جیهاد محەمەد : ترید أرنب خذ أرنب ، ترید غزال خذ أرنب .
ئەمە قسە و وتەی یەکەم و کۆتای پارتییە !. پارتی بەم زمانە فێڵاوییە و هەندێک جاریش بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە لە سەر زاری مامۆستا ئیمینکی وتەبێژەکەیانەوە و ، هەندێک لە سەرکردەکانییانەوە ، ئەم ( بەزەیی و میهرەبانییە ) دەنوێنن بەرامبەر بە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و ئۆپۆزسوێن و هەموو دەنگە ناڕازییەکان ، تا کەس گلەیی نەکات لە دوا رۆژدا و نەڵێت کوا بەشمان ؟! ئەوەتا بە ئاشکرا دەڵێن ، فەرموون ، کەروێشکتان دەوێت ؟، ئەوە کەروێشک . ئاسکیشتان دەوێت ؟ ئەوە کەروێشک . گلەەیی نەکەن و ، پێمان نەڵێن دیموکراتییەت نییە لە کوردستاندا !. ئەوەتا خۆتان بیستتان ، جەنابی سەرۆک ڕایگەیاند ئەم دیموکراتییەتەی پارتی و سەرۆک کە هەموو دنیا پێی سەرسامە گەڕانەوەی نییە ، چوونکە پارتی ڕێز لە میللەت دەگرێت و ئەگەر ئێوە بەو کەروێشکە ڕازی نەبن کە خوا و ئێمە بۆمان بڕیونەتەوە ، ئەوە ئێمە ڕیگەیەکی تر دەگرینەبەر !
مامۆستا ئیمنکی ، ئەمجارەش ڕایگەیاندەوە و ، تۆپەکەی هەڵدایەوە ناو گۆڕەپانی حیزبە سیاسییەکان و ئۆپۆزسوێن و یەکێتی هاوپەیمانەکەشی ، تا باش بزانن کە شکاندنی ڕای پارتی و درێژنەکردنەوەی ولایەتی سەرۆکەکەیان بۆ جاری سێیەم ، گوناحێکی گەورەیە و ، ئەوە مەحاڵە لای پارتی قبوڵ بکرێت !.
ئەم بێمنەتیی و هەرشەیەیی مامۆستا ئیمنکی بە ناوی پارتییەوە ، هەموو لێدوان و قسە و هەوڵ و خەباتی هەموو خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان بۆ سەروەریی یاسا و فەراهەمکردنی دیموکراتیی و هەڵبژرادنێکی بێخەوش و دوور لە ساختەکاریی خستەوە ژێر پرسیارەوە!، ئەم قسەیە ئەوەمان بۆ پشتڕاستدەکاتەوە کە سەرۆکی پارتی کاتی خۆی کە وتی : ئێمە بە خوێن هاتووین و بە خوێنیش دەڕۆین! بەردەوامە لەسەر قسەی خۆی . ئەم قسەیە پشتڕاستکردنەوەی ڕای هەموو ئەو چاودێرە سیاسییانەیە کە لە مینتاڵیتی ئەم پارتە و سەرۆکایەتییەکەیان وا تێگەیشوتن ، کە یان دەبێت ئەمان سەرۆک بن یان کاولکارییەک دروستدەکەن !.
دەبێت ئەو ڕێگەیە کام ڕێگە بێت کە مامۆستا ئیمنکی بە هەرشەوە دەڵێت ، دەیگرینە بەر؟!. دەبێت لەمەودوا هەموومان دەستەودۆعا بوەستین و بپارێینەوە کە ئەو ڕێگەیە ، ڕێگەی شەر و پەلاماردان و براکوژی نەبێت . ئاخر پیسترین و ناشیرینترین شتێک کە کرابێت لە نێوان حیزبە سیاسییەکاندا شەڕە ناوخۆییەکان بووە . خوێنڕشتنی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بووە . خراپترین بیرکردنەو ، بیرکردنەوەیە لە شەر و پەلاماردان و خوێنڕشتن . پارتی ، باش ئەوە دەزانێت کە شەر ئەوەندە نەخوازراوە کە رەنگە خەڵکی بۆ خۆپاراستن لەو شەڕە نەگریسە بڵێن ، پارتی چیی دەوێت با بیکات و بیبات و داگیرییبکات و بەس شەرێک نەخولقێنن ، بەس ئەمجارەش ماڵمان وێران نەکەنەوە ، کوڕە گەنجەکانمان نەکوژرێن و کچە سەربەرزەکانمان ئەتک نەکرێن . جارێکیتر نبینەوە بە جێگەی گاڵتە و پێکەنینی دووژمن و ناحەزانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە ، جارێکتری جەرگی دایکەکان هەڵنەقرچێننەوە ، جارێکیتر ئەوەندەی تر سەر و ڕیشی باوکەکان سپی نەکەن و فرمێسک لە چاوە کزەکانییان نەهێنن . جارێکیتر پۆشاکی ڕەش هەڵنەکێشنەوە لەبەری هەزاران خوشکی برا کوژرا و باوک کوژراو ، جارێکیتر خەڵکی دەڤەری زەرد و دەڤەری سەوز ئاوارە نەکرێنەوە . جارێکیتر بە سەدان گەنج لە ترسی شەری براکوژی ئاوارە و سەرگەردانی ئەم وڵات و ئەو وڵات نەبنەوە . جارێکیتر پێمان نەڵێنەوە، ئەم گەلە خۆ خۆرن ، ناتوانن خۆیان رێکبخەن، خوێڕێژ و شەڕەنگێزن .
من ڕام وایە ، ئەو ڕایەی کە دژ بە شەڕە ، ڕایەکی یەجگار مرۆییانەیە . پێویستە ڕێزیی لێبگیرێت ، پێویستە بە جۆرێک بەرجەستەبکرێت کە بکرێت بە پرۆژەیەکی مرۆییانەی پێشکەوتنخوازیی و ئاشتەواتیی ناو کۆمەڵگادا . کەچی بە داخەوە ، پارتی کاری لەسەر دەکات و دەیکات بە زەخیررەیەک بۆ دەستکەوەتی سیاسیی خۆی ، وەک ترسێک لە دڵی خەڵکییدا چاویلێدەکات و بەکاریی دەهێنیت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی . بەڵام حەق وایە پارتی و سەرکردایەتییەکەی ئەوە باشبزانن ، ئەمڕۆ خەڵكانێکی زۆر هوشیار هەیە لە کوردستاندا ، کە چارەنووسی میللەتێک ڕادەستی ئەو جۆرە هەرەشانە ناکەن و خۆشیان دەپارێزن لە شەر و برا کوژی ، خەڵکی هوشیار نە شەڕ دەکات ، نە خۆشی ڕادەستی هەرشە نالۆژییک و نامرۆییەکان دەکات .
خەڵک ئەمڕۆ ڕازینییە لەسەر ئەم پرسانە :
• ڕازینییە بە نایاسایی کاندیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم .
• ڕازینییە بە نەگەڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان و هەموارنەکردنەوەی .
• ڕازینییە دەستور بە جۆرێک تێپەرێنرێت کە سەرۆکایەتیی هەتا هەتایە بۆ مەسعود بارزانی بێت … خەڵک لەسەر هەموو ئەمانە ناڕازییە و ئامادەش نییە خوێنی دۆست و ئەندامێکی پارتی یا هەرچ کەسێکی تر بڕژێنرێ ت. ئامادە نییە لەسەر بنەمای ڕق و کینە و یەکتریی سڕیینەوە ململانێکان یەکالییبکاتەوە . ئیتر نازانم ئەم لۆژیکە سەردەمیانەیەیی خەڵک بە لۆژیکی هەڕەشەوگوڕەشە بۆ وەڵام بدرێتەوە!.
ئەگەر پارتی شەڕی دەوێت ، بۆمان هەیە بپرسین ، شەر لەگەڵ کێ ؟! لەگەڵ خەڵکێکی ستەمدیدەی سڤیل و هوشیاری وا کە دەخوازێت هەموو ئەم پێوەندییانە بە یاسا و رێسایەکی سەردەمییانە و دیموکراتییانە سنوری بۆ دابنرێت و رێکبخرێت :ـ
• پێوەندییەکانی هەموو حیزبەکان لەگەڵ یەکتری .
• پێوەندی حیزبەکان بە حکومەتەوە .
• پێوەندی حیزبەکان بە خەڵکەوە .
• پێوەندی حکومەت بە خەڵکەوە .
• پێوەندی دەسەڵاتەکانی یاسایی و جێبەجێکاریی و دادوەریی و دەسەلاتی چوارەم(ڕاگەیاندن) لەگەڵ یەکترییدا … هتد .
• خەڵکی دەخوازێت چیتر ئەم میللەتە ستەمدیدەیە لە دەرەوەی مێژوودا نەمێنێتەوە و بگات بە کاروانی میللەتانی پێشکەوتووی دنیا.
• سیستەمێکی حکومڕانیی سەردەمییانەی داڕێژراو بە فەلسەفەیەکی دیموکراتی کە ئازادییە مرۆیی و ئابووریی و سیاسیی و فەرهەنگییەکان بووبیت بە پایەگەلێکی چەسپییو بۆی. وەک :ـ ئازادی ڕادەبڕین، ئازادی لە هەڵبژاردندا، ئازادی دەنگدان بۆ هەموو کەس ، ئازادی تاکگەرایی و چوونە دەرەوەی تاک لە ژێر کولتووری ترادسوێنە ڕزییوەکاندا ، ئازادی دین و ئاینزایی و باوەڕەکان ، ئازادی حیزبایەتیکردن و سیاسەتکردن، ئازادی بازرگانیکردن و کارکردن و هەڵبژاردنی ڕێگەی ژیان، ئازادی ژن و ، جیانەکردنەوەی لە پیاو، لەسەر بنەمای پیاوسالاریی و باوک سالاریی و یاسا ئاسمانیی و دینیی و کولتوورە بەسەرچووەکان ، ئازادی خوێند و هەڵبژاردنی جۆری خوێندن ، ئازادی ڕاگەیاندن و قۆرخنەکردنی لە ژێر سێبەری حیزبایەتییدا، ئازادی زانیاریی وەرگرتن و ڕوونی لە کاریی حکومیی و کارگێڕییدا، بە تایبەتی ئازادی پێدان و وەرگرتنی زانیارییەکان بۆ رۆژانمەنووسان و ڕاگەیاندنەکان کارێکی پیویستە، ئازادی ڕۆژنامە نووسان و ڕاگەیاندنکاریی و رۆژنامەگەریی و، رێنەگرتنلێییان لە ڕووماڵکردنی هەرچ ڕووداو و کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییدا. ئازادی ڕەخنەگرتن و قسەکردن لەسەر هەرچ ناهەمواریی و نایاساییەک بە خوێندنەوەی تایەبەتی ڕەخنەگر و قسەکەر، ئازادی کۆڕ و کۆبوونەوەکان و خۆ ڕیکخستن و خۆپیشاندان و مانگرتن و لێدوان، ئازادی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانیی و مرۆیی کە ڕووخسارێکی جوانی هەرچ کۆمەڵگایەکە لە کۆمەڵگا شارستانییەکان .
لە لایەکیتر خەڵکی دەخوازێت :
• سیستەمێکی پەروەردەیی و پێداگۆگیی هاوچەرخی و دیموکراتیی هەبێت .
• سیستەمێکی تەندروستیی زانستییانە و مرۆڤدۆستانەی هەبێت. ئەم دوو بوارەی ژیان بنەمایەکی ستراتیژیی هاوچەرخە بۆ درووستکردنی کۆمەڵگایەکی شارستانیی و عەقڵکراوە و تەندرووست لە زۆر ڕووەوە .
• سیستەمێکی ئابووریی دادپەروەرانە و بەرهەمهێنەری گەشەسەندووی هەبێت،کە ژیانێکی ئاسودە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا مسۆگەربکات .
• سیستەمێکی عاقلانیی و مەعریفییانەی بەرجەستەکراو لە زنکۆکاندا هەبێت، تا زەوینەی داهێنان و توانا گەورەکانی تاکەکان خۆشبکرێت و کار ئاسانییان بۆ بکرێت .
• سیستەمی دیبلۆماسیی لەگەڵ حکومەت و میللەتانی دنیادا لەسەر بنەمایەک هەڵنرابێت کە بەرژەوەندی خەڵکی گشتیی و چوونە پێشەوە بەرهەمبهێنێت، نەک لەسەر بنەمای پێگەی خێل و بنەماڵە و ئەم حیزب و ئەو حیزب .
• سیستەمی شکۆمەندیی و ڕێزی مرۆڤەکان لە ئاستێکی بەرزدا بەرێوەبچێت .
• پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێ چینایەتییەکان رێکبخرێت .
• سیستەمیی دادپەروەیی و دادوەریی وا هەبێت کە هاوڵاتی وەک هاوڵاتیی بخوێنێتەوە و کەس لە پلەی (هاوڵاتی) بەرزتر نەبێت لە بەرامبەر یاسادا و، لە هیچ بوارێک لە بوارەکانی ژیاندا، جگە لە پلەی شارەزایی و تایبەتمەندێتیی کە لە جێگەی شییاوی خۆیاندا دانبرێن و سوودییان لێوەربگیریت .
• سیستەمی ئاسایشیی نەتەوەیی سەربەخۆبێت و سەر و ماڵی خەڵکی بپارێزێت لە کارەسات و تاوانەکانی ناوخۆیی و، وڵاتپارێز و میللەت پارێزبێت لە تاوان و هەڕەشە و ترسە دەرەکییەکان .
• سیستەمێکی بیرکەرەوەی سیاسییانەی عاقڵانە لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە ناهەموارەی هەموو گەلی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا، لە سەر بنەمای پێکەوە ژیان و سەپاندنی مافی دیارییکردنی چارەنووسی هەرچ گەل و نەتەوەیەک . کە لە ڕاستییدا لەبارتریین و باشتریین زەوینەی بۆ سازبووە ، بۆیە پێویستە بیرکردنەوەی سیاسیی کوردیش لەو ئاستەدابێت تا ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەستنەدرێت .
من ڕام وایە، کە پارتی بە تایبەتیی و گەلی کورد بە گشتی، زیانێکی گەورە دەکات لەو چاو سورکردنەوە و هەڕەشەوگوڕەشانە، لەو خۆ سەپاندن و، هەوڵدانانەی کە پارتی دەیدات، بۆ کاندیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم بۆ جاری سێییەم بە زۆر و لە دەرەوەی یاسا. باشتریین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە بەرژەوەندی گەل و نەتەوە و هەموو حیزبە سیاسییەکان و پارتیشی تێدایە، ئەوەیە کە هەموومان بگەڕێنەوە بۆ لۆژیکی هەڵبژاردنێکی بێخەوش و دوور لە ساختەکاریی ، بۆ پەیوەستبوون بە یاساوە، بۆ دیموکراتییەت ، بۆ ڕێزگرتن لە ڕای هەموو حیزبەکان و رێکەوتنی سیاسییانە لە کاتی جیاوازییاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی میللەت ، دوا جار بۆ بە هەند وەرگرتنیی هەموو ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لای ئۆپۆزسوێن و خەڵکی گشتییەوە دروستبووە لەسەر ئەم عەقڵییەت و سیستەمی بەرێوەبردنەی ئێستای کوردستان .
نەرویج – ٦/٥/٢٠١٣
1,140 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست