بەختیار شارەزورى : کاک مسعود بارزانى دژى پرینسیپى حیزبەکەى دەوەستێتەوە .
یەکێک لە بنەماکاى پەیمانى کۆمەڵایەتى پابەند بونە بەو بڕیارانەى کە وەک نوسراو هەمومان کۆکین لەسەرى دەبێت پابەند بین بە دسپلینەکانیەوە بە بێ جیاوازى لە نێوان هەموو تاکەکاندا کە ئەمەش دەبێتە متمانە بونى گشتى بەرامبەر بە نوسراوەکانمان لەم نێوەندەدا دەستور و یاساکان ئەو نوسراوانەن کە هەمومان کۆکین لەسەرى دەبێت پابەند بین پێیەوەى بە هەموو دید و بۆچونە جیاوازەکانەوە چونکە بەرژەوەندى گشتى لە بە کردار کردنى ئەو پرینسیپانەدایە ، خۆ ئەگەر دەستور و یاساکان بریتى بێت لە کۆ هەمئاهەنگى گشتى ئەوا پەیڕەوى حیزبەکان کۆدەنگى گروپێکى دیارى کراوە بۆ ستراتیژێک کە ئەو گروپە کارى لەسەر دەکەن بە هەمان شێوە ئەگەر ئەندامێکى ئەو گروپە لە پەیڕەوى ناوخۆ لایدا و گروپەکە یان حیزبەکە بێ دەنگ بون دیسانەوە لادانە لەو کۆ دەنگییەى کە لە گروپەکە یان لە حیزبەکەدا هەیە … پرسیارەکە لێرەدایە ئەى ئەگەر گروپەکە بە کۆدەنگى پاڵپشتى لادانەکان بوو ئەو کات دەبێ بگوترێ چى …؟
لەم نێوەندەدا هێندەى قسەکردن هەیە لە سەر پەیڕەو هێندە مەبەستم لە کەسێک نیە بە دیارى کراوى ،….. ئەمڕۆ لە هەرێمى کوردستاندا ( پارتى دیموکراتى کوردستان ) یەکێکە لە هێزەکانى ناو گۆڕەپانى هەرێم خاوەنى مێژوویەکى دور و درێژە لە ئەزمونى حیزبى و زۆربەى جومگەکانى دەسەڵاتى حکومى و سەرۆکایەتى هەرێم بەدەست پارتییەوەیە کە دەکرێت پشکى شێرى بەربکەوێت لە چاوەکانى چاودێرى و ڕەخنەکان و خوێندنەوەکان چونکە هەڵەى ئەم حیزبە کاریگەرى قورسى دەبێت لە چاو حیزبێک کە هەم دەنگ و هەم کورسیەکانى کەم بێت و دەنگى زۆرێک لە هاوڵاتیانى نەبێت کە ئەمەش ناکاتە پەراوێز کردنى گروپە بچوکەکان بگرە لە نوسراوە گشتیەکاندا ئەوانیش پێگەى خۆیان هەیە بەڵام هەڵە لە بچوکەوە بۆ گەورە و لە بێ دەسەڵاتەوە بۆ دەسەڵاتدار دەگۆڕێ .
(پارتى دیموکراتى کوردستان ) پارتێکى دیموکراتە و خاوەنى پەیڕەوى خۆیەتى ڕۆژانێک بوو زۆرترین خەڵک لەم پارتەدا خەباتیان کردوە و وەک دەڵێن پارتى دایک بوە لە قۆناغێکى مێژوویدا ، بەڵام لە دواى ئەم قۆناغەوە و بە پێ ى پێشکەوتنى کۆمەڵگا و دروست بونى نەوەى نۆى هیچ هێزیک ناتوانێت ببێتە هێزیکى زۆرینە کە ئەمەش دۆخێکى دروستە تا هێزەکان نەبنە قۆرخکارى سەرجەم دەسەڵاتەکان ،…. کێشەى گەورە لە هەرێم دروشم و ناوەڕۆکە کەهیچ حیزب و گروپێک نیە کە لە کرداردا ڕەنگدانەوەى دروشمەکانى بێت … پارتى پارتێکى دیموکراتە … ئایا ئەم پارتە تا چەندێ دیموکراتە کە دەبوایە بە مێژووى خۆى چەندین سەرۆک ببونایەتە سەرۆکى ئەم حیزبە بەڵام ئەمە نەکراوە .. پارتى لە دەستور و یاساکانیشدا دەبوایە زۆر ترین ئامادەگى و پابەند بوونى بە دەستورى هەرێمەوە ببوایە چونکە هەڵگرى دروشمى دیموکراتییەتە وە بنەماکانى دیموکراتیەت پابەند بونە بە سایاکان و دەستورەوە ، کە کاتێک ئەم حیزبە داوا بۆ بەڕێز مسعود بارزانى دەکات ببێتەوە بەسەرۆکى هەرێم یان بۆى هەبێت خۆى کاندید بکاتەوە واتا وەستانەوە دژى پەیمانى گشتى و بنەماکانى پەیڕەوى ناوخۆى حیزبەکەى خۆى و یاساو دەستور ..کە دەبوو بەڕێز مسعود بارزانى خۆى قبوڵى نەکردایە تا ببێتە سەرتایەک بۆ دیموکراتیەت و دەستاو دەستکردنى دەسەڵات و پابەند بوون بە ڕاى گشتى و بە پەیڕەوى ناوخۆى پارتیەوە ئەگەر زۆرینەى خەڵکیش لەگەڵ ئەو ڕایەدا بوایە دەبوو قبوڵ نەکرایە تا بیسەلمێنێت کە پابەندە بە بنەماکانى دیموکراتیەتەوە .
با بپرسین ئەم هەوڵانەى پارتى دیموکرات تا چەندێ لەگەڵ پەیڕەوى ناوخۆى پارتیدا دێتەوە ..؟
پارتى خاوەنى پەیڕەو پڕۆگرامى خۆیەتى کە لە (4) دەروازە و (251) ماددە پێک هاتوە لە پەیڕەوى ناوخۆى پارتیدا هاتوە… بەشى دووەم /ئامانجە نیشتمانیەکانى پارتی / لە ماددەى (7) دا هاتوە :(کۆششکردن بۆ بنیاتنانى کۆمەڵگەیەکى مەدەنى ، یاسا و هاودەرفەتى تێدا فەراهەم بێ و هەموان تێیدا لە سایەیى دەسەڵاتێکى فرە حیزبى و دەستاو دەستکردنى ئاشتیانەى دەسەڵات جێبەجێ بکرێ ) ئێمە دەپرسین بە پێ ى ئەم پرینسیپە داواکردن بۆ درێژکردنەوە یان خۆ کاندید کردنەوە لادان نیە لە پڕۆگرامى پارتى …؟ ئیتر هەر کەسێک بێت و لەهەر گروپ و حیزبێک بوایە ( کە من هێندەى مەبەستم ڕەهەندە دەستورى و یاساییەکەیە هێندە مەبەستم بەڕێز مسعود بارزانى نیە وەک کەسێک .. هەر کەسێکى تر بوایە هەمان هەڵوێستم دەبوو ) دەبوایە پارتى بە پێ ى پڕۆگرامى خۆى ڕێگەى بە هیچ گروپ و حیزب و کەسێک نەدایە کە لە دەستور و یاساکان دەر بچێت .
خاڵیکى ترى پڕۆگرامى پارتى : (دەروازەى سێیەم /پرینسیپ و ستراتیجیەکانى پارتى /بەشى یەکەم / لە بوارى پەرەپێدانى سستمى سیاسى و بنەماکانى حوکمڕانیدا / ماددەى 18 / پشتگیرى کردنى دامەزراوە دەستورى و یاساییەکانى وەکو سەرۆکایەتى هەرێم و پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنى دادوەرى کە بە دەستکەوتێکى مێژووى گرنگ دادەنرێت و پێویستە لەسەر بنەماى پرنسیپى سەروەرى یاسا ڕۆڵى تەواوى خۆیان ببینن و ژیانى دەستورى و یاساییان بۆ دابین بکرێت .)
هەر لەم بەشەدا و لە ماددەى (31)دا هاتوە (گەلى هەرێمى کوردستان لە ڕێى ڕیفراندۆم و میکانیزمە دەستوریەکانەوە بڕیار لە مەسەلە چارەنوسسازەکانى هەرێم دەدات )
خۆ ئەگەر ئەم خاڵانەى ناو پڕۆگرامى پارتى دیموکراتى کوردستان بکەینە پێوەر ئەوا هەر کەسێک نەک لە ناو پارتیدا بگرە لەهەر گروپ و ڕێکخراوێک و حیزبێکى تر بوایە و لە یاساو دەستور دەربچوایە دەبوایە پارتى بە پێ ى پرینسیپ و ستراتیژى خۆى قبوڵى نەکردایە بە تایبەت پارتى کە هێزێکە زۆربەى جومگەکانى دەسەڵاتى بە دەستە و زۆر تیرین بەرپرسیاریەتى ڕوبە ڕوى دەبێتەوە .
وەلە هەمان بەشدا و لە ماددەى (40) دا هاتوە : ( بۆ بەرفراوانکردنى پرینسیپى بەشدارىکردنى هاوڵاتیان لە حوکمڕانیدا پارتیمان کار دەکات بۆ جێبەجێ کردنى پرینسیپى ڕیفراندۆم لەسەر ئەو یاسا بنەڕتیانەى سروشتى دەستوریان هەیە ) .. بە پێ ى ئەم پێوەرە دەبوو پارتى بۆ پرسى دەستورى و سەرۆکى هەرێم پابەند بوایە بەم ماددەوە و پێداگرى بکردایە لە سەر پرسى گشتى نەک تەنها گروپەکان و خۆى پێداگرى بکردایە لەسەر ئەوەى کە هیچ کەسێک بۆى نیە لە دوو خول زیاتر خۆى کاندید بکات و وادەى سەرۆکى هەرێم درێژ بکرێتەوە .. .کێشەکە لە دەرچون لە پرینسیپەکانى حیزب نیە دیاردە ترسناکەکە لێرەدایە کە یەکێتى کە حیزبى سوسیال دیموکراتە دەڵى پێشنیارى ئێمە بوو کە ئەم دوو فاقیە چى لاى پارتى و چى لاى یەکێتى سەرەتایەکە بەرەو دۆخێک کە چى تر پڕۆگرام و پەیڕەو پرنسیپە حیزبیەکان جۆرە گەمەیەکى کۆمیدیانەى گاڵتە جاڕییە ..کە دەبوو پێش هەموو گروپ و ڕێکخراوێک پارتى و یەکێتى دژى هەر پێشێلکاریەک ببونایەتەوە کە دەستور پێشێل بکات ..( بۆ بابەتێکى تر یەکێتى دەخەمە بەر پێوەرەکانى پەیڕەوى ناخۆى خۆیەوە ) ..لێرەوە دەکرێت ئەو پرسیارە لە ئەندامانى پارتى بکەین ئایا ئەگەر لەبرى بەڕێز مسعود بارزانى هەر کەسێکى تر بوایە لە دەرەوەى پارتى چى هەڵویستێکتان دەبوو ..؟ وە بۆ لە ناو هەم پارتى و هەم یەکێتى یەک دەنگمان نەبیست کە بڵێ ئەمە دژى دەستور و یاساکانە و قبوڵى ناکەین ..؟ وە بۆ نەمان بیست بڵین ئەمە دژى پەیڕە و پڕۆگرام و دروشمەکانە کە ئێمە خەباتى بۆ دەکەین و قبوڵى ناکەین..؟
دەکرێت ئەم پرسیارانە و ناوەڕۆکى ماددەکانى (29،30) و بەشى دووەم /لە بوارى پەرەپێدان و سستمى دادوەریدا / ماددەى (42) وە بەشى سێیەم / لە بوارى پەرپێدانى سستمى کارگێڕیدا / ماددەکانى (51،52،54 ) و وە لە بەشى چوارەم /لە بوارى پەرەپێدان و سیاسەتى ئابورى و دارایدا / ماددەکانى ( 57،59،63،64 ) وە لە بەشى هەشتەمدا /لە بوارى پەرەپێدانى سستمى کۆمەڵایەتیدا / ماددەکانى ( 93،96،99،104 ) وە لە بەشى بیست و سێیەمدا / لە بوارى کاروبارى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنیدا / ماددەکانى ( 245،246) ڕو بە ڕوى بەڕێز مسعود بارزانى و هەموو ئەندامانى پارتى بکەینەوە کە ئایا پارتى تا چەندێ کارى کردوە لەسەر ناوەڕۆکى ئەم ماددانە کە ئەگەر ئەم ماددانە بکەینە پێوەر ئەوا بۆ خۆى لادانێکى زۆر هەیە لە کارو کردەوە و بێدەنگیەکى ترسناکیش هەیە بەرامبەر بەم خلیسکانە دەبوایە هەر کەس و لایەن و گروپێک لە دەستور و یاسا گشتیەکان دەرچوایە پارتى قبوڵى نەکردایە ئەگەر باوەڕیان بەم پەیڕەوە هەیە و دەیانەوێ پابەند بن پێوەى ئەگەر چى لەسەر زارى بەڕێز مسعود بارزانیەوە چەند جارێک وتراوە کە ئەو داخوازى هیچ پۆستیک ناکات و داواى لێدەکەن کەواتە ئەوانەى داواى لێدەکەن دەیانەوێ بەم داواکاریە پێشێلى هەموو یاسا و دەستورەکان بکەن هەڵەیەکى مێژوى بە کاک مسعود بکەن کە دەبوو خۆى قبوڵى نەکردایە ئەگەر چى تا ئێستا ئەم هەڵوێستەمان نەبینى .
928 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست
- بابەتەکانی تری بەختیار شارەزوری
بەختیار نامیق: هەڵبژاردن ئەم حیزبانە بە کۆێ دەگەیەنێ؟
-بەختیار نامیق: سێ جوت برا شەش کەسیەکە.
-بەختیار نامیق: دانا ئەحمەد مەجید دەتوانێ چی بۆ گۆڕان بکات.؟
- All Posts