دکتۆر کەمال میراودەلی : یەکێتیی نەتەوەیی مەز ن ، دایەلۆگی مەزن .
کورتە وتارێکی راستەوخۆی دکتۆر کەمال میراودەلی لە کۆنفرانسی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا لە برۆکسل لە رۆژی ٢٤ ی مایس دا .
خۆشەویستان ، هەڤالان بە خێر بێن .
دەمەوێ سەرەتا بە یادکردنەوەو سڵاو بۆ گیانی پاکی مامۆستای رێبەر د. عیسمەت شەریف وانلی دەستپێبکەم کە وێنەکەی لێرە دانراوە ، و کە مامۆستا خاوەنی بیری کۆنگرەی نەتەوەیی و پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستانە و لە هەموو هەنگاوە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان تا گەیاندنی بە ئەنجام لەگەلمان بوو، تاکۆتایی ژیانیشی خەم و خەونی ٢٤ سەعاتیی ئەو سەیدا مەزنە پاشەرۆژی ئازادی کوردستان بوو، هەزار سلاو لە گیانی پاکی.
خۆشەویستان، جێگەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ زۆربەی هەرەزۆری پارت و رێکخراویی سیاسیی کوردستانی لە هەموو بەشەکانی کوردستانی مەزنەوە بەشدار بوون. هیوادارم ئەوانەی تا ئێستا لە دەرەوەی کۆنگرەن، بە فەرمی بێنە ناو ستراکتورو پرۆسەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە .
هاوڕایی و کۆدەنگیی
ئەوەی ئەمرۆ هەموو وتارەکان و بۆچوونەکان هاورا بوون لە سەری چوار خاڵی سەرەکی بوون :
١. خۆرهەلاتی نێوین بە تایبەتی دەوروبەری کوردستانی ئێمە بە گۆڕانکاری گەورەو هەستیاردا تیدەپەڕێت .
٢. ئەم گۆڕانانە دەرفەتێكی گەورەیان بۆ ئێمە وەک نەتەوەی کورد رەخساندووە، هەروەها هەرەشەی سەختیشیان دروستکردووە .
٣. لە ئاست ئەم هەلومەرجە مێژووییە دا گەلی ئێمە پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی هەیە، خۆشبەختانە ئەم یەکێتییە ئەمرۆ هەیەو ئاسۆکانی روونن ئەویش بە پلەی یەکەم بە هۆی نەمانی یان پەراوێزبوونی هۆکاری ناکۆکی ناوخۆیی یەوەیە کە هەمیشە هۆی سەرەکی سەرنەکەوتنی پرۆسەکانی خەباتی نەتەوەییمان بووە.
٤. بۆ ئەوەی ئەو یەکێتییە نەتەوەییە زیاتر پتەوو چەسپاو درێژخایەن و کارا بکەین پێویستیمان بە بەستنی کۆنفرانسێكی کوردستانیی گشتگر هەیە تا بەرنامەو بەرچاوروونی و چوارچێوەی کاری نەتەوەیی بەو پرۆسە بدات و وەک گەورەترین دەسەلاتی بالای چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشخستنی پرس و پرۆسە نەتەوەییەکان کار بکات .
حەزدەکەم زر بە کورتی هەڵوێستی خۆم لەم بارەوە دەرببڕم .
پرسی دیمۆکراسی و دادپەروەریی و دەروی ژن .
هەڤاڵینە: نزیکەی چل حیزب و رێکخراو ئەمڕو وتارو گۆتنی هەبوو. سەرنج بدەن گەر ئەو چل ریکخراوە خۆیان دیمۆکرات بن و ستراکتورو پرۆسەی دیمۆکراسی لە کاری حیزبییاندا رەچاو بکەن چ گۆڕانێكی کۆمەلایەتی و سیاسیی مەزن لە ناو گەلی ئێمەدا دروست دەبێت. بەلام ئایا بەراستی ئەوانە دیمۆکراتن؟ ئایا ئەو نوێنەرانەی ئەمڕۆ بە پرۆسەی دیمۆکراتی حیزبیی هەلبژێردراون و نوێنەری کۆمەلانی خەلکن تا بەناوی جەماوەرەوە قسە بکەن؟ من سەیر دەکەم رێژەی ژنان لەم هۆلەدا زۆر کەمە. ئەوانەی بە ناوی حیزب ورێکخراوەکانیانەوە قسەیان کرد، ژنیان تێدا نەبوو. ژن نیوەی کۆمەڵە، هیوادارم لە داهاتوودا کۆنگرەی نەتەوەیی رێگای ئەندامێتیی و بەشداریی هیچ حیزبێک نەدات کە کەمتر لە نیوەی سەرکرادیەتییەکەی ژن بن .
پرسێکی تری گرنگ بۆ ژیانی گەلەکەمان پرسی دادپەروەریی کۆمەلایەتییە. ئەم پرسە بەهیچ شێوەیەک لە لایەن هیچ حیزبیکەوە لای لێنەکرایەوە؟ نەتەوە چییە، کێیە؟ زۆربەی خەلکی کوردستان هەژاروچەوساوەن. هەندێ قسەکەری باشوور باسی نەتەوایەتی و دیمۆکراسییان کرد.ئەوە ٢٢ سالە دەسەلاتی کوردیی لە باکوور بەرپایە، جگە لە گەندەڵیی و دزیی و داگیرکاری و فەساد چ جۆرە کۆمەلێکیان بنیات ناوە؟ چ بۆ کاری نەتەوەیی لە قسەو دروشمی بۆش بەولاوە چ کراوە؟ [ سەرنج: دوایی خوشکێکی کوردستانی باشوور لە ناو هۆلەکەوە باسی ئەوەی کرد کە پەنابەرە کوردەکانی رۆژاوا لە باشوور ژنەکانیان مالەو ماڵ سوال دەکەن بۆ نان و بۆ لەشفرۆشیش بەکاردەهینرێن، ئەمەیە بەڵگەی نەتەوایەتی وئەخلاقی گەندەلەکانی باشوور؟]
یەکێتیی نەتەوەیی مەزن ، دایەلۆگی مەزن .
من لەگەڵ ئەوە نیم کۆنفرانسی نەتەوەیی لە هەولێر بێتە گرێدان. ئێمە پێویستە بەرامبەر دنیا بکرێیینەوە بتوانین دەنگ و رەنگی خۆمان بە دنیا بگەیەنین و دایەلۆگ لەگەڵ ئەوروپا بکەین. بۆ ئەم مەبەستە زۆر چاکترە کۆنفرانسیی نەتەوەیی کوردستانیی گشتگر لێرە لە برۆکسل یان لەندەن یان پاریس یان هەر شارێكی تری ئەروپایی ببەسترێت و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتۆکان و دەولەتانی وەک ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنساو دەولەتانی دۆستی وەک خوارووی ئەفریقا بە فەرمی بانگبکڕێن وتێدا بەشدار بن.
با دروشمی کۆفرانسەکە [یەکێتی نەتەوەیی مەزن و دایەلۆگی مەزن] بێت، یەکێتی دڵسۆزانەو راستەقینەی هیزە سیاسیی و کۆمەڵییەکانی خەڵکی وکردستان و دایەلۆگی کورد لەگەڵ جیهان و وکرانەوەی بەرووی جیهاندا .
دەبێ ئێمە بە باوەربەخۆبوون و شانازییەوە پەیامی خۆمان بە ئەوروپاو دنیا بگەیەنین کە پەیامی ئێمە ئاشتی و دیمۆکراسی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی هەموو گەلانی خۆرهەلاتی نیوەندە .
کورد هیزێکە بۆ ئاشتی و ئازادیی و بەرابەریی نەتەوەیی وکۆمەلایەتی و کۆتایی جەنگ و خوێن ویرانکاریی لە خۆرهەلاتی نێوینداو بۆ گەشەسەندنی ئابووریی و دادپەروەریی کۆمەلایەتی و پێشکەوتن و پاشەرۆژی شارستانیی هاوبەش .