Abubakir-Caf-4

ئەبوبەكر جاف : لە بارەی ئەخلاقی حوكومدان و هەڵسەنگاندنەوە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەو دیو كەموكورتییەكانەوە , لەو دیو گەندەڵی و نا عەدالەتییەوە . لەو دیو ئەوەی كە زۆر لە پرسە ( نیشتمانی و نەتەوەیی ) ەكانمان بە هەڵپەرستێراوی ماوەتەوە , لەو دیو ئەوەی هێشتاكە ( فەزای گشتی ) نیوە ناچلِ و نا كامڵە , لەو دیو ئەوەی كایەی سیاسی وەبكەرەكانی كایەی سیاسیمان كە سیماو سروشتی ( پێش مۆدێرنێتەی ) پێوە دیارە , لەو دیو دەیان و دەیان پرسی دوا خراو كارلەسەر نەكراوەوە … ئەوەی ئێستا هەیە , ئەوەی بە دەست هاتووە , ئەوەی لە پرۆسەی بە دەستهێنانیداین , ئەوەی لە خەیاڵ و خەیاڵدانی سیاسیماندایە , بۆ بەدەستهێنانی .. لە پرسەكانی ( شوناسی رۆحی و شوناسی جوگرافی , شوناسی فەرهەنگی , سەربەخۆی و ئیرادەیەكی سیاسیانەی سەربەخۆ , جیاواز لەوی تری كورد … ئەمانەو دەیان كەڵكەڵەی سیاسیانەی تری هێزە سیاسی گروپە ( ناسیۆنالیستەكانمان ) … چی بە دەست هاتووەو چی بە دەست نەهاتووە ..؟؟ هەڵسەنگاندی ئەوەی بەدەست هاتووەو ئەوەی بە دەست نەهاتووە ..كێ بیكات و بۆچی مەبەستێك بكرێت .؟

هەڵسەنگاندنەكە بەناچاری پێویستی بە ( نییەت ) پاكییە .. واتە حوكم دانەكە لەسەرو پێوەری و حوكمی موسبەق و پێش دادوەرییەوە … نیەت پاكی ئەوێت ( عەدلێكی ئەوێت ) لە حوكمدان و هەڵسەنگاندن , كە ویژدانێك بێت ( ڕوت ) كرابێتەوە لە كینە , لە ڕق , لە غەرەزی شەخصی و دۆگمی ئیدۆلۆژی و , خەیاڵ و كەڵكەڵەی شەیتانیانەو كۆدێتایی و ئینقلابی …

مامۆستا سەلاحەدین بەهادین , كە تەواو لێوان لێو بێت لە حوكمی ئیدۆلۆژی , بۆ بینین و هەڵسەنگاندن , دەبێت ئەزمونی سیاسیانەی سەرۆكی هەرێم بەچی و بەرانبەر چی (بەراورد ) بكات و هەڵی سەنگێنێت .. ئەو , كارێكی ویژدانی و ئەخلاقی باشی ئەكر , و بڕێك لە عەدالەتی حوكمدان و دادوەریكردنەوە نزیك ئەبووەوە , ئەگەر بەراوردی بكردبایە بە وڵاتێكی وەك ( ئێران) كە ئەم پیاوە عومرێك تێیدا ژیاوە , ئازادییەكانی بینی , فەزای گشتی بینی , دەسەڵات و هەژمونی ( شیعەگەراییەكی تێكەڵ بە مەزهەب ) بینی و كە قوربانییەكانی هەم نەتەوە هەم مەزهەبەكەی خۆیەتی كە سونەی ..؟ با بهاتایەو بەو وڵاتانە بەراوردی بكردایە ( كە بینیەنی ) و تێدا ژیاوە , بەراوردی بكردایە بە وڵاتانی خەلیج , كە ئینسان و شوناسی ئینسانی هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەدان , ( كێشەیەكی وەك شۆفێری ) رەگەزی مێینەی تێدا چارەسەر نەكراوە , بە سودانێك , كە دەیان هەزار (نا عەرەب و نا موسوڵمان ) مەحرومن لە ئینسانی بوون ( وەك ئەوەی كە تەنها و پێش هەموو شتێك ) ئینسانن . بەراوردی بكردایە بە ( بەغداو جوگرافی سیاسیانەی ) بەغدا , ئەو بكەرو گوتارە ئیدۆلۆژی و مەزهەبیانەی بەغدا بەڕێوە ئەبەن … من نازانم .. كاتێك بەراوردی ئەزمونی سیاسیانەو ئیداریانەی (سەرۆكی ) هەرێم و ئەم ئیدارە كوردییە ئەكات .. بە كێ و بە كێ بەراوردی ئەكات ..

دواتر مامۆستا سەلاحەدین مەبەست لە بەراورد كردنەكەی چییە ؟ لە بەرانبەر كەم و كورتی و كەمتەرخەمی ئەداكردنەكەدا چی ئەلتەرناتیڤێكی (شاراوەو نەشاراوەی هەیە) واتە ئەو ئەڵتەرناتیڤانەی كە دەكرێت بیڵێ و ئەو ئەلتەرناتیڤانەی ( كە ناتوانرێت ) بوترێن .. وەك ( دۆخێكی ) تەقیەئامێز هەڵیگرتون بۆ رۆژی خۆی ..؟؟

بەراوردكردنی ئەم ئەزمونە بە (دەوڵەتە دیكتاتۆرەكانی ) ناوچەكە .. ! خیلافم نییە دەوڵەتەكانی ناوچەكە تۆتالیتارو ستەمكارو خێڵەكی بوون . بەڵام ئەمە كەی عەدالەتە ( دو زەمەنی ئید‌ولوژی و سیاسی ) زۆر جیاوازی وەك ( كوردستانێكی تا ئێستا لە شۆڕشدا ) بوو . كوردستانێك تا ئەم چركە ساتە وجودییە لە ( كێشەی كورد بون و شوناس لە ئیسپاتی شوناسی ئینسانی و نەتەوایەتیدا دەژی ..) بە بەراورد بە وڵاتانێك . كە شۆڕشیان تێپەڕاندبوو , لە پۆست شۆڕشدا ئەژیان , دەوڵەتی نەتەوەییا هەبوو .. ( بە هەرفۆرمێك بەبێت ئەوە قسەیەكی ترە ) .. تەنها پرسێك و گەورەترین پرسێك كە هەمیشە دوا ئەخرا و نەوەی دووەم و سێیەم و چوارەمی شۆڕشگێران نەیان بینی . پرسێكی گەورەی وەك ( مۆدێرنیزاسیۆنی كۆمەڵگەو ستراكتۆر و بونیادەكانی ) .. پرسەكە لەوێ (غیابی سیككۆلاریزمێكی ) بێلایەن و غیابی فەزای گشتی بوو . غیابی ئینسان بوو , غیابی ئینسانی وجودی و ئینسانی حقوقی و ئینسانی ئازاد بوو …

بڕوامان لەوەدا لەق نییە كە ستەمكارو سیستەمێكی تۆتالیتار و فاشی , ئەم وڵاتانەی بەڕێوە ئەبرد ..

بەڵام قسەو باسی جدییانەی ئێستای منەورەكانی دونیای عەرەبی لە ( ناچاری شۆڕی دووەم و شۆڕشی سێەم و گروپەكانی دژ و بەرهەڵستكار بەم شۆڕشانە , پەشیمانی لەم (شۆڕشانە ) , تا ئاستێكیش پەیدابوونی ننوستالژیایەك بۆ (سیستەمی پێشو تر .!) چیمان پێ ئڵێت .؟!

ئەم بابەتەم لە هەفتەنامەی سڤیل . ژمارە 178 :.20 / 4/2013 بڵاوکراوەتەوە .

1,096 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت