عەتا قەرەداغی : قەیرانی سەرۆکایەتی کۆمار .
وەکو ئاشکرایە ماوەی نزیکەى پێنج مانگە سەرۆک کۆماری عێراق لە هەمان کاتدا سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان باری تەندرووستی تێکچووەو نەیتوانیووە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات . بێگومان ئەوەش کاریگەری لەسەر هەردوو دامەزراوەکە بە تایبەتی بارودۆخی عێراق و کوردستانیش بە گشتی هەبووەو هەیە . سەرباری ئەوەى کە پۆستی سەرۆک کۆمار لەعێراقدا پۆستێکی رەمزى و تەشریفاتییە ، بەڵام کەسێتی بەهێزی مام جەلال وایکردبوو کە واهەست بکرێت ئەو پۆستە سەلاحیەتێکی زۆری هەیە . هەمووشمان ئەوە دەزانین کە لە مێژووى درووستبوونی دەوڵەتی عێراقدا پێناچێت عێراق هیچ سەرۆک کۆمارێکی هەبووبێت کە بە وێنەی مام جەلال وەکو سەرۆکی هەموو عێراقییەکان رەفتاری کردبێت ، کە ئەوەش لەلای ئێمەى ئەندامانی نەتەوەکەی خۆی زۆرجار مایەى رەخنەگرتن بووە لە سەرۆک کۆمار ، پێمان وابووە دەبوایە زیاتر بەلای کوردا بیشکاندایەتەوە ، چونکە ئەو وەکو نوێنەری کورد سەرۆک کۆماری عێراقە نەک وەکو عێراقییەکی بێ لایەن .
بەهەرحال ئەو رەخنانە نەیانتوانیووە هیچ لە بەرنامەو شێوازی کارکردنی مام جەلال بگۆڕن و بەرنامەکەشی بەراستی خەمی بیناکردنەوەى عێراق و چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی بووە لە رێگای گفتوگۆو دانووسانەوە بەتایبەتی پەیوەندی خراپی نێوان شیعەو سوونە کە ئەو رۆڵی کاریگەری هەبووە لەوەیدا ، کە ئەو کێشە رەگ و ریشەدارە مێژووییەى نێوان ئەو دوو لایەنە نەیارە مەزهەبیە نەتەقێتەوە. بۆ راستی سەلماندنی ئەم قسەیەش هەر بە غیابی مام جەلال بۆ ماوەیەکی کورت ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە گەیشتە خراپترین ئاستی کە ئێستاکە بەجۆرێک تێکچووە کە رێکخستنەوەى زۆر گرانە. هەر ئەو دەورەى مام جەلال وایکردووە کە بە گشتی عێراقیەکانی غەیری کورد دان بەو راستیەدا بنێن ، کە ئەوە مام جەلال بوو رێگای لە تەقینەوەى کێشەکانی شەڕی نێوان سوونەو شیعە گرتبوو. بەڵام پاش ئەو ماوە درێژە لە غیابی سەرۆک کۆمارو تا ئەندازەیەک بێئومێدبوونی زۆرێک لە عێراقییەکان لە گەڕانەوەی بۆ بینینى هەمان دەوری پێشتری ، باسی دانانی جێگرەوەی ئەو دەکەن .
پێشتر حەسەن عەلەوی وتی مام جەلال جێگرەوەى نییەو کاتێ باسی بەدیلی ئەو دەکرێت من چاوەکانم پڕدەبن لە فرمێسک ، بەڵام لە پێش دوو هەفتە رایگەیاند پێویستە کورد جێگرەوەیەک بۆ مام جەلال دابنێت. لەم رۆژانەشدا داواکاری گشتی داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکات کە ماوەیەکی زۆر بەسەر غیابی سەرۆک کۆماردا تێپەڕیووە بۆیە پێویستە پەرلەمان ئەم بابەتە تاوتوێ بکات .
بەهەرحاڵ من نازانم ئەوە لە رووی یاساییەوە چۆنە ، هەرچەندە لە دەستووری عێراقیدا مادەی 72 و 75 باسی شێوازی مامەمەڵەکردن لە پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات ، لە حاڵەتی غیابیدا یان لە حاڵەتی چۆڵبوونی شوێنەکەیدا. بەڵام ئەوەى کە داواکاری گشتی مافی هەبێت داوا لە پەرلەمان بکات کە شوێنی سەرۆک کۆمار پڕبکرێتەوەو تا چەندێ ئەوە لە سەلاحیاتی داواکاری گشتیدایە ئەوەیان کاری یاساناسانە ..
ئێستا ئێمە لەبەردەم ئەو پرسیارەداین ئایا ئەگەری چاکبوونەوەى مام جەلال و گەڕانەوەى بۆ کاری سیاسی و ئیداری خۆی هەیە یان نا؟. بەداخەوە کە بیر لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەکەینەوە ، رەنگە نەتوانین بە بەڵێ وەڵام بدەینەوە چونکە ئەوە واقیعی ژیانەو هەڵچوونی تەمەن و لە تواناکەوتنی مرۆڤ ، تەنانەت مردنیشی ئەو چارەنووسە تاڵەن کە هەموو کەس رووبەڕووی دەبێتەوە .
مام جەلالیش وەکو هەموو مرۆڤێکی تر مل کەچی ئەم یاسا گەردوونیانەیەو دەشێ بەهەڵەدا نەچووبین ئەگەر بڵێین کەم کەس لەو تەمەنەى ئەودا ئەو تواناو چالاکییەی ئەوی دەمێنت .
کەواتە ئایا ئێستا دەبێ لەو رووەوە چی بکرێت ؟
ئایا دەکرێت پۆستی سەرۆک کۆمار هەر بەو شێوەیە بەچۆڵی بمێنێتەوە؟ ئایا کورد لە چۆڵی ئەو پۆستە زەرەری نەکردووە ؟
دیارە گومانی تێدا نییە کە چۆڵی پۆستی سەرۆک کۆمار بواری داوە بە لایەنی شیعە کەهەم سەرۆکی حکومەت و هەم سەرۆکایەتی کۆماریش لەو ماوەیەدا ئەوان بە تەنیا بەڕێوەى ببەن و ئەوەش تا پێیان دەکرێت لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن. کەواتە پێویستە کورد بە گشتی و یەکێتی نیشتیمانی بەتایبەتی ئەو مەسەلەیە بەجیدی وەربگرن .
هەروەک ئەو مەسەلەیە لەسەر ئاستی حیزبیش دیسان پێویستی بەبڕیاری جیدی هەیە ، هەرچەندە لەراستیدا لەسەر ئاستی حیزبی ، ئەو شێواندنەى کە لەسەرەتای نەخۆشیەکەی مام جەلالەوە بە سەرکردایەتی یەکێتییەوە دیاربوو ، ئێستا ئاسایی بووەتەوە . راستە دەشێ ململانێ و ناکۆکیش بەتایبەتی لەئاستی مەکتەبی سیاسیدا هەبێت ، بەڵام پێموایەو پێویستیشە لۆجیکی عەقڵ پێش هەموو بەرژەوەندییەکان بکەوێت و سەرکردایەتی یەکێتی بەو لۆجیکە ئیش بکەن کە بتوانن حیزبەکەیان بەباشترین شێوە بەڕێوەببەن . چونکە بچووکترین درزو دابەشبوون بەزیانی هەموویان دەشکێتەوەو سەرئەنجامیش ئەوە دەبێتە زیانی گەورە بۆ دۆزی کوردو مەسەلە چارەنووس سازەکەى .
بێگومان ئەوەش ئاساییە کە دەوڵەتانی دەوروبەر لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بیانەوێت پشتگیری فڵانە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بکەن بۆ وەرگرتنی فڵانەپۆستی حیزبی یان حکومی . دیسان پەیوەندی هەر بەرپرسێکی یەکێتیش لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەر ، ئەگەر لەسەر حیسابی حیزبەکەیان و بەرژەوەندییەکانی کورد نەبێت ، شتێکی ئاساییەو ئەو پەیوەندییانەش لەهەر ئاستێکدا بێت پێموایە پەیوەندی بەدەورو کاریگەری ئەم حیزبەوە هەیە لە کوردستانداو دەشکرێت هەموو ئەو پەیوەندیانە لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبەکەیان و کورددا بەگشتی بەکاربهێنن .
لەراستیدا ئێستا بەحوکمی ئەوەی کە یەکێتی هەم لە کوردستانداو هەم لە عێراقیشدا بەشداریی دیاری هەیە ، کەواتە ئەو پۆستە گرنگانەى کە بەر یەکێتی کەوتوون ،بەشی هەموو ئەو بەرپرسە باڵایانە دەکات ، کە خواست و ئارەزووى وەرگرتنی پۆستیان هەیە . بۆیە ئەوە کارێکی نادرووستە کە لەسەر پۆست و پلەو پایە بەرپرسانی دیاری یەکێتی کێشەیان هەبێت . بەڵکو ئەوەى گرنگە ئەوەیە کە توانای بڕیاردانیان هەبێت و لەسەر ئەوەش رێبکەون کەکێ دەتوانێت حیزب بەڕێوەببات و کێ دەشێ بۆ ئەوەى جێگای مام جەلال لە بەغدا پڕبکاتەوەو کێ دەتوانێت ئەو پۆستەى لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم بەر یەکێتـی دەکەوێـت بەڕێوەەببات و کێ بۆ پەرلەمان و کێ بۆ حکومەت دەشێت؟. بۆیە بەروانینی من ئەگەر سەرکردایەتی یەکێتی بتوانن بەرژەوەندی باڵای حیزبەکەیان و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەکەیان کە خەباتی زۆریان لە پێناویدا کردووە بخەنە پێش بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە ئەوا دەتوانن بەگیانی هاوڕێیانە هەموو ئەو مەسەلانە یەکلایی بکەنەوەو رێزى گەورەو بێپایانیش لەهەموو ئاستەکاندا بۆ مام جەلال دابنێن . هەرچەندە مام جەلال کەوتووەتە سەرووى هەموو ئەو پێوانانەوەو ، هەموو سنوورە ناوچەییەکانی بەجێهێشتووەو وەکو سەرکردەیەک لەسەر ئاستی جیهان بوونی خۆیی سەلماندووە ، بۆیە پێویستی بەهیچ نییە . بۆیە لە رووی واقیعیانەوە باشتروایە سەرکردایەتی یەکێتی و خانەوادەى مام جەلالیش سنوورەکانی سۆزو رۆمانسیەت بەجێبهێلن و تەسلیمی ئەو واقیعەبن کە دەبێ لەئێستاوە بۆ ئایندە بڕوانن ، نەک لە رابردوودا بژین .
لەراستیشدا هەر ئەمەیە لۆجیکی سیاسەت لە دنیادا. تاکەکەس بەسەرکردەکانیشەوە دەڕۆن بەڵام ژیان راناوەستێت و چاوەڕوانی کەسیش ناکات . بۆیە ئەوانەى ناتوانن لەگەڵ رەوتی ژیاندا وەکو پێویست بڕۆن ، ئەوەى بۆ هەر قۆناغێک پێویستە ئەنجامی نادەن سەرئەنجام ژیان بەجێیان دەهێڵێت .
بە گوێرەى ئەو بارەى کە ئێستا یەکێتی نیشتیمانی تێدایەو بەگوێرەى ئەو بەرپرسیارێتیانەى کە لە ئەستۆیەتی ، ناتوانێت بەردەوام بەو شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوەو چاوەڕوانی ئەوەبکات ، کە بۆماوەی درێژخایەن ، عێراقییەکانیش چاوەڕوانی بکەن ، بەو ئومێدەی مام جەلال تەندرووستی باش بێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی . چونکە لەو تەمەنەداو دوای نەخۆشیەکی لەو جۆرە ، ئومێدەکان کەمن بۆ ئەوەى جارێکی تر مام جەلال بتوانێت ئەرکەکانی وەکو سەرۆک کۆمارو وەکو سکرتێری یەکێتیش جێبەجێ بکات. رەنگە بەهەڵەدا نەچووبین ئەگەر بڵێین رەنگە قۆناغی دوای مام جەلال بە کاریگەری ئەوەى کە کەس ناتوانێت لە نێو یەکێتیدا ئەو پێگە بەهێزەى مام جەلال بەدەست بهێنێت ، قۆناغێکی جیاواز بێت . ئەوەش وایان لێبکات کە حیزبەکە لە بڕیاری تاکەکەس رزگاری ببێت و جۆرێک لە رێکەوتن و کۆدەنگی و بڕیاری بەکۆمەڵ لەنێو سەرکردایەتی حیزبدا دروست ببێت ، کە ئەوەش بێگومان لە قازانجی حیزبەکە دەبێت ، رەنگە رۆڵ و کاریگەریشی هەبێت لە گێڕانەوەی بەشێک لە تواناو وزە بۆ جەستەى یەکێتی وەکو حیزب . دەشێ ببێتە بنەماش بۆ درووستکردنەوەى جۆرێک لە ئینتیما لە لای زۆرێک لە کادیران و لایەنگرانی دڵشکاوی یەکێتی ، کە هۆکاری نەبیستنی دەنگیان لەسەرەوە بووەتە هۆی لاوازی ئینتیمایان . بەهەرحاڵ من هیوادارم هیچ کام لەو دەوڵەت و لایەنانەى دەرەوەو ناوەوە کە هەریەکە بە جۆرێک ، لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیدا دەیەوێت یەکێتی بەلای خۆیدا رابکێشێت ، بۆ ئەو مەبەستەش هەر دەوڵەتەو لایەنە ئەم بەرپرس یان ئەو بەرپرسی یەکێتی بانگهێشت دەکات ، نەتوانن کار لە یەکگرتوویی و یەکڕیزی یەکێتی بکەن و بەرپرسانی یەکێتیش هەموو ئەو پەیوەندیانە لەپێناوی بەهێزکردنی حیزبەکەیان و زیاتر پتەوکردنی ریزەکانیاندا بەکاربهێنن ، بوێرانەو بە لۆجیکی عەقڵیش لەئێستاوە بڕیار بۆ ئایندەی خۆیان بدەن ، چونکە کات چاوەڕوانی کەس ناکات و تێدەپەڕێت .
3,406 جار بینــراوە