Azadi-1

ئاکۆ برایم : بۆ تەنها یەک رۆژ؟؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى لەم وڵاتەدا دەیبینم و دەگوزەرێت تەنها نواندن و خۆدەرخستن و ، خەڵک فریودانە و هیچى تر ، زۆربەى بۆنە ویاد و شتەکان بونەتە چاولێکەرى و رۆتین ، سبەینێ رۆژى ژنان یان کرێکاران ،یان مناڵان یان …، بۆ ئەو یادەمەراسمێک رێکدەخرێت ، تیایدا بەرپرسێک وتارێکى بێ ناوەرۆک ودوور لەواقیعى و ، پڕ لەدروشم و قسەى قەبەو زل دەخوێنێتەوە ، پاشتر کۆمەڵێک گۆرانى بێژ دێنە سەر شانۆ و دەیکەن بە بەزم و،هەڵپەڕکێ وسێ پێى و ، دواتر خەڵات ودیارى بەسەر کۆمەڵێک لەوانە دابەشدەکرێت . لەوەتەى من بیرم دێت و ئەو یادو بۆنانەم بینیوە هەروابوە و هەرواش دەمێنێتەوە ، بەبێ ئەوەى هیچ ئیزافە و گۆڕانکارى و نوێگەرى تێدا بکرێت .

ژنەى داماو و هەش بەسەر ، بەدرێژایى یەک ساڵى رەبەق ، رۆژ تائێوارە گیرۆدەى دەستى پیاوەو ، بەهەمو شێوەیەک دەچەوسێنرێتەوە ، مافى زەوت دەکرێ ، دەکوژرێت ، بێ رێزى بەرامبەر دەکرێت ، لە هەموو خۆشى و شادى و ئاسودەییەک مەحرومە ، لەهەمبەر ئەو زوڵم وناهەقى و زۆرداریەى ، بەرامبەرى دەکرێت ، سەدان جار مەرگ بەئاوات دەخوازێت .. لەسەر بچوکترین پەیوەندى خۆشەویستى و لەسەر تاکە نامەیەکى مۆبایل ، دونیاى لێ تاریک و رەش دەبێت ، هەمیشە وبەردەوام گیرۆدەى دەستى باوک وبراو مام و خاڵ ونێرنەکانە .. هەریەکە بۆخۆى کوێخاو گەورەیەکە بەسەریەوە ، پێیان وایە شەرەف و ئابڕو ناموسى بنەماڵە بەندە بەناو … ى ئەو کچەوە ، بچوکترین لەڕێ لادان و خوارو خیچَیەک سزاکەى مەرگە ..

باوەڕدەکەم ئێوەش لەمن زیاتر و زۆرتر ، پەى بەو نەهامەتى و چارەنوسە رەشەى ژنان وکچانى وڵات دەبەن ، کەچى لەبرى ئەوەى هەریەکەمان بۆخۆمان ، بەپێى تواناو هێزو دەرفەتمان ،ئێش و ئازارو تاڵاوى ئەو ژنانە بهێینینە زمان، خۆمانى لێ هەڵەدەکەین،کەرەنگبێت دراوسێکەمان یان ناسیاوێکمان ،ئێستا لەو بارە ئاڵۆزو دۆخە نارەحەتەدابێت، کەچى کەسمان بەخەیاڵماندا نایەت. بەڵام هەرکە وتیان سبەینێ 8ى مارسە و رۆژى ژنانە،ئیدى وادەزانین هەموو شت تەواو ،ژنان بونەتە خاوەن هێز ودەسەڵات،لەمرۆوە ناهەقى وزوڵم وچەوساندنەوەیان نامێنێت. کەبەداخەوە ئەمە بۆتە نەریت و کەلتور ، لەسەرى راهاتوین، من دڵنیام بەسەدان وهەزاران لەژنانى وڵات ،بەم رۆژە تەواو نامۆ و نابەڵەدن، هەروابێتەوە تاکە یەک وشە لەسەر ماف ئازادى خۆیان نازانن، کەچى لەبرى ئەوەى رێکخراوەکان و لایەنى پەیوەندیدار باس لەماهیەتى ئەو رۆژە و، مافەکانى ژنان بکەن و، لەرێگەى کۆڕو سیمینار و میدیاکانەوە ،ئەو شتانە بۆ ژنان بخەنەروو،دێن بەبەزم ئاهەنگ و شیرینى بەخشینەوە ئەو یادە بەڕێدەکەن،کە دڵنیام زۆرێک لەوانەشى ئەو یاد مەراسیمە سازدەکەن ، خۆشیان نازانن ماناى ئەو رۆژە چیە وبۆچى کراوەتە بۆنە و یاد ؟!

بۆ یادى یەکى ئایاریش هەمان شتە ، ئەویش بەدەر نیە لەوەى باسکرا ، سەندیکا ورێکخراوەکانى کرێکارانیش بۆ ئەم یادە جۆرەها چالاکى و مەراسیم وئاهەنگى جۆراوجۆر سازدەکەن ، لافیتەو پۆستەر و وێنەى ئاڵو واڵا لەسەر دیوارەکان دەدەن .. ئەوەى لام سەیر وسەمەرەیە ، لەسەرانسەرى جیهاندا ئەم رۆژە کراوەتە پشوى فەرمى ، بەڵام بەداخەوە خەڵکى ئیش نەکەر و بەدەر لەوچینە، پشویانە ولەماڵ دانیشتون، ئەوان کاردەکەن و زەحمەتى دەکێشن، ئێمەش کەلەژیانماندا عارەقمان نەڕشتوە، بۆ ساتێکیش کرێکارى و کارى قورسمان نەکردوە، هەستمان بەبێ کارى و گیرفانى خاڵى وکاسەى بەتاڵ نەکردوە ، دەبینە پێشڕەوى چینى کرێکاران و لەبرى ئەوان ئێمە ئاهەنگ و بۆنە وشادى دەگێرین ، لەسەر حسابى رەنج وماندویەتى ئەوان ، شیرینى دەخۆین ، بۆچاوبەست و رەواندنەوەى گومان وپرسیاریش دێن هەندێک کرێکار ،کە خۆمان مەبەستمانە خەڵات دەکەین. ئەمەشیان بەداخەوە بۆ ئێمە کە ئەو یادە بەرز و پیرۆزانە ئاوا بەشتى بێ بایەخ ولابەلا بەڕێدەکەین. هەقى وایە کرێکاران و رەنجدەران چیدى بەوە رازى نەبن، لەژێر ناو و بیانوى یادکردنەوەى ئەو رۆژەدا ، ماف و داواکانیان بن پێ نەخرێت و، نەکرێتە قوربانى نیوسەعات ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ و خەڵاتێکى هەرزان بایى ، بەتایبەت بۆ ئەم رۆژگارەمان کە دەبینین چۆن کرێکاران بونەتە سوتەمەنى و، رۆژانە لەسەر کار و بەهۆکارى جیاجیا گیان لەدەست دەدەن،بەبێ ئەوەى هیچ حسابێکیان بۆ بکرێت و، لایەنى کەمتەرخەم سزا بدرێن،من دڵنیام کەلەسەدا نەوەد بۆ سەرەوەى کرێکارانى کوردستان هیچ دەستەبەرێک بۆژیانیان نەکراوە، تا ئێستاش بە ماف و ئیمتیازى خۆیان نامۆن و نازانن مافیان هەیە یان نا؟!، گەر جۆرەها زوڵم وناهەقى و ناڕەوایشیان لەبەرامبەر بکرێت ، هیچ لایەن و دادگاو شوێنێک نیە، لە حاڵ و باریان بپرسێتەوە، چەند جوان دەبو ئەگەر 1ى ئایار بەهۆشیار کردنەوەو بێدار کردنەوەى کرێکاران بەڕێ بکرایە،گەلێک شکۆمەند دەبوو ئەگەر لەو یادەدا جۆرەها چالاکى و سمینارو، کۆرى هۆشیارى بۆ کرێکاران رێک بخرایە و، لەو بۆنەیەدا وەکو تەواوى وڵاتانى جیهان کرێکاران بۆ سەندنەوەى مافى خوراویان وباشتر کردنى ژیانیان بڕژانایەتە سەر شەقام ،ئەوانیش خۆیان رۆشنبیر بکردایەو سەندیکا ورێکخراوەکرێکاریەکانیش بەردەوام هەوڵى رۆشنبیرکرن و هۆشیارکردنى بدانایە و بە ماف و داواى ئیمتیازى خۆیانیان ئاشنا بکردنایە ..

رۆژى جیهانى مناڵانیش هەمان فیلم و نمایشە وچەند بارە دەبێتەوە، لەم وڵاتەدا ئەوەى پەراوێز خراوە ، ئەوەى کەس گوێى لێ ناگرێت مناڵانن . تۆ بڕوانە بەهەزاران مناڵى هەژار و دەست کورت و نەدار هەیە ، کەلەبرى ئەوەى وەکو مناڵ بژى و قۆناغى منداڵى بەسەر بەرێت ، لەبەرئەوەى کەسو کارى هەژارو نەدار و دەست کورتن،لەتەمەنێکى بچوک و کەمدا، دەخرێتە بەر کارى قورس و تاقەت پڕوکێن ، لەوجیهان پاک وبێ گەردەى خۆى دور دەخرێتەوە ، حەزو خەون وخۆزگە و خولیاکانى لەگۆر دەنرێت ، جوداى ئەوەش بەدەیان وسەدان منداڵى هەتیوو بێ باوک هەیە، چاوەڕێى هاوکارى ودەست گیرۆیەکن، چەندەها مندالێ سەرلێشواو هەیە ،بەهۆى لێک جیابونەوەى دایک وباوکى سەرلێشیواو دەبن ، چەندەها منداڵ هەیە فریو دەدرێت و دەکرێتە مرۆڤى خراپ و درندە و جۆرەها کارى ناشیاویان پێ دەکرێت ، ئەوە چاکسازى نەوجەوانان گەواهى ئەو راستیانەن .

لەبرى ئەوەى بیر لەوەبکەینەوە کە ئەو منداڵانە پیاوى دوارۆژن ، کارێک بکەین کە ئایندەمان گەش و رۆشن بێت و، ئەو منداڵانە بۆ سبەى رۆژ بار بهێنین و لەسەرجوانترین شێواز و رەفتارو پەروەردە گۆشیان بکەین،کەچى بەداخەوە تەواو تەواو لێیان بێ خەمین،زۆبەمان ئەگەر منداڵێک لەسەرشەقام ،یان بازاڕ ببینین و داواى هاوکاریمان لێ بکات و پێویستى بەشتێک بێت، ئەگەر پێیدا نەکێشین، ئەوا بەناشیرین شێوە و قسەى رەق وەڵامى دەدەینەوە، کە ئەمە سروشتى زۆربەى تاکەکانى ئەم وڵاتەیەو، رۆژانەش بەچاوانى خۆتان لەناو بازاڕ وبەردەم ترافیک لایتەکان دەیان بینین.. بۆ ماف و رۆژى منالاِنیش من بۆخۆم زۆرێک لە منداڵانم دواندوە و لێیانم پرسیوە، کە رۆژى منداڵان چى یە و دەکەوێتە کەیەوە ،مافەکانى منداڵان چین، لەسەدا یەکى نەیزانیوە،ئەوەشى کە زانیویەتى زانیاریەکى زۆر کەم سەرەتایى بووە. چى دەبێت ئەگەر رێکخراوەکانى منداڵا ن، مەڵبەند وخانەکانى منداڵان هەڵمەتێک بکەن ،بۆ ناساندنى ئەو مافانە، یان بۆدەبێتە بارگرانى ئەگەر وەزارەتى پەرەوەردە، لە پرۆگرامى خوێندندا ئەو مافانە بکاتە وانە بخوێندرێن، پێویستیشە لایەنەکانى دیکەش ئەوەى دەکەوێتە سەرشانى یان و بەرپرسیارن لێى ،بەئەرکى سەرشانى خۆیان بزانن، پێم وابێت چارەسەرى کێشە و بەهاناوە چونى منداڵان بەتەنها بەبڵاوکردنەوەى ژمارەى تەلەفونێک نابێت، تا لەکاتى پێویستدا منداڵان هاناى بۆبەرن، گریمان ئەوە بۆ منداڵانى شارى هەولێر گونجاوبوو، باشە گەر بەهاناى منداڵەکەوە چوون، چى بۆدەکەن؟؟چۆن گرنتى ئەوەى پێدەدەن، کە لەپاش چارەسەکردنى کێشەکەى وگەڕانەوەى منداڵەکە بۆناوخێزانەکەى، جارێکى دیکە دووچارى توندو تیژى نابێتەوە لەبرى ئەوەشى کردویەتى باجێکى گرانتر نادات ؟؟ کە ئاشکاریە لاتان لەم ولاتەدا نەک منداڵان ،بگرە گەورەکانیش ژیانیان پارێزراو نیە، بیِجگە لەوەش ئەى ئەو منداڵانەى بچکولەو کەم تەمەنن و ئەو ژمارەیە نازانن،یان ئەوان لەشارەکان دیکەن چى بکەن؟ کەئەو هێڵەی تێداکارا نیە ؟

من بە تاوانى دەزانم لە سالێکدا تەنها یەک رۆژ تەرخان بکەین بۆ ژنان ودایکان و کرێکاران و منداڵان وکەم ئەندامان و .. ئەدى باقى رۆژەکانى دیکە . ئەبێت مافیان نەیت یان پەراوێز بخرێن؟ بۆچ کارێک نەکەین هەمو دەم کاتێک رێزیان لێ بنێین ، مافیان پێ شێل نەکەین ؟ هەوڵبدەین بۆ دەستەبەرکردنى ماف و خواست و ئازادیەکانیان ، کەشێکى لەبار و گونجاویان بۆ برەخسێنین کەبەردەوام هەست بە ئارامى ودڵنیایى بکەن و هەموو رۆژێک بە رۆژى خۆیان بزانن .

تاکە خۆزگەشم ئەوەیە ئەگەر هەر سوربوون لەسەر ئەو نەریتە کۆن وتەقلیدیەن بەو شێوازە یادى ئەورۆژانەتان کردەوە، داواکارم لەوبۆنە ویاد ومەراسیمانەدا چیتر گەورەکان و سمێل زل و دادە وباجیەکانمان ریزى پێشەوە نەگرن، چەند جوان دەبێت ، چەند دیمەنێکى نایاب و قەشەنگ دەبەخشێت ،کە منداڵان یان ژنان یان کرێکاران یان ….. هەر چین و توێژێک لەیاد و رۆژ و بۆنەى خۆیاندا لەبرى بەرپرسان و گەورەکان لە ریزى پێشەوە دانیشن . 

2,392 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت