تاڵانكردنی ماڵوسامانی هه‌مو ئه‌و كه‌س و گروپانه‌ی تۆمه‌تبار بون به (ته‌خریب) و هاوكاریی (موخهرریبین)، به‌تایبه‌تی كه ئه‌و هێزانه له ڕێزی پێشه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌دا بون و پێش سوپا ده‌چونه ناو گونده‌كان و ڕێیان بۆ سوپا خۆش ده‌كرد. لێره‌وه، به بڕوای (كه‌نعان مه‌ككییه) و پاشان ڕێكخراوی (چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤ) ناونانی پرۆسه‌كه به (ئه‌نفال) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و تاڵانكاریهی كه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كه‌دا ئه‌نجام دراوه.. ئینجا دواتر وشه‌كه واتاكه‌ی فراوان بوه و به هه‌مو پرۆسه‌كه وتراوه، ئیتر دوای ئه‌وە له به‌ڵگه‌نامه‌کانی به‌عسدا زاراوه‌ی وەکو (عمليات الأنفال الأولى والثانية) به‌ر چاو ده‌که‌وێت.
ئێمه‌ش ئه‌وه ده‌زانین كه له زمانی عه‌ره‌بی و ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا ئه‌و تاڵانیه‌ی به‌ر سه‌ربازێك ده‌كه‌وێت (جا ئیتر وڵاخ بێت یان ئاژه‌ڵ و مه‌ڕوماڵات یان خشڵ و شتی گرانبه‌ها یان هه‌تا ژن و منداڵیش) پێی ده‌وترێت “نه‌فه‌ل” (نفل) و كۆیشی ده‌بێته “ئه‌نفال” (أنفال)، له قورئانیشدا سوره‌تێك هه‌یه كه باسی چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی ئه‌م تاڵانیانه ده‌كات له‌لایه‌ن هێزه ئیسلامیه‌كه‌وه، كه به‌و هۆیه‌وه ئه‌و سوره‌ته ناونراوه سوره‌تی (ئه‌نفال) (هه‌رچه‌ند له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا بیروڕای جیاواز هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌ی “أنفال” ی سوره‌تی ئه‌نفال چی ده‌گرێته‌وه: به گشتی ده‌وترێت “أنفال” و “غنائم” هاوواتان واته ده‌سكه‌وتی جه‌نگ به‌گشتی، به‌ڵام زۆربه‌یان ده‌ڵێن مه‌به‌ست له “ئه‌نفال” ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یه كه سه‌ربازه‌كان زیاد له‌و به‌شه‌ی خۆیان وه‌ری ده‌گرن كه به‌پێی یاسای دابه‌شكردنی “غنائم” ده‌یاندرێتێ. هه‌روه‌ها بیروڕای جیاواز هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایه‌ته‌كه مه‌نسوخه یان موحكه‌مه).
بۆیه پێ ده‌چێت به هۆی ئه‌و تاڵانكردنانهوه كه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كه‌دا كراون پرۆسه‌كه ناونرابێت (ئه‌نفال)، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه به‌عس بۆ خۆی ناوی (ئه‌نفال) ی بۆ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی هه‌ڵ بژاردبێت به‌و پێیه كه سوره‌تێكه له قورئان.. ڕاسته به‌عس هه‌مو كاتێك ناوی عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیانه‌ی داناوه بۆ جه‌نگ و هێزه‌كانی، وه‌كو ناونانی جه‌نگی عێراق ـ ئێران به (قادیسییه) و به‌تایبه‌تی (قادیسییه‌ی صه‌ددام) له‌به‌رامبه‌ری (قادیسییه) كه‌ی (سه‌عدی كوڕی ئه‌بو وه‌ققاص) دا، هه‌روه‌ها وه‌كو فیرقه‌ی (قه‌عقاع) كه مه‌به‌ست (قه‌عقاعی كوڕی عه‌مری ته‌میمی) ـه كه له جه‌نگی (قادیسییه) دا ڕۆڵی زۆری هه‌بو، و گه‌لێكی تر. به‌ڵام پێم وا نیه به‌عس ویستبێتی ڕاگواستن و پاشان پاكتاوی كوردی گه‌رمیان و ناوچه‌كانی تر كارێكی ئاشكرا بێت و ناوێكی ئاشكرای وه‌كو (ئه‌نفال) هه‌ڵگرێت، به‌لای كه‌مه‌وه پێم وایه ئه‌وه كاری ڕاگه‌یاندنی ئاشكرای به‌عس نه‌بوه، وه‌كو چۆن (ئه‌لمه‌جید) یش خۆی ناوی (كیمیاوی) ی بۆ خۆی هه‌ڵ نه‌بژاردوه، هیچ كاتێكیش له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و میدیایی دانیان نه‌ناوه به (ئه‌نفال) و به‌كارهێنانی (چه‌كی كیمیایی) دا. به‌ڵام له ڕاستییشدا هه‌ریه‌كه له هه‌ڵمه‌تی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه شێواز و دیمه‌نێكی وا پێ دراوه له ڕاگه‌یاندنی سه‌ربازی و نهێنیی ڕژێمی به‌عسدا، كه ناوی (ئه‌نفال) ی به‌سه‌ردا ئه‌و هه‌ڵمه‌ته به‌دناوه‌دا بڕیوه و ناوی (كیمیایی) ی به‌سه‌ر (عه‌لی حه‌سه‌ن ئه‌لمه‌جید) دا بڕیوه، چونكه به‌ڵگه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه فه‌رمانه سه‌ربازیه‌كان له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ئایه‌تی (١٢) ی سوره‌تی (ئه‌نفال) یان كردبوه مه‌شخه‌ڵ كه ده‌ڵێت: (إذ يوحي ربك إلى الملائكة أني معكم فثبتوا الذين آمنوا سألقي في قلوب الذين كفروا الرعب فاضربوا فوق الأعناق واضربوا منهم كل بنان)، كه ئه‌مه‌ش هه‌ر فه‌رمانێكی سه‌ربازیه بۆ كوشتن (و ده‌رباره‌ی شێوازی كوشتن) ی ئه‌وانه‌ی موسوڵمان نین كه ده‌ڵێت خوا ترس و تۆقین ده‌خاته دڵیانه‌وه و موسوڵمانانیش ده‌بێت بده‌ن له گه‌ردن و په‌لوپۆیان. ئه‌م ئایه‌ته‌ش له سوره‌تی ئه‌نفاله، بێ گومان له په‌راوێزی ئایه‌ته‌كه‌دا ده‌نوسرێت (سوره‌تی ئه‌نفال)، ڕه‌نگه ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی په‌یوه‌ستبونی ئه‌و ناوه بێت به پرۆسه‌كه‌وه، دواتریش كه جاشه‌كان وه‌كو پێشه‌نگی سوپا تاڵانكارییان له گونده‌كاندا كردوه (چونکه ـ وه‌کو باس کرا ـ عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید فه‌رمانی دابونێ که بۆیان هه‌یه سامان و مه‌ڕوماڵات و چه‌ک و هه‌تا ژنومنداڵیش به‌تاڵانی ببه‌ن) ئه‌م تاڵانیه به (ئه‌نفال) ناوبراوه كه ئایه‌تی (٨) ی سوره‌تی ئه‌نفال باسی شێوازی دابه‌شكردنی تاڵانیه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی سوره‌ته‌كه هه‌ر به باسی (ئه‌نفال) ده‌ست پێ ده‌كات. به‌م شێوه‌یه پرۆسه‌كه ناونراوه ئه‌نفال، واته واتای وشه‌كه فراوان كراوه: سه‌ره‌تا مه‌به‌ست تاڵانیهكان بوه، یان سه‌ره‌تا ئایه‌تی (١٢) ی سوره‌تی ئه‌نفال له به‌یاننامه سهبازیهكاندا به‌كار هاتوه، پاشان وشه‌كه به هه‌مو پرۆسه‌كه وتراوه. سه‌باره‌ت به (ئه‌لمه‌جید) یش ئه‌و هه‌میشه چه‌كی كیمیایی به (الكیمیاوی) ی ناوده‌برد (نمونه‌یه‌كی ده‌نگیی له‌و قسانه ماوه‌ته‌وه) .
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێی وابێت مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تی له وشه‌ی (ئه‌نفال) پرۆسه‌ی ڕاگواستن و قڕكردنی ئه‌و كوردانه بێت كه ڕژێمی به‌عس له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا دوری خستنه‌وه و به شێوازی جۆراوجۆر له‌ناوی بردون و له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵدا شاردونیهوه..؛ پێم وایه ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی له‌سه‌ر نیه، واته به‌ڵگه‌یه‌ك نیه بۆ ئه‌وه‌ی به‌عس له سه‌ره‌تاوه ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ڕاگواستن و ئه‌و تاڵانكردنی مرۆڤه‌ی به (ئه‌نفال) ناو نابێت. هه‌رچه‌ند ئێسته (ئه‌نفال) و (ئه‌نفالكردن) به‌و (تاڵانكردنی مرۆڤ) ه ده‌وترێت به‌تایبه‌تی، واته ئه‌وه‌ی ڕاگوێزراوه و له‌ناو براوه و له گۆڕەبهکۆمهڵ نراوە؛ پێی ده‌وترێت (ئه‌نفالکراو) .
ئه‌نفال و کولتوری عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی
——————————————
هه‌رچه‌ند ئێمه ناتوانین بڵێین پرۆسه‌ی (ئه‌نفال) پرۆسه‌یه‌كی ئیسلامی بوه و پاڵنه‌رێكی ئیسلامیی له‌پشته‌وه بوه و په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ و توندوتۆڵی به ئیسلام و سوره‌تی (ئه‌نفال) ـه‌وه هه‌یه.. وه‌كو هه‌ندێك كه‌س هه‌وڵ ده‌ده‌ن وا بڵێن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نكولی له‌وه ناكرێت كه ڕژێمی به‌عس به‌رگ و دیمه‌ن و به‌ڵگه و بیانوه ئیسلامیه‌كه‌ی به‌وردی به‌كار هێناوه و سودی لێ بینیوه. هه‌ندێك زانیاری ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ڕژێمی به‌عس هه‌وڵی داوه وا پێشانی عه‌ره‌ب بدات كه كورد بێباوهڕن و موسوڵمان نین و دروشمه‌كانی ئیسلام جێبه‌جێ ناكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بیانهێنێته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه له‌ناوبردنی كورد كارێكی ڕه‌وا و ئه‌ركێكی ئیسلامیه.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه پرۆسه‌كه وه‌كو شێوازی ئه‌نجامدانی و پاساودانی و وه‌كو سروشتی به‌عس و ئایدیۆلۆجیاكهی، گه‌لێك بڕگه‌ی مێژوی عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی بیر ده‌خاته‌وه:
دیكتاتۆرێكی موسوڵمانی وه‌كو (حه‌ججاج) ناوداره له مێژودا به‌وه‌ی (مه‌والی) واته هاوڵاتیه ناعهرهبهكانی له كۆمه‌ڵێك گونددا ئابڵوقه داوه و به‌ندی كردون و نیشانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستیان به ئاگر هه‌ڵ كهندوه. (ئه‌بو هیلالی عه‌سكه‌ری) له (الأوائل) دا ده‌ڵێت حه‌ججاج یه‌كه‌م كه‌س بو كه ناوی گوندی هه‌ر پیاوێك له‌وانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی بهداخكردن ده‌نوسی و ده‌یگه‌ڕانده‌وه بۆ گونده‌كه‌ی، به‌م شێوه‌یه‌ش ناعهرهبهكانی له عه‌ره‌ب جیا كرده‌وه و كردنیه ده‌ره‌وه.. بڕوانه كه ئه‌مه هه‌مان كاری به‌عسیش بو: به‌عسیش هه‌زاران كورد (ناعه‌ره‌ب) ی ئاواره و بێسه‌روشوێن كرد و هه‌ندێك جار وشه‌ی (خائن) و (جبان) ی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی به‌ندكراوه‌كان داخ ده‌كرد!(١)
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی شێوازی قه‌تڵوعام و (گۆڕهبهكۆمهڵ) ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌كی عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیی هه‌یه، به شێوه‌یه‌ك كه پێغه‌مبه‌ری ئیسلام بۆ خۆیشی زیاتر له (٧٠٠) كه‌سی له خێڵی (به‌نو قوڕهیظه) له یه‌ك جێگه‌دا قه‌تڵوعام كردوه و له گۆڕهبهكۆمهڵی ناون! هه‌روه‌ها هه‌ر خودی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام تاڵانكاری و وێرانكردن و بڕین و سوتاندنی باخی به‌رامبه‌ر به‌رهه‌ڵستكاران و به‌رگریكاران ئه‌نجام داوه، هێزی چه‌كداری زۆری ناردوه بۆ سه‌ر خێڵه‌كان و ئه‌و هێزانه‌ش كوشتوبڕ و تاڵانكاریی زۆریان كردوه.
جگه له‌وه‌ش عه‌ره‌ب (موسوڵمانان) هه‌ر له سه‌ره‌تایشه‌وه ئه‌زمونیان هه‌بوه له ئه‌نفالكردنی كورددا، بۆ نمونه: مێژونوسه ئیسلامیه‌كان هه‌واڵی سه‌رییه‌ی (سه‌له‌مه‌ی كوڕی قه‌یسی ئه‌شجه‌عی) بۆ سه‌ر كورده‌كان (خبر سلمة بن قیس الأشجعي والأكراد) ده‌گێڕنه‌وه، كه عومه‌ری كوڕی خه‌ططاب له‌گه‌ڵ هێزێكدا ناردی (سه‌له‌مه‌ی ناوبراو صه‌حابی بوه و هه‌ندێك حه‌دیسیشی له پێغه‌مبه‌ره‌وه گێڕاوه‌ته‌وه)، تا گه‌یشتن به كۆمه‌ڵێك له كورده فرهپهرستهكان (الأكراد المشركین)، كورده‌كانیش به مه‌رج و داواكاریه‌كانی هێزه ئیسلامیه‌كه ڕازی نه‌بون و به‌رگرییان كرد، تا بو به شه‌ڕ و سه‌ره‌نجام هێزه ئیسلامیه‌كه سه‌ركه‌وتن، ئیتر كورده‌كان شه‌ڕكه‌ره‌كانیان كوژران و ژنومنداڵیان به‌تاڵانی بران و ماڵ‌وسامانیان تاڵان كران، هێزه ئیسلامیه‌كه‌ش ده‌ستكه‌وته‌كانی نارده‌وه بۆ عومه‌ر. هه‌واڵی هه‌ڵمه‌ته‌كه له مێژوی (الطبري) و (البداية والنهاية) ی (ابن كثير) و (الكامل) ی (ابن الأثير) دا بخوێنه‌ره‌وه(٢).
جگه له‌وه‌ی تاڵانكاری به‌شێكه له كولتورێكی بیابانی كه ئیسلامیش یه‌كێكه له‌و سیسته‌مه فیكریانهی كه كه‌وتوه‌ته به‌ر كاریگه‌ریی ئه‌و كولتوره، و قورئانیش یه‌كێكه له‌و ده‌قانه‌ی كه شوێنه‌واری ئه‌و كولتورهی پێوه دیاره. كاتێكیش له كۆمه‌ڵگای عێراقیدا تاڵانكاری بكرێت ئه‌وه چه‌نده په‌یوه‌ندیی به كولتوری عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیه‌وه هه‌یه زیاتر له‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ پێشینه و ڕه‌گوڕیشه بیاباننشینیه‌كه.
به‌گشتییش به‌عس وه‌كو ئایدیۆلۆجیایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هه‌میشه گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌بوه بۆ كو‌لتور و مێژوی عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی و هه‌میشه كو‌لتور و مێژوی ئیسلامیی به به‌شێك و قۆناغێكی زۆر گرنگ و دامه‌زرێنه‌ری كو‌لتور و مێژوی عه‌ره‌بی زانیوه، به کرده‌ییش كولتوری عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی له ئایدیۆلۆجیای به‌عسدا ڕه‌نگی دابوه‌وه ئه‌گه‌ر دوای وه‌رگێڕانیشی بوبێت بۆ كولتوری نه‌ته‌وه‌یی و داونه‌ریتی عه‌شایه‌ری (چونكه جاری وا هه‌یه بنه‌مای ئایینی وه‌رده‌گێڕدرێت بۆ بنه‌مای سیاسی یان كولتوری نه‌ته‌وه‌یی و به شێوه ئایینیه‌كه نامێنێته‌وه). هه‌ر بۆ نمونه: نه‌ریتی كوشتن بۆ عهیبهشۆری و بۆ تۆڵه‌ی خوێن (واته تۆڵه‌ی عه‌شایه‌ری)، كه زه‌قترینی عه‌یبه‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراقین، باوسه‌ندن و تاوسهندنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس ڕێگریی لێ نه‌ده‌كرد به‌ڵكو هه‌ندێك جار لێبوردنی بۆ بكوژه‌كه هه‌بو و ڕه‌نگه هه‌ندێك جار ڕێزیشی لێ بگیرایه. ئه‌مه‌ش چونكه ئایدیۆلۆجیای به‌عس له‌سه‌ر ئه‌وه وه‌ستا بو كه ته‌نها مرۆڤی عه‌ره‌بیی (شه‌ریف) مافی ژیانی هه‌یه، (شه‌ره‌ف) یش به‌و واتا و پێناسه‌یه‌ی خۆیان.
كاتێكیش پاساوهێنانی سه‌رانی ڕژێمی به‌عس بۆ كوشتن و قه‌تڵوعامی به‌رهه‌ڵستكاره‌كانیان ده‌بیستیت یان ده‌خوێنیته‌وه، یه‌كسه‌ر هه‌ندێك له وتار و وته‌كانی دیكتاتۆره عه‌ره‌به موسوڵمانه‌كانی سه‌ره‌تای مێژوی ئیسلامی دێته‌وه یادت: بۆ نمونه: له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ صه‌ددام له (١٩/١/١٩٨١) دا، (ناصر ا‌لدین النشاشیبي) به صه‌ددام ده‌ڵێت: “ئه‌نوه‌ر ئه‌لسادات پێی وایه ئێوه به شێوازێكی خوێناوی فه‌رمانڕه‌وایی عێراق ده‌كه‌ن كه ئاشتیی بۆ عێراق به‌رقه‌رار نه‌كردوه و هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێكی پێ نیه بۆ ڕێككه‌وتنی كامپ ده‌یڤید.. ئێوه ده‌ڵێن چی؟”، صهددامیش ده‌ڵێت: “سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئێمه خوێنڕێژین به‌و واتایه‌ی هه‌ر كه‌سێك ناپاكیی له‌م وڵاته كرد ده‌ستبه‌جێ سه‌ری له لاشه‌ی جیا ده‌كه‌ینه‌وه.. به‌ڵێ، ئێمه هه‌ر كه‌سێكمان بینی كاری وای كرد به‌بێ هیچ به‌زه‌ییه‌ك و به ئاشكرا سه‌ری له لاشه‌ی جیا ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاره‌یه كه باوباپیرانی ئێمه له ده‌می سه‌رهه‌ڵدانی په‌یامی ئیسلامدا كردویانه” (أما كوننا دمويين بمعنى أننا نبادر الى قطع رأس كل من يخون هذا البلد…نعم كلما نكتشف أنه أقدم على ذلك نقطع رأسه وبلا رحمة وعلى رؤوس الأشهاد..وهذا ما كان يفعله أجدادنا في صدر الرسالة)! لێره‌دا سه‌رنجی لێكچونی ئه‌و پاساودانه و ئه‌و سودبینینه له كو‌لتور و مێژوی ئیسلامی له دوا بڕگه‌ی وه‌ڵامه‌كه‌یدا ده‌ده‌ین. ئینجا ئه‌و قسه‌یه به‌راورد ده‌كه‌ین به‌م وتاره‌ی (زیاد بن أبیه)، كه سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی سه‌رده‌می عومه‌ر و سیاسییه‌كی سه‌رده‌می موعاویه بو.. له سه‌ره‌تای ئه‌و وتاره‌دا ده‌ڵێت: (خواردن و خواردنه‌وه له‌سه‌رم حه‌رام بێت هه‌تا به ڕوخاندن و سوتاندن ته‌ختی زه‌ویی ده‌كه‌م) (حرام علي الطعام والشراب، حتى أُسوّيها بالأرض هدما وإحراقا)، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: (سوێند به‌خوا، گه‌وره به سوچی ژێرده‌ست و، نیشته‌جێ به سوچی كۆچبه‌ر و، هاتو به سوچی ڕۆشت‌و و، گوێڕایه‌ڵ به سوچی یاخی و، دروست به سوچی نادروست، ده‌گرم، هه‌تا وای لێ دێت كه پیاوێك له ئێوه به پیاوێكی تر ده‌گات پێی ده‌ڵێت: “سه‌عد به پێستی خۆته‌وه ده‌رچۆ، سه‌عید تیاچو!” یان یان بۆم ڕامدێن..) (وإني أقسم بالله لآخذنّ الولي بالمولى، والمقيم بالظاعن، والمقبل بالمدبر، والمطيع بالعاصي، والصحيح بالسقيم، حتى يلقى الرجل منكم أخاه فيقول: “انج سَعْدُ، فقد هلك سعيدٌ ” أو تستقيم لي قناتكم)..!(٣) ئه‌مه‌ش هه‌مان سیاسه‌تی به‌عس و هه‌مان مانای وه‌ڵامه‌كه‌ی صهددامی هه‌یه.
په‌راوێز :
(١) بڕوانه : الخيون ، رشيد ، العراق .. « يسألونك عن الأنفال»! الشرق الأوسط . الأربعاء ، ٣٠ أغسطس ٢٠٠٦، العدد (١٠١٣٧) .
(٢) بڕوانه : الطبري، تاريخ الأمم والرسل والملوك. دار الكتب العلمية ، بيروت . الطبعة الأولى ، ١٤٠٧ هـ. جـ. ٢، ص. ٥٥٧.
ابن الأثير، الكامل في التاريخ. تحقيق : عبد الله القاضي. دار الكتب العلمية، بيروت. الطبعة الثانية، ١٤١٥ هـ. جـ. ٢، ص‌ص. ٢٤٥، ٢٤٦.
ابن كثير، البداية والنهاية. مكتبة المعارف، بيروت. جـ. ٧، ص. ١٣٣.
(٣) بۆ ئه‌و وتاره‌ی ( زیاد بن أبیه ) که پێی ده‌وترێت ( الخطبة البتراء ) ؛ بڕوانه:ابن عبد ربه، العقد الفريد. دار الكتب العلمية، بيروت. الطبعة الأولى، ١٤٠٤ هـ. جـ. ٤، ص. ٢٠٠ .
1,630 جار بینــراوە لە ڕەهێڵپۆست
.
- Latest Posts by
سەروەر پێنجوێنی : سه‌ركێشیه دڵداریهكانی بانگخوازه ئیسلامیه‌كان ، یوسف قه‌ڕه‌ضاوی وه‌كو نمونه‌یه‌كی زه‌ق .
-سەروەر پێنجوێنی : وێنەیەکی دانسقەی پێخەمبەری ئیسلام ( د . خ ) .
-سەروەر پێنجوێنی : چمكێك له مێژوی داگیركردنی كوردستان و به‌رگریی كورد له نیشتمان له هه‌ڵمه‌تی (فتوحات) ی ئیسلامی‌دا .
- All Posts