دکتۆر ئەحمەد میراودەلی: ئافرەت لە روانگەی ئاینە ئاسمانییەکانەوە. بەشی دەهەم و کۆتایی
ئافرەت لە روانگەی ئیسلامەوە
بۆ سەردەمێکی زۆر دوورودرێژ، نیوەدوورگەی عارەبی پەراوێز بوو، جگە لە دەوروبەری چەند گۆلەئاوێک، تەنها خێڵە ” بەدەوی” یە وشتروانەکان کە بەدوای لەوەڕگەی وشترەکانیاندا دەگەڕان دەیانتوانی لێی بژین . ئەوجا لەبەر ئەوەی هەتا سەردەمێکی دوای هاتنی ئیسلامیش نووسینیان نەبوو، مێژووی ناوچەکە پێش هاتنی ئیسلام دیار نییە . وەلێ لە رێگەی ئەفسانە و چێرۆکە دەماودەم داکەوتووەکانەوە ، شارەزایانی مێژوو و ئەنسرۆپۆلۆجی وێنەیەکی کۆمەڵگەی پێش ئیسلامی ناوچەکەیان بۆ کێشاوین . بە بڕوای ئەوان ، کۆمەڵگەکە ماتریلینی بووە ، وەلێ پیاو تێیدا باڵادەستتر بووە و لە ئاستی رامیاریشدا هاوتا نەبوون . هەریەک لە خێڵەکان سەربەخۆبوون و سەرجەم ئەندامانی خێڵ پێکەوە کاریان کردووە و بڕیاریان داوە ، سەرکردە ” شێخ و سەیید” یان هەڵبژاردووە کە سەرۆکاێتی شەڕ و پێکدادانە هەمیشەیی و نەبڕاوەکانیان بکات . ئافرەتانی ئەو کۆمەڵگەیە بەشداری هێرشە تاڵانکارییەکانیان کردووە و لەو کاتانەشدا پیاوەکانیان دوور بوون لە ماڵ ، ئیشوکاری خێڵیان بەڕێوە بردوە . بە بڕوای کۆمەڵناسان ، هەرچەندە ئافرەتی کۆمەڵگەکە ژێردەستە بوون ، وەلێ رێزیشیان لێ گیراوە ، بەشدارییان لە بڕیارەکانی خێڵدا کردووە ، هۆزانڤانی باشیان تێدا هەڵکەوتووە ، زۆرجاریش هەڵسەنگێنەری پێشبڕکێی هۆزان بوون کە بابەتی کاتبەسەربردنی خێڵ بووە . خێڵەکان ئیندۆگەم بوون – بەواتای هاوسەرگیرییان لەناو خێڵی خۆیاندا ئەنجام داوە ، بەڵام هەردوک لایەنی مێ و نێر، فرە هاوسەر بوون ، بەواتای ئەوەی ئافرەتیش وەک پیاو بۆی هەبووە زیاد لە مێردێکی هەبێت . ئافرەت ژنی هەرکەسێک بووبێت منداڵەکانی منداڵی خێڵ بوون . سێکس فرۆشتنیش لەلایان کارێکی ئاسایی بووە .
وادیارە باشووری نیوەدوورگەی عارەبستان ، جیاواز بووبێت ، شارستانێتێکی تایبەتی لەسەر بنەمای کشتوکاڵ تێیدا سەری هەڵدابێت و بازرگانییان لە رێی دەریاوە لەگەڵ دەرەوەدا کردبێت . هێندێک ئاسەواری ئەو شارستێنە هەتا ئێستاش ماون . ناوی زۆرێک لەوانەی سەردەمی کۆنی ناوچەکە لە رێگەی تێستامێنتی کۆنەوە بۆمان بەجێماون ، ئافرەتانن ، ئافرەتانی ؛ وەک بەلقیس ، شیبا ، زێنووبیا و ………… هتد .
وا بڕوادەکرێت ، کە عارەبستان زۆر کات لە لایەن شاژنانەوە بەڕێوە برابێت کە رەنگە قەشەی ئاینە ناوچەییەکان بوبن ، بەڵام بەدەوییەکان هیچیان نەنووسیبێتەوە . لەدوای سەتەی چوارهەمی سەردەمیشەوە ئافرەتانی ناوچەکە لە هیچ شوێنێکدا ناویان نەهاتووە . لەوەدەچێت کاتێک سکۆلارە موسوڵمانەکان کە دواتر بەڵگەنامەکانیان پوخت کردۆتەوە ، هەرچی پێوەندیی بە ئافرەتەوە بووبێت ، دەریانهاویشتبێت ، چوونکە ئەوان سەردەمی پێش ئیسلام بە سەردەمی نەزانی/ جاهیلی ، دادەنێن . هێندێک زانیاری سەردەمێکی پێش ئیسلامیش لە رێگەی گوتەی هاوسەرەکانی نامەبەری ئیسلام ” محەممەد” ەوە زانراوە و نەسڕدراونەتەوە ، ئەویش لەبەر ئەوەی رێزێکی تایبەتییان هەیە لە ناو ئیسلامدا. بەتایبەتیش عائیشە کە ، وادیارە خۆشەویستترین هاوسەری پەیام بەری ئیسلام بووە . لە زاری عائیشەوە پێمان گەیشتووە کە چوار جۆر هاوسەرگیری هەبووە ، دوانیان فرە هاوسەری بوون کە تێیدا هەردووک لا، پیاو و ئافرەت زیاتر لە یەک هاوسەریان هەبووە . هەر لایەنێکیش بۆی هەبووە کۆتایی بە هاوسەرگیرییەکەیان بهێنێت : ئەگەر ئافرەتەکە ویستبێتی کۆتایی بە هاوسەرییەکە بهێنێت چاوەڕێی کردووە هەتا پیاوەکە لەماڵ دەرچووە و ئەوجا رووی خێوەتەکەی کردۆتە لایەکی دیکە ، کە پیاوەکەش گەڕاوەتەوە و دەرگاکەی لێ گۆڕدراوە ، نەچۆتە ژوورێ و زانیوێتی تەڵاقدراوە . وادیارە هەتا سەتەی حەوتەمیش ئافرەت رێزی هەبووبێت بەڵام لەوێ بەدواوە بەشداری بڕیاری خێڵیان نەکردووە . ……… مێرلن فڕێنچ بەرگی یەکەم ل 247
پێش هاتنی ئیسلام ، مەککە لەلایەن خێڵی قوڕەیشەوە کە خێڵە گەورەی ناوچەکەبووە حوکمڕانی کراوە . نێوەندی بڕیاردانیش کۆمەڵێک راوێژکاری پیاو بوون ، پیاوی قوڕەیش پێش هاتنی ئیسلام رێگەی رادەربڕینی لە ئافرەتان زەوتکرد بوو ، هەر لەو سەردەمەشدا هاوسەرگیری خزمی نزیک لە نێوان ” ئامۆزا و پوورزا و خاڵۆزا ” کاندا سەری هەڵداوە بۆ ئەوەی سامان لەناو خێزاندا بهێڵێتەوە . خێڵ ملی بەرەو پاتریلینی ناوە و دواتریش بەرەو پیاوسالاری ، لێرەوە دەردەکەوێت کە پێش هاتنی ئیسلام پیاوسالاری بەڕێوە بووە .
پەیامبەری ئیسلام ، محەممەد ؛ لەسەردەمی گۆڕانکاریێکی گەورەی ناوچەکەدا لە دایک بووە ، بەشێک لە خێڵەکان دەستبەرداری ژیانی رەوەندی ببوون و لەسەرەتای دامرکان و پێکهێنانی شارستێنی و بازرگانیدا بوون ، لەو سەردەمەی نیوەدوورگەی عارەبیدا ، مەککە و یەثروب ” مەدینەی ئێستا ” گەورەترین شاری نیوە دوورگەکە بوون .
لە بنەمادا کۆمەڵگەی خێڵەکی دیمۆکڕاتیترە لە کۆمەڵگەی شارستێن ، لەبەر ئەوەی خاوەنداریێتی لە کۆمەڵکەی یەکەمدا خاوەنداریێتی گشتییە ، وەلێ لە کۆمەڵگەی شارستێندا ئەو جۆرە خاوەنداریێتیە ناچێتە سەر.
پیاوانی شاری مەککە فرە هاوسەر بوون ، وەلێ ئافرەتانیان بەزۆری تاک هاوسەر بوون ، بەڵام هێشتان ئافرەتانی مەککە ، میراتگر بوون ، خاوەنی مڵکاێتی بوون و بازرگانیشیان کردووە . لە مەدینە ئافرەتان لە بواری سیکسوالێتیدا تەواو ئازاد بوون . بەڵام کۆمەڵگەکە بەرەو پیاوسالاری بەڕێوە بوو : هێندێک لە خێڵەکان کچە نەویستەکانیان زیندەبەچاڵ کردووە ، زۆر پیاویش ژنیان داگیر کردووە ، وەلێ زۆربەی پیاو هاوسەرەکانیان کڕیوە . لەو سەردەمەدا لە مەدینە ئافرەت ، دەکڕدرا و دەفرۆشرا .
محەممەد: لە پەلێکی بچووکی قوڕەیش لە دەورووبەری ساڵی 570 ی پێش سەردەم لەدایک بووە . لەسەردەمی لاویێتییدا ، کاری بازرگانی لەنێوان مەککە و سوریادا بۆ ئافرەتێکی دەوڵەمەند” خەدیجە” کردووە . وەک دەردەکەوێت خەدیجە بۆخۆی راستەوخۆ داوای هاوسەرگیری لە محممەد کردووە . هەتا خەدیجەش لەژیاندا بووە پێغەمبەر، ژنی بەسەر نەهێناوە و دوای مردنیشی هەر رێزی لای ماوە .
وەک چۆن لە مەسیحاێتییدا ئافرەتان پێشەنگ و پشتگیری بڵاوکردنەوەی ئاینەکەبوون . لە ئسلامیشدا ، ئافرەتان بەتایبەتیش خەدیجە جێگەیەکی دیاری هەیە ، خەدیجە پشتگیری پێغەمبەری کرد و هەموو سامانی خۆی خستە خزمەتی ئاینەکەوە ، خۆ لەوانەبوو ئەگەر خەدیجە ئەو پشتگیرییەی محەممەدی نەکردایە ، ئیسلام نەکەوتایەتە سەرپێ . وەلێ بەداخەوە وەک دەبینین، ئیسلامیش هەر وەک مەسیحاێتی پاداشتی ئافرەتی داوەتەوە . لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئاینەکەدا بەزۆری ئافرەتان پەژراندوویانە ، یەکەمین کەس خەدیجە بوو ، دووهەم کەس عەلی زاوای بوو ، ئەوجا پوورەکانی ” سەفیە ، عەتیکە ، عەڕوە ” لەگەڵ هەموو ناحەزیەکانی پیاوەکانی ناو خێڵەکەی خۆی بێ باکانە پشتگیرییان کردووە . رەملە” ام حەبیبە ” کە یەکێک لەوانەبوو زوو بڕوای هێنا ، بەدڵسۆزی بۆ پێغەمبەر مایەوە و دواتریش شووی پێکردوە لەگەڵ ئەوەشدا کە ” ئەبوو سوفیان ” ی باوکی سەرکرداێتی بەرەی دژاێتی پێغەمبەری دەکرد . سۆدەی کچی قوڕەیز، عوسمانی هێنایە سەر ئاینەکە ، فاتیمەش ، عومەری برای ” عومەر بن الخەتتاب ” ی کردە موسڵمان ، ئەو پیاوانەی بوونە هاوەڵی پێغەمبەر و سەرکردەی ئیسلام دوای مردنی پێغەمبەر . زۆر ئافرەتی مەدینەش بەبێ مێردەکانیان بوونە ئیسلام ، ئافرەتی وەک ” ئوم سولەیم” کە بەشداری شەڕی” ئوحود و حونەین” ی کردووە و شووی بە” ئەبوو تەڵحە” نەکردووە هەتا نەبووەتە ئیسلام . ………. Stern, Gertrude p – 290 – 305
خۆ ژیانی” ئوم کەلسووم ” یش چیرۆکێکە بۆخۆی ، وێ یەکەم ئافرەتێکی لاوی خوێندەواری قوڕەیش بوو کە لەگەڵ محەممەد کۆچی کردووە بۆ مەدینە و دواتر یەک لە دوای یەک شووی بە چوار هاوەڵی پێغەمبەر کردووە .
جوولەکاێتی و مەسیحاێتی دوو ئاینی تاکپەرست و ناسراو و بڵاو بوون لە عارەبستان ، محەممەدیش رێزی هەبوو بۆیان . پێغەمبەری ئیسلامیش نەریتی فرە خواپەرستی عارەبی گۆڕی بە تاک پەرستی عارەبی . ئەڵڵا – اڵڵا ، ناوی خودایەکی تایبەت نییە ، بەڵام لە زمانی عارەبیدا واتایەکە بۆ’ ‘ خودا ” ئیسلام مانای ” ملکەچی بۆ خودا/ ئەڵڵا” و رەتکردنەوەی هەموو خوداکانی دیکەیە . محەممەد ناوی ئیسلامی بۆ هەموو تاکپەرستەکان – ئیبڕاهیم ، لۆت ، عیسا و هاوەڵانی و مووسا ، بەکارهێناوە و زۆریشی لە مەسیحاێتی و جوولەکاێتییەوە وەرگرتووە . بەلای وییەوە ، تەوڕات و ئینجیل ، لەلای خوداوە نێردراون ، ئەو بەمەسیحاێتی و چوولەکاێتی گوتووە ” ئاینی کتێب” و ئەوانەی دواشیان کەوتوون” خەڵکی کتێب”
ئیسلامیش وەک هەردووک ئاینی مەسیحاێتی و جوولەکاێتی بڕوای بە ؛ لێپرسینەوەی ئەوەدنیا ، راستبوونەوەی جەستە دوای مردن و هەبوونی فریشتە هەیە. وەک ئەوانیش دژی گزی سێکسی/ زینا بووە و ئەوەشی گوتۆتەوە کە سەر راستی و ئاگاداری هەژارانیش لەوەدنیا پاداشتی هەیە . ئەو گوتووێتی ، عیسا پەیامبەر بووە نەک خودا . بەڵام ئیسلامیش وەک مەسیحاێتی، یونیڤێرساڵ و توندڕۆ بووە لە وەرگێڕانی خەڵکدا .
لەوەدەچێت لەسەرەتاوە ، محەممەد بەنیازی داهێنانی ئاینێکی نوێ نەبووبێت ، بەڵکو زیاتر لەوە دەچێت بەنیازی داڕشتنی مۆڕاڵێک بوبێت بۆ عارەب . ئەو لەسەرەتاوە نامەیەکی سادەی گەیاند و گوتی تەنها یەک خودا هەیە و بڕوا و سەرڕاستی مۆڕاڵی شتێکی باشن ، دەستگیری و پارە خۆشویستن ناشرینن ، لە لێپرسینەوەی ئاسمانیش رزگارمان نابێت . لە هەمان کاتیشدا نەریتێکی پەرستنی داڕشت کە بریتیی بوو لە ، نوێژ ، رۆژوو ، سەردانی مەککە/ حەج . هەتا ئێرە کێشەی لەگەڵ قوڕەیشییەکاندا نەبوو، کێشە لەوێوە دەستی پێکرد کە هێرشی کردە سەر مۆڕاڵی قوڕەیشییەکان و بازرگانە دەوڵەمەدەکانی قوڕەیشی لەخۆی ورووژاند . پێغەمبەر؛ بە چەند ئایەتێک دوورەپەرێزیی لە پەرستنی سێ مێینە خوداکانی قوڕەیش ، کچەکانی خودا ” ئەللات ، مەنات و ئەل – عوززە” راگەیاند . ئیدی لەو کاتەوە کە پێغەمبەر کچەکانی خودای رەتکردەوە و گوتی ” ئەگەر پیاوان بتوانن کوڕیان هەبێت ، بۆ دەبێت خودا کچی هەبێت ؟ بوو بە دووژمنی خێڵی قوڕەیش ، ئەویش نەک لەبەر رێزگرتنی خێڵی قوڕەیش لە ئافرەت ، بەڵکو لەبەر رەتکردنەوەی خوداکانیان– رەتکردنەوەی مێیە خودا .
دوای مردنی” ئەبو تالیب” ی مام و پارێزەری ، محەممەد ، پەنای بردە بەر خەڵکی مەدینە/ یەسروب . ئەویش پاش بینینی سێ کەس ؛ پیاوێک و دوو ئافرەت ” ئوم عومارە و ئوم مانی” سوێندی دان کە پشتگیری بکەن ، بەڵام بەڵێنی پشتگیری سەربازیشی لە پیاوەکە وەرگرت . شاری مەدینە لە بنەڕەتەوە شاری عارەبە جووەکان بووە و دواتر، ژمارەیەکی عارەبی پۆلیسیەست/ فرەخواناس روویان تێکردووە . لەسەردەمی گەیشتنی پێغەمبەردا ، لە سەر دەسەڵات پێکدادان لە نێو دوو تیرەدا لە ئاردابوو . لایەنی سیکیولاری شارەکە پێغەمبەریان وەک نێوبژیوانێک پەسەند کردووە، نەک وەک سەرکردەیەکی ئاینی . بەڵام پێغەمبەر هەر کە جێگەی خۆی توند کردووە ، رێبازی سیاسی خۆی گۆڕیوە . ئەو رێوجێ و یاسایانەی لەوێ دایڕشتن ، دواتر بوون بە بەشێک لە قوڕئان . دەسەڵات بووە سیۆکڕاسی ئیسلام ، ئەویش وەک پاپا کاسۆلیکەکانی هاوچەرخی ، پشتی بە هێزی میلیتاری بەست . بە پێچەوانەی میلیتاریزمی مەسیحاێتییەوە کە پێچەوانەی فیلۆسۆفیاکەیەتی و ئاین و دەوڵەت لێک جیادەکاتەوە . میلیتاریزمی ئیسلام ، فیلۆسۆفیای ئاینەکە دەسەپێنێت . ئەوەبوو پێش مردنی خۆی، دەوڵەتێکی ئیسلامی دامەزراند و بە گەیشتنی ساڵی 632 ی سەردەم، زۆربەی نیوەدوورگەی عارەبی بە حوکمی شیر . کرایە ئیسلام .
هەرچەندە لە ناو ئایەتەکانی قوڕئان و شەریعەی ئیسلامیشدا جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەرک و مافی نێر و مێدا دەبینرێت و بەلای پیاودا دایدەشکێنێت هەتا دەگاتە بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت و لێدانیان” لەسەر نەسیحەت” !! بەڵام ژیاننامەی خودی پێغەمبەر ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر ئافرەت تێدا بەدی ناکرێت و هاتنی ئافرەتان بۆ سەر ئاینی ئیسلام بەلای پێغەمبەرەوە زۆر گرنگ بووە، ئیسلامبوونی هیچ ئافرەتێکیشی رەت نەکردۆتەوە ، لەسەر ئافرەتیش لە سەرەتاوە ، محەممەد، پەیمانی لەگەڵ قوڕەیشییەکاندا شکاندووە . وەلێ دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر، پیاوە ئیسلامەکان لەناوخۆیاندا مشتومڕی ئەوەیان بووە ، ئایا پێغەمبەر دەستی ئافرەتی گرتووە و لەناو هەمان جامی ئاودا دەستی لەگەڵ شوشتوون ، وەک لەگەڵ پیاودا کردوێتی؟ ئەو جۆرە مشتومڕە ئەوە دەردەخات کە ، یان هەڵسوکەوتی پیاوان دوای پێغەمبەر بەرامبەر ئافرەتان گۆڕاوە ، یان پێغەمبەر زیاتر لە ئەندامانی خێڵەکەی ئافرەتی قبووڵ بوە .
ئافرەتان بەشدایی هەموو شەڕەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلامیان کردووە . لە شەڕی” ئوحود” دا عائیشە ی ژنی پێغەمبەر ، ئاوی بردووە بۆ شەڕکەرەکان ، ئافرەتانی ئیسلام کراسیان تا سەرو قولەپێیان هەڵکردووە و بریندار و مردووەکانیان لە گۆڕەپانی شەڕدا گواستۆتەوە ، لە شەڕەکاندا هێندێک ئافرەت مێردەکانیان سوێن داون کە رانەکەن و هەتا مردن بجەنگێن . ئوم عومەرە ، هەمیشە لەگەڵ مێرد و کوڕەکانیدا چۆتە شەڕەوە و زۆر جاریش بریندار کراوە و لە شەڕی” عەقەبە” شدا دەستێکی لەدەست داوە . ئوم حەکیمی تازە بووک لە شەڕی ” مەرج ئەل سەففار ” دا کە دەبیستێ مێردەکەی کوژراوە ، کۆڵەکەی خێوەتێک دەگرێتە دەست و حەوت سەربازی بیزەنتی دەکووژێت . وەلێ بەداخەوە کە ئیسلامی ئەمڕۆ باسی نەبەردی ئەو ئافرەتە موسوڵمانانە ناکات و هەمووی پەردەپۆش کردووە .
ئافرەتیش هەبوون دژی ئیسلام جەنگاون ، زۆر ئافرەتی هۆزانڤانیش دژی بیروڕای پێغەمبەر وەستاونەوە و گاڵتەیان پێ کردووە ، پێغەمبەر زۆر لە دەمی” ئەسما بنت مەڕوان” ترساوە ، زۆریشی پێ خۆشبووە کە کوشتوویانە . هیندی کچی عوتبە” هیند بنت عوتبە” ش ئافرەتێکی رێزداری قوڕەیش بووە کە شووی بە ” ئەبو سوفیان ” ی سەرکردەی سوپای قوڕەیش کردبوو، لەشەڕی بەدردا ، باب و براو مامی دەکوژرێن ، ئیدی داوای تۆڵە دەکات . ئەو ئافرەتە ساڵی 625 یەکێک بووە لەو 25 ئافرەتەی لە شەڕی ئوحود دا، بەگۆرانی گوتن و سەماکردنەوە سەرکرداێتی لەشکری کردووە . کاتێکیش هەمزەی مامی پێغەمبەر دەکوژرێت ، پەلاماری دەدات و سنگی هەڵدەدڕێت ، جگەری دەردێنێت و گازی لێ دەگرێت .
وادیارە نەریتی ئەو سەردەمە، هێندێک ئازادی رادەربڕین و هەڵسوکەوتی بە ئافرەتی ئازاد دابێت، وەلێ ئافرەتی کۆیلە بۆی نەبووە بەبێ بڕیاری خاوەنەکەی وەرگەڕێتە سەر ئاینێکی دیکە. یەکەمین شەهیدی ئیسلامیش ئافرەتێکی کۆیلە” سومەییە بنت خوببات” بووە کە خاوەنەکەی ئەشکەنجەی داوە هەتا کوشتووێتی بۆ ئەوەی واز لە ئاینە نوێکەی” ئیسلام” بهێنێت. جگە لە کۆیلەکان، ئافرەتی ئازادیش لەسەر ئاینەکە ئەشکەنجە دراون. هەرچەندە ئەو دەنگوباسەی سەرەوە دەربارەی ئافرەتان لە سەرچاوەی بڕواپێکراوەوە دا نەکەوتوون، بەڵام جەماوەریێتی سەرگورشتەکان ئازاێتی ئافرەتانی ئەو سەردەمەی ناوچەکە دەردەخات.
هەتا خەدیجە لەژیاندابوو، پێغەمبەر” مۆنۆگەم” بوو- بەواتای تەنها یەک هاوسەری هەبوو کە خەدیجە بوو، بەڵام دوای مردنی خەدیجە، پێغەمبەر جاڕی فرەهاوسەری پیاوی دا” یەک، دوو، سێ، چوار و – او ماملکت ایمانکم” بەڵام بۆخۆی بە چوار ژنیشەوە نەوەستا، لە راستیدا هەتا ئێستاش روون نییە کە پێغەمبەر چەند ژنی هێناوە، لەبەر ئەوە شارەزاکان لەو بڕوایەدان کە خەدیجە پەیمانی تاک هاوسەری لەگەڵ پێغەمبەردا بەستبێت. هەنگاوێکی دیکەی پێغەمبەری ئیسلام نای دژی مافی ئافرەت، یاساخکردنی هاوسەرگیری نێوان موسوڵمان و نا موسوڵمانە، ئەوەش لە خۆیدا جۆرێکە لە سەندنەوەی ئازادی هاوسەرگیریی. ئیسلام لە سەردەمی ژیانی پێغەمبەرەکەیدا کەمتر” میسۆجێنیست” بەواتای کەمتر رقی لە ئافرەت بووە، وەک دوای پێغەمبەرەکەی. بەڵام پێغەمبەریش کاریگەریی میسۆجێنی کولتووری سەردەمەکەی خۆی لەسەر بووە.
هەرچەندە ئاینی ئیسلام وەک مەسیحاێتی، بەتایبەتیش باڵی کاسۆلیک، هێڕاڕکی/ دەسەڵات لەسەروە بۆ خواروە، نییە، بەڵام، ئیمام و خەتیب و مەلاکان بەشێوەیەکی گشتی پلە و رێزێکی تایبەتییان هەیە. لە سەردەمی پێغەمبەریشدا تەنها دوو ئافرەت، پێشنوێژییان کردووە” ئوم سەلامە، پێشنوێژی ئافرەتانی کردووە، وەلێ ئوم وەرەقە پێشنوێژی خێزانی خۆی بە پیاوەکانیشەوە کردووە” لەیلا ئەحمەد: شارەزای ئیسلام، لەو بڕوایەدایە کە پێغەمبەر، دوای شەڕی ئوحود کە، دەرگای مەککەی بۆ کردەوە و ئافرەتانیش رۆڵێکی گەوریان تێیدا بینییوە، بەرەو سنووردارکردنی ئافرەتان رۆیشتبێت، ئەویش لە ئەنجامی ئێرەبەرێیی بووبێت پێیان، بەتایبەتیش بە عائیشەی هاوسەری کە گوتار و کرداری وەک یەک ئازاد بوون. ……. مێرلین فڕێنچ بەرگی یەکەم ل 258
کارێکی دیکە کە لەسەردەمی پیریدا پاڵی بە پێغەمبەورەوە ناوە، ئافرەت سنووردار بکات، دەست تێکەڵکردن بووە لە کاتی نانخواردندا. لەو سەردەمەدا کە لەناو عارەبدا میوان و خانەخوێ پێکەوە نانیان خواردووە، رێی تێدەچێ لە خوانێکی وەهادا، دەستی میوان بەر دەستی خانەخوێ بکەوێت، لەوانەیە دەستی عائیشە بەر دەستی عومەر کەوتبێت. بەلام ” نادیە ئاببۆت” کە شارەزاێکی دیکەی ئیسلامە، لەو بڕوایەدایە کە کرداری پێغەمبەر بەرامبەر ئافرەتان، دوای مارەبڕینی لەگەڵ ژنە تەڵاقدراوەکەی زەیدی کوڕی خۆی” زەینەب بنت جەحش” وە دەستی پێکردووە. وێ لەو بڕوایەدایە کە هەستی تاوانباری پاڵی پێوەناوە نەک ئێرەبەرەیی.
لە مێژووی ئیسلامدا دیارە کە” عومەری کوڕی خەتتاب” کاریگەریی لەسەر پێغەمبەر هەبوە، عومەریش زۆر توندوتیژ بووە لەگەڵ ئافرەتاندا و لە ژنەکانی خۆی داوە و گوایە عومەر داوای لە پێغەمبەر کردووە کە ژنەکانی پەچە/ پەرچە پۆش بکات و لە حەرەمی ماڵدا توندیان بکات. لەسەرەتاوە تەنها ژنەکانی پێغەمبەر پەرچەیان پۆشیوە، وەلێ دواتر بوو بە نەریتێکی ئیسلام.
لەبنەمادا؛ پەرچەپۆشین * لە داهێنانی خودی ئیسلام نییە، نزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش ئیسلام، لەناو ئاسوورییەکاندا باو بووە، لە ئیمپڕاتۆریای ئاسووریدا، ئافرەتی رێزدار لە دەرەوەی ماڵ، پەرچەی پۆشیوە. یەکەمین پۆشاکێک سەرتاپای ئافرەتی داپۆشیوە، لە شاری” زەنوبیا” لەسووریای ئێستا هاتۆتە ئاراوە. پەرچە پۆشین لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریاکانی، رۆم، بیزانتین و ئێرانیشدا هەبووە.
سەپاندنی پەرچە” پەرچە و عەبا” دەستتێوەردانی پیاوسالارییە لە ئاین و کولتوور و مێژووش، هەر ئەو دەستتێوەردانەش بوو دواتر شێوەی پۆشاکی بۆ ئافرەتان لە هەموو دنیای ئیسلامدا داڕشت. بۆ نەگبەتیش لەبەر ئەوەی لە گۆمەڵگە ئیسلامیە کۆنەخوزەکاندا؛ ئافرەت، بووەتە سیمبۆڵی” شەرف” ی خێزان، پەرجە پۆشین بەپێی شەریعە سەپێندراوە. هەڵسوکەوت و پۆشاک و دەرکەوتنی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا هەتا ئێستاش لە شەریعەدا مشتومڕی لەسەرە. زاراوەی” حیجاب” کە مانای – نەدیکەر/ پەردە، دەبەخشێت، حەوت جاران لە قوڕئاندا هاتووە، بەڵام تەنها یەک جاریان بۆ ئافرەت بەکارهێنراوە و ئەویش تەنها مەبەستی ژنەکانی پێغەمبەرە. ( یاایوها اللذین امنوا لا تدخولوا بیوت النبی ……… واذا سالتموهن متاعا فسئلوهن من وراء حجاب …… هتد) سوڕەتی ” الاحزاب” ئایەتی 53
ئەم ئایەتە ئایبەتە بە هاوسەرکانی پێغەمبەر و گشتگیرنییە. ئەمە هەوڵێک بووە لەلای محەممەدەوە، سەربەخۆییەک بۆ خێزانەکەی دابین بکات، بەڵام نەشی ویستووە لە خەڵکەکە دوورکەوێتەوە.
قوڕئان شێوەیەک سەنگینی بۆ نێر و مێ تێدایە، لە” سوورەت” ی ” النور” ئایەتی 30 و31 دا، باسی سەردانەواندن و خۆڕاگرتن دەکات، باسی ئەوەدەکات کە ئافرەت نابێت خشڵ وجوانی خۆی جگە لەبەدردەم خزمی زۆر نزیکی دەرخات، دەبێت بەسەرپۆشەکانیان سینەشیان داپۆشن، هەروەها لە سووڕتی” الاحزاب” ئایەتی 59 دا، باسی خۆداپۆشینی ژنەکانی پیغەمبەر و ئافرەتی موسوڵمان دەکات. Islam, History, Faith, and Politics, p 256
ئەو جۆرە خۆداپۆشینەی لە قوڕئاندا هاتووە بووەتە هۆکاری داهێنانی جلوبەرگی سەیر و سەمەرە و لە زۆر کۆمەڵگەدا ئافرەت وا پێچراوەتەوە کونی چاویشی نابینی. نێر و مێ لە یەکدی دوور خراونەوە، لە قوڕئاندا جیاوازیی و ناڕەوایی بەرامبەر بە ئافرەت بە ئاشکرا دیارە و هەستی پێ دەکرێت. بەڵام قوڕئان هیچ رەواییەکی بە جیاکردنەوەی نێر و مێ نەداوە کە ئێستا لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکاندا پیادە دەکرێت.
هەر زوو دوای دوورخستنەوەی هاوسەرەکانی خۆی لە پیاوانی کۆمەڵگەکەی، محەممەد، مزگەوتی لە ئافرەتی عوزردار یاساخ کردووە، ئەوجا نوێژیشی لە ئافرەتی بەعوزر یاساخ کرد و وردە وردە هەڵسوکەوتی تایبەتی بۆ ئافرەت داڕشتووە، وەک ئەوەی کە نابێت لە کاتی نوێژدا سەریان پێش ئیمام بەرزبکەنەوە، دەبی لەپێش پیاوانەوە لە مزگەوت دەرچن، لەکاتی نوێژدا دەبێ وا خۆیان بپێچنەوە کە هیچ شوێنێکیان دیار نەبێت. هەرچەندە لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی ئاینەکەدا، محەممەد؛ هەتا ئاستێک نەرم بووە لەگەڵ ئافرەتاندا، وەلێ کە پێگەی ئاینەکەی توند بووە، ئەویش پشتی تێکردوون و هەموو ئەوەی لەبیر کردووە کە ئافرەتان لە پێناو ئاینەکەیدا کردویانە. محەممەد گوتووێتی؛ هیچ باشەیەک لە کۆبوونەوەی ئافرەتان، جگە لە مزگەوت و پرسەدا، ناێتەدی. هەروەها زۆر جاران دووپاتی کردۆتەوە کە( زۆر پیاوی بێ خەوش هەن، بەڵام جگە لە مریەمی کچی عیمڕان، دایکی عیسا و کچەکەی فیرعەون کە مووسای رزگارکرد” هیچ ئافرەتێکی دیکەی بێ خەوش نییە.) کاتێکیش دەبیستێت ئافرەتێک پادشاێتی ئێران دەکات دەڵێت” ئەو کەسانەی ئافرەتێک دەکەنە بەڕێوەبەری خۆیان، یان بەدبەختن یان پێنەگەیشتوون” ………………. فڕێنچ بەرگی یەکەم ل 260
لەگەڵ ئەوەشدا کە پێغەمبەر، نیوەی میراتی نێرینەی بۆ ئافرەت بڕیوەتەوە و کارێکە ئیسلام شانازی پێوە دەکات، بەڵام شووکردنەوەی هاوسەرەکانی دوای مردنی خۆی یاساخ کردووە، هەمو سامانی کە هەیبووە کردوێتییە خێر و هیچی بۆ هاوسەرەکانی بەجێ نەهێشتووە.
هاوسەرەکانی، بە پەرچە پۆشی، سنووردارکراو، بێ شووکردنەوە و بە نابوتی، بەجێ هێشتووە. ئەبووبەکر؛ نەیهێشتووە فاتیمەی کچی پێغەمبەر هیچ میراتێکی باوکی دەستکەوێت.
ئیسلام ، دوای پێغەمبەرەکەی
بە نزیکەی سی ساڵان دوای مردنی پێغەمبەری ئیسلام، خەلیفەکانی کە. بە” خولەفای راشیدین” ناسراون، بە شەڕوشۆڕ، هەموو رۆژهەڵاتی نێوینیان داگیر کرد. لەو شەڕانەدا، ئافرەتان دەستێکی باڵایان هەبووە، هێندێکیان سەرکرداێتی هێز و باوەڕی” نوێ” یان کردووە دژی ئیسلام، ئیسلام ئەوانەی بە” پەیامبەری درۆزن false prophets ” ناوبردووە.
زۆر سەرەک خێڵ بەهۆی خودی پێغەمبەرەوە لەدەوری ئیسلام کۆبووبوونەوە، کە پێغەمبەریش مردووە، پاشگەز بوونەوە، بۆ نموونە خێڵی” تامیم” لەسەر ئیسلام بوونە دوو بەش، بەشێکیان خۆیان لە ئیسلام دابڕی کە ” سەجای کچی ئەوس/ سجا بنت اوس” سەرکرداێتی دەکردن، سەجا بەخۆی و لەشکریەوە رووی کردە” یەمامە” کە ئاینێکی دیکەی دژی ئیسلام” ڕەب ئەلسەڕاب/ رب ال سراب” تێیدا بڵاو بوو، ئافرەتێکی دیکەی دژی ئیسلام جەنگاوە” سەلمای کچی مالیک” بووە، وێ شەڕکەرێکی لەشکرەکەی دایکی بووە، بەڵام کە لەشکرەکەیان شکاوە، ئیسلام دایکی سەلمای زۆر بە شێوەیەکی ناشیرین کوشتووە و سەلماش کراوەتە کۆیلەی عائیشەی هاوسەری پێغەمبەر. دواتر شووی بە خزمێکی پێغەمبەر کردووە. بەڵام سەلما، کوشتنی دایکی لەبیر نەچووە و لەبیری تۆڵەکردنەوەدا بووە، کاتێک مێردەکەی دەمرێت، دەگەڕێتەوە ناو کەسوکاری و بەسواری وشترەکەی دایکییەوە سەرکرداێتی لەشکر دەکات دژی ئیسلام و لەشەردا دەکوژرێت.
ئیسلام کۆمەڵێک ئافرەت وەک” سۆزانییەکانی حەزرەمەوت” ناودەبات. ئەوانە کۆمەڵە ئافرەتێک بوون کە بە بیستنی مردنی پێغەمبەر خۆشحاڵ بوون و ئاهەنگیان گێڕاوە، ئەوانە میلیتار نەبوون، وەلێ کە” ئەبوبەکر” ئەوە دەبیستێت، لەشکرێکیان دەکاتە سەر، دەیانگرن و دەستی هەموویان دەبڕن و کارێکی وەهایان پێ دەکەن کە مێژوونووسانی والێکردووە بیر لەوە بکەنەوە ئەو ئافرەتانە، ئاینێکی گەورەیان هەبووبێت یان شۆڕشیان کردبێت. ………. بڕوانە Smith. p 19 – 37
ئەبوبەکر، لەو بڕوایەدابووە کە ئاینەکەی محەممەد، بنچینەی دامەزراندنی دەوڵەتە و لە هەوڵی ئەوەشدا بووە. وەلێ ئەبوبەکر تەنها دوو ساڵان خەلیفە بوو. دوای ئەو عومەر هات. لەو کاتەشدا دەوڵەتەکە بەهۆی داگیرکردنی سوریا و عێڕاقەوە، دەوڵەمەند ببو. عومەر خۆشی بەو دەسەڵاتە زۆرە نەدەهات کە بێوەژنەکانی پێغەمبەر هەیان بوو، لەبەر ئەوە خەرجییەکی بۆ بڕینەوە و دەسەڵاتی لێ سەندن. هەرچی موسوڵمانیش نەبوو لە نیوەدوورگەی عارەبی وەدەر نا. یاسای نوێی داڕشت. لەو یاسایانەدا، سزای ” گزی سێکسی/ زینا” بەردەبارانکردن بوو هەتا مردن. ئەو جۆرە سزایە زۆر پێش ئیسلام لەناو جوولەکەدا باو بووە و هەتا ئێستاش نەک وەک یاسا بەڵکو وەک نەریت، لەناو زۆر کۆمەڵگەی ئیسلامدا ماوە” بەردەبارانکردنی دووعا بە نموونە”. هەر بەپێی ئەو یاسایانەی عومەر هێنانییە ئاراوە، نەک هەر بێوەژنەکانی پێغەمبەر، بەڵکو هەمو ئافرەتێک، دەرگەی مزگەوتی لێ داخرا، رێگەی حەجی لە بێوەژنەکانی پێغەمبەر گرت و ” ئیمام” ی نێرینەی بۆ پیاوان و ئافرەتان دەستنیشان کرد- لەو رێگەیەشەوە” عائشە و ئوم سەلما” ی لە ئیمامێتی ئافرەتان خست. ئالێرەوە لەسەر دەستی عومەر، مێژووی ئافرەت لە ناو ئیسلامدا کوێرکرایەوە. ( هەر لەبەر ئەوەشە مەلاکانی ئیسلام – سوننەکان، هێندە عومەریان خۆش دەوێت و مەلا کوردە سوننەکانیش، وڵات و نەتەوە و هەموو پیرۆزییەکانی کوردی بەقوربان دەکەن.)
دوای عومەر، عوسمان هێندێک لەو یاسایانەی عومەر دایڕشتبوون هەڵوەشاندەوە، رێگەی دا بێوەژنەکانی محەممەد بچنە حەج، جارێکی دیکەش دەرگای مزگەوتی بۆ ئافرەتان کردەوە. دوای مردنی عوسمان. عەلی کوڕی ئەبو تالیب، ویستی جێگەی عوسمان بگرێتەوە، وی لە سە ر رای ئەبوبەکر و عومەر نەبوو، ئەو بیریارییەکی سەربەخۆی دەربارەی سروشتی ئیسلام هەبوو. وەلێ عائیشە لێی راپەڕی و بە لەشکرێکەوە پەلاماری دا، ئەو شەڕە کە یەکەم شەڕی ناوخۆی ئیسلامە و بە ” شەڕی وشتر” ناسراوە لەبەر ئەوەی عائیشە سواری وشتر بووە و وشترەکەی کوژراوە، ئیسلامی راچڵەکاند و کردی بە دو بەشەوە. لەسەر ئەو بنەمایەی کە پێغەمبەر هاوسەرەکانی سنووردار کردووە، لۆمەی ئەو شەڕە خراوەتە ئەستۆی ئافرەتێک” ئەستۆی عائیشە” لەبەر ئەوەی چۆتە شەڕەوە. وا بڕوا دەکرێت کە عائیشە بڕیاری پێغەمبەری شکاندووە و دۆڕانی شەڕەکەش بەلای باوەڕدارانی ئیسلامەوە باشترین بەڵگەیە. ئەو تاونبارکردنەی عائیشە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە بۆ داپڵۆسینی ئافرەت لەسەردەمانی دواتری ئیسلامدا.
دوا ئەنجامی شەڕی عائیشە و عەلی، بە قەلاچۆکردنی بنەماڵەی عەلی و دامەزراندنی رژێمی” ئەمەوی” بوو، رژێمێک کە لەسەر بنەمای کۆیلاێتی چووەتە رێوە. پێش ئیسلام لەناو عارەبدا کۆیلاێتی هەبووە، ئیسلامیش تەنها کۆیلەکردنی موسوڵمانی رەتکردۆتەوە و دژی کۆیلەکردنی ناموسوڵمان نەبووە. ئیدی لەسەردەمی پەرەسەندن و داگیرکارییەکانی ئیسلامدا، کۆیلەیان لە هەموو وڵاتە داگیرکراوەکانەوە( لە رووسیا، ئەناتۆلیا، ئێران، میسر، یۆنان و ئافریکا و، …. ئەوە باسی کوردستان هەر مەکە- بەتایبەتیش کۆیلەکانی جەلەولا) راپێچی پێتەختی خۆیان کردووە. کۆیلەی نێر و مێ ئەزموونی جیاوازیان هەبوە، هێندێک لە کۆیلە نێرەکان خەسێندراون لەبەر ئەوەی داواکاریی لەسەریان زۆر بووە بۆ ئەوەی حەریمی پیاوە دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان بپارێزن، دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان هزری ئەوەیان کردووە کە پیاوی خەسیو، مەیلی پێوەندیی جنسی و تایبەتی ناکات. لەو سەردەمەی ئیسلام بەدواوە هەتا کۆتایی رژێمی عەبباسیانیش، ئافرەتی کۆیلە تەنها لە رێگەی جنس و وەبەرهێنانەوە لە کۆیلاێتی رزگار بووە. ئافرەتی کۆیلە، بۆ کاری ئاسایی، دەستی کار و پیشەی رابواردن، لە بازاڕەکاندا هەڕاج کراون. خاوەنە نێرەکانیان، مافی جووتبونیان لەگەڵیاندا هەبووە، ئەوجا ئەگەر کوڕێکی بووبێت لە خاوەنەکەی، ئەوا بووەتە” ام ولد” بەواتای دایکی کوڕ. ئەوکاتەش نەدەبوو بفرۆشرانایە یان زایە بکرانایە و بە مردنی خاوەنەکانیشیان، ئازاد دەبوون. سەیر لەوەدایە کە لەسەردەمی ئەمەوییەکان بەدواوە، زۆربەی خەلیفەکانی ئیسلام کوڕی” ئوم وەلەد” بوون. رێگەدانی ئیسلام بە مارەکردنی کۆیلە، زۆر جاران بووەتە ئازادکردنی ئەو کچە کۆیلانەی بە منداڵی کڕدراون و گەێشتوونەتە تەمەنی شوکردن و منداڵبوون. ئیسلام بە کۆیلەکردن و کۆیلەداری یاساخ نەکردووە وەلێ بەڵێنی پاداشتی ئەوەدنیای بەوانە داوە کۆیلە ئازاد دەکەن. زۆر جاریش خاوەن کۆیلەکە مارەبڕییەکەی رێکخستووە و ئەرکی داراییەکەشی هەڵگرتووە.
بەشێوەیەکی گشتی، ئافرەتە کۆیلەکان بۆیان نەبووە پەرچە بگرنەوە – پەرچەگرتنەوە تەنها بۆ ئافرەتی ئازاد و ئافرەتانی فەرمانڕەواکان بووە. لەبەر ئەوەی لە ئیسلامدا، کۆیلە توانای گەیشنی بە ئازادی و ئاستێکی سۆشیالی بەرزتر هەبووە، هێندێک جار باوک کچی خۆی فرۆشتووە، بەتایبەتیش بە” حەریم” ی خەلیفە و پیاوە خانەدانەکان. ئەوجا ئەگەر ئەو کۆیلەیە بەختەوەر بووایە و ببوایەتە دۆستی هەرە خۆشەویستی خاوەنەکەی، ئەوا کوڕەکەی جێگەی باوکی گرتۆتەوە. ئەو ئافرەتانەی لە رووی سۆشیالی و رامیارییەوە پێشکەوتوون، توانیویانە کوڕەکانیشیان بەرز بکەنەوە، بۆ نموونەش هەر سێ دوا خەلیفەی خانەوادەی” ئەمەوی” یەکان دایکیان کۆیلە بوون. بەشێک لە مێژوونووسانی عارەب، رووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەمەوی دەخەنە ئەستۆی ژنە کۆیلە و قەپاتمە بێ مۆڕاڵە بیانییەکانیان، وەک ئەوەی ئافرەتی کۆیلە توانیبێتی مۆڕاڵی خۆی بپارێزێت !! هەرچەندە لە هێندێک دەوڵەتی ئیسلامیدا، ئافرەتانی دەستەی فەرمانڕەوا دەسەڵاتێکی زۆریان هەبووە، بەڵام ئافرەت بەشێوەیەکی گشتیی هەر ژێردەستە بووە. کۆمەڵگەی ئیسلامی هەتا ئێستاش کۆمەڵگەیەکی” virilocal – ڤیریلۆکەڵ” ە، بەواتای ئەوەی بووک دەگوازێتەوە بۆ ناو خێزانی مێردەکەی و لەگەڵ خەسو و خەزووریدا دەژی کە لەزۆر رووە وە دەبێ وەک ئافرەتی هیندی و چاینی/ چینی، ملکەچی خەسو و خەزووری بێت. ئافرەتی ئیسلامیش ناچارە زۆر خۆی بە کوڕەکەیەوە ببەستێتەوە. ئافرەتی چینی هەژار لە ئیسلامدا کە چینی زۆرینەیە، زۆر بە منداڵی بەشوو دەدرێن، بۆ ئەوەی ببنە کاڵایەکی دەستی مێردەکانیان، بێ ئازادی رادەربڕین و سەفەرکردن بە تەنها.
بە تێپەڕبوونی چاخەکان، دەستە و کۆمەڵی جیاواز لە ناوچەی جیاوازدا، بوونە دەسەڵات و حوکمڕانی سەربەخۆ، بە ئەوپەڕی جیاوازیی پاشخانی نەریتی نەتەوەییشەوە. عەبباسییەکان هەر بەناو عارەب بوون و یەکەم خەلیفەیان لە نەوەی مامی محەممەد بوو، کاربەدەست وشێوەی حوکمڕانیی سەردەمی عەبباسی، ئێرانی بوو. مەوریدەکان، بەربەر بوون، ئۆتۆمانەکان، تورک بوون، مەملووکەکان، پێشتر کۆیلە بوون. ئیسلامەکانی؛ تورک و مەغۆل و ئێرانی، کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی تەواو جیاوازیان لەوەی عارەب پێک هێنا. ئێرانییەکان لاقرتێ و سووکاێتییان بە عارەبەکان کردووە. کۆمەڵگەی ئیسلامیی ئێرانی، کۆمەڵگەیەکی فیلۆسۆفی و زانستکار بوو و لەسەردەمی عەبباسییاندا هونەر و ئاڕهیتێکتوورێکی تایبەتی هێنایە ئاراوە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا خەلیفەکانی عەبباسی گەندەڵ بوون و جیاکردنەوەی ئافرەت و پەرچەیان هێنایەوە ئاراوە کە دواتر بە هەموو دنیای ئیسلامدا بڵاو بووە وە. دوای مردنی پێغەمبەری ئیسلام زۆری نەبرد، پێگە و ناوی ئافرەت لە ئیسلامدا کوێر بووە وە. مێژوونووس” راشیدو دین”، لە سەتەی سێزدەدا مێژووێکی دنیای نووسی، بێ ئەوەی باسی ئافرەتی تێدا بکات هەتا هاتۆتە سەر باسی مەغۆلەکان، ئەو کاتە داوای لێبووردنی لە خوێنەرەوەکانی کردووە کە دەبێ باسی ئافرەتیش بکات، بەڵام وەک” عەورەت” ناوی ئافرەتی هێناوە”
لایەنگرانی ئیسلام، داکۆکی لەوە دەکەن کە ئیسلام زۆر مافی ئافرەتی پاراستووە، ئەمە بە هیچ شێوەیەک راست نییە. لەبەر ئەوەی لەپێش هاتنی ئیسلامدا لە نێو خێڵە عارەبەکاندا، ئافرەت ئازادی هاتوچۆ، بازرگانی، خاوەنی مڵکاێتی، منداڵ هەڵگرتنەوە/ تەبەننی، ئازادی سیکسوالێتی بگرە مافی جیابوونەوەشی لە هاوسەرکەی هەبووە. بە هاتنی ئیسلامیش، ئەو هەموو ئازادی و مافانەی لەدەست دا، بەرامبەر بە چەند وشەیەکی پووچ” بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە”. هەرچەندە کۆمەڵگە خێڵەکییە عارەبییەکەی نیوە دوورگەی عارەبستان کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار بووە ولێ نابێت گومانمان لەوە هەبێت کە، فێرکردنەکانی محەممەد لە سنووردارکردنی ئافرەت و رقبوونەوە و سەیرکردنیان بە بوونەوەرێکی نزمتر لە پیاو، کاریگەر نەبووە لەسەر جیلەکانی دواترەوە.
قوڕئان و حەدیس
بەلای هەموو ئیسلامێکی بڕوادارەوە، قوڕئان، ئەو گوتانەن کە خودا لە رێگەی جوبڕائیلەوە بۆ محەممەدی درکاندوون. پێش مردنی پێغەمبەریش دوا ئایەت دابەزیوە. دوای قوڕئان” حەدیس” و ” سووننە” پیرۆزترین پێگەیان هەیە لە ئیسلامدا. حەدیس و سوننە پێشینەیەکی باشیان بۆ مشتومڕی پسپۆڕانی ئاین بە ئیسلام و نا ئیسلامیشەوە هێناوەتە ئاراوە. حەدیس و سوننە پاساو بە داهێنان دەدەن بەڵام بەو مەرجەی رەوایی هەبێت. یەک لە پسپۆڕە بیانییەکان” باڕبڕە فڕێیەر Barbara Freyer” لەو بڕوایەدایە کە هێندێک جار حەدیس هەڵبەسترابێت بۆ ئەوەی عارەبە ئیسلامەکان هەرسی ئیسلامبوونی داگیرکراوە خاوەن دابونەریتە جیاوازەکان بکەن. ئیسلام، قوڕئان بە شتێکی نەگۆڕ دادەنێ، نەک حەدیس، لەبەر ئەوەش بۆچوونەکەی باڕبڕە، جێگەی تێڕامانە. بەڵام دەزانین کە قوڕئان و حەدیس، سەرچاوەی” شەریعە” ن، هەردووکیشیان مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئافرەت و مارەبڕیی دەکەن. لەوانەیە گۆڕانکارییەکی زۆر لەدوای مردنی محەممەدەوە ساڵی 632 هەتا ساڵی 1500، روویدابێت، لەسەردەمی محممەد دا، هێندێک خێڵ ژنیان گرتووە- بەواتای ئەوەی رفاندوویانن و تۆزێک باشتر لە کۆیلە سەیریان کردوون، هێندێک خێڵیش ژنەکانیان لە سەرپەرشتکارەکانیان- باوک، مام، خاڵ، یان هەر خودی ژنەکانیان کڕیوە بە” مەهر” بەواتای هەقی مارەبڕی. لە کولتوورێکی ئاوەهادا، پیاو توانیوێتی بەپێی توانای بەخێوکردنیان، ژن بهێنێت، هەرکاتێکیش ئارەزووی گرتبێتی، زۆر بە ئاسایی و بە سێپاتکردنەوەی” تەڵاقت کەوتبێت” لە هاوسەرێتی خۆی خستووە. هێندێک خێڵیش، رێگەی خاوەنداریێتییان بە ئافرەت نەداوە و منداڵی مێیینەشیان کوشتووە.
بە بەراوردکردن لەگەڵ ئاینە گەورە و ناسراوەکان” جوودیزم، ئاینی مەسیح، هیندویزم، و بودیزم” ئیسلام بەچاوێکی باشتر و جوانتر سەیری ئافرەت دەکات و گەلێک لەوان زیاتر مافی پێ رەوا بینیوە. بەپێی قوڕئان، هاوسەرگیری رێککەوتنێکە لەنێوان ئافرەتێک و پیاوێکدا، وەلێ لە راستی و پڕاکتیک/ جێبەجێکردندا، رێککەوتنێکە لەنێوان دوو پیاودایە، لەو رێککەوتنەشدا، زاوا” مەهر” کە لە کوردیدا پێی دەڵێین” مارەیی” بەواتای هەقی مارەبڕی، بۆ هاوسەرەکەی” بووک” دەستنیشان دەکات و ئەگەر تەڵاقی دا، یان مرد، ژنەکەی مافی ئەو مارەبڕیەی هەیە و دەبێت بیدرێتێ. * * لە مەسیحاێتیدا، مارەبڕین پیرۆزە و تواندنەوەی نییە- تەڵاقدان و مەهری تێدا نییە” هەتا ئەو رۆژەی مردن لێکمان جیادەکاتەووە” ئەمە گوتەیەکە مەسیحییەکان لەکاتی هاوسەرگیرییدا دەیڵێن، مارەبڕیی قوڕئان، هاوسەرگیریی هەتا مردن نییە. بەپێی قوڕئان، ئافرەت، مڵکە، بەڵام مڵکێکی خۆشەویست، لە ئیسلامدا، ئافرەت کێڵگەیەکی پیاوە چۆنی بوێت ئاوا دەیکێڵێت” نسائوکم حرث لکم …….” ئیسلام هاوسەرگیریی وەک کارێکی پیرۆز، وەک دیارییەکی خودا بۆ مرۆڤ سەیر دەکات کە هەردوو لای هاوسەر دەبێ یەکدییان خۆش بوێت و ئاگاداری یەکدی بن. کەچی لەولاشەوە رێگەی بە پیاو داوە چوار ژنی هەبێت بەو مەرجەی وەک یەک مامەڵەیان لە تەکدا بکات. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایە ئەمە لۆجیکە و پیاو توانای پیادەکردنی راگرتنی ئەو هاوتاییەی هەیە؟ ئەوە لەکاتێکدا کە گلەیی لە پێغەمبەریش هەیە کە نەیتوانیوە ئەو هاوتاییە راگرێت. خۆ ئەگەر پیاو ئەو توانایەشی هەبێت، ئەی فرە ژنیی هەر ناکاتەوە ناهاوتایی نێوان نێر و مێ و لاسەنگکردنی تەرازووە سروشتییەکەی هاوتایی نێر و مێ؟
بەڵام ئەو راستییەش هەیە کە قوڕئان، مافی میراتگرتن و مامەڵەکردنی بە میرات و مارەبڕییەکەی بە ئافرەت داوە. بۆ بەکارهێنانی مڵک و ماڵەکەشی، پیاو، دەبێ پرس بە هاوسەرکەی بکات و خۆڕاک و پۆشاکیشی بۆ دابین بکات. لەو بڕوایەدام هەموو پیاوێکی ئیسلام بەپێی توانای خۆی خۆراک و پۆشاک بۆ هاوسەرەکەی دابین دەکات، بەتایبەتیش، پۆشاک لەبەر ئەوەی” عەورەیە” و ئەگەر داپۆشراو نەبێت مێرد حەیای دەچێت !!!!.
قوڕئان: رێگیری لە منداڵکوشتن دەکات، ئەمە دەکاتەوە رێگیری لە کوشتنی مێیینە کە لەو سەردەمەدا باو بووە چونکە عارەب منداڵی نێری نەکوشتووە بەڵکو تەنها مێیینەکانی زیندە بەچاڵ کردوون. جگە لەوەش پێش ئیسلام لە تەڵاقدانیشدا هەر زوو دوا بەدوای ئەوەی پیاو رستەی” سێ بەسێ تەڵاقت کەوتبێت” ی سێپات کردۆتەوە، ژنەکەی لەماڵ کردۆتە دەرەوە. بەڵام قوڕئان سێ مانگی داناوە بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئافرەتەکە سکپڕە یان نا. ئەگەر سکپڕ بێت، ئەوا پێکهێنانەوەی پیشنیاز کردووە. لێ وەک دەبینین، بێ سک پڕیش حیلە شەرعی دەکرێن و تەڵاق چاک دەکرێتەوە، هێندێک جاریش لە ناچاریدا روودەکەنە” مارەبڕینەوە بە جاش” . پێکهێنانەوەی هاوسەرگیری بە” جاش” کە ئافرەتەکە هیچ رایەکی تێیدا نییە، ئەوپەڕی بەکاڵاییکردن و سوکایێتییە بە ئافرەت. قوڕئان رێگەی بەوە داوە کە ئافرەت بەرامبەر وازهێنانی لە” مارەبڕیەکەی” داوای تەڵاق بکات. وەلێ یەکەم کێشەی سەرەکی ئەوەیە کەزۆربەی ئافرەتانی ئیسلام ئاگادارنین لەو مافە کە گوایە قوڕئان بۆی پاراستوون، هەتا لە کاتی پێویستدا بەکاری بهێنن، ئەوجا بیر لە و ناڕەواییە مەکەرەوە کە، ئافرەتێک چەندین ساڵ خزمەتی پیاوێکی کردبێت و یاریدەی دابێت سەروەت و سامان کەڵەکە بکات، کوڕی بۆ پێگەیاندبێت، لە بەرامبەر تەڵاقدا واز لە هەمووی بهێنێ و بە کراسی بەریەوە لەماڵ دەرچی.
لە ئاینەکانی هیندوویزم و بوودیزمدا رەوانی ئافرەت ناگاتە” کەڕمە و نیرڤان و مووخشە” کە هاوتای بەهەشتی ئیسلامن. وەلێ ئیسلام دەرگای بەهەشتی لەسەر ئافرەت دانەخستوە.” قل انبئکم بخبر من ذلکم للذین اتقو عند ربهم جنات تجری من تحتها الانهار خالدین فیها وازواج مطهرە ورضوان اللە واللە بصیر بالعباد” سوڕەتی ال عیمڕان ئایەتی 15، هەروەها ئایەتی 23 ، لە سووڕەتی” الحج” ، بەپێی ئەو ئایەتانە دەرگای بەهەشت کراوەیە بۆ نێر و مێ. مەملووکەکان ئەو ئافرەتەی بەسەر منداڵەوە چووبێت بە شەهیدیان داناوە. لە زۆر ئایەتدا ئیسلام وەک یەک سەیری رەوانی نێر و مێ دەکات و هەر یەکەیان دەکاتە بەرپرسی مۆڕاڵی خۆی. ئیسلام وەک جوولەکایێتی و مەسیحایێتی، حەووا، تاوانبار ناکات لە وەدرنانیان لە بەهەشت بەڵکو بە خەتای هەردووک لا” ئادەم و حەووا” ی دەزانێت.
لەکاتێکدا کە قوڕئان ئەو تۆزە جوانییەی بۆ ئافرەت تێدایە، لە لایەکی دیکەوە زۆر بە کەمتری دەزانێ لە پیاو، لەبەر ئەوەی خودا هێندێکی پێ پەسەندترە لە هێندێکی دیکە و لەبەر ئەوەش کە” پیاو سامانی خۆی بۆبەخێوکردنی ئافرەت سەرف دەکات” ( الرجال قواموون علی النساء بما فضل اللـه بعضهم علی بعض …………… ) سووڕەتی نیساء ئایەتی 34
سەیریش لەوەدایە زۆر لەوانەی دەوروبەری پێغەمبەر و پێغەمبەر خۆیشی هەتا ئاینەکەی جێی خۆی گرت، ئافرەت بەخێوی دەکردن. سێسەت و پەنجا ساڵ دواتر. بەواتای لەسەتەی دەهەم و سەردەمی” عەبباسی” دا پیاوان ئەو ئایەتەیان بەکار هێنا بۆ رەواییدانی خۆیان بە سنووردارکردنی هەڵسوکەوت و داڕشتنی ئەرک و چوارچێوەی رەوشتی ئافرەت، بۆ تەمبێ کردنیان و نەگونجاوییان بۆ بەڕێوەبردنی کاری دەوڵەت. دواتریش وەک زۆربەی ئاینەکانی دیکە، دەرگای کاری ئاینیشیان لەسەر داخرا. ئیدی پیاوی ئیسلام بوو بە بڕیاردەری ئافرەت، بە بڕیاری مارەبڕینیشیەوە. لەپێش ئیسلامدا، لێدانی ئافرەت لەناو خێڵە عارەبەکاندا باو بووە، پێغەمبەریش دژی نەوەستاوەتەوە بەڵکو ئاماژەی بەوە داوە ئەگەر ئافرەت گوێڕایەڵ نەبوو بۆ تەمبێ کردنی، لێشی بدەن، هەرچەندە لێدانەکەی سنووردار کردووە، وەلێ لێدان هەر شتێکی بێ ماناو ناهاوتاییە. محەممەد لەسەرەتای بڵاوکردنەوەی ئاینەکەدا پشتگیرییەکی لە ئافرەت کردووە، هەر وەک بەربەستکردنی کوشتنی کچی ساوا. بەڵام لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا کەم بەزەیی بووە پێیان. لە زۆر ئایەتی قوڕاندا بەڵێنی بەهەشتیبوون بە نێر و مێی موسوڵمان دراوە، وەلێ لە ئایەتەکانی” 49 – 39” ی سوڕەتی” الصافات” دا، وادەردەکەوێت کە ئافرەت بۆ دابینکردنی ئارەزووەکانی پیاو دەچێتە بەهەشت.
قوڕئان جۆرێک” مۆدێستێتی” تێدا هەیە، بە پیاو دەڵێت بەڕێی خۆیەوە بڕوات و چاو نەبڕێتە ئافرەت، بەڵام بۆ ئافرەتان” مۆدێستیەکەی” زۆر بەولاترەوە رۆیشتووە،” قل للمومنات یغضضن من ابصارهن و یحفطن فروجهن ولا یبدین زینتهن الاماضهر منها ولیضربن بخمرهن علی جیوبهن ولا یبدین زینتهن الا لبعولتهن او ،،،،،،،،،،،،،،،، ” سووڕەتی نووڕ، ئایەتی 31 ئەم ئایەتە بە ئافرەت دەڵێ کە چاوی نەگێڕێت و شوینە دیارەکانی بپاریزێت بە سەرپۆشەکانیشیان خۆیان داپۆشن، جوانکارییەکانیشیان تەنها پیشانی مێرد و ئەوانە بدەن کە دەستنۆێژیان لێی ناشکێت وەک باوک و برا و هتد. بەڵام ئێمە نازانین لەو سەردەمەدا جوانکارییەکان چی بوون، جیوبهن، چ مانایەک دەبەخشێت ؟ ئێ خۆ” خمر/ خیمار” نە عەبایە و نە پەرچە، ئەی باشە بۆ ئێستا ئیسلام ئافرەتی ئاوا پێچاوەتەوە ؟
ئەو پرسیارەی کە دێتە پێشێ ئەوەیە کە جوانکارییەکانی ئافرەت چییە و لەو سەردەمەدا چی بوون ؟ بە گەیشتنی سەتەی دەهەمیش، فەرمانی چاونەگێڕی و سەیری بەرپێی خۆکردن بۆ ئافرەتان بو بەوەی کە” سەیری ئەوە نەکەن کە خودا لێی یاساخ کردوون” و هەموو ئەندامی لەشیان لەوانە بشارنەوە کە بۆیان نییە بیبینن ئەویش بە داپۆشین. لە سەتەی سیازدەدا جوانکاری ئافرەت، هوموو خشڵ و جلوبەرگی جوان دەموچاو رازاندنەوەی گرتۆتەوە، ئیدی دەبێ هەمووی داپٶشرێت و کەس نەیبینێت. ئەوەش هەر ئەوە دەگەیەنێت کە ئافرەت تەنها بۆ مێردەکەی خۆی جوان دەکات، خۆ باوک و دایک و برا و خوشک، پێویستییان بە جوانی ئەو نییە.
ئیسلام ئەمر دەکات کە نێر و مێ، ئەو ئەندامانەی لەشیان کە جێگەی شەرمە داپۆشن، بەڵام لە سەتەکانی دواتردا، لەشی ئافرەت هەمووی کراوەتە جێگەی شەرم. ئێستا لەزۆر وڵات ئافرەتی ئیسلام کونی چاویشی دیار نییە.
ئەوەندە هەیە ئیسلام، وەک مەسیحاێتی دژی جنس نییە و پشتگیری هاوسەرگیری و وەچە خستنەوە دەکات. بەڵام حەدیسەکان وای دەردەخەن کە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئافرەتدا وردە وردە بەرەو توندی و رەقی رۆیشتبێت. هەتا سەتەی دەهەمیش ئافرەتی ئیسلام هاتوچۆی مزگەوتی کردووە، لەوێ بەدواوە دەرگای مزگەوتیان لێ داخراوە، ئەویش لەسەر ئەو مشتومڕەوی پیاوی ئیسلام کردووێتی کە لە چ حاڵێکدا ئافرەت نابێ بچێتە مزگەوت. ئەویش لەسەر بنەمایەکی هەتا بڵێی پڕوپووچ، گوایە ئەگەر ” سەگ و کەر- بێ بڕوا” و” ئافرەت” لەکاتی نوێژکردندا لە نزیکەوە بەلای مزگەوتدا تێپەڕن، نوێژ بەتاڵدەبێتەوە. …. مێرلین فڕینچ بەرگی یەکەم ….. ل 281
بەبۆچوونی ئیسلام، ئافرەت هیچ وەختێک پاک نییە، میزی کچ لە میزی کوڕ پیسترە. ئافرەت سەرچاوەی جۆشدانی خراپەیە، هۆکاری فیتنەی ناو پیاونن، بەشی زۆری جەهەندەمیانیش ئافرەتن لەبەر بێ بڕواییان و سپڵەییان بەرامبەر مێردەکانیان، ئەوان لە سروشتدا کەم ئەقڵ و کەم مۆڕاڵ و نەفامی سیاسین. ئەو ئافرەتانەی ماڵیان بەجێدەهێڵن تاوانبارن، ئەوانەی وەک پیاویش هەڵسوکەوت دەکەن، نەفەرەت لێکراون، نووسەرانی حەدیسیش، کێشەی بە تەنیا سەفەرکردنی ئافرەت سەری لێ شێواندبوون بەڵام لە سەتەی چواردەدا سەفەری بێ مێرد، یان چاودێرێکی نزیکیان لێ یاساخ کرا.
لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین کە یاسای ئاینی و شەریعە شتێکن و پیادەکردنیان شتێکی دیکەیە، ئاشکرا و روونە ئەو ئایەت و حەدیسانەی پیاو بەدڵی بووە پیادەکراون و ئەوانەی بەدڵی پیاویش نەبوون، پشتگوێ خراون. نیکی کێددی؛ کە شارەزایەکی ئیسلامە، لەو بڕوایەدایە کە ئافرەتی ئیسلام ئەگەر شووی بە ئامۆزایەکی نەکردبێت هێچ کات وەک لە قوڕئاندا هاتووە میراتی پێ نەدراوە. ئالێرەدا منیش ئاگادارم و دەڵێم؛ لەناو کوردەواریدا ئەگەر شووی بە ئامۆزاکەیشی کردبێت هەر میراتیان نەداوەتێ. نیکی کەددی، لەو بڕوایەدایە کە پیاو تەنها لە کاتێکدا پێڕەوی قوڕئانی کردووە کە فەرموودەکەی قوڕئانی پەسەند بووبێت، ئەگینا وەلای ناوە، بۆ نموونە دەربارەی” زینا” ی ئافرەت کە زۆر دژوارە بسەلمێندرێت، پیاو پشتگوێی ناوە. پیاوی ئیسلام لەو بڕوایەدایە، ئەو ئافرەتەی زۆر زۆر مۆدێستانە هەڵسوکەوت نەکات، ئارەزووی پیاو دەجۆشێنێ کە بۆی جڵەو ناکرێت. ئێ باشە کە پیاو نەتوانێت جڵەوی ئارەزووی خۆی بکات، بۆ تاوانەکەی بخرێتە ملی ئافرەت ؟ خۆ ئەگەر وەها بێت دەبێ کە پیاویش مۆدێستانە هەڵسوکەوت نەکات، ئافرەتیش ئارەزووی بجۆشێت و نەتوانێت جڵەوی بکات. ئەی ئەو کاتە کێ تاوانبارە ؟ !!!
لە ئیسلامدا؛ جووتبوونی نا شەرعی نێر و مێ، تەنها یەک مانای هەیە و پێویستیی بە سزایە. بە ڵام وادیارە بە پێچەوانەی قوڕئانەوە، ئافرەتی زیناکار، بەردەباران دەکرێت هەتا دەمرێ. ئەوەش کردارێکی کۆنی جوولەکەیە و ئەمڕۆ وەک کرداری ئیسلام ناسراوە، لەبەر ئەوەی لە زۆر کۆمەڵگەی ئیسلامدا پیادە دەکرێت” دووعا” ی خۆمان بە نموونە.
ئەو خوو و نەریتەی ئیسلام کە لە زۆر کۆمەڵگەدا باوە، پیاو تێیدا، داهێنانێکی کردووە و پێی دەڵێ” شەرەفی خێزان” شەرەفی خێزان تەنها شانی پیاوان دەگرێتەوە، لە زمانی عارەبیدا پێی دەڵێن” عیززەت” ئەو شەرەفی خێزانە هێندە گرنگە بۆ ئاستی پیاو لە کۆمەڵگەدا کە نابێ کەس دەستی بۆ درێژکات، ئەوەی دەستیشی بۆ درێژکات، دەبێ بکوژرێت. بەڵام ئەوەی دەبێ ئەو شەرەفە بپارێزی، زەعیفەکەیە، ئەو ئافرەتەیە کە جێگەی بڕوا نییە. ئەمە جگە لە دووفاقی بیرکردنەوەی پیاوی ئیسلام هیچی دیکە ناگەیەنێ. ئینجا هەر مێیینەیەک بگاتە تەمەنی زاو و زێکردن، دەبێتە کەسێک کە دەشێ شەرمەزاری بەسەر شەرەفی خێزاندا بهێنێت و ئیدی ئەندامانی خیزان- پیاوەکان، دەبێ هەمیشە لە چاودێرییاندابن.
خوو و نەریتی پاراستنی شەرەفی خێزان، دیارییەکی ئاسمانییە بۆ فەرمانڕەوای گەندەڵ و خۆ سەپێن، لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان هێندە پێوەی خەریکن و بیری لێ دەکەنەوە، وزەیەکی ئەوتۆیان بۆ داهێنان و هەڵسەنگاندنی کرداری فەرمانڕەواکان نامێنێتەوە، ئیدی کۆمەڵگە لە بازنەیەکدا دەسووڕێتەوە و پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێت، گەواهی ئەم بۆچوونەشم هەموو وڵاتە ئیسلامییەکانە هەر لە پاکستانەوە هەتا ئێران و ئەوپەڕی باکووری ئافریکا.
دەستووری شەرەف، هێمایەکە بۆ ئەوەی کە پیاو جڵەوی بەدەستەوەیە، ئەو ئافرەتانەش کە چاودێری ئافرەتانی دیکەیان دەدرێتە دەست، هەمان هەستی جڵەو بەدەستییان لا درووست دەبێت” شەرەف وشەیەکی عارەبییە و وابزانم لە کوردیدا هاوتای نییە ….. نووسەر.”
پەیامبەری ئسلام؛ محەممەد، بناخەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتێکی پاتریارکی/ باوکسالاری/ پیاوسالاری، داهێناوە. کۆمەڵگەیەگی چیندار. ئەویش وەک مووسا، یاسایەکی گشتگیری نەگۆڕی داڕشتووە. ئەو ئاینی کردۆتە سەرچاوەی ئارداری/ عەدالەت و دڵسۆزی، کاتێکیش بەڕێوەبەراێتی خێزان و جڵەوی ئافرەتی داوەتە دەست پیاوان، دڵسۆزی پیاوانی بۆخۆی کڕیوە.
سەرچاوەی مارەبڕیی شەرعی لە ئیسلامدا، بێ پێچ و پەنا، دەگەڕێتەوە بۆ مافی نێرینە لەسەر خاوەنداریێتی- هاوسەر، جەستەی ئافرەت، منداڵ و بگرە پەرستنیش. ئیسلام ئەو نەریتە عارەبییەی هەڵوەشاند کە کەمێک سنووری بۆ دەسەڵاتی پیاو دانابوو، بۆ نموونە نەریتی فرە مێردی، داواکاری ئافرەت بۆ تەڵاق و سەرپەرشتی منداڵ دوای جیابونەوە. ئەوەش دەرگاداخستنە لەسەر ئازادی و ئەو رۆڵانەی ئافرەت پێشتر هەیبووە. وەک هەموو ئاینەکانی دیکەی دنیا، ئیسلام، ئامرازێک بووە بۆ گشتگیریکردنی پیاوسالاری. محەممەد؛ داهێنەری هەموو ئەو سنووردارییەی ئەمڕۆ نییە کە ئافرەتی ئیسلام بە دەستییەوە دەناڵێنێت، بەڵام، رێگەی بۆ خٶش کرد.
بە کورتی
لە ئاینە ئاسمانییەکاندا،خودا، لە درووستکراوی پیاوە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە، یەکەمین جار، خودا جنسی نێر” ئادەم” لە شێوەی خۆیدا دەخوڵقێنێ و رەوانی خۆیشی- بەواتای رەوانی خوداییشی تێدەکا. بەپێی نووسراوەکانی تەوڕات و ئینجیل، ئافڕاندنی ئادەم، لە روانگەی خوداوە، ئامانج بووە. بەڵام ئەم پیاوە” ئادەم” هەست بە تەنیایی کردووە و داوای هاودەمێکی کردووە. ئەوجا خودا بۆ ئارامی و ئاسایشی ئەو پیاوە، یەکەم ئافرەت” حەووا” ی ئافڕاندووە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە ئافڕاندنی حەووا، وەک ئافڕاندنی، ئادەم، ئامانج نەبووە، بەڵکوو تەنها ئامراز بووە، ئامرازی هاودەمی، دۆست و یاری یەکەم پیاو. هەر لێرەوە ئەفسانەی ئافڕاندنی ئادەم و حەووا بە شێوەیەکی نابەرابەری دەست پیدەکات. گەر سەیر بکەین بۆ خولقاندنی ئافرەتێکی تەواو، پەراسووێکی ئادەم بەس بووە. رووحی خودا کراوە بە بەری ئادەمدا، وەلێ حەووا تەنها تەنە. تەنیش لەژێر لەژێر فەرمانی ئارەزوو و خواستە ئاژەلییەکاندا دەبێت. حەووا بوونەوەرێکی ناتەواوە. ئافرەتێکی سادە دڵ، ئامادەی فریودانە و بۆیە مارەکە بە ئاسانی فریوی دا، یەکەمین ئافرەت بوو میوە یاساخەکەی خوارد و فەرمانی خودای شکاند و ئادەمیش لە خشتە برد و میوە یاساخەکەی دەرخوارد دا. حەووا گەورەترین گوناهکاری مێژووی مرۆڤە.
لە پرسیاری ئەوەدا؛ کێ تاوان و مردنی هێنایە دنیاوە؟ جێنێسس پێمان دەڵێ” ئافرەت، بە هاوگیریی لەگەڵ مارەکەدا” مار لە کولتوری ناوچەکەدا ئاماژەیەکە بۆ سێکسوالێتی ئافرەت. دیارە ئەم بۆچوونە هاوتەریبە لەگەڵ ئەوەی کە ئافرەت نابێت بەشداریی لە کۆڤینانت/ پەیمانی نێوان مووسا و یەهوادا بکات و سیمبۆڵی خوداش، دەبێ سیمبۆڵێکی نێرینە بێت.
جێگیرکردنی تاک پەرستی لە پەرتووکی جێنێسس دا، پێشکەوتنێکی گەورەی مرۆۆڤ بوو لە بیرکردنەوەی ئەبستڕاکی و پێناسەیەکی گەردوونیی بڕواپێکراوی سیمبۆڵ. وەلێ کارەساتێکی مێژووییشە کە، ئەو پێشکەوتنە لە دامەزراوەی سۆشیالیشدا روویداوە و جەخت لەسەر پتەوکردنی باوکسالاری دەکاتەوە. ئەم سیمبۆڵیزمە، ئافرەت وەلا دەنێ، پەرتووکی جێنێسس، ئافرەت، وەک بوونەوەرێکی جیاواز لە پیاو پێناسە دەکات، پێناسەیەکی نوێ بە سێکسوالێتییەکەی دەدات کە تەنها لە بەرژەوەندی باوکدا بێت و تەنها باوکسالاریی پەسەندی کردبێت، ئەوەش مانای رووتکردنەوەی ئافرەتە لە پێوەندی راستەوخۆ لەگەڵ خواوەند دا. ئەو قورساییەی تەوڕات و ئینجیل خستوویانەتە سەر ئەوەی کە، ئافرەت لەبەر ئەوە هێنراوەتە نێو کۆڤینانتەوە” پەیمانی جوولەکە و یەهوا” وە، وا دەریدەخات کە ئەوە ئارەزووی خودایە کە ئافرەت تەنها لە رێگەی نێرینەوە بگاتە خودا. ئەوەش ئەو ساتە مێژووییەیە کە، مێیە خودای تێدا تێڕۆڕ کرا و، خودا- باوکە خودا- جێگەی گرتەوە. بەلای بەندەوە ئەو بیر و بۆچونانەی تەوڕات و ئینجیل کە لە قوڕئاندا رەنگیان داوەتەوە زۆر ئاساییە، لەبەر ئەوەی هەرسێکیان بەرهەمی هزری خێڵەکی بیاباننشینانن. بەڵام ئەگەر ئەم ئاینانە لە شوێن و کاتی خۆیاندا یاریدەدەر یان هۆکاری سەرەکی پیاوسالاریش بووبن، هێشتان وەڵامی پیاوسالاری سەراپای دنیای پێ نییە، بەتایبەتیش رۆژهەڵاتی دوور” جاپان، چین، کۆریا و ………… هیندستان”.
* ئێمە لە ئاخافتندا وشەی پەجە بۆ” حیجاب”ی عارەبی بەکار دەهێنین، لێ هەرچەند لێکی دەدەمەوە بە راستی نازانم. حیجاب، مانای پۆشین و بەربەست دەگەیەنێ، لێ لە کوردیدا، پەچە، هیچ مانایەک نابەخشێت. لەبەر ئەوە من وشەی” پەرچە” م بەکارهێناوە کە لە کوردیدا مانای بەربەست دەدات.
** مەهر؛ کە بە کوردی پێی دەڵێن” مارەبڕیی” بە بڕوای بەندە، کارێکی قێزەوەنە، هەرچۆنێک لێکیدەدەمەوە هەر دەگەمەوە ئەو بڕوایەی کە بریتییە لە کڕینی مافی جووتبون لەگەڵ ئافرەتدا لە لایەن پیاوەوە. ئەگەر وا نییە، ئەی بۆ پیاو مارەبڕی لە ئافرەت وەرناگرێت ؟
سەرچاوەکان
William F. Albright, From the stone age to Christianity, Baltimore 1940
Gerda Lerner, The creation of patriarchy, Oxford University Press, 1986
Anderson, Bonnie S, and Judith P. Zinsser. A History of their own, New York: Harper & Row 1988
Marilyn French. From Eave to Dawn, A history of women, vol 1 2002
بەشە پێوەندیدارەکانی؛ تەوڕات و ئینجیل و قوئان.
Stern, Gertrude ” The first women converts in early Islam” Islamic Culture , 1939
Paul Grieve, Islam” History, Faith, and Politics, ….. 2006
Smith, Jane I, Women ” Women, Religion, and social change in early Islam 1985
4/2013