shehid

شه‌هاب كه‌ریم : وه‌زیره‌ و چوارمنداڵ له‌چاوه‌ڕوانی هاوسه‌ر و باوكیاندان

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وه‌زیره ‌فه‌تاح  ،  نەوشيروان نه‌مه‌ڵی و لوقمان و خەرامان و دڵشاد ، له‌چاوه‌ڕوانیدان .

له‌شه‌وێكی سه‌رما و سۆڵه‌ی زستاندا ، پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن به‌ساڵاچوو ، له‌كونجی ژووره‌ بچكۆله‌نه‌كه‌یدا ، باسی له‌ڕابردووی خۆی و هاوسه‌نگه‌رانی ده‌كردوو ، له‌خه‌می گه‌له‌به‌ش مه‌ینه‌ت خووراوه‌كه‌یدا بوو ، جار جاریش له‌به‌رخۆیه‌وه‌ و له‌ژێر لێویه‌وه ‌، پرسیاری ده‌كرد و ده‌یوت ، تۆ بڵێی رۆژێك له‌ڕۆژان ، ئه‌م گه‌له‌ی من ڕزگاری بێت و كوردستانیش ئازادبێت ؟ كه‌ی ئه‌وخه‌ونه‌م بێته‌ دی و میلله‌ته‌كه‌ی منیش وه‌ك گه‌لانی تر ئازاد و سه‌ربه‌خۆبێت ، ئه‌م پرسیارانه‌ و زۆرتری وه‌ك ڕێنمایی و یاداشته‌كانی ڕۆژانی ڕابردووی له‌نێوان خیزان و مناڵه‌كانیدا ده‌كردوو ده‌یگێڕانه‌وه ‌، منیش زۆر به‌ئازار بووم بۆی ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مزانی شتێك هه‌یه‌له‌ڕابردویداكه‌ شانازی پێوه‌ده‌كات ، ئه‌ویش مێژوویه‌كی پڕسه‌روه‌ریه‌كه ‌له‌نێوان هاوڕێكانیدا ‌ له‌ژووره ‌تاریكه‌كانی زینداندا ، وه‌ك یاده‌وه‌ریه‌ك له‌زهنیدا ماون و دیمه‌نی ڕوخساری هاوڕێ بێسه‌ر و شوێنه‌كانی وه‌ك ‌ ئه‌لبوومێك له‌چوارچێوه‌یه‌كی گۆشه‌ی دڵیدا بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ هه‌ڵیگرتون ، فرمێسكه‌كانی پیاوی به‌ساڵاچووم به‌لاوه ‌سه‌یر نه‌بوو ، چوونكه‌ من له‌ناخی تێده‌گه‌یشتم ئه‌وده‌مه‌ش مامه‌پیره ‌وه‌ك ئێستا نه‌بوو ، ئاخر ” سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هێشتا حه‌ڤده ‌ساڵێك له‌من گه‌وره ‌تربوو ، دوای ئه‌و هه‌موو ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ی زیندان ، كه‌ده‌درا ، نه‌ك فرمێسك به‌ڵكوو ، بۆ جارێكیش ئاهێكی به‌ ‌زاریدا نه‌ده‌هات و له‌گه‌ڵ هه‌ر ئه‌شكه‌نجه‌دانێكدا بۆهاوڕێكانی تری ناوزیندان ، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك وابوو ، له‌پڕ ده‌ستی بۆ په‌نجه‌كانی ده‌برد و ده‌یوت ئه‌و پیاوه‌م مه‌زنه‌م هه‌رگیز له‌یادناچێت ، كه‌نینۆكه‌كانی ده‌ستی له‌سه‌ر كورد بوونی و نینۆكه‌كانی قاچیشی له‌سه‌ر به‌شیوعی بوونی هه‌ڵكێشرا بوون .

دواتر زانیم باسی ئه‌و كه‌ڵه‌پیاوه ‌شیوعیه ‌ده‌كات ، كه ‌تائێسته ‌گۆڕ غه‌ریبه‌ و له‌سه‌ربه‌شێوعی بوونی چاره‌نووسی نادیاره‌ و ئه‌و ڕۆژگارانه‌ش له‌زینداندا ڕاسته ‌بۆنی مردنیان لێده‌هات ، به‌ڵام بۆئه‌مڕۆ میژوویه‌كی زیندوی گه‌وره‌یان بۆنه‌وه‌ی دواڕۆژ ، وه‌ك ئه‌زموونێك له‌ڕابردووی خه‌باتگێڕاندا دروستكرد و ئه‌م ئازادیه‌ش به‌دیهات ، ئه‌گه‌رچی ڕژێم هه‌موو حیزب و ڕێكخراوه‌كانی وه‌ك یه‌ك ده‌بینی و ده‌یخوێندنه‌وه‌ ، به‌چاوی دووژمنه‌وه ‌ده‌یڕوانیه‌ هه‌رتاكێكی كورد و ئه‌وه‌ش ببووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت له‌زیندانه‌كانیشدا وه‌ك یه‌ك ئازاری ده‌دان و وه‌ك یه‌ك لێپرسینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كردن ، بۆیه‌ ( غه‌نی حاجی ئه‌حمه‌د ) نه‌مه‌ڵی ‌كادرێكی حیزبی شێوعی بوو ، پیاوانی ڕژێمی له‌زینداندا بێزار كردبوو ، هه‌رچی ئه‌وان داوایان لێده‌كرد ، ئه‌م به‌پێچه‌وانه‌وه ‌، وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه‌ و باسی سه‌روه‌ریه‌كانی شه‌هیده‌كانی ده‌كرد ، كاتێك نینۆكی په‌نجه‌كانی ده‌ستیان هه‌ڵده‌كێشا ، له‌بری ئه‌وه‌ی ووشیه‌ك بدركینیت ، قاچی بۆبه‌رزده‌كردنه‌وه‌ و پێی ڕاده‌گه‌یاندن به‌وه‌ی نینۆكی په‌نجه‌كانی تریشی بۆهه‌ڵبكێشن .

ئه‌م قاره‌مانه ‌، له‌ساڵه‌كانی شه‌سته‌كاندا ، ئه‌ندامی حیزبی شێوعی بووه‌ و به‌كری حاجی ئه‌حمه‌دی برای شه‌هیدبووه‌ و ته‌رمه‌كه‌ی خراوه‌ته ‌ئاوی سیروانه‌وه ‌، له‌ساڵانی حه‌فتاكاندا له‌شاری دیالا ، به‌رپرسی حیزبی شیوعی ده‌بێت و پاشان ڕوو له‌مۆسكۆ ده‌كات و له‌وێ ئەکادیمی مارکسی لیلینیزم دەخۆێنێت ، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵات له‌به‌ڕواری٦/٦/١٩٨٢له‌لایه‌ن ئاسۆی قومریه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت ، جگه‌له‌وه‌ی به‌رپرسانی تری زیندان ، ئاماده‌ ده‌بوون ، له‌لایه‌ن كه‌مال پشده‌ری و نه‌قیب مه‌دحه‌ته‌وه‌ ، لێكۆڵینه‌وه‌ و لیپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ، به‌تایبه‌ت له‌وده‌مه‌دا كه‌مال پشده‌ری له‌لێكۆڵینه‌وه‌كانیدا زۆر تووند و تیژ بوو ، ئیتر له‌و رۆژه‌وه‌ غه‌نی حاجی ئه‌حمه‌د ، بێسه‌ر و شێونه‌ و دوای بڵاوبونه‌وه‌ی په‌ڕتووكێك به‌ناوی علی هه‌ژار سەرکردەو رۆشنبیر به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ و به‌ڵگه‌نامانه‌ی منزومەی شەرقی ئەمنی عام لە برواری ٧/ ١٩٨٣لە سێدارە دراوە لەگەڵ شەهید علی هەژار و کردۆ گەڵاڵەی و٤٥ کەسی تر کە ناوی غەنی حاجی ئەحمد نەمەڵی٧ کەس هاتووه‌ به‌ڵام تائیستا‌ش خێزان و مناڵه‌كانی له‌چاوه‌ڕوانی ته‌رمی هاوسه‌ر و باوكیانن ، به‌داخه‌وه ‌تائێستا‌ش هه‌ربه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ و به‌و ئازاره‌وه ‌ده‌تلێنه‌وه ‌، رۆژانه‌ش نوقمی ده‌ریا و دنیای خه‌یاڵ ده‌بن ، هه‌میشه ‌له‌بیركردنه‌وه‌دان ، ئاخۆ ته‌رمی ئه‌م قاره‌مانه‌ ، هه‌رهیچ نه‌بێت گه‌ر ئێسك و پروسكیشیان وه‌ك ته‌رمی ئه‌نفاله‌كان بۆبیته‌وه‌ .

4,320 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت