Ako-Ibrahim

ئاکۆ برایم : باشترین سیاسەت لەم شەڕەدا بێ لایەنى و دورە پەرێزى کوردە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەداخەوە جارێکى تر ولەژێرناو و رەنگ و روخسارێکى دیکەدا،بەچکە دیکتاتۆرەکان خەریکن ، عێراق و میللەت و سوپاکەى بەرەو شەڕێکى تایفى وماڵوێرانکار و بێ ئاکام دەبەن. کە دوولایەنى شەڕکەرى دۆڕاو و ، بێ پلان وستراتیژ رابەرایەتى دەکەن ، کە جگە لەقات وقڕى ونەهامەتى و هەتیو کردنى چەندین مناڵ وخاپور بوونى چەندین شارو شارۆچکە هیچ ئاکامێکى دیکەى نابێت ،ئەمەش بەهۆى ئەو دەمارگیرى و هەستە بچوک سەقەت و مەزهەبیەوەسەرچاوەى گرتوە ، کە هەر یەک لە رابەرو سەرکردەى ئەو هێزانە لەهزر وبیرو ئایدیۆلۆژیادا خاڵى خاڵین. تا ئێستاش هەر بەحسابى 1400 لەمەوپێش دەژین .

من گومان دەکەم کە ئەم شەڕە تەشەنە بکات و پریشکى زیاترى لێ ببێتەوە و، زۆر شوێن و جێگاش بگرێتەوە و، ئایندە وپاشەڕۆژى عێراقیش بخاتە مەترسیەوە، چونکە وەک دەزانرێت شەرەِکە شەڕى ئەمڕۆ و دوێنێ نیە و، شەڕێَکى رزگارى وعادیلانەو ئازادیخوازانە نیە، شەڕێکى چارەنووس ساز و یەکلاکەرەوە نیە،بەڵکوشەڕێکە لەنێَوان دوو هێزدا، کە هەردولایان لەلایەن کەسانى هەرزە ونەفام کەم ئەزمون و، دوور ولاخەبەر لەسیاسەت پەیڕەوى دەکەن،هەرچى رق و قین وبوغزێکى هەزاران ساڵەیان هەیە،هەرلەسەردەمى دروستبونى هەستى شیعە گەراییەوە، تا سەردەمى سەدام و چەوساندنەوەى شیعەکان و قەتل و عام و پەراوێزخستنیان،هەموو ئەمانە بونەتە پاشخانێکى باش و ورقێکى ئەستورى شیعە، لەدژى سوننەو، هەموو ئەو تاوان و ناهەقى و زوڵم وزۆرەى کەبەسەریان هاتوە، پێیان وایە سوننە لێى بەرپرسە،بۆیە ئێستا کە حکومەت و دەسەڵات بەدەست زۆرینەى شیعەوەیە،لەهەوڵى ئەوەدان هەرچى زووە تۆڵەى خۆیان بکەنەوە، برینى چەندین ساڵەیان ساڕێژ بکەن ،پێیان وایە هەرچى سوننە بوو ئەوا دەستى بەخوێنى حەسەن و حوسێن سورە و،لەو زوڵمە بەشدارە ئەبێت ئەمڕۆحسابى لەگەڵ بکرێت.. سوننەکانیش (مەبەستم سوننەکانى عەرەبە ئەوانەى بەفیت و پیلانى دەرەکى ئاگرى ئەو شەڕە خۆش دەکەن) وەنەبێت ئەوانیش ژیر و وریا و تێگەیشتووبن،نەخێر ئەوانیش لەگەڵ شیعەکاندا جیاوازیەکى وەهایان نییە، ئەوانیش بەهەمان عەقڵ ولۆژیک بیر دەکەنەوە،لایان ئاساییە بەفەتواو رێنمایى مەلایەکى دوانزە ئیمام، براى شیعە وکەسى هەرە نزیکى خۆیان بکوژن،چونکە سوننە تا ئێستاش پێیان وایە لەسەردەستى شیعە گەورەترین زوڵمیان لێکراوە، ئەگەر هەموو شیعەى سەرزەمینیش جینۆساید بکەن،هێشتا نەیان توانیوە تۆڵەى خوێنى رژاوى حەزرەتى عومەرى کوڕى خەتاب بسەننەوە .

سیاسەتى ئەمڕۆى عێراق و بەغدا هێندەى پایەندە بە مەزهەب وتایفە گەرى و، گوێ رایەڵى ئیمام و مەرجەعەکان،نیو هێندە پابەند نیەبەسیاسەتى دەولى ودیبلۆماسیەت ، هەرگیز دەربەستى ئاشتى وئارامى وسەقامگیرى خۆشگوزەرانى نایەت،پێتان سەیر نەبێت ماوەیەک لەمەوپێش، یەکێک لەمەرجەعە ئاینیەکانى حەوزەى نەجەف،هەستاوە پاسپۆرت وفیزاى بەهەشتى بۆ ئەو چەکدارە شیعانە دروست کردوە ،کە دەچنە سوریا و لەپێناو مانەوەى دەسەڵاتى عەلەوی و ئەسەددا شەڕدەکەن،ئەوموژەدەیان پێدراوە کەئەگەر بکوژرێن ئەوە یەکەو راست وبێ وەستان بەهەشت لەپێشوازیاندایە .

لەم بارودۆخەدا وڵاتانى ئیقلیمیش لەهەموان زیاتر دڵیان بەو رەوشە خۆشە و ،پێیان باشە هەموو سات وکاتێک عێراق ببێتە مەیدانى شەڕو کوشتار و، ململانێ و بەوهۆیەشەوە سیاسەت و باڵا دەستى خۆیان بنوێنن،هەرچى ئێرانە هەموو هەوڵ و فشارەکانى خۆى چڕدەکاتەوە، تا حکومەتەکەى مالیکى ودەسەڵاتى شیعە لەعیرَاقدا بمێنێتەوە.بۆ ئەوەش هەموو موجازەفەیەک دەکات ،چونکە وەک دەزانرێت لەناوچەکەدا خۆرى شیعەگەرایى، چ لەعێراق چ لەسوریا چ لەلوبنان بەرەو ئاواوبون دەچێت،بەمەش تاک باڵ و بێ پشت و پەنا دەمێنێتەوە ، وڵاتانى دیکەش بەتایبەت وڵاتانى کەنداو کە زیاتر سوننە مەزهەبن،ئەوانیش خۆشحاڵن کە رەوشەکە ئاڵۆزتر بێت و، شەڕەکە سەراپاى عێراق بگرێتەوە، چونکە بەهۆیەوە عێراق سەرقاڵى ناوخۆ دەبێت و لەبرى ئەوەى بیر لە هاوکارى و فریاکەوتنى سوریا وئەسەد بکاتەوە،خەریکى تیمارکردنى دەردوبرینى خۆى دەبێت، بەمەش سوریا گەورەترین هاوکارو پشتیوانى لەدەست دەچێت. هەرچى تایبەتیشە بەتورکیا ،ئەویش زۆر خۆشحاڵە لەم بارگرژى ونائارامیە،لەچەندین سەرەوە،لەسەرێک ئێستا نێوانى تورکیا و عێراق زۆر ئاڵۆزە ،لەسەرێکى دیکەوە تورکیا زۆر بەراشکاوى خۆى بەسوننە دەزانێت و بەهەموو شێوەیەک دژى ئیمارەتى شیعەیە ، پەنادانى تارق هاشمى و سازکردن و پشتگیریکردنى لایەن سوننیەکانى ئۆپۆزسیون،چ عێراق وچ سوریا باشترین بەڵگەیە، لەسەرێکى دیکەشەوە ئەم بارگرژى و ناسەقامگیریە،هەل ودەرفەتێکى چاکە بۆ تورکیا تا بتوانێت بە شێوەیەک لەشێوەکان قورسایى وسیاسەتى خۆى لەو ناوچانە چڕبکاتەوە کە بەشێکى زۆری تورکمانى لێ یە و ئێستا لەشەڕەکەوە گلاون ،دوورنیە سبەى رۆژ بەناوى پاراستنى گیان و سەروماڵیان بێتە سەر خەت،بەمەش خەون وخەیاڵ وخۆزگەکانى کورد، لەکەرکوک و دەوربەرى بێ ئاکام دەکات ..

ئەوەى کە تێبینى کراوە و هەستى پێدەکرێَت، کەسانى وەکو مالیکى و دارو دەستەکەى دەخوازن و،هەوڵ دەدەن کە شەڕو ململانێ وناکۆکیەکان، لە ناوچەکانى هێلى تەماسى نێوان کورد و بەغدا چڕبکەنەوە، دەخوازن بەهەرچى شێوەیەک بێت ،کوردیش بکەن بەلایەنێکى شەڕەکە،گرنگ نیە کورد سەر بەشیعە دەبێت یان سوننە،ئەوە گرنگە کورد لەو شەڕەدا بەشداربێت وناوى بێت، ئەگەر کورد چووە پاڵ شیعە،ئەوا مالیکى پاڵپشتێکى باشى بۆدروست دەبێت و نیوەى شەڕەکە دەباتەوە و، لەسەر ئاستى نێو دەوڵەتیش بەبراوە دەژمێردرێت،چونکە وەها رادەگەینێت کە ئەوانەى شەڕیان هەڵگیرساندوە ،کۆنە بەعسى و چەکدارانى قاعیدەن ئەوا کوردیش ئەوەى پێ قبوڵ نیە و شەڕیان لەگەڵ دەکات، خۆ ئەگەر کورد بچێتە پاڵ سوننە ولەدژى مالیکى و سوپاکەى شەڕبکات،کارێکى باش و ئەنجامگیر نابێت،لەبەر ئەوەى بیانو دەداتە دەست مالیکى وعەرەبە شوفینیەکان،تا لەجاران زیاتر بمان چەوسێننەوە و قەتل و عاممان بکەن و، لەهەموو بشکێکى عێراق بێ بەریمان بکەن .

بیرمان نەچێت، نە سوننە نەشیعە نەهیچ مەزهەب ولایەنێک قەت رۆژێک لەرۆژان هاوسۆزو هاوخەمى کورد نەبون،هەمیشە کورد هاوکارو فریاد رەس یان بووە،ئەوانیش بۆ ساتێکیش بیریان لەوە نەکردۆتە کە کوردیش سەدان ساڵە لەپێناو ئازادى و، سەربەخۆى و مانەوەدا بەسەدان هەزار قوربانى داوە و، جۆرەها نەهامەتى وچەرمەسەرى چێشتوە.سەربەخۆى و ئازادى عێراق لەدەستى سەدام کەم تازۆر بەرى رەنج وقوربانى کوردیشى تێدایە. ئەوەتا کەسێکى شوفێنى وقین لەدڵى وەکو سامى عەسکەرى،لەبرى ئەوەى بیر لەچارەسەرى ئاشتى و کۆتایى بکاتەوە،داوابکات کە چیتر خوێن نەڕێژێت. خەمى شەڕو ماڵوێرانى و ئاسەوارە خراپەکانى ئەو شەڕەى نیە،بەڵکو بەر لەهەر شتێک ئەوەدەکاتە مەترسى،کە ئەگەر بێت وشەڕو کوشتارى شیعە وسوننە بەردەوام بێت،ئەوا براوەى یەکەم کورد وپێشمەرگە دەبێت،چونکە ئەوان لەغیابى سوپا دا ئەوناوچانە کۆنتڕۆڵ دەکەن .

چاکترە کوردسیاسیەتێکى حەکیمانەى هەبێت و بەوریایى و دورلە هەموو بیرو بۆچونێکى مەزهەبى وتایفى و وعاتیفى و پاوانخوزاى لەو شەڕە و دەرئەنجامەکانى بڕوانێت، بەفیت و بەڵێن وقسەى دەوڵەتان فریو نەخوات و نەبێتە داشێکى ئەو شەڕە دۆڕاوە. چونکە شەڕەکە شەڕى کورد نیە، هەرلایەک بیباتەوە ،یان شکست بێنێت کورد هیچى لێ دەست ناکەوێت، ئەوەى کەپێویستە لەسەر کورد و سیاسیەکان ئەوەیە ،کە لەو هەل ودەرفەتە سود وەربگرن، لەگەڵ سەرۆک خێڵ وعەشایر و لایەنە چەکدارەکاندا کفتوگۆو وتوێژ بکەن دڵنیایان بکەنەوە، کە ئەوان دوورو ونزیک نابنە لایەن لەوشەڕانەدا و،پێویستە ئەوانیش ژیان وماڵ و گیانى ئەو کوردانەى لەو ناوچانەدا دەژین ،کەئێستا شەڕیان تێدایە بپارێزن. باشتریشە هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى کورد ،بەتەنگ سەلامەتى گیانى کوردەکانەوە بن و،لەهەر پەلامار و دەست درێژى و زوڵمێک بیان پارێزن،چونکە پاراستنى گیانى مناڵێک و سەلامەتى ژیانى خێزانێکى کوردلەو شوێنانە لاى من لەهەموو حەویجە و ریاز وسەلمان پاک گرنگترە .

2,023 جار بینــراوە  لەڕەهێڵپۆست .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت