کامیار سابیر : شەڕی سوننە و شیعە : سەربڕینی مرۆڤ لەشامدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ناشیرینبوونی وشەی شۆڕش لەو قەتڵوعامە تایەفییەی وڵاتی سوریەدا روودەدات، هەموو سیماکانی راپەڕین و بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتی رژێمەکەی ئەسەدی ، تەواو بەلاڕێدابرد . میدیای کوردیی ( بەتایبەتیی ئەهلیی و ئۆپۆزیسیۆن ) بەخوێنێکی زۆر ساردەوە ، بەردەوام باسی شۆڕشی گەلانی سوریە دەکەن ! بێئەوەی لایەنە نێگەتیڤەکانی ئەم مۆتیڤە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و هەرزەکارانەیە لەبەرچاو بگرن. لەم نێوەندەشدا ، دەیان گەنجی کوردی بێ دەرەتانیان بۆ سوریە ، بەرەو جیهاد و شەڕی دیکتاتۆریی رەتاندووە، تەنانەت هەندێکیان کەوتوونەتە بەرامبەر کوردەکانی سوریەوە و شەڕی براکوژییان پێدەکرێت . لەلایەن کوردەکانی سوریەوە، لێیان کوژراوە و بەدیلیش گیراون .

شۆڕش بە مانا کلاسییکە لاتینییەکەی و بە میتۆدی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی چەپ و کۆمۆنیستەکانیش بێت، پێویستە ئاڵوگۆڕێكی ریشەیی بێت لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و کولتووریی و دامودەسگا سۆسیۆسیاسییەکاندا . ئایا بەڕاستیی ئەم گرووپە چەکدارە فەندەمێنتالیست و رادیکاڵە ئیسلامییانەی وڵاتی شام ، کام جۆرە شۆڕشە دەکەن ؟ .
رژێمی بەعسی سوریە ، بەهەموو دڕندایەتییەکییەوە ، بەو مێژووە رەشەی لەماوەی پتر لە چل ساڵی رابردوودا ، بە تۆبزیی و داپلۆسینی هەموو دەنگێکی جیاواز درێژەی هەیە، تا هەنووکە ، وەحشیەتیان بەو ڕادەیە نەگەیشتووە ، لە بەرچاوی کامێرا ، لەبەرچاوی خەڵکی مەدەنیی و بە شانازییەوە ، مرۆڤ وەک کارە کۆرپە و مەڕوماڵات ، بەوپەڕی بێمۆڕاڵییەوە سەرببڕن . راستە بە تانک و تۆپ و تەیارە ، گەڕەکە مەدەنییەکان بەر دەستڕێژی گوللە تۆپ و تەیارە دەدەن و هەزارانیان کوشت و هەزارانیان کەمئەندام کرد ، بەلام خەڵکیان بەدیلیی ، لای کەم لەبەرچاوی خەڵک و بە کامێرا خۆیان گرتبێتیان و بەشانازییەوە بڵاوی بکەنەوە ، سەرنەبڕیوە ! .
بەعسی عێراق و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و عێراقیی …….. وێڕای ئەوەی چەکی کیماییان دژ بە شار و گوندەکانی کوردستان بەکارهێنا . کەمپەینی ئەنفالیان بەو قەبارە گەورەیە دژ بە ژن و منداڵ و پیر و خەڵکی مەدەنیی کورد ، ئەنجامدا . تەقەمەنییان لە دیل و زیندانیی دەبەست و دەیان تەقاندەوە ، نەیارە سیاسییەکانیان لە ناو تێزابدا دەکوڵاند و دیلەکانیان بە زیندوویی لە باڵاخانەی بڵندەوە هەڵدەدایە خوارەوە. وێڕای هەزاران دڕاندایەتیی تری بەعسییەکان، کەچیی لەهەموو دیرۆکی بەعسدا، نەبیسترا و نەبینرا و دۆکیومێنتێک دزەی نەکرد، کە عێراقییەکی عەرەب یان کوردێکیان سەربڕیبێت ( بە ڤیدیۆش ریکۆردیان کردبێت) . ئەمە رەنگە پێوەندیی بە میتۆدی ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکانەوە هەبێت ، بەڵام جەبەروت و دڕاندایەتیی بەعس بەراورد بکەیت بە دڕاندایەتیی ئەم ئیسلامییە سەلەفیی و ئیخوانیی و جیهادیی و رادیکاڵ و فەندەمێنتالیستانە ( لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ) مرۆڤ تووشی شۆک دەبێت ، کە کێرڤی بەربەریەتیی ئەمجۆرە دیندارانە ، چەندین قات بەسەر بەعسییەکاندا دەشکێتەوە .
لێرەدا رەنگە هەندێ لە ئیسلامییە میانڕەوەکان، بیانووی ئایدیۆلۆژیی بهێننەوە و بڵێن ئەوانە لە ئیسلام بەریئن و لە دوور و نزیکەوە پێوەندییان بە ئیسلامەوە نییە . پارادۆکسە دینیی و سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکە لێرەدا زیاتر زەقتر دەبێتەوە، چونکە ئەم ئیسلامییە سەلەفیی و جیهادیی و ئەلقاعیدەیی و فەندەمێنتالیستانەش، دەیان دەقی قورئانیی و دەیان حەدیسی سەحیح بۆ شەرعییەتدان بەمجۆرە جیهاد و خەباتەیان دەهێننەوە .
ئەم دۆخەی شام ، لە شۆڕش و بەهاری عەرەبیی و راپەڕینی خەڵک تەواو دەرچووە . مەیدانێکە، زۆرانبازیی هەموو هێزە باڵادەستە جیهانییەکانی تێدا دەکرێت . بووە بە شوێنی تاقیکردنەوەی هەموو پلانە موخابەراتیی و دامودەسگا جاسووسییەکانی دنیا و قوربانیانی سەرەکییش، خەڵکی رەشوڕووتی شامن . خەڵکی شام ، باجی شەڕی ١٤٠٠ ساڵەی لەمەوبەری عەلیی کوڕی ئەبی تاڵیب و باوکی عائیشە ( ئەبوبەکر ) دەدەنەوە .
ئێران و عێراق و هەموو هێزە شیعییەکانی دنیا، لایەنگریی لە ئەسەد دەکەن، وێڕای بەرژەوەندییەکانی رووسیاو چایینە( چین ) ، کە رێگە نادەن ئەمێریکا و ئەوروپا ، تەراتێن بەناوی دێمۆکراسیی و مافی مرۆڤەوە بکەن . لەبەرامبەریشدا ، تورکیە و وڵاتانی نەوتیی خەلیج و زۆربەی جیهانی سوننیی ، لەگەڵ کەمێک هاوسۆزیی حکومەتەکانی خۆرئاوا، لایەنگریی لە گرووپە چەکدارییە جۆراوجۆرەکان دەکەن و هەندێکیان بەئاشکرا و هەندێکیشێان لەژێر لێوەوە داوای رۆیشتنی ئەسەد دەکەن .
زۆربەی ئەگەرەکان ، بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن، رژێم و دیکتاتۆرییەتی ئەسەد ، بەمزووانە لەسەر کار لانابرێت ، ئەگەریش لاببرێت ، پێویستی بە سازانی سیاسیی زلهێزەکان هەیە. وێڕای ئەوەی پێویستی بەدەیان لافاوی تر لە خوێنی خەڵکی مەدەنیی هەیە . ئێران وەک گەورەترین مەڵۆزمی سیاسیی و عەسکەریی بۆ ئەمێریکا، هەروا بەئاسانیی دەستبەرداری سوریە نابێت. هەرکەسێکیش رۆڵی گەورەی ئێران و حیزبوڵا نادیدە بکات ، هیچ لەسیاسەتی جیهانیی و هاوكێشەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان حاڵیی نەبووە .
بۆ کورد و بۆ گەلانی سوریەش ، باشترە ئەسەدێکی ( کلک و گوێ ) کراو و بێ چڕنووک بمێنێتەوە ، نەک هاتنە سەر حوکمی ئەم گرووپە ئیسلامییانە. بۆ ئاساییشی ناوچەکە و سەقامگیریی سیاسیی و هەرێمیی و جیهانییش باشترە ، هەرچی زووتر ئەم شەڕە تایەفییە ( شیعیی و سوننییە) بووەستێت .

1,269 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت