ئەبوبەكر جاف : لە سەرزەنشتی راگەیاندنی پارتیدا .
لەسەروبەندی رووداوەكەی رۆژنامەی هەولێرگێتدا .
شەوێكم نەبوو بەحەسرەتەوە چاوەڕوانی ( رۆژنامە ، گۆڤارێك یاخۆ بڵاوكراوەیەكی ) فەرمی و نافەڕمی پارتی بم . تا شتێك فێرببم ، شتێكی تازە ببینم ، شیكارێكی سیاسی ، ریپۆرتاژێك كە رامانوەستێنێت و بۆ چەند چركەیەك بیری لێبكەینەوە ، بیرمان پێبكاتەوە . چركەساتێك شك نابەم لەسوچێكی دەفتەری تێبینییەكانم ، لەڕۆژژمێرەكەمدا كات و ساتی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی كەناڵەكانی پارتیم تۆمار كردبێت ، بۆ ئەوەی لەخوێندنەوەمان بخات و پێویستتر بێت لەكتێبێكی بەردەستمان . تەنانەت بۆ یەكجار نەمتوانی ئەزیز و هاوڕێیەكم راسپێرم و دەخیلی ببم تا (فریای) فڵان بەرنامە بكەوێت ، فیسار وتا ر، فیسار ڕیپۆرتاج ، فیسار شیكاری هەواڵی ، چاوپێكەوتنێكی یەكێك لەكەناڵە میدیاییەكانی پارتی لەدەست دەرنەچێت . خۆم دوان و بڕێكی باش خۆم هێنا و خۆم برد تا لەسەر ئەوە بوەستم . ئەم بێباكییەم ، ئەم خەمساردییەم ، تا ئاستی ئەوەی بەبینینیشیان خەم دامی دەگرت . زۆر جار هەواڵ و لێدوانەكانم لەكەناڵێكی میدیای غەیرە پارتییەوە پێخۆشتربوو . ئەم دۆخەم دەرئەنجام و دەرهاویشتەی چی بێت .
تۆ بڵێیت: شتێكی زاتیم نەبێت و پاساوی مەعریفی و بابەتی بۆ بهێنمەوە . شوكور بۆ خودا تەنها نەبووم ، تاقە پارتییەكم نەبینی، تەنهاو تەنها یەك ئەندامی پارتی كە نیگەران نەبێت لەڕاگەیاندن و مێدیای پارتی . ناوەندێكی دراسات و لێكۆڵینەوە هەیە . دوو توێژینەوەی ئەكادیمی و میتۆدۆلۆژی باشم بەرچاو نەكەوت . هیچ نەبێت (چەند توێژینەوەیەك لەبارەی چۆنێتی توێژینەوەوە . ئەكادیمیای پێگەیاندنی كادیرانمان هەیە : كەچی كادیرێكم نەبینی ( پێبگات ) . پارتێكی دیموكراتی كوردستانین . چوار كتێب و توێژینەوەی باشم نەبینی نە لەسەر ( پارت و پارتی سیاسی وەك دراو رێكخستنێكی مۆدێرن ) میراتێكی دەوڵەمەندی بەشەری هەیە ( بەستایش و رەخنەگرتن ) لەدیموكراسی ، بەڵام ئەم هەموو سەنتەر و دەزگا و گۆڤارانە ( دوو كتێبیان نەخستینە بەردەست لەسەر دیموكراسی ( ئەڵبەتە بەویژدانەوە هەوڵی گۆڤاری گوڵانی لێدەربچێت هەندێك ) حزبێكی كوردستانین بەپلەی ئیمتیاز، نوێنەرایەتی باڵی ناسیۆنالیزمی كوردی و باڵی راستڕەوەی بزوتنەوەی كوردایەتین ، كەچی تەنها یەك كتێبێكم نەبینی لەسەر ( ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی كوردی، ناسیۆنالیزاسیۆنی جڤاك ) .
بۆچی بەم شێوەیە ..؟
ئەو بوونەوەرەی ناوی ( مێدیاكاری پارتیە ) ، دەتوانین ئەو جورئەتە بكەین ، كە مانگانە ، یا چەند مانگ جارێك ، كتێبێك ناخوێننەوە ، رۆژانە ئەگەر زۆر بڕۆن چاوخشاندنە بەڕۆژنامەیەكدا ، تا بزانن رزقی ئەم هەفتەیان چی دەبێت ، كە لاپەڕەیەك دەخوێنرێتەوە ، دەیان لاپەڕە دەنوسرێتەوە . من لەوە تێناگەم : بۆچی راگەیاندكارێكی پارتی لەیەك كاتدا چەندین وەزیفەی هەیە : ئەندامی مەكتەبە ، سەرنوسەرە ، بەرپرسی كەناڵێكی مێدیاییە ، راوێژكاری پلە یەكی وەزارەتێكە ؟ نوسەری هەمیشەیی گۆشەیەكە ؟ مامۆستای زانكۆیە ..؟ قوتابی خوێندنی باڵایە ؟ ئەندامە لەلیژنەیەكدا ؟ هەر چەند ئەكتەرێكەو دووبارەو سێبارەو چەند بارە دەبێتەوە ، زیاتر لەتۆڕێك دەچن كە ( گرێبەست و پەیمانێك لەنێوانیاندا هەبێت بۆ مانەوەی خۆیان و دەرنەكەوتنی كەسی دیكە، كەس كەس ..؟
كتێبخانەیەك نەما نەپرسم، ئەرێ چ بەڕێزێك سەردانتان ئەكات، راتان دەسپێریت بۆ كتێبێكی (مەزن). هەندێك ناوم بەر گوێ دەكەوت، كە دیار نەبوون؟! بەڵام ناوی چەندین كەس دەبرا كە بە (وەنەوشەیەكەوە، چەندین كارتۆن كتێبی بە پاسەوانەكەیدا سەرخست). بەڕێزیان ئەم ماوەیە سەرقاڵی نوسینی تێزی دكتۆراو نامەی ماستەرن. ئەو بەڕێزە لەم ماوەیەدا لێرە بوو (سەرجەم بڵاوكراوەكانی (نۆبلێس)ی كڕی، داوای ئەوەشی كردبوو دڵ لەدڵ نەدەن و هەركتێبێك گەیشتە دەستیان بۆ ئەمی (گلبدەنەوە.) بێباكە لەنرخ..
ئەم كتێبانە بۆ كوێ؟! بۆ كتێبخانە تایبەتیەكەی نهۆمی سێیەم؟ یا بۆ پشتەوەی مێزی ژووری كاركردنی دەوامی؟!
چەند دەم و چاوێك كە بەم (نەخوێنەوارییەوە) ناوەستن. ئەوان بەسەر (یەكەمینەكانی) بەشی (سیاسەت و یاساو سۆسیۆلۆژیادا) بوون بەوەرگیراوەكانی ( كورسی خوێندنی باڵا )؟! یا ناوی لەلیستی (تواناسازیدایە) بۆ دەرەوە.؟ ناتوانێت رستەیەك بەئینگلیزی رێكبخات. كەچی لەناوە یەكەمینەكانی تاقیكردنەوەی توانای زمانی ئینگلیزییە؟
لەتێز و نامەكانی خوێندنی باڵادا، دونیایەك راسپێری و پاڕانەوەو داوای بەزەیی بۆ هاوكاریكردن. لەو سەرەوە بە (زۆرباشە) بوو بەهەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا؟.
لەپاش دەوام هەر ئەم چەندكەسە (كە لەزەواجێكی ئاڵۆزی بازرگانی، گروپبەندیدا) لێژدەبنەوە بۆ رەز و باخەكانیان. قسەو باسی گەرمیان لەبارەی سەرمایەی ماددیان، ژمارەی ئەرزە و خانوەكانیان، چۆنێتی دۆزینەوەی رێگایەكی باشتر بۆ (سەرمایەیەكی مادی زیاتر) ئەم مەزرەعانە دەكەونە بەرزاییەكانی جوگرافیاو لەنزماییەكانی مەعریفەن .
ئەم بابەتەم لەسایتی سڤیلدا بڵاوکراتوەوە .
2,239 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست